رۆژنامەنووسی گەنج زانا دزەیی بۆ گۆڤاری فەیسبووک: پیشەم بەس رۆژنامەنووسی و دروستکردنی خواردنی خۆشە… جگە لە دەشنێ بە کەسی تر موعجیب نیم
دیمانە: جەلال ئەحمەد بەرزنجی
پرسیار: سەرەتا دەمانەوێ خۆت بناسێنی؟
زانا دزەیی: ساڵی ١٩٨٦ لە ھەولێر لەدایکبووم، خوێندنی شەشی ئامادەییم تەواوکردووە، بەڵام نەچووم بۆ ھیچ کۆلیژێک، چونکە ئەوەی کە من دەمەوێت تێیدا بخوێنم لەکوردستان دیراسەکەی لە کوردستان زۆر سادەیە، مەبەستم بەشی موزیکە، سەرۆک کۆلیژەکە ئەندازیاری رووەکە و مامۆستاکانیش بڕوانامەی دبلۆمیان ھەیە! ئێ باشی دەبێ من لەم کۆلیژە چی فێر بم! بەھەرحال ئینشاڵڵا ئەگەر بۆم کرا دەمەوێ لە میسر میوزیک بخوێنم، بەشی ئاوازدانان، ساڵی ٢٠٠٥ لە رۆژنامەی کورد دەستم بەکاری رۆژنامەوانی کردووە، دواتر لە جەماوەر و میدیا و بارزان و لڤینی نوێ و ھەندێ رۆژنامەی تریش کارم کرد، بەڵام ئێستا لە گۆڤاری (سڤیل) کار دەکەم و سەرپەرشتیاری بەشی ھونەریم.
زانا دزەیی: دزەیی نازناوە یان ناوی شوێنەکەتانە؟
زانا دزەیی: دزەیی عەشیرەتێکی گەورە و ناوداری شاری ھەولێرن و کەسایەتی زۆر گەورە لە سیاسی و ھونەری لەو عەشیرەتی دزەیی ھەڵکەوتووە.
پرسیار: جگە لە کاری رۆژنامەوانی ھیچ پیشەیەکی تر دەزانی؟
زانا دزەیی: بەس رۆژنامەنووسی، دروستکردنی خواردنی خۆش.
پرسیار: ئەو مەرجانە چین کە دەبێت کەسی رۆژنامەنووسی تێیدا ھەبێت؟
زانا دزەیی: پێش ھەموو شتێک دەبێ حەزت بۆ بوارەکە ھەبێ، ئەگەر ئەو حەزە ھەبوو زۆربەی کاتەکانی خۆتی بۆ تەرخان دەکەی، ئەوکاتە دەبێتە رۆژنامەنووسێکی ئاگادار، پێم وایە سەرکەوتنی رۆژنامەنوس لە ئاگادار و پەیوەندیەکەیەتی، ئەگەر ئەو دوو شتەی نەبوو رۆژنامەنووسێکی باش و جدی لێ دەرناچێت.
پرسیار: چ جیاوازییەک لەنێوان رۆژنامەنووسانی ئێستا و رۆژنامەنووسانی کۆن ھەیە؟
زانا دزەیی: وەڵڵا لە زۆر روودا جیاوازی ھەیە، من نازانم مەبەستت کام رووە، بەڵام دەتوانم بڵێم رۆژنامەنووسانی پێشتر تەنیا بۆ حەزی بوارەکە ئیشیان دەکرد، جدی بوون، خوێندەوار بوون، بەڵام رۆژنامەنووسانی ئێستا کاری رۆژنامەوانیان تەنیا وەک پیشەیەک بۆ دەستخستنی پارە وەرگرتووە، رەنگە ئەوەش تارادەیەک رەوا بێت، چونکە ئیشی رۆژنامەنووسی پیشەیە، بەڵام بەرژەوەندی مادی ھاتۆتە بەرژەوەندی ئیشەکە، رۆژنامەنووسانی ئێستا نەدەخوێنەوە، نە موتابعیان ھەیە.
پرسیار: مەرجە ھەموو رۆژنامەنووسێک خاوەنی بڕوانامە و ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسان بێت؟
زانا دزەیی: خۆشت رۆژنامەنووسی ئەوە باش دەزانی زۆربەی رۆژنامەنووسە جدی و باشەکان بڕوانامەیان نییە، زۆربەی ئەو رۆژنامەنووسانەی کە ناوبانگیان ھەیە و زیرەک و جدین بڕوایان بە سەندیکای رۆژنامەنووسان نییە، بڕۆ سەیر بکە بزانە ئەوانەی کە ئەندانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن کێن، زۆربەی پیشەکان لەو سەندیکایە کۆبۆتەوە، باشە کوا ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لە کۆلیژ و پەیمانگاکانی راگەیاندن ساڵانە دەردەچن؟ بروا بکە قوتابی کۆلیژی راگەیاندن ساڵی دەرچوونی ھاتۆتە لام نەیزانیووە چۆن ھەواڵ دروست دەکرێ! من بە دوو مانگ زۆر شتم فێرکرد، بەڵام کۆلیژ بەچوار ساڵ تەنانەت نەیتوانی فێری دروستکردنی ھەواڵی بکات.
پرسیار: تاچەند جوانی کاریگەرە بۆ سەرکەوتنی گۆرانیبێژە ئافرەتەکان؟
زانا دزەیی: بێگومان زۆریش گرنگە، جوانی سەد لەسەد ناوبانگ بۆ گۆانیبێژەکە دروست دەکات، بەڵام مەرج نییە ئەوەی ناوبانگی ھەبێ لای خەڵک خۆشەویست بێت و سەرکەوتوو بێت، نموونەشمان زۆرە، بەڵام بەگشتی جوانی بۆ کچ شانسی ناوبانگ دروستکردنی پێدەدات.
پرسیار: لەگەلڕ فەیسبووک چۆنیت؟
زانا دزەیی: خراپ نیم، فەیسبووک ھاوڕێیە کۆنەکانی بۆم دۆزیوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێی دەترسم، چونکە لەبەکارھێنانیدا کاتی زۆرت لێدەبات، لە فەیسبووک زیرەکترم، بەرنامەیەکی وام بۆ داناوە ناھڵێم زۆر کاتم ببات.
پرسیار: تاچەند مۆبایل بێزاری کردوویت؟
زانا دزەیی: زۆر، لەبەر کاری رۆژنامەنووسی ناتوانم مۆبایلەکەم دابخەم یاخود بێدەنگی بکەم، لەبەرئەوە زۆرجار لەخەو خەبەرم دەکاتەوە، راستی خەوی لێ تێکدام، ھەندێجار رقم لێی دەبێتەوە، بەڵام ناچاریشم لە بەکارھێنانی.
پرسیار: بە بڕوای تۆ فەیس بووک تاچەند خزمەت بە گەنجان لاوانی ئێمە دەکات؟
زانا دزەیی: ئەمڕۆ فەیسبووک کاریگەری لە بڵاوکراوەکان زۆر زیاترە، دنیای بچووک کردۆتەوە، بەخێرایی زانیارییەکان لە فەیسبووک بڵاودەبێتەوە، ئەو شۆڕشانەی رووی لە وڵاتە عەرەبییەکان کردووە شۆڕشی فەیسبووکە، بۆیە گرنگە ھەموو کەسێک لەفەیسبووک بەشدار بێت و سوود لە لایەنە باشەکانی فەیسبووک وەرگرێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بە وریایی و بەرنامەیەکی باش فەیسبووک بەکارنەھێنی کاتێکی زۆر زۆرت لێدەبات، گرنگ ئەوەیە دەبێ بزانی چۆن و لەبەرچی فەیسبووک بەکاردێنی، ئەگەرنا فەیسبووک زەرەری لەقازانج زیاتر دەبێت، بەڵام ئەگەر رێک وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، بەڵێ فەیسبووک خزمەتی بە گەنجانی ئێمە کردووە.
پرسیار: قەت گریاوی؟
زانا دزەیی: ھەر کەسێک دڵی پاک و میھرەبان بێت زۆر شت دەیگریێنی، بەتایبەت لەکاتی لەدەستدانی کەسە کەسە نزیکەکانت و ھاوڕێکانت، من ھاوڕێتیم لەگەڵ ھومەرمەندی جوانەمەرگ ئەردەلان بەکر زۆر بەھێز بوو، ئەو لە سوید بوو زۆرجار بە تەلەفۆن قسەمان دەکرد، باسی شتێکت بۆ دەکەم یەک ھەفتە پێشئەوەی کۆچی دوایی بکات، بە تەلەفۆن قسەمان کرد رێکەوتین چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی ئەنجام بدەین، گوتی تۆزێک ناساخم سێ ھەفتەیەکی تر چاوپێکەوتنەکە ئەنجام دەدەین، بۆ چوار رۆژی تر ھونەرمەند پرشنگ توانا لە سوید نامەیەکی بۆ ناردم نووسیی بووی ئەمشەو ئەردەلان بەکر کۆچی دوایی کرد، ھێشتا باوەڕم نەکردبوو گریام.
پرسیار: حەز لە دەنگی چ ھونەرمەندێک دەکەی؟
زانا دزەیی: بەس دەشنێ، موعجیبی جولە و دانسەکانی ئەوم، بەتایبەت لە جۆری پێشکەشکردنی بەرنامە، باوەڕناکەم لەناو کورد کەسێک ھەبێ لەپێشکەشکردنی بەرنامە شان لەشانی ئەو بدات، بەڵام خۆم زیاتر حەز بە دەنگی گۆرانیبێژە میسرییەکان دەکەم، بەتایبەت ئوم کەلسووم و عەبدولحەلیم حافز و مایدە حەناوی، ھانی شاکر، لە گەنجەکانیشیان شیرن عەبدولوەھاب و سەعد سوغەیر، بەتایبەت سەعد ھاوڕێیەکی خۆشەویستە.
پرسیار: بڕوات بە خۆشەویستی ھەیە؟
زانا دزەیی: ھەمبوو، بەڵام ئێستا نا.
پرسیار: قەت بووە داوات خۆشەویستیت لە کچێک کردبآ رەتیان کردبێتەوە، یان بە پێچەوانەوە کچ داوای لەتۆ کردبآ تۆ رەتت کردبێتەوە؟
زانا دزەیی: نەخێر ھیچیان.
پرسیار: پەیوەندیت لەگەلڕ گۆرانیبێژەکان خۆشە، بەڵام بەتایبەت لەگەڵ ئافرەتەکان، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
زانا دزەیی: ھاھاھاھاھا نانا کاک جەلال لەگەڵ ھەموو گۆرانیبێژەکان پەیوەندیم خۆشە بە ئافرەت و پیاوەکانیش، نەک ھەر کوردەکان ھەندێ لە ھونەرمەندە عەرەبەکانیش لەنزیکەوە دەناسم، ئەوان تەنیا وەک رۆژنامەنووس سەیری من ناکەن و منیش تەنیا وەک ھونەرمەند سەیری ئەوان ناکەم، ھاوڕێتی شەخسی دروستبووە، زۆرجار لەگەڵ ھونەرمەندەکان یەکتر دەبینین ئەسڵەن باسی سەحافە و فەن ھەر ناکەین، متمانەیەکی بەھێز لەنێوانمان دروست بووە، رەنگە ئەوەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە من حەوت ساڵە کاری رۆژنامەنووسی دەکەم، زۆربەشیان جۆری ئیشکردنی منیان لاجوان و پەسندە، پێیان خۆشە ھەر لەگەڵ من ئیش بکەن.
پرسیار: ئەو ھاوڕێتیە ئیشی رۆژنامەنووسی بۆ تۆ ئاسان کردووە، واتا ھەر ھونەرمەندێک بتەوێ چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکەی بە ئاسانی دەیکەی، وایە؟
زانا دزەیی: نەخێر زەرەریشم کردووە، ئەوەی تۆ باسی دەکەی راستە، بەڵام جگە لەوەش تۆ سەیر بکە من وەک رۆژنامەنووسێک زۆر شتی ھونەرمەندان ھەبووە دەکرا بڵاویبکەوە بەڵام لەبەرئەوەی ھاوڕێمە بۆئەوەی عاجز نەبێت دەستم لە بابەتەکە ھەڵگرتووە، ئەگەر باسی کەموکوڕیەکیان بکەی و رەخنەیەکی جدیان لێ بگری دیسانەوە توڕە دەبن، چونکە ھاوڕێمن، کاتێک ھونەرمەندێک نەشتەرگەری جوانکاری دەکات وەک رۆژنامەنووسێک حەقم ھەیە ئاشکرای بکەم، بەڵام دیسانەوە ناتوانم بیکەم چونکە ھاوڕێمە توڕە دەبێت، کەواتە ئەو ھاوڕێتییە جگە لە قازانج، زەرەریشی تێدایە بۆ ئیشە رۆژنامەوانییەکەم، بۆیە زۆرجار گوتوومە بریا پەیوەندیم لەگەڵ ھونەرمەندەکان لەدوورەوە بوایە، وەک رۆژنامەنووس و ھونەرمەند نەک وەک ھاوڕێتییەکی نزیک.
پرسیار: ئاستی راگەیاندن بە ھەر سآ بوارەکەیەوە چۆن دەبینی؟
زانا دزەیی: راگەیاندنی بینراو قۆناخی نوێی بڕیووە، راگەیاندنی بیستن بە ھەمانشێوە، بەڵام چاپەمەندی ھێشتا لەگەشەی تازەدایە و لەرکابەری دان، بەڵام بە گشتی ھەر سێ جۆری راگەیاندن لەھەرێمی کوردستان ھەنگاوی زۆر گەورەی ھاویشتووە.
پرسیار: تاچەند ئازادی بۆ کاری راگەیاندن ھەیە؟
زانا دزەیی: لەقۆناخی ئێستا کاری راگەیاندن لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازی ھەیە، بەو پێیەی من لەشاری ھەولێرم تاڕادەیەک کاری رۆژنامەگەری ئازادە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێدانی زانیاری و کردنەوەی دەرگای لایەنی پەیوەندیدار بەرووی رۆژنامەنووساندا سنوردارە، بەبۆچوونی من ئەوە یەکێکە لە کێشەکانی رۆژنامەنووسان، تائێستا وەک پێویست رۆژمەنووسان زانیاریان پێنادرێت لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە، بێگومان ئەوەش پێشلێکاریی یاسای کاری رۆژنامەگەرییە لەھەرێمی کوردستان، کە پێی یاسای ژمارە ٣٥ لە خاڵی دووەم، مادەی ٢ ئاماژە بەپێدانی زانیاری دەکات بە رۆژنامەنووسان لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە، بەمەرجێک لەبەرژەوەندی کۆمەڵگەدا بێت، من ئەوە بەکێشەک دەزانم، کێشەی دیکەش ھەن، بۆ نموونە دیاریکردنی مافی رۆژنامەنووسان لە دەزگاکانی راگەیاندن.
پرسیار: دوا وتەت؟
زانا دزەیی: سوپاس بۆ تۆ کاک جەلال، ھیوای سەرکەوتنی زیاتر و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم، فەیسبووک گۆڤارێکی جوانە، دەستتان خۆش.