کازیوە ساڵح: من کردارم هەیە،کەواتە من هەم. کردار دەسنیشانی شوناسی مرۆڤ ئەکات ،هەر کرداریش توانای گۆڕینی زەمەنێکی هەڵاوێردراوی هەیە بۆ زەمەنێکی ژمێردراو. هەموو ئەو وڵات و شوێنانەی ژنی تیا چەوساوەتەوە و ئەچەوسێنرێتەوە ئەوانەن کرداری کەم و قسەی زۆر و دیدەبینی نەزۆکی تیا بەرهەم هاتووە ودێت . هەردەم وەکو داڵی لاما ئەفەرمووێت بۆ ئەوەی کردارێکی ئەریەیی بەرهەم بهێنیت پێویستە دیدەبینێکی ئەرییەش بونیاد بنێیت .
مێژووی ٨ی مارس و ڕۆژی ژنانی جیهان لە ساڵی ١٨٥٧ وە دەستی پێنەکردووە وەکو زۆربە ئاماژەی پێ ئەکەن ، بەڵکو لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسیدا و لە ساڵی ١٧٨٩ لە میانەی ڕێپێوانێکی ژنانی پاریس بۆ کۆشکی ڤێرسایی بۆ یەکەم جار ئەوان داوای ئازادی، یەکسانی و هاوشێوەییان کردووە. بەڵام لە بەر ئەوەی ساڵی ١٨٥٧دا لە ئەمەریکا بۆ یەکەمین جار ژن بە کردار مێژوویەکی تۆمارکرد، کاتێک سەدان ژن لە کارگەکانی دورینی پۆشاک و رستن و چینینەوە مانیان گرت دژی کەمی مافی کار و نایەکسانی موچەی ژن بەرانبەر بە موچەی پیاو و باردۆخی نامرۆڤانەی ژن لە کارگەکاندا ئەم ساڵە بوو بە سیمبولی خەباتەکانی ژنان و وەرچەرخانێکی مێژووی ،چوونکە وەکو ئنگلیز ئەڵێت کردار بە دەنگی بەرزتر قسە ئەکات. ئەم مێژووە پاش پەنجا ساڵ خەباتی مرۆڤانە و لە ساڵی ١٩٠٧ ئەو کردارەی ژنانی کارگەکان بوو بە هەوینی ٨ی مارس و ئەم بۆنەیەی ئەوان هێندە پیرۆزکرا کە ببێت بە بۆنەی ژنانی هەموو جیهان. ئەم بۆنەیە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی مافی ژنی تیا ژێر پێ خراوە کراوە بە پشووی فەرمی بە تایبەت ئەوانەی بە ‘ستان’ کۆتاییان دێت و تووشی پەتای ڕووکەش بوون نەک کردار، وەکو ئەفگانستان،تاجیکستان ، ئۆزبکستان، ترکمانستان، کیرگستان، پاکستان، هەوەها ، ئارمینیا، کامبودیا، زامبیا، ئۆگاندا، مەکدۆنیا ، ئەریتریا ،ئۆکرانیا، کرواتیا، رۆمانیا ، بۆسنا، زامبیا،مەلدۆفیا، جۆرجیا،کوبا، چین، ئازەربەیجان و ..تد ی هەموو ئەو وڵاتانەی ژنانی تێدا بە دروشمی ساختە تیا ڕازی ئەکڕیت بە بێ کردار و یاساییەکی هاوپێچ بە بوون و واتای ئەو ڕۆژە. لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی کە ڕۆژەکەیان دروستکردووە وەکو ئەمەریکا و کەنەدا و زۆربەی ئەوروپا ئەم ڕٶژەیان نەکردووە بە پشووی فەرمی بەڵام بە کردار، بە یاسا و لە بەندە حکومیەکاندا جێگەی ئامانجەکانی ئەو رۆژەکراوەتەوە. بە پێچەوانەی ڕۆژهەڵات کە بە ئاستێک جێگەی ڕۆژەکە کراوەتەوە هەموو ساڵێک پارە، وزە و کاتێک زۆر بەم ڕۆژەوە سەرف ئەکرێت ، بەڵام ئامانجی ڕۆژەکە تەنانەت لە خودی ڕۆژەکەدا جێگەی نەکراوەتەوە.
ئەگەر ئەتەوێت بزانێت كێیت، کردار بکە،کردار تەنها بۆت دەرناخات تۆ کێیت ، بەڵکو بۆت دەرئەخات ئەوانەی دەوروبەریشت کێن. مێژووی ژنی کورد لە مێژووی کۆندا لە سەردەمی خوداوەندەکانەوە دەستی پێکردووە ، لە مێژووی مۆدرێنشدا لە گەڵ مێژووی ژنانی جیهانیدا ڕێکخراو و بزوتنەوەی هەبووە. بەڵام لە بەر ئەوەی ژنی کورد ناپرسێت من کێم بەڵکو ئەپرسێت من لە گەڵ کێم؟ هەمیشە تەوتەمی قسە دەوری ئەم رێکخراو و بزوتنەوانەی داوە،ئەم شوێنانە بوون بە شوێنی بەرهەمهێنانی زۆرترین قسە و کەمترین کردار و ئەو زەمەنەی بۆ نەژمێردراوە نەبووە بە مێژوو بۆی. هەمیشە لە بازنەیەکی داخراودا خولاوەتەوە و لە گەڵ تەکنیکی مۆدێرنەدا سەدان تەکنیک بۆ چەوساندنەوەکانی سەربارکراوە،بە ئاستێک بێ حورمەتیکردن بە ژن بە تایبەت لە باشووری کوردستاندا لە دیاردەش دەرچووە، بووە بە کلتوریەکی باو و نۆرماڵ.
ئەگەر بەراوردی سەرکردەی بەندکراوی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بە هەموو هێما سیاسیەکانی کورد ومێژووی ڕۆژهەڵاتیش بکەین، ئۆجەلان چوونکە خاوەنی دیدەبینیە ،کەمترین قسەی لە سەر ژن کردووە، بەڵام زۆرترین کرداری چاندووە لە دەوری ئەو بوونەوەرەی کە لە سەدەی بیست و یەکیشدا بە دەستی پیاوان و دەسەڵاتدارانی کورد ئەوانەشیان لە ڕووی جەستەییەوە ناکوژرێن لە ڕووی ڕۆحی و کەرامەتەوە ئەکوژرێن. تا ئێستا ئەو کوشتنەی ژنێکی بە فیشەک و سوتاندن و خنکاندن پێکوژراوە کە ژمارەی شەرم هێنەری لە مێژوودا تۆمارکردووە و بە جیهان ناساندووە، هێشتا کەمترە لەو کوشتنە ڕۆحیانەی بەرانبەر ژنانێک جێ بە جی ئەکرێت کە درک بەم جۆرە کوشتنانە ئەکەن و داوای کردار ئەکەن نەک بەرهەم هێنانی قسەی بێ سوود، یان تەنانەت بەرانبەر بە ژنانێک جێ بە جێ ئەکرێت کە ‘بووکە بە بارانێ’ بۆ حزب و بزوتنەوە زۆر و بێ ئامانجەکانی کورد ناکەن.
تەنها ژنانێک کە ژنی کوردی لە دیکۆرەوە گۆڕی بۆ مرۆڤ؛ شوناسی نەک تەنها ژنی کورد بەڵکو ژنی جیهانیشی لە شەڕدا وەرچەرخان بۆ شوناسێکی مرۆڤێکی ئازا و ئازاد؛ لە ژنێکی لاقەکراو و پیویستیدار بە پیاوانی خێڵ بەرگری لێ بکات و لە شەڕ بیپارێزێت بۆ ژنێکی شەڕڤان و نەک تەنها خود پارێز بەڵکو نیشتمان و خاک پارێزیش ئەوانەی کۆبانێ بوون. ئەوەی کچان و ژنانی کۆبانێ کردییان لە سەردەمێکدا کە تەنکنۆلۆژیا و میدیا ژنی تەنها وەکو فیگەریەکی سێکسی نەخشەکێشاوە، چاوکردنەوەی دنیا بوو بە ڕووی ئەو دیدەبینیدا لەم ژنانەدا بەرەوە ئاسۆیەکی نوێ هەڵدەکشێت؛ ئەوەی ئەمان کردوویان لە مێژوودا زۆر دەگمەنە و لە ڕۆژهەڵاتێشدا هەر نەبووە. پێویستە کورد بزانێت چۆن ئەم مێژووە ئەپارێزێت و بەردەوامی پێ ئەدات، بۆ ئەوەی وەکو سەرجەم مێژووی شارستانیەتەکانی ڕابردوو پاش پەنجا ساڵی تر بە ناوی کەسانی دییەوە تۆمارنەکرێن و یان لە بیر نەکرێن.
ئەو مێژوەی ژنانی کارەگانی ئەمەریکا تۆمارییان کرد شیاوی بەراوردکاری نیە بە مێژووی ژنانی کۆبانی، بەڵام ئەمەریکا توانی بیکات بە مێژووی هەموو ژنانی جیهان نەک لە بەر ئەوەی وڵاتێکی بەهێزە، لە بەر ئەوەی دیدەبینی و کرداری بەهێز لە پشت ئامانجەکانیانەوە بوو. ئەگەر هێزی وڵات ژنی بەهێزی دروست بکردایە، دەبوو هەموو ژنانی کۆبانی وەکو ژنانی ئیزیدی بکەوتنایەتە دەستی داعش، لە کاتێکدا ژنانی ئیزیدی لە تەنیشتی دەسەڵاتێکی بەهێزی سەروو ٢٥ ساڵ تەمەنەوە بوو . بەڵام کۆبانی چونکە بیرو و باوەڕ و رەهەندی سیاسی ودیدەبینی بەهێزیان کردبوو بە ڕێباز هاوکێشەکەیان پێچەوانە کردەوە. کورد مێژووی جوامێری زۆری هەبووە ئەمڕۆ تۆمار نەکراون و هیچیش بۆ جیهان نەگەیاندووە، هەنووکە پێویستە ئەزموون لەو هەڵانەی ڕابردوو وەربگرێت و ئەم مێژووەش چارەنووسی ئەوانەی ڕابردووی بە بەردا نەکرێت، بەڵکو بایەخێکی پێ بدرێت کە ڕۆژێک جیهان ناچار بێت یادی بکاتەوە.
ئەوەی لەم ساتەدا پیویستە ئەوەیە هەموو کورد بە یەک دەنگ ئەو ڕۆژەی کە ژنانی کۆبانی چوونە مەیدانی شەڕەوە دژی داعش بکەن بە ڕۆژی ژنانی کورد لە جیهاندا. ئەڵێم ئەو ڕۆژەی چوونە مەیدانی شەڕ چونکە ڕۆژی ئازاد بوونی کۆبانی ئەوە ڕۆژی کۆبانێ و هەمیشە زیندووە و ڕۆژی هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردە کە خۆیان بەخت کردوو ، ئەو ڕۆژەیان دروست کرد،بۆیە چاکترە ئەو ڕۆژە بێت شەڕڤانی ژن کەوتنە شەڕ لە گەڵ داعش بۆ ئەوەی تایبتمەندیەتی بدرێتێ و لە لایەکی دیش بۆ ئەوەی ببێت بە نموونەیەکی جوان کچان و نەوەی داهاتووی کورد سوودی لێ ببینن و ئیتر سەر شۆڕی و لاقەکردن و زیندانیکردن و کوشتن بە ناوی شەرەف و هەموو جۆرە چەوساندنەوە و بێ حورمەتێک پەسەند نەکەن ، ببێت بە ئەزموونیش بۆ دوژمنانی کورد کە چی دی لاقەکردن و دەستگرتن بە سەر ژنی کورددا نەکەن بە ئامانج. ئەمەش وەکو چۆن چوونە شەڕی ئەوان کرداری ویست نەک قسە و لاواندنەوە ، ئاواش زیندوو هێشتنەوە و تایبەتکردنی ئەم ڕٶژە کردار و ئامانج و دیدەبینی وەکو ئەوەی شەڕڤانانی کۆبانی ئەوێت چوون”کردار کلیلی بونیادنانی سەرکەوتنەکانە” بیکاسۆ.
March8,2015
لە ژمارە ٢٢٩ی ڕۆژنامە باس ، ڕۆژی ١٠-٠٣-٢٠١٥ بلاو بووەتەوە