ھەڵبەست سەڵاح
وێنە یەک : بەیانی زوو بوو لەخەو ھەڵسام و دوای خۆئامادەکردنم لەماڵ بەدەرکەوتم و سواری ئوتومبێلەکەم بووم بۆئەوەی بەڕێکەوم بۆشوێنی دەوامی ڕۆژانەم و وەک پیشەی ھەمیشەییم میلی ڕادیۆکەم خستە سەر شەپۆلی یەکێک لەرادیۆکان و بەدەم ڕۆیشتنەوە گوێبیستی یەکێک لە ڕادیۆکان بووم وسەرنجم دا بزانم دنیا چ باسە , بەدەم ڕێگاوە لەپڕ نازانم چۆن سەرم ھەڵبڕی * ڕەشماڵێکی بچوک ھاتە بەرچاووم لەبەردەم ڕەشماڵەکە باوکێک منداڵێکی چکۆڵانەی ژیکەڵەی لەسەر کۆشی خۆی دانابوو دەفتەرێک لەبەردەستیان بوو ھێدی ھێدی دیاربوو وانەی بەجگەرگۆشەکەی دەووت
ئەودیمەنە ناچاری کردم بوەستم و ماوەیەک لێیان ڕامام و چاوەکانم پڕبوون لە فرمێسک !! لەلایەک ھەستی باوکانەو دلسۆزی ئەو بۆ منداڵە ژیکەڵانەکەی لەوکەشە ئاوارەیی یە و لەلایەکی تریش ئەو منداڵە جوان و نا سکە قژ زەرد و روومەت سێوە لاسورەی وەک پەری .
بەپەلەمۆبیلەکەم دەرھێنا ولە دورەوە لەناو ئوتومبێلەکەم ئیستێکم کرد و بەپەلە چەند وێنیەکم کێشان وەک ئەوراوچیەی ھەناسە لەخۆی دەبڕێ و خۆی مەڵاس دەدا بۆ نێچیرەکەی .. چونکە بەڕاستی ئەو کات ھەستێکی وام لادرووست بوو وەک ئەوەی وێنەگربم و خۆم وەک ئەو وێنەگرانە ھاتە پێش چاوو کە دەیانەوێت جوانترین و پڕ واتاترین و دانسقەترین وێنە بگرن و ئەو دیمەنە دەگمەن و ناوازانە تۆماربکەن کە ئەستەمن دووبارە بوونەوەیان .
لەئوتومبێلەکەم دابەزیم و لێیان نزیک بومەوە و سڵاوێکی گەرمم ئاراستە کردن وئەوانیش سەریان ھەڵبڕی و بەوپەڕی بەرائەتەوە باوکە وەڵامی دامەوە و ووتی : سەرچاڤا برا .کەوتینە ئاخاوتنێکی سەرپێی و پێم ووتن ماڵمان لەم نزیکانەیە و سەیر بوو بەلامەوە چونکە ئەمە ڕێگای ڕۆژانەی منە و یەکەم جارمە ئێوە لێرە ببینم و جێگەکەتان زۆر ناڕەحەتە , وەڵامی دامەوە و ووتی : بەلێ برا ئەمێ شەڤا دی ھاتینە ڤێرێ ژبەرکوو چ جێ نینە .. منیش ئامادەیی خۆم نیشاندا و
لە دوورەوە بەئاماژە ماڵی خۆمانم نیشاندان بۆ ھەر پێویستی یەک ئەویش زۆر سوپاسی کردم . پاشان لەدوای گفتوگۆیەکی کورت زانیم خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و باژێری قامیشلۆی ئازیزن .دوای ئەوە رۆیشتم و بەدەم ڕێگاوە کەوتمە بیرکردنەوەیەکی قوول َ ….
پێشنیازێک :
دوای ئەوەی لەلای ئەو باوکەدڵسۆز و منداڵە ئازیزەکەی رۆیشتم کەوتمە بیرکردنەوەیکی قووڵ و بیرم لەوەدەکردەوە ئێمە چ میللەتێکی بەدبەختین و ھەمیشە وەک نەتەوەی کورد بەشی ھەرە زۆری ژیانمان ناخۆشی و چەرمەسەری و نەھامەتی بووە ولەگەڵ ئەوەش دا وەک نموونەی ئەوباوکە دڵسۆزە کەلەم بارودۆخە ناھەموارەی ژیانیان کەچی وانەی ژیان و زمانی دایک فێری جگەرگۆشەکەی دەکات و بەوپەڕی خۆراگری و بڕوای بەتین بۆ ئایندە کورد ووتەنی :
(مشتێک نموونەی خەروارێکە ) ھەروەک چۆن لەدێر زەمانەوە چارەنووسمان بەدبەختی و چەوسانەوە وژێردەستی و ئاوارەیی بووە , ھەمیشەش بێ ھیوانەبووین و ئە و ناخۆشیانەمان تێپەرکردوون و ئاسۆی گەشی ئایندە ھەمیشە لە ناخماندا بووە و وەک سێبەر لەگەڵماندا بووە .
لێرەوە لەسۆنگەی ئەمەکی ئینسانی و نەتەوەیی و ئەرکی سەرشانی ھەموو لایەک پێشنیازێکی ھونەریی نەتەوەیی نیشتیمانیی خێرخوازیی بۆ خوشک و برایان و ئازیزانمان لە رۆژئاوای کوردستان کەمیوانێکی قەدرگران و خانەخوێن و ئەمرۆ لێیان قەوماوە و پشت بەخوا لە ئایندەیەکی نزیک ئەمانیش شاددەبن بە ئازادیی خاک و نیشتیمان و ئاسودەیی یەکجارەکیان , ئێستا کە لەم کەشە ناھەموارە ژیان بەسەردەبەن کەژیانێکی کاتییە و ئەرکی ھەموانە بەوپەڕی ھەستی کوردانە دەستی ھاوکارییان بۆ درێژ بکەین…………………..
بۆیە لێرەوە بەوپەڕی ھەستی نەتەوەیی ودڵسۆزییەوە وەک ھونەرمەندێک خۆبەخشانە ئەم پرۆژە ھونەرییە خێرخوازییە نەتەوەییە دەخەمە بەردیدی ھونەرمەندانی بەئەمەک و نیشتیمان پەروەری ھەرچوارپارچەی کوردستان و ھونەرمەندانی ناوەوە و دەرەوەی ووڵات کە ھەروەک چۆن ھونەرمەندان ھەمیشە وەک توێژێکی کاریگەر و پێشەنگ و خاوەن ھەڵوێستی بەرزی جوامێرانەو نەتەوەییانەوە لە ھەر پێشھاتێکی گرنگی نەتەوەیی بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە بە ئەرکی خۆیان ھەڵساون و ئامادەیی بەرچاویان ھەبووە ,
بۆیە لێرەوە بانگەوازدەکەم بۆ سازدانی کۆنسێرتی گەورەی ( ھونەریی خێرخوازیی نەتەوەیی ) و بەشداریکردنی ئۆرکێسترایەکی موزیکی گەورەی پشکدار لەسەرجەم ژەنیار و موزیکژەنە دەست و پەنجە ڕەنگینەکانی سەرجەم شارەکانی کوردستان بۆ ئەوەی خۆبەخشانەوبەوپەڕی ھەستی بەرزی ئینسانی و نەتەوەییانەوە بێنەمەیدان
بۆ سازدانی ئەم کۆنسێرتانە لەشارەکانی :
( ھەولێر _ سلێمانی _ دھۆک ) و بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵ و کوالێتی بەرز و تەکنیکی پێشکەوتوو وە داھاتی ئەم کۆنسێرتانە بکرێتە نێو ( سندوقی کۆمەکی ئازیزان ) مان و بدرێتە خێزانە ئاوارەکانی بەشێک لە جەستەی نیشتمان کە دڵنیام ھەست بە ئاسودەییەکی گەورە دەکەن و دەبێتە تروسکاییەکی خۆشگوزەرانی بۆیان لەم کات و ساتەی ژیانی ئێستایان دا .
لە ھەمان کاتدا داوا لە سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیا و کەرتی تایبەت دەکەم دڵسۆزانە و خەمخۆرانە بێنە پێشەوە و پشکداری بکەن لەم پرۆژە خێرخوازییە نەتەوەییە و بە ئەرکی سەرشانیان ھەڵبستن و ببنە سپۆنسەری سەرەکی بەڕێوەچوونی ئەم ھەنگاوە ئینسانی یە ھونەریییە نەتەوەیی یە ….
وە لەم روانگەیەشەوە بە پێویستی دەزانم ڕووی داوام بکەمە (حکومەتی ھەرێمی کوردستان ) کەھەروەک چۆن ھەمیشە پاڵپشت و خۆ بە خاوەن زانی سەرجەم پرۆژە خێرخوازی و نەتەوەییەکانە و ئەم جۆرە کارانە بەستراتیژی لە پێشینەی ئەدای کارەکانی خۆی دەزانێت ..
گەر وەک پاڵپشتی مەعنەویش بێت ھاوکار و ھامئاھەنگ بێت بۆ سەرخستن و بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ھەنگاوە پیرۆز و نەتەوەییەمان و ببێتە ( سەیوانی ئەم پرۆژە ) یە .
بۆ ئەم مەبەستە بە ھیوام دوای بڵاوبونەوە و خوێندنەوەی ئەم پێشنیازە نەتەوەیی و ھونەریی و خێرخوازیە بەزووترین کات ڕایەڵی پەیوەندی دروست بێت و ھەموان دڵسۆزانە و خۆبەخشانە بێینە مەیدان و بەزووترین کات دەست بکەین بە ئامادەکاری بۆسازدانی ئەم پرۆژەیە بە باشترین شێوە و زۆرترین بەشداری .. کە دڵنیام بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆژەیە دەبێتە ھەنگاوێکی مێژوویی تری کوردانە و ڕۆحی ھاوکاریی و نەتەوەیی نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان و سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستانی دایک بەتین تر دەکات و نەوەی ئێستا و ئایندەشمان شانازی زیاتر و رۆحی ئینتیما بوونیان زیاتر دەگەشێتەوە و بەر لە ھەر کوردێکیش ئاسوودەیی دەبەخشرێتە دەروونی ئەو باوک و کچە بچکۆلە ژیکەڵانەی پەری ئاسا دەیڕوانیە ئایندە ….