سەدیق سەعید ڕواندزی
پێداچوونەوەی کتێبء شەنءکەوکردنی ھەڵەی زمانەوانیء بابەتی،دیاردەیەکی ڕۆشنبیری نوێیە لە دنیای ڕۆشنبیری ئێمەو بە دیاریکراویش زۆرتر لە دوای ڕاپەڕینەوە، پەیڕەو دەکرێت.ساڵانێک پێشەکی نووسین بۆ کتێب لەلایەن نووسەرێک یاخود ھاوڕێیەکی دانەری کتێبەکە، باوبوو. بەڵام ئێستا کەمتر پێشەکی بۆ کتێبەکان دەنوءسرێت. تەنانەت نووسەری کتێبەکە خۆشی پێشەکی نانووسێت. ھەرچەندە لە زۆرکاتدا پێشەکی، دەروازەیەکی باشە بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی کتێبەکەو ئاشنابوون بەماناو گوتاری کتێبەکە. بەتایبەتیش ئەو پێشەکییانەی لەلایەن نووسەرانی بەتواناوە دەنووسرێن. لەوماوانەدا، چەند کتێبێکم خوێندەوە کەلەلایەن ڕووناکبیری دیاری کورد(مەریوان قانح) پێشەکییان بۆ نووسرابوو، ئەوەندەی ناوەڕۆکی کتێبەکە ماناو مەبەستی ھەبوو. کەواتە لە زۆرکاتدا، پێشەکی سەرەتایەکە بۆتێگەیشتن لە بەرھەمی نووسەرێک.بێگومان پێداچوونەوەی دەستنووسی کتێبێک بەرلە چاپکردنی، ھەرکەسێک بیکات، بەرپرسیاریەتییەکی ئەخڵاقیءمێژووییء کلتوورییە. ئەخڵاقییە، لەبەر ئەوەی تۆ ئەرکی دەستنیشانکردنء ڕاستکردنەوەی ھەڵەی کەسانێکت لە ئەستۆدایەودەبێ زۆر بەوردیء ھەستییاریەوەبەحێی بگەینی.بۆ ئەوەی ھیچ خەوشێک نێتە سەر نووسەری کتێبەکەء بەدەر بێ لەھەر ھەڵەیەکی زمانەوانیء بابەتی. مێژووییشە، چونکە ناوی تۆ وەک کەسێک کە پێداچوونەوەی بۆ کتێبەکە کردووە، دەبێتە بە شێک لەناونیشانءناساندنی کتێبەکە،دواجاریش دەبێتە بەشێک لە مێژوو. بەو پێیەی کتێبەکە چاپ دەکرێتء تاھەتایە دەمێنێتەوە.ھەروەھا بەرپرسیاریەتییەکی کلتووریشە، چونکە خوێنەرانێک ئەو کتێبە دەخوێننەوەوھوشیارییان پێ زۆر دەبێت. کەواتە چۆن دەبێ زانیاریەکی ھەڵەیان پێ بدەین.بەڵام بەداخەوە وێرای ھەموو ئەو بەرپرسیاریەتییانە،ھەست دەکەین پێداچوونەوەی کتێب، ھەر تەنھا بۆ ناوەو بۆتە کارێکی لاوەکی.چونکە ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارءکتێبانەی ھەڵە گرو ھەڵەبڕوھەڵەچنء سەرپەرشتیاریان ھەیە، ھاوشێوەی بە شێکی زۆری کتێبەکانی تر، تەژین لە ھەڵەی بابەتیء زمانەوانی.بگرە بە شێک لەو کتێبانە جگە لە نووسەرەکەی، چەند کەسێکی دیکەش پێداچوونەوەیان بۆ کردووە. کەچی لە گەڵ ئەوەشدا ھەڵەی بابەتی ھێندە زەق دەبینین، خوێنەر سەرسام دەبێت بەوەی کە چۆن نووسەرەکە، یاخود ئەوانەی پێداچوونەوەیان بۆ کردووە، ئەو ھەڵەیان نەبینیوە.ئەمە دەریدەخات کە پێداچوونەوەی بە شێکی زۆری کتێبەکان لەلایەن زۆر کەسەوە، بەداخەوە وەک کارێکی ڕۆتینیء لاوەکی لێھاتووەء ئامانج لێی تەنھا ناونووسینەکەیە بە بێ ماندووبوونء ئەرک کێشان.دیارە پێداچوونەوەی کتێب ئەرکێکی ھەستییارء پڕوردە کارییە. بۆیە ئەوانەی پێداچوونەوە لە ھەر ڕووێکەوە بێت،زمانەوانی، یاخود بابەتی، بۆ ھەر کتێبێک دەکەن دەبێ زۆر بە سەلیقەووردبین بن. بۆ ئەوەی ئەو ھەڵانەشی کە نووسەری کتێبەکە بەسەریدا تێپەڕیون،ئەوان ڕاستی بکەنەوە. کاری ئەوان، دەکرێ بڵێین وەک فلتەرێک وایە، کە ھەموو خەوشء کەموکورتییەکان دەپاڵێوێت. لەو ماوانەی ڕابردوودا، چەندین کتێبی جۆراو جۆرم لە ھەمووڕووەکانەوە خوێندۆتەوە. بەشێکی ھەرە زۆریان ئەگەر بڵێم بەدەر نەبوون لە ھەڵە،ڕەنگە خوێنەرانی ئەو بابەتە گومان لە ڕاستی قسە کەم بکەن. بەتایبەتیش کەمن بۆ خۆم وەک خوێنەرێکی زیت کتێب دەخوێنمەوەو پەیوەندی من بە خوێنەوەی کتێب، لە ڕوانگەی خوێنەربوونە، نەک نووسەرێک. واتە وەک خوێنەرێک کتێب دەخوێنمەوە. بۆیە زۆر کات ڕێکدەکەوێت، کەھەڵەی سەیر سەیر لە کتێبەکان ببینم. بۆنموونە: کتێبێکی وەرگێڕدراوم لە بارەی ماندێلاوە خوێندەوە،ساڵی مردنی بە ھەڵە تۆمارکرابوو. واتە ھەم نووسەرەکەی، ھەمیش وەرگێڕەکەی، درکی ئەو ھەڵەیان نەکردبوو. کتێبێکی دیکەم خوێندەوە کە جگە لە نووسەری کتێبەکە، دووکەسی تر پێداچوونەوەیان بۆ کردووە، کەچی پەرەگرافێکی سەیر لە کتێبەکەدا ھەبوو، بە بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن. لەپەرەگرافەکەدا ھاتووە:( ئوتومبێلەکە بۆ ماوەی چل چرکە کۆڵانء شەقامەکانی شاری تەی دەکرد). سەرنج لە چل چرکە بدەن. بێگومان ئەو ھەڵانە مەرج نییە ھەموویان لە نەزانینەوە بن. بەڵکو لە بێ ئاگاییء نەبوونی وردبینییە لە نووسیندا.کتێبێکی دیکەم خوێندەوە،وشەیەک بەچوار شێوە ڕێنووسی جیاواز نووسرابوو. بەم شێوەیە:(حوکومڕانی-حووکومڕانی_حوکوومڕانی_حوکوڕانی_). خوێنەر سەری لێدەشێوێت، گەر شێوە ڕێنووسێکی لەم جۆرە ببینێت. ئاخر خۆچاپکردنی کتێب،ھەرتەنھا دیزایینی بەرگء ناوەڕۆک نییە. ئەی زمان؟ڕێنووس؟تایپءھەڵەی چاپ؟ ئەمانەش بە شێکی سەرەکین لەناوەڕۆکی کتێب. کۆمەڵە شیعرێکی دیکەم خوێندەوە زۆربەی پیتی(چ) کەلەوشەکان ھەیە،لەو کۆمەڵە شیعرەدا کراوە بە(ج) وەک:(چیا_جیا/ چوارەم_جوارەم/چوون_جوون) .بۆیە پێداچوونەوەی کتێب بەرپرسیاریەتییە و ئەوانەی بەکتێب دا ئەچنەوە، پێویستەوردبینءھەستیاربن. چونکە ئەرکی بژارکردنء ڕاستکردنەوەی ھەڵەی کەسانێکییان لە ئەستۆیە. ئەگەر خۆشیان ھەڵە بکەن کەواتە ھیچیان نەکرد.