سیمۆن دۆبۆڤوار دەڵآ:” ئەوشتەى ژنان هەوڵى بۆدەدەن یەکسانى نێوان ژنان و پیاوانە. ئەم یەکسانیەش پێویستە هەموو بوارەکانى ژیان بگرێتەوە جا چ ژیانى تاکەکەسى و چ ژیانى کۆمەلایەتى بێت.”. هەروەها فروغى فەڕڕوغزادیش دەڵآ :”ئارەزووى من ئازادى ژنانە و یەکسانى مافەکانیانە بە پیاوان، من لەبەرامبەر ئەو ئازارو ئەشکەنجانەى کە خوشکەکانم دەیچێژن لەلایەن پیاوانەوە، بەهەموو وجودمەوە ڕادەوەستم و نیوەى هونەرەکەم بۆ پەیکەرى ئازارەکانى ئەوان و داکۆکى لەوان بەکاردەبەم.. ئارەزووى من ئەوەیە کە پیاوان وازبهێنن لە خۆپەرستى و مۆڵەتبدەنە ژنان کەتوانا و بەهرەکانى خۆیان بخەنە گەڕ تابەشداربن لەگشت بوارەکانى ژیان “.
ئاشکرایە ئامانج و خۆزگە و داخوازیەکانى ژنانى کوردستانیش هەر هەمان خواستى ژنانى جیهانە. ئازادى ، یەکسانى، بەرابەرى، ئاشتى، نەهێشتنى توندوتیژى، نەهێشتنى چەوساندنەوە و دەستدرێژى سێکسى و هەژارى و نەخوێندەوارى…هتد.
لەمسەردەمەدا هەرچەندە کۆمەڵگا پێشکەونێکى زۆرى بەخۆوە بینیووە بەڵام هێشتا زۆرێک لە کچان و ژنان گرفتارى جوداکارین. هێشتا دەگمەنن ئەو ژنانەى کە بەهۆى دابوونەریتى پیاوسالارییەوە نەکەوتبنە ژێرفشار و ئەشکەنجەى دەرووننیەوە و جگە لەکۆمەڵگا لەلایەن خێزانەکەى خۆشیانەوە مافیات پێشێل نەکرابێت و نەچەوسابێتنەوە..!
بەداخەوە هەرلە کۆنەوە تاوەکو هەنووکەش زۆربەى هەرەزۆرى نەخوێندەوارى و بێکارى و هەژارى، بەدیاردەیەکى ژنانە ناسراوە. لەکوردستان هەزاران ژنان و کچان بآ پشت و پەناء بێبەرین لە مافى خزمەتگوزاری و تەندروستی و خوێندنگاء…هتد، ئەمە جگەلەو ژنانەى کە بەهۆى جەنگ و ئەنفال و ماڵوێرانیەوە بوونەتە بێوەژن . بەداخەوە ئەم جۆرە ژنانەش پەراوێزخراون و تائێستاش بەکولەمەرگى ژیان دەگوزەرێنن و دەرامەتێکی ئەوتۆشیان نیە بۆ بژێوى ژیانیان. لەلایەکى تریش بەدەست دابونەریتى کۆنەپەرستانەى کۆمەڵایەتیەوە گرفتار و دەناڵێنن کەسیش نیە ئاوڕێکى جدیان لێبداتەوە.
لەگەلڕ پێشکەوتنەکانى سەردەم، کەچى هێشتا بەردەوام خۆسوتاندن، سوکایەتى کردن، لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی ژنان لەلایەن کەس و کاریانەوە و تەنانەت کوشتنیشیان بەبیانووى شەرەف بەشێوەیەکى زەق دەبینرێت لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکى کەم سکاڵا لەدژى توندوو تیژى تۆماردەکەرآ.
لە کوردستاندا هێشتا ڕێکخراو و میدیایەکى سەربەخۆ و ئازاد نەهاتۆتە ئاراوە بەدەر لەژێر چەترى هیچ لایەنێکى سیاسى و حزبیدا، کە بەشێوەیەکى جدى تەنها لەبەرژەوەندى و لەخزمەتى ژناندابێ، تابتوانآ بەشێوەیەکى گونجاو و درووست داکۆکى لە مافە ڕەواکانى ژنان بکات. بتوانن لە ڕێى ڕاگەیاندنەکەیانەوە کچان و ژنان هوشیاربکرێنەوە و سوودمەندبن. هانى کچەلاوەکانمان بدەن کە تواناکانى خۆیان بخەنەگەر و بێنە مەیدان و ڕێگەیان بۆخۆشبکەن بخوێننەوە و بنووسن و نووسراوەکانیان بۆ بڵاوبکەنەوە و مەشقیان پێبکەن پێیان بگەیەنن تا ژمارەى ژنانى نووسەرمان زیادبکات .. بەداخەوە ڕێکخراوەکانى ژنان گرنگیان نەداوە بەم مەبەستە و زۆر کەمتەرخەم بوون ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوانەشى کە هەیانە تەنها بۆ بەرژەوەندیەکانى خۆیان تەرخانیان کردووە و لەخزمەتى خۆیان و پارتەکەیاندا بەکارى دەبەن. دەرفەت نادەن کەس لەڕێى ئەوانەوە پێبگات و بێنەمەیدان ئەگەر کەسانێکى بەتواناو چالاکیش بن، جگە لەخۆیان و ئەوانەى خۆیان مەبەستیانە هەر ئەوانەن.. هەرچەندە بابەت و نووسینەکانیشیان لاواز و بێکەڵکیش بێت.
ڤێرجینیا ووڵف لەکتێبى “ژوورێک تایبەت بەخۆ” دا دەڵآ:” بەڕاستى هەزارجار جێگەى داخبوو ئەگەر ژنان وەکوو پیاوان بیان نووسیایە، یا وەکو پیاوان عیشقیان بکردایە، یا هەڵسووکەوتی پیاوانەیان هەبوایە! لەکاتێکدا کەدوو ڕەگەز بەهەموو مەعنا جیاوازن، چۆن دەتوانرآ گەورەیى و جۆرا و جۆرى جیهان، بەهێزوو تواناى یەک ڕەگەز تەواو بکرێت!”.
ژنان چیان دەوآ؟
کچان و ژنان دەیانەوآ چیدى پیاوان، بۆهیچ کارآ فشارنەخەنە سەریان و دەستهەڵبگرن لە هەڕەشە و سوکایەتى کردن، تەنها بۆ بەرژوەندیەکانى خۆیان هەڵیان نەسەنگێنن، بەڵکو کێشەکان بە ئاخاوتن و لەیەکگەیشتن چارەسەر بکرآ.
ئەوان دەیانەوآ کۆمەڵگا چ لەناوماڵ و چ لەدەرەوەى ماڵدا وەک بوونەوەرێکى لاواز “زەعیفە” ناویان نەبەن و تێیان نەڕوانن هەروەها وەک کوڕان ڕێگەیان پێبدرآ بخوێنن و پێشبکەون. ئاشکرایە ئەمڕۆ ژنان توانیویانە لەگشت بوارەکانى ژیان بەشداربن، بەڵام هێشتا ڕێژەیەکى ئیجگار زۆر لە کچان و ژنان بەنەخوێندەوارى ماونەتەوە.. جگە لەو ڕێژە زۆرەش کە بێکارن و هیچ سەرچاوەیەکیان نیە بۆ بژێوى ژیانیان..
ژنان دەیانەوآ ڕۆڵیان هەبآ لە هەڵبژاردنى هاوسەروو لەناو خێزانێکى پڕلەبەختەوەرى وئاسوودەیدا بژین. هەرگیز بەژمارە دوو و ژمارە سآ ئەژمارنەکرێن. بەڵکو وەک مرۆڤێک حسابیان بۆبکرآ.
هەروەها دەیانەوآ لە ئەنجامدانى تەڵاقیشدا خاوەن مافبن و بتوانن بڕیاربدەن. لەلایەن خانەوادەکانیانەوە سەرکوتنەکرێن و نەکرێنە قوربانى دابونەریتى دواکەوتوو.
ئەوان دەیانەوآ لە ئەشکەنجەى جەستەیى و ڕۆحى بەدووربن کەهێشتا باوە لەناو هەندى خێزاندا، هەروەها حکومەت دەستوور و یاسایەک پیادە بکات کە بەجدى بەرگرى و داکۆکى لەمافەکانی ژنان َبکات لە بەرامبەر هەر تووندوو و تیژییەکدا.
بۆ پێشەوە بەرەو ئاسۆیەکى گەش و درەوشاوە لە ئایندەیەکى نزیکدا.
ئامادەکردن و وەڕگێڕانى: کەژال عەلا