مەسعودی مەلا ھەمزە : شێوەکاری کورد دارا ئارام، لەدرێژەی کردنەوەی پێشانگا شێوەکارییەکانی لەھەندەران، پێشانگایەک لەژێر ناوی “تاڤگەکانی زەمەن” لە تۆرێنتۆی وڵاتی کەنەدا دەکاتەوە.
دارا ئارام لە لێدوانێکیدا گوتی “کارەکانم لەم پێشانگایەدا بەردەوامبوونی زیاتر گەشتە بیوگرافیایەکی منە بەنێو ھەردوو جیھانی زیھنیی، ھونەریی و پراکتیکیی گوزەرانمدا، کە ساڵەھای ساڵە لە نێوان چوار دیواری بە ئەندازەی جیوگرافیا بچووک و بە ئەندازەی رامانیش ھێندەی ئاسمانا، بەردەوام و بێ وچان رەنگیان دەکەم”.
گوتیشی “ھەڵبەت ھەڵبژاردنی ژیانی تاراوگە و ووردبوونەوە لە ھەر دیاردە و سیستەمێکی نایەکسانیی و گەندەڵیی و … ھتدی ئەم جیھانە، لە ھەرکوێ بن، ئەوە بۆ مرۆڤی ھونەرمەند زیاتر لە ھەمووان مایەی باج دانێکی فیکریی و فیزیکیی ئێجگار سەخت ترن، بەڵام کەمێک خۆشبەختانەتر و لایەنی کەم، ھەمیشە قەرەبووی مشتێک لە خەرواری ئەو ئازارە خوودیی و ئینسانیانە لای من، بریتیی بوون لەو پەیوەندییە رۆحییەی کە لە ئەزەلەوە بۆ ئەبەد لەگەڵ جوانیی و پیرۆزییەکانی سرووشت دا گرێم داوون”.
روونیشیکردەوە “ھەرگیز لە ھیچ کارێکی ھونەریمدا ئەو لایەنە گرنگ و سەبووریی بەخشەی دۆستایەتیی سرووشتم فەرامۆش نەکردووە، دیاریی من بۆ میوانان ھەمیشە ئەو دەنگ و رەنگانە بوون، کە زۆرجار چوون ھاوسەفەرێک و رووە و قووڵایی ماناکان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سەرباری ئەوەی زۆربەی بینەران خۆیان لەگەڵ رازەکانی مندا دیوەتەوە، ھاودەم ھەستم بەو راستییە کردووە کە زۆر لەو مرۆڤانە بێ ھیچ جیاوازییەکی زیھنیی و بۆدی تەکنیکیی و ھتد .. . پێکڕا دەست لە ملانێ سرووشتی ناوبراو، خۆم ئاسا و وەک کەمێک راکردن لە سەر ئێشە زۆرەکانی گووزەرانی سەخت، بەختەوەرانە لەگەڵ نەسیمی رەنگ و ھاژەی پلووسکی خۆر و سەما بالێی شەپۆلەکاندا، مەودایەکی زۆر ھێووریی و رامانی سپیی بێ سنوور ئاوێتەی رۆحمان بووە”.
ئەوەشی خستە روو “زۆر بەختەوەر دەبین ئەگەر دیاریی ئەمجارەشمان ھەمان گەشتی بێ سانسۆری رۆتین و بێ فیزەی بیرۆکراتییەتی ئەم ژیانە جەنجاڵەمان بۆ ساز بداتەوە”.
ئەم پێشانگایە لە ٢٣ ئەیلول/ سێپتێمبەر تا ١ تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر ٢٠١١ لە گەلەری Cedar Ridge Gallery، تۆرێنتۆ گەورەترین شاری کەنەدا بەڕێوەدەچێت.