حەمەسوار عەزیز :ئێستاش رۆژانی منداڵی و ھەرزەکاریم لەبیرە بەتایبەتی ئەو شەوانەی کە لە تەلەفزیۆنی کەرکوکەوە درامای کوردی پەخش دەکرا، ئەوشەوە ھەموومان لەگەڵ دایک و باوک و خۆشک براکانمان شەوچەرەیەکمان ئامادە
دەرکرد بۆ ئەوەی بەدیار دراما کوردییەکەوە کاتێکی خۆش بەسەر ببەین، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم ئەم درامایانە بەشداربوون لە پرۆسەی پەروەردەکردنی ئێمەو ئێستاش ئەو یادەوەرییەی زۆر زەقە لە دەفتەری منداڵی و ھەرزەکاریمان، چێژ بینین و بەسەربردنی ئەو کاتە ئەفسوناوییە بوو بەدیار درامای کوردییەوە.
تا ماوەیەکی زۆر دیالۆگ و جوولەی زۆرێنەی ئەکتەرەکانی ئەم درامایانە لە زەینمان دەمایەوەو شەوانە لەگەڵ ھاوڕێیانی گەڕەک یا لەکاتی قوتابخانە کە لەگەڵ خوێندکارە ھاوپۆڵەکانمان کۆدەبووینەوە ھەوڵمان دەدا لەڕێگەی قسەکردن و جوولەوە لاسایی ئەو درامایە بکەینەوە کە شەوی ڕابردوو لە تەلەفزیۆن نیشانی دابوو، بەتایبەتیش ئەو درامایانەی کە بزەو خەندەیان دەخستە سەر لێوەکانمان وئەو وەختەش نەماندەزانی بڵێین کۆمیدی بەڵکو دەمانگووت ئەم تەمسیلەی ئەمشەو زۆر خۆش و پێکەنیناوی بوو.
ئێستاش وادەزانم تەمسیلییەکانی (لانەوازان ، مەرەزە، مارەیی، موفەتیشی گشتی، خوڵەی چەخماخە، ھەبوو نەبوو، پیسکەی تەڕپیر، بەھاری دزراو، تەنەکە) و دەیانی تر، بەشێکن لەرۆژگاری رابردووی خۆم و پێوابووە من ھەمیشە بەشێک بووم لەو نمایشانە.
من تا ئێستاش لەوە دڵنیام کارەکتەرەکانی ( وەستا عەلی، رەجەب، عەلییەفەنی، جەنابی موفەتیش، مام سۆفی، خوڵەی چەخماخە ، قوتبەدین، باجی ئایشێ) و دەیان کارەکتەری تر، ئەوەندە کاریگەرییان بەسەر لایەنی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی من و ھاو تەمەنەکانم ھەبووە، ڕەنگە دایک و باوک و مامۆستاو ھاوڕێکانمان ئەوەندە کاریگەرییان بەسەر ئێمەوە نەبووبێت، لەڕاستییدا لەدوای قوتابخانە بۆ ئێمەی منداڵ و ھەرزەکار تەلەفزیۆن تاکە چرای زانین و مەعریفەت و خۆناسین بووە، بۆیە ھەمیشە ھەست بەوە دەکەین کە ئەم دراماو کاراکتەرانە بەشێکی دانەبڕاوی کەسایەتی مەعریفی و کۆمەڵایەتی ئێمەن و ھەر یەکێک لەوانە بەجۆرێک لە جۆرەکان پانتاییەکی لە ناخمان دەستەمۆ کردووە.
ھونەرمەندی گەورەو مامۆستای ئێمە عەبدوڵی حەمەجوان، یەکێکە لەوانەی بەشێکی کاریگەر بووە لەو رەوشەو بەتوانا ئیبداعییەکانی خۆی وەک ئەکتەرێک توانیویەتی گوتار لەگەڵ ھەست و نەستی بینەری کورد بکات بەشێوەیەک ھەمیشە ئەو کارەکتەرانەمان لەبەرچاو بێت کە ئەو ھونەرمەندە گەورەیە لە ئێستاو ڕابردوودا ئەداییکردوون.
ئاوێتەبوونی من لەگەڵ داھێنانەکانی مامۆستا عەبدوڵ بەھۆی پێگەی جوگرافییەوە تەنھا لەڕێگەی شاشەی تەلەفزیۆن بووە، ئەو شاشەیەی کە لە رۆژگاری خۆی دەیان پاڵەوانی لە زەین و خەیاڵی ئێمە دروستدەکرد و بەھیوای ئەوە بووین رۆژێک لە رۆژان لە نزیکەوە بیانبینین و وێنەیەکی یادگارییان لەگەڵ بگرین بۆ ئەوەی لای ھاوڕێکانمان شانازی پێوە بکەین و بڵێین “سەیرکە ئەوە منم لەگەڵ جەنابی موفەتیش وێنەم گرتووە”.
کە گەورەبووین و ھاتینە نێو ڕەوشە ھونەرییەکەو لە نزیکەوە ئەو ھونەرمەندانەمان ناسی، تووشی دوو حاڵەتی زۆر جیاواز بووین، حاڵەتی یەکەم ناسینی ھەندێک لەوانە تووشی نائومێدی کردین چونکە بینیمان ئەو وێنەیەی ئێمە دروستمانکردووە جگە لە خەیاڵی جوانی ئێمە، لەسەر ئەرزی واقیعدا ھیچ بوونێکی نییە، جۆری دووەم ئەوانە بوون کە لەنزیکەوە پێیان ئاشنابووین و زیاتر پێیان سەرسام بووین، بەتایبەتی دوای ئەوەی بینیمان لەسەر شاشە چەند گەورەن، لە ژیانی ئاسایی رۆژانە زۆر لەوە گەورەترن، یەکێکیش لەوانە ھونەمەندی گەورە (عەبدوڵی حەمەجوان)بوو.
من لەو چەند ساڵەی تەمەنمدا ژمارەیەکی زۆر ئەکتەرم دیووە کە لە شانۆ و تیڤی نواندنیان کردووە، ھەمیشە لەو دیو شاشەوە ئەوەندەی ئەکتەرێکی شانۆم دیووە، ئەکتەرێکی بەردەم کامیرانم نەناسیووە، بەڵام جاواز لەمانە مامۆستا عەبدوڵ وەک ئەکتەرێکی ئەودیو شاشە توانیویەتی خۆی لە ئەداو ئیلقای شانۆ بدزێتەوەو بە ووشیاری مامەڵەی لەگەڵ کامیراو لەپشت ئەوانیشەوە بینەری تیڤی کردووە.
ئەگەر بە تێڕوانینێکی ووردبینانە قسە لەسەر ھەموو ئەو کارە تەلەفزیۆنییە بکەین کە مامۆستا عەبدوڵ رۆڵی تیادا بینیووە، ھەستدەکەین ھەڵکشانێکی زۆر بە توانای داھێنانی ئەو ئەکتەرە دەبینرێت، مامۆستا لە (موفەتیشی گشتی) کە بڕوای من بۆ ئەو سەردەمە داھێنانێکی گەورە بوو، بەرەو (ژیان) و (تەنەکە) ھەنگاوی زۆر گەورە ھەڵدەگرێت، بە تایبەتیش لە درامای تەنەکەو لە کارەکتەری (رەسوڵە فەنی) کە کارەکتەرێکی جیاواز بوو لە ھەموو ئەو کارەکتەرانەی کە مامۆستا پێشتر ئەدای کردبوون، ئەوەندە جوان دەردەکەوێت تا ئەو ڕادەییەی کە دەوتوانێت کارەکتەری جەنابی موفەتیشمان بیرباتەوە.
لەدوای راپەرینیش دراماکانی ھونەرمەند (حوسێن میسری) دەرگایەکی تازە بەِِِِِِڕووی داھێنانەکانی ئەم ئەکتەرە گەورەیە دەکاتەوەو کارەکتەرەکانی (ڕەشەی پۆلیس و وەستا جومعە) کە دوو کارەکتەری زۆر جیاوازن لە بونیادو سایکۆلۆژییەتەوە، کەچی مامۆستا عەبدوڵ لە ھەردووکیانا توانایەکی تەمسیلی زۆر نایاب نیشاندەداو مەداڵیای رەزامەندبوونی بینەر بەدەستدێنێت.
بەبڕوای من دوو خاڵی زۆر گرنگ لە کاروانی مامۆستا عەبدوڵ ھەیە کە شایستەی ئەوەیە لەسەری بوەستین، یەکەم مامۆستا عەبدوڵ بەدرێژایی تەمەنی وەک ئەکتەر ئیشیکردووەو ھەوڵیداوە لەم بوارە توانا ئیبداعییەکانی تەوزیفبکات و کەمتر ھەڵپەی ئەوەی ھەبووە دەست بۆ ھەموو بوارەکانی تری شانۆ و دراما ببات، ئەمەش ئەم جۆرە پسپۆرییەیە کە ئێمە لەو نێوەندە زۆر پێویستمان پێی ھەیە، خاڵی دووەم ئەوەیە کا مامۆستا بەدرێژایی کارە ھونەرییەکانی ھەوڵی نەداوە خۆی لە قاڵبێک گۆشەگیر بکات و بەڵکو ھەمیشە بەدوای ئەوە گەڕاوە کە ئەو کارەکتەرانەی کە ئەدایان دەکات لەیەکترەوە نزیک نەبن، بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر توانای نواندنی خۆی دەربخات و ھەستەوەرەکانی بەئەدای جیاواز فۆرمات بکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی تەمەن نەیتوانیوە لەرووی توانای ئیبداعییەوە ھیچ شتێک لە مامۆستا کەمبکاتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ھەستدەکەین تەمەن و ئەزموون زۆر زیاتری پێبەخشیووەو زۆر بەئاگایی سوودی لە قۆناغەکانی کارکردنی خۆی بینیووە.