وشیار ئەحمەد ئەسوەد : کورد زۆر شانازی بەبواری ڕۆژنامەوانیی خۆی دەکات و پتریش لەوەی گوایە سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار لە کوردستاندا دەردەچن، ئەمە بەشانازیکردن بەو پرۆسە دیموکراسییە لێکدەداتەوە کە چەند ساڵێکە کاری لەسەر دەکات..
ڕەنگە ئەمەیان لە دیوێکدا تا ئاستێک ڕاست بێت، بەڵام بەدیوەکەی تریدا دۆخی هیچ بوارێک هێندەی ڕۆژنامەوانی لە کوردستاندا شلۆق نییە، بەجۆرێک خانە وێران بووە پیشەکە بووەتە چێشتی مجێور، ئەدی ئەوەندەی تڕکەڵە هەواڵ و ڕاپۆرت و دیمانەی ڕۆژنامەوانی دەبینین و نایانخوێنینەوە، یان بەخوێندنەوەیان تووشی زەردوویی دەبین، دەگمەنن ئەو هەواڵ و ڕاپۆرت و دیمانانەی دەهێنن کات بۆ خوێندنەوەیان تەرخان بکەین.
پسپۆڕیەتی لە هیچ یەکێک لە بوارەکاندا نەماوە، یان زۆر کەم بووە، هەر ڕۆژنامەنووسێک دەبینی خۆی لە قەرەی هەموو ڕەنگەکان دەدات، بەلایەوە گرنگ نییە چی و لە چ بوارێکدا دەکاتە هەواڵ، ئەوەی بووەتە جێی بایەخ بڵاوکردنەوەی زۆرترین هەواڵە بۆ پەیداکردنی زۆرترین بڕە پارە، ئەمە وایکردووە جیاکردنەوەی بەرخ و بەران ئەستەم بێت، چونکە بەهۆی بەرخەکانەوە پەرێزی بەرانەکان برینگ بووە (ئەمە لە دەرەوەی ململانێی نەوەکانەوە) چونکە بەگەواهیی زۆربەی ئەوانەی لە بوارەکەدا کار دەکەن، دەگمەنن ئەوانەی هاوتەمەنی خۆمن و توانیویانە ئەوەندەی من لەگەڵ گەنجاندا هەڵبکەن و هاوشانیان ڕێگەکە ببڕن، زۆر بەرانیشمان لە داوودەزگە ڕۆژنامەوانییەکاندا بینیوە کەچی بەرپرسەکانیان بەرخن.
لە هەموو دنیادا ڕۆژنامەوان کە خول دەبینێت، وەک ئەوەی ئێمەمانانیش لە کوردستان و دەرەوەیدا چەندان خولی ڕۆژنامەوانیمان بینیوە، وانەی خولەکان گشتین، واتە پێوەست نابن بەبوارێکی دیاریکراوەوە، بەڵام لە پراکتیزەدا پسپۆڕیەتی لە بوارێکدا ڕۆڵی گەورە لە سەرکەوتن و دەرکەوتنی ڕۆژنامەنووس دەبینێت کە ئەمەیان لای ئێمە ئەوپەڕی بێبایەخ کراوە.
من نازانم سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کە خۆیشم تێیدا ئەندامم چەند ئەندامی هەیە، بەڵام وەک ئەوەی بیستبێتم یان هەستم پێکردبێ، پتر لە هەزارن، بەبڕوای من لانیکەم هەزاری تریش هەن بێ ئەوەی لەو سەندیکایەدا ئەندام بن، پراکتیزەی ئەو پیشەیە دەکەن، ڕاستیتان دەوێ ڕێژەیەکی زۆری ئەو ژمارەیە هەر شتێکی دیکە بن تەنیا ڕۆژنامەنووس نین، یان کاری تێدا ناکەن، جیا لە نەبوونی پسپۆڕیەتی، ئەم بێسەروبەرییەیش بەجارێ دۆخەکەی شلۆق کردووە، ئەوانەیش کەم نین کە پێناسەی سەندیکا تەنیا لەو کاتانەدا بەکار دێنن کاروبارێکیان لە دەزگە یان فەرمانگەیەکی حکوومەتیدا دەبێت، بۆ ئەوانەیش کە لە بوارەکە دوورن، بێگومان بەهۆی پێناسەکەوە وەک ڕۆژنامەنووس لە هەڵگرەکەی دەڕوانن، دەی ئەمەیش ڕێگەیەکی دیکەیە بۆ مەیسەرکردنی کارەکان.
لەنێو هەموو ئەمانەدا بوارەکانی هونەر لە ڕۆژنامەوانیی کوردیدا زۆرترین کێشەیان هەیە، هەریەکێک لە بوارەکانی هونەرە جوانەکان بەو هەموو هەستەوەرییەی خۆیانەوە، چەند نووسەرێکی بەژمارە کەمیان تێدا دەبینین، واتە ڕەخنەگر و نووسەرانی بوارە هونەرییەکان لە کوردستاندا زۆر دەگمەنن، کەچی دەیان ڕۆژنامەنووس کاری ڕۆژنامەوانیی هونەرییان کردووەتە گەمەی خۆیان و بەزۆری لەو بوارانەدا هەواڵ و ڕاپۆرت و دیمانە دروست دەکەن.. جیا لەوەی گومانم نییە لەوەی زۆرترین ژمارەیان ئەگەر نەڵێم هەر هەموویان، لە هیچ یەکێک لە بوارەکانی هونەر سەر دەرناکەن، تێیاندا هەیە پێی وایە کورد هونەرمەندی نییە و کەچی کاریش لەسەر بوارە هونەرییەکان دەکات و بۆ پرسیارەکان یەخەگیری هونەرمەندان دەبێت.
مەبەستم نییە بڵێم ئەو ڕۆژنامەنووسەی کار لەسەر بوارێک یان چەند بوارێکی هونەر دەکات دەبێ هونەرمەند بێت، بەڵام لانیکەم دەبێ ڕۆشنبیرییەکی هەمەلایەنەی هونەریی هەبێت تا بتوانێ ورووژان دروست بکات، نموونەی زۆرمان لە بەردەستن کە خۆیان هونەرمەند نین و کاریان لەسەر بوارەکانی هونەر کردووە، ئێمە لێرەدا زیندووترینیان وەردەگرین کە مامۆستا (مەحموود زامدار)ە، بەپێی ئاگایی من و خوێندنەوەم بۆ نووسینەکانی، یان ئەو دیمانانەی ئەو سازی کردوون، پێموایە دەگمەنن ئەوانەی لە کۆن و نوێدا توانیبێتیان هێندەی مامۆستا زامدار لە کارە ڕۆژنامەوانییە هونەرییەکەدا پەی بەشتەکان ببەن، من چەندان جار لەگەڵ ئەو مامۆستایە کەوتوومەتە نیمچە دیالۆگەوە، ئەوەم بەڕوونی بۆ دەرکەوتووە کە ڕۆشنبیریی هونەری و گشتیی ئەو مرۆیە لە ئاستێکدایە، دەکرێ وەک هونەرمەندێک لێی بڕوانی، بەڕاست دڵنیام لەوەی ئێستایش لەنێو هونەرمەنداندا زۆرن ئەوانەی بەهیوان مامۆستا زامدار بۆ نووسین یان دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی تەنیا ئاوڕێکیان لێ بداتەوە، کەواتە ئەم جۆرە توانایە لەکاری ڕۆژنامەوانیدا پڕۆفیشناڵیەتییە، کە ئەو مامۆستایەیش بەنموونە وەردەگرم، مەبەستمە بڵێم بۆ کارکردن لەو بوارە، دەخوازێ ڕۆژنامەنووس شارەزا و ڕۆشنبیر بێت تا بتوانێ دیوە شاراوەکانی هونەرەکەی کەسی بەرامبەر دەربخات کە خودی هونەرمەندەکەیە.
لای ئێمە هەموو ئەم ڕاستییانە ون بوون، بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەواڵ و ڕاپۆرت و دیمانانەی کە ڕۆژانە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا دەیانخوێنینەوە، ئەوەندە کرچن و کەمترین داتا لەخۆ دەگرن، تا ئەو ئاستەی هونەرمەندەکە لە هەر ئاستێکی هونەریی باڵادا بێت، لە بەردەم خوێنەردا بچووک دەکرێتەوە، ئەم بچووککردنەوەیە تەنیا بەزیانی هونەرمەند تەواو نابێت، لەوە پتر دۆخ و ئاستە ڕۆژنامەوانییەکە ناقۆڵا دەکات.
زۆربەی ئەوانەی لەو بوارەدا کار دەکەن، پرسیارەکانیان ئاستە کۆن و باو و لاساییکارەوەکەیان تێنەپەڕاندووە، بۆیە وەڵامەکانیش بەبارتەقای پرسیارەکان بچووک دەبنەوە، بچووک بەمانای زۆرترین قسە و کەمترین داتا، هۆکارەکەیش ئەوەیە ڕۆژنامەنووس چ زانیارییەکی لەو بوارەدا نییە کە هونەرمەندەکە کاری لەسەر دەکات، بۆیە ورووژاندنی ئەستەم دەبێت و لایەنە شاراوەکانی هونەرەکەی یان کارە ئەفرێنەرەکانی پێ نادۆزرێتەوە تا لەبارەیەوە پرسیار بکات و بیدوێنێ.
مەبەستم نییە هونەرمەند (زەکەریا) رەخنە بکەم و ئەمەیش بەنووسینەکانی داهاتوو دەسپێرم، بەڵام ڕۆژنامەنووسان ئەوەندەی ژنهێنانی (زەکەریا)یان کردە مانشێتی زەبەلاح، یەک کەسمان شک نەبرد پرسیاری میلۆدیی (ساقییە بادەم بۆم تێکە)ی لێبکات، لە کاتێکدا ئەو میلۆدییە کە بەناوی زەکەریاوە بڵاو بووەتەوە، لە بنچینەدا دروست گۆرانییەکی (هابە)ی هونەرمەندی کۆچکردووی تورکمانە بەناوی “دوڕنە دوڕنە”، نەبوونی زانیاریی ڕۆژنامەنووسە وا دەکات ئەم تەرزە کارانە بەسەرماندا تێپەڕن و ئاکام دەبنە هۆی شێواندنی هونەرەکە.
زۆرن ئەوانەی کارە هونەرییەکانی (هەڵکەوت زاهیر) ڕەخنە دەکەن و بەکاری دروست عەرەبییان دەچوێنن، بەڵام تا ئێستە ڕۆژنامەنووسێک پەیدا نەبوو ئەم پرسە لە ڕاپۆرتێکدا بەچڕی و ڕژدی بورووژێنێت و ڕاستییەکان وەک خۆیان بۆ خەڵک لە جەماوەرە هونەردۆستەکە ئاشکرا بکات، من گومانم لەوە نییە (هەڵکەوت) زۆرترین تواناکانی خۆی لە میلۆدییە عەرەبییەکاندا چڕ کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەدان بەناوەڕۆکی کارەکان و ئەو داتایانەی لە تەواوی توخمەکانی گۆرانییەکاندا هەن، ئەرکی ڕۆژنامەنووسی هونەرین کە لەو بوارەدا کار دەکەن، نەک تەنیا دەرخستنی جوانییەکان و شاردنەوەی کارە نەرێنییەکان، یان بەپێچەوانەوە، چونکە ئەوەندەی ئێمە دەیبینین، بەتایبەتی بۆ کەسێکی وەک (هەڵکەوت زاهیر)، یان بەشانوباڵ هەڵدانەکە دەیگەیەنێتە حەلحەلەی ئاسمان، یان قسەکردن لە دیوە نەرێنییەکەی بەناخی زەویدا شۆڕی دەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا هەردوو حاڵەتەکەیش لە هەڵە بەدەر نین کە نیازم هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەردوو دیوەکەی ئەم هونەرمەندە بۆ هەڵسەنگاندن وەربگرم.
ئەمانە تەنیا چەند نموونەیەکی بچووکن، دەیان نموونەی زیندوو و زەقمان لە بەردەستن، بۆیە من دەڵێم ئەگەر ئەم دۆخە درێژە بکێشێت، نەک تەنیا دیوە هونەرییەکە، بگرە تەواوی کایەکانی ڕۆژنامەوانی لە ئێستا بێسەروبەرتر دەبن.