بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەفیری وڵاتی عیراق لەفەرەنسا پیشانگایەکی شێوەکاری لە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە فەرەنسا بەڕێوە دەچێت.
بە مەبەستی ناساندنی کولتوور و ھونەری کوردی، وا بڕیارە رۆژی پێنج شەممە ١٣/١٠/٢٠١١ پیشانگایەکی ھاوبەشی شێوەکاری بۆ ١١ ھونەرمەندی شێوەکاری کوردی نیشتەجێی وڵاتی فەرەنسا بە ئامادەبوونی ھەر یەک لە وەزیری رۆشنبیریی و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەفیری وڵاتی عیراق لە فەرەنسا و نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەرەنسا و چەندین کەسایەتی کوردیی و فەرەنسی لە بارەگای نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بکرێتەوە. شایانی باسە ئەم پیشانگایە تا ٢٢ی ھەمان مانگ بەردەوام دەبێت بۆ زیاتر ئاشنابوون و دروستکردنی پەیوەندی ھونەریی لەنێوان ھونەرمەندانی ناوەوەی کوردستان و ھەندەران، بڕیار وایە ھەمان پیشانگا بەھاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە شارەکانی کوردستانیش نمایشبکرێت.