کازیوە ساڵح: “ژیان ئەوە نیە خۆت بدۆزیتەوە، ئەوەیە خۆت دروست بکەیت” جۆرج برنادشۆ
لە ناو کوردا ئەوانەی ژیان دروست ئەکەن ، ئەبن بە سەربازی ون . ئەوانەش ژیان ئەدزن بەو شیوەی ڕۆژگار ئەخوازێت، ئەبن بە پاڵەوان.
میللەتێک کلتوری بە سەربازی ون کردنی تێدا بوو ، هەرگیز ناتوانێت پایەدار بێت ، لە ڕووی لۆکاڵی و جیهانییەوە سەر نەوێیە. پایەداری بە پاراستن و ڕێزگرتنی سامانی نەتەوەیی بەرهەم دێت . سامانی نەتەوەیش تەنها سەرچاوە سروشتی و مادییەکان نیە ، بەڵکو سەرچاوە مرۆییەکانی وەکو ژیان و ماف و توانا و بەهاکانی مرۆڤیشە. .
لەوەتەی هزرم توانیویەتی هاوکێشەکان هەڵسەنگێنێت ، من لە خێزانەکەم ئەڕوانم، چۆن ژیان دروست ئەکەن وخۆیان تەرخان ئەکەن بۆ ئەوەی کورد لە سەربازی ون بوون ڕزگار بکەن ، بەڵام دواجار ، ئەم هەوڵە خۆیان ئەکاتەوە بە سەربازی ون ، بە خۆشمەوە.
هەموو مرۆڤێک کە کەسێکی خێزانەکەی کۆچی داویی ئەکات، بە تایبەت لە ڕۆژانی پرسەدا هزری دەبێت بە هێلانەی یادەوەریەکان و یەک بە یەکیان دەبنەوە بە میوانی ئامادە. لە کلتوری کەنەدییدا کەسی خاوەن پرسە لە سوپاسگوزاری پرسەکاراندا ، هەندێ لە یادەوەریەکانی خۆی بەش ئەکات. لەم ڕوانگەیەوە، بە هۆی کۆچی دوایی باوکم ( حەمە ساڵحی حاجی قادر)لە ٢٠١٤دا بە وەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد، هەندێک لە شەپۆلی ئەو هەموو یادوەریانەی بوون بە میوانم (لە هەر قۆناغێکدا تەنها یەک یادەوەری سیاسی) دەکەم بە مۆمی سوپاسگوزاری بۆ ئەوانەی لەو ساتە وەختەدا بوون بە هاوغەم. . .
ساتێک ئەڕۆمەوە بۆ ئەو کاتەی لە پۆلی یەکی سەرەتایی بووم، پر بووم لە شاگەشکەی خۆشی، چوون باوەڕ ناکەم هیچ مناڵێک هێندەی من شەیدا خوێند بووبێت . بۆ کۆبوونەوەی باوکان، باوکم پێێ وتم بۆ ئەوەی نەزانن کچی ئەوم ، پێویستە خاڵم بەرم بۆ قوتابخانە ، بۆ ئەوەی لە خوێندن بێ بەش نەکرێم.ئەبێت ئەو هەست و ترس و بێ ئومێدیەی مناڵێک لە یەکەم ئەزموونی خوێندندا ڕووبەڕووی ئەبێتەوە بە وشە گوزارشتی لێ بکرێت؟ من لەو ساتەوە، باوکم نەبوو بۆ کۆبوونەوەی دایکان وباوکان، هەتا ڕاپەڕین. .
یادەوەریەکان هەڵئەکشێن بۆ ئەو کاتەی لە یەکی ناوەندی بووم، باوکم پاش زیندانێکی زۆر گەڕابووە و دوو بازنەی ڕەش رەنگی پەمەیی ڕوومەتی گۆڕیبوون بە تاریکستان. ئەو جارە لە لایەن سەرۆک جاشێکەوە گیرابوو ناوی ‘ حەمە خان ‘ بوو . بە پەرەمێزی نانکردن هەردوو ڕوومەتی سوتاندبوو ، وتبووی بۆ ئەوەی هەر چەند سەیری خۆتت کرد لە ئاوێنەدا و هەرچەند برا ‘ موخەریبەکانت’ (پێشمەرگە بوون) بینیتیان بیرتان بکەوێتەوە، کە حەمە خان کێ یە . لێرەوە پەیوەندیم ئەوەندە لە گەڵ ئەو بازنە ڕەشانەدا بەهێز بوو ، کە ئیتر هەوڵ بدەم لە نەهامەتی کورد تێبگەم و ببم بە ئەندامی گروپێکی تەنزیمی خوێندکاران لە ڕێگەی مامۆستاکەمەوە( شەهید نەسرین) ئەویش ئەرکەکانی لە شاخەوە لە کەسێک وەرئەگرت ناوی ( مامۆستا جەلال ) بوو . من تا ئێستاش نازانم ئەو مامۆستا جەلالە کێیە و لە ژیاندایە یان نا، هەرگیز نەمناسی. بەڵام ئەو بازنە ڕەشانەبوون ڕۆناکی هیلالێکیان خستە سەر زۆر فاکتەر نادیدە و زۆریان پێ ناساندم و تا ئەمڕۆش پێم ئەناسێنن. هەر لە ڕێگەی ئەو بازنە ڕەشانەوە زانیم تەنها بەعس و عەرەب کورد ناکوژێت ، بەڵکو کوردی کورد کوژم بینی بە پۆشاکی کوردییەوە باوکمی گرت و بەرەوە ئۆتۆمبیلەکەی ڕاپێچی کرد و خستیە ژێر پێلەقەی جاشەکانیەوە. بەعس بە دەگمەن مناڵی خوار دە ساڵی ئەگرت ئەگەر بە کۆمەڵ لە گەڵ خێزانەکەی نەبوایە، ئەو دیمەنم بینی کە چۆن کورد ( حەمە خان) برا هەشت ساڵانەکەمی ئەدایە بەر شەق و زلە و ڕاپێچی ئەکرد. هەر ئەو بازنە ڕەشانە فێری باوەڕ ، پێداگرتن و بەخشندەیی کردم. .
نموونەیەکی باوەڕ: پاش ئەم کارەساتانە بە دەستی کوردجاش، باوکم فشاری زۆری بۆ دەهات لە لایەن برا و خزمەکانیەوە کە ئەویش بڕوات بۆ شاخ . ئەمەش پەرچەکردارێکی ئاسایی بوو، چوون مرۆڤ بەرگەی چەوساندنەوەی دوژمن ئەگرێت ، بەڵام بەرگەی خیانەتی نەتەوەکەی خۆی ناگرێت. ئەو سوور بوو لە سەر ئەوەی لە شاردا بمێنێتەوە و پێی لە سەر دوو خاڵ دائەگرت یەک ڕیز نەبوونی کورد ، دوو نەخوێندەوار نەبوونیی مناڵەکانی :
پەرتەوازەی و یەکڕیزنەبوونی کورد ، گێرایەوە ئەو بەر لە براکانی پێشمەرگە بوو . ڕۆژێک لێپسراوەکەیان پێیان ئەڵێت خێرا بکەونە ڕێ ئەڕۆین بۆ شەڕ . باوکم پێی وابووە بۆ شەڕی دژە عێراق ئەچن ، بەڵام بینیویەتی بە ڕێگەیەکی تردا دەڕۆن کە ڕوو لە عێراق نیە . لە لێپسراوەکەی پرسیوە بۆ بەم رێگەیەدا ئەڕۆن و مەگەر ئەوان بۆ عێراق ناچن ؟ لە وەڵامدا لێپرسراو ئەڵێت” نا ، بۆ شەڕی مەلایی ئەچین “. .
ئەو کاتە یەکیەتی و پارتی لە یەک جیا ئەبنەوە و بە جەلالی و مەلای ناویان ئەبرێت. باوکم لە وەڵامدا ئەڵێت ” ئێمە چەکمان بۆ دژایەتی دوژمن لە شانکرد نەک بۆ کورد کوشتن ، مادام شۆڕشی برا کوژی ئەکەین ، ئەوە من چەکەم دانا ، ژنەکەم دووگیانە و ئەڕۆمە شار نامەوێت لە دوا ڕۆژدا مناڵەکانم نەخوێندەوار دەرچێت. لەو ساتەوە زیندان و ئەشکەنجەی پەسەندکرد نەک خیانەتی کورد دژی کورد. .
بەخشندەیی و باوەڕ: لە ڕاپەێندا هەر ئەو حەمەخانەی کە کردبووی بە خاوەنی دوو بازنەی ڕەش ، لە بەر ئەوەی پێی وابوو بوو ئەوەندەی خراپە بەرانبەر خێزانئ ئێمە کردووە ئەگەر ئێمە لێی خۆش نەبین ، لێ خۆش بوونی شۆڕش دادی نادات . بۆیە لە ماڵی ئێمەدا خۆی تەسلیم کرد بە مامەکانم ( یەکیەتی بوون) . لەو کاتەدا مامم باوکمی هانێ ژورێکی دی و وتی ڕاستە ئێمە فەرمانی شۆڕشمان پێێە لە جاشەکان خۆش بین، بەڵام ئەگەر ئەتەوێت ئەو حەمە خانەی کە خۆت و مناڵتی بە درێژایی ساڵان چەوسانەوە و بێ حورمەتی پێکردن ئێستا گولە باران ئەکەم . باوکم وتی ‘ ئەخلاقی پێشمەرگە وماڵە شۆڕشگیرەکان نابێت لە ئەخلاقی ئەوانی جاش بچێت. ئەگەر ئێمەش وەکو ئەوان بجوڵێننەوە هەر وەکو ئەوانین ، بڕۆ وەرقەی تەسلیم بوونەوەی بەرێ و با نان بخوات و بڕواتە دەرێ . هەر ئەوەشی لە گەڵ کرا. .
پێداگرتن و باوەڕ: لە ساڵی ١٩٩٣دا بەڕێز کاک مەسعود بارزانی پێی گوت کە پێیان خۆشە پۆستی یەکێک برا شەهیدەکانی وەربگرێت وەکو ئەو ژمارە زۆرەی کورد کە پۆستی شەهیدە لێپسراوەکانیان وەرگرتووە . باوکم بە ڕێزەوە داوای بەخشین لێ ئەکات و ئەڵێت کە وزە حزبایەتی و لێپرسراویەتی نەماوە. کە گەڕایەوە ، لە وەڵامی خزمێکیدا کە پێی وابوو هەڵەی کردووە وەرینەگرتووە ، ئەم سێ خاڵەی خستە ڕوو و وتی : یەک: کە گوێ لە قسەکانی یەکیەتی و پارتی ئەگرم بەرانبەر بە یەک ، ئەم دوو حزبە شەڕە کۆنەکەی کاتی جەلالی و مەلای هەڵئەگیرسێننەوە ، من ئێستاش هەر ئەو هەڵوێستەی جارانم هەیە ، چەکی براکوژی لە شان ناکەم. دوو: من سێ شەهیدم لە ناو پارتی و سێ شەهیدم لە ناو یەکیتیدا هەیە ، ناچمە سەنگەری هیچ لایەنێکیانەوە بەرانبەر ئەوەی تر . سێ : من ڕەنجی ناوچەوانی خۆم ئەخۆم ، پۆستی برا و کەس وەرناگرم. ئەو شەڕەی کە لێی دەترسا ڕوویدا، ئەو بەها و ڕەوشتەش ئەو هەیبوو بەرانبەر بە شەهید و پۆست و شەڕی براکوژی، نە بوو بە بەهای گشتی و نە تا ئەمرۆش ئەو جۆرە ڕەوشتە واتا وسەنگیەکی هەیە لای کورد.
خەیاڵم بازدەدات بۆ وانە وەرگرتنەکانی دوای شەڕی ناوخۆ و دووبارە بەرهەم هێنانەوەی کلتوری بەعس . لە ساڵی ٢٠٠٠دا، بەر لەوەی کوردستان بە جێ بهێڵم،پێم خۆش بوو ساکارترین مافی خۆی کە زەوی زیندانی سیاسی بوو بۆ وەربگرم. پاش چەند مانگ هاتووچۆ، توانیم پەسەندکردنی وەرگرتنی زەوی بۆ وەربگرم ، دەبوو ببیبەم بۆ شارەوانیەکان بۆ دابینکردنی زەوێکە. ئەو کات بەڕێز حاکم قادر سەرۆکی شارەوانیەکان بوو. ڕۆشتمە لای جەنابی و پێم وت ، ” ئەگەر بە پێی ئەو بڕیارە و ئەو کلتوری زەوی دابەشکردنە بێت ئەمڕۆ باوە، ماڵی ئێمە پێویستە چوار (٤) پارچە زەوی وەربگرێت ، زەوی بۆ زیندانی سیاسی ، بۆ هونەرمەند ، بۆ نووسەرێک و وە بۆ مامۆستایەکی زانکۆ، کە ئەم چینانە هەمووی زەوی وەرگرتووە ئەوانەی ماڵەکەی ئێمە نەبێت. بەڵام من داوات لێ ئەکەم لە بری چوار ، یەک پارچە زەوی لە ناو شاردا کە بە کەڵکی نیشتەجێ بون بێت بدە بە باوکم لە سەر ئەم مامەڵەی زیندانی سیاسیە و مافی سیانەکەی دیمان بسڕەوە”.
جەنابی حاکم قادر فەرمووی، ” بە چاوان، تۆ بڕۆ زەوێکی باش بدۆزەرەوە و وەرەوە ئەیکەم بە ناوێیەوە” .
لە گەڵ ئەوەی وەها داوایەک لە لایەن شارەوانییەوە کە خۆیان خاوەنی هەموو زانیاریەکان بوون ،بێ بنەما بوو . بەڵام لە بەر ئەوەی خەڵکێکم ئەناسی لەو فەرمانگەی زەویەکان دەست نیشان ئەکەن ، دوو جار ، دوو پارچە زەوی جیاوازم لە ناو شاردا دۆزییەوە و ئەمبرد بۆ لای کاک حاکم قادر، ئەویش ژمارە و ئەدرەسی زەوێکەی لای خۆی تۆمارئەکردو ئەیفەرموو ، ” سبەی وەرەوە ئەیکەم بە ناوییەوە”. هەر دوو جارەکە کە ئەڕۆشتمەوە ئەیوت ئەو زەوییە بەتاڵ نیە و بە ناوی خەڵیکی ترەوەیە . کە ئەچوومەوە بۆ سەرچاوەی زەوێکەی پێیان ئەوتم پاش ئەوەی تۆ ژمارەی زەوێکەت بردووە بۆ شارەوانی کراوە بە ناوی خەڵکەوە. ناوی کەسی بە ناوکراویان پێ ئەدام و پێشیان ئەوتم چی سەرۆکی شارەوانی بوون . بەڵام لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا کامیان ڕاست بوون گرنگ نەبوو لە لام، هێندەی پێم وابوو ئەگەر بەردەوام بم لە سەر داواکردنی مافەکەی لە بری ئەوەی مافی بۆ وەربگرم ، ئەبم بە بەشێک لەو گەندەڵێ .
سیازدە ساڵ پاش ئەم ڕووداوە و لە ساڵی ٢٠١٣دا گەڕامەوە کوردستان. بینیم هەتا بن چیاکان کراون بە خانوو ، زەوی تەنانەت بە . تەنانەت بە سەر ئەو سەماکەر و ڕۆژنامە نووسە عەرەبانەی بە سەردانێک هاتبوونە کوردستان. بەڵام دوو شت وەکو خۆی مابوون مافی من و خێزانەکەم ، لە کوێدا بەجێم هێشتبوو هەر وابوو. بازنە ڕەشەکانی سەر ڕوومەتی باوکیشم تۆخترببوون، بوبوون بە برین و پزیشک پێی گوتبوو ، پێویستە خۆی لە هەتاو بپارێزێت ، دوور نیە ببێت بە شێرپەنجەی پێست . مامەڵە کۆنەکەی ساڵی ٢٠٠٠ م دەرهێنا ، تەنانەت ئەو تێبینیانەی هەر فەرمانەگەیک لە سەر وردە کاغەزێک نووسی بووی هەڵمگرتبوو. هەموو تێ بینی و ژمارەی ئەو زەویانەی باسم کردووە لە سەر بوو. لە باوکم پرسی بۆچی بەدوادا چوونی نەکردوە . ئەویش مامەڵەیەکی لەوە درێژتری پێشاندام و وتیسێ ساڵە لە سەرەتاوە دەستم پێکردەوە و کە گەشت بەو کەسەی پێویستە زەوێکەم بداتێ لە ناوچەی سلێمانیدا ( ناوەکەی بۆ ئێستا لای خۆم پارێزراوە) پێی وتم کە زەوێکەم ناداتێ ئەگەر نێوەی نەدەم بە ئەو واتە پەنجا بە پەنجا دابەشی بکەین. باوکم پێی وتبوو من شەقی بەعس و ناعەدالەتی کوردم قبوڵ کرد بۆ ئەوەی نەبم بە زاڵم و خیانەتکار و گەندەڵ ، ئێستا گەندەڵی تۆ قبوڵ ئەکەم؟ ئەو زەویە ش ورگی گەندەڵێک پڕ بکات من هەر وەریناگرم. ئیتر واز لە مامەڵەی خۆی ئەهێنێت. ژیان بە جێ هێشت و زەوێکەی وەرنەگرت.
نسێ خەیاڵ ، هێلانەی لە سەر نەوەی هەردوو جەمسەری جاش و شۆڕشگیریش بە سەر ئەکاتەوە ، لە جیاوازیەکانی نێوان ڕابردوو و ئێستا ئەپرسێت.کوڕی جاشەکە کە لە بەریتانیا ئەژی ، بە بێ داوای خۆی چوار سەد مەتر زەوی چەندین دەفتەر دۆلاری دراوەتێ بۆ ئەوەی پێی بژی. من ئەتوانم لە سەر ئەم کەسە زانیاری ورد و زیاتر بدەم، بەڵام لە بەر ئەوەی دژی ئەوەم هیچ کەسێک بە کرداری باوکێیەوە هەڵبسەنگێت نامەوێت هیچی دی بڵێم . خوازیارم دژی ڕابردووی باوکی بێت ، لە گەڵ ئەوەی ئەو ئیمتیازانەی بە هۆی باوکییەوە وەرگرتووە نەک خۆی ، ئەمەش ئەو خواستە هەڵئەوەشێنێتەوە.
ئەی لای مناڵانی قوربانی دەستی ئەم جاشە چ ەگوزرێ؟ نووسەری ئەم بابەتە هەتا ئێستا تەنها ژنێکە لە سەر ئازادی ڕادەبڕین زیندان دەکرێت لە لایەن دەسەڵاتی کوردییەوە. کە دێتە دەرەوە لە بری ئەوەی وەکو زۆربەی کەیسە هاوشێوەکان ڕوو لە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بکات و کەیسەکە بکات بە بابەتی ڕۆژنامە بیانیەکان و خۆیی پێ بژێنێت . دەست ئەکات بە خوێندنی ئەو ڕشتانەی لە ناو کورددا نیە ، چەندین بڕوانامە بە دەست ئەهێنێت. بۆ ئەوەی بتوانێت دکتۆراکەی کە لە سەر جینۆسایدی کوردە تەواو بکات ساڵێک ئەخوێنێت و ساڵێک کار ئەکات. ئەوانەی بە خوێندکاری ئەو ناشێن زەویان وەرگرت، بەڵام لەوانەیە بۆ ئەم داواکردنی زەوی خیانەتی نیشتمانی بێت.
ناز: ئەو هونەرمەندەی هەر لە یەکەم فیلمی بە زمانی ئنگلیزی لە ماوەی ساڵێک لە زیاتر لە دە ڤێستڤاڵی نیو دەوڵەتی پێشاندراوە ، جگە لە کارەکانی دیکەی. بەڵام تەنها فیلمەکان ڕۆشتوون نەک خۆی. چونکە پارەی سەفەر و بەشداریکردنی چالاکیەکانی دەرەوە بۆ ئەو کەسانە نیە وەکو ئەو ئەکادیمی بن ، نەوەی یەکەمی سیەنماکارانی کورد بێت کە بکالۆریوس و ماستەر لە سینەما بهێنێت ، بۆ ئەوانەیە کە کلتوری کوردی داهێنەرن. .
نیان : ئەو کچەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا دوو دۆزینەوەی نوێ لە بایۆلۆجیا ئەکات ( ئەم هەوالەت نەبیستووە چونکە تەنها یەک دوو میدیای کوردی بڵاویان کردەوە) ئەم جۆرە داهێناە تەنانەت لە دواکەوتوو ترین وڵاتدا حکومەت بودجەی بۆ تەرخان ئەکات و لە وانە وتنەوە دووری ئەخاتەوە ئەیخاتە تاقیگەیەک کە پەرە بە ئەزموونەکە بدات، چونکە ئیتر ئەبێت بە سامانی نەتەوەیی. نیان لە سەر گیرفانی خۆی مەوادی تاقیگەی لە ئەڵمانیاوە ئەکڕی و ئەم کارەی کرد . دوای لە یەک دەزگاش کرد کە هاوکاری بکەن تاقیگەکەیان بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی کاری تێدا بکات ، مەوادی بەسەرچوو( ئێکسپایەر)یان خستبووە بەر دەستی ، بۆیە وازی لە زیاتر کارکردن لە سەر ئەو پرۆژەیەهێنا و نەک هەر زەوی وەرنەگرتووە ، وەکو زۆربەی هاوەڵەکانی وەریانگرتووە، بەڵکو چەندین ڕاپۆرتنێردراوە بۆ سەفارەتی ئەو وڵاتەی ئوفەری دکتۆراکەشی لێ وەرگرتووە .
کاتێک ئەم لێکچوونەی نێوان سەردەمی بەعس و ئێستا ئەبینیت لە فەراهەم هێنانی دادوەریدا، تێدەگەیت تاکەکانی ئێمە چەند شەیدای کلتوری بەعسن و چۆن زۆرینەی تاوانبارن. لەم جۆرە بەراوردکاریەدا ئەتوانییت نەڵێت سەرجەم ڕاوێژکارانی سیاسی بە تایبەت ڕاوێژکارانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم تاوانبار نین؟ نەڵێت کە هەڵواردنی ئەم چینە لە لایەن بە ناوی ئۆپۆزسیونەکان ، واتای شتێک نیە بە ناوی ئۆپۆزسیون و هیچیش بە ناوی میدیای ئازاد لە کوردستاندا لە ئارادا نیە، بەڵکو هەموو ڕێگەکان ئەچنەوە بانە؟ ئەکرێت نەڵێیت جەنابی سەرۆک خۆی بۆ خۆی بە زۆری ئەزانێت سەرۆکی هەموو هەرێم بێت و خۆی تەنها بە سەرۆکی عەشیرەتێک ئەزانێت ، بۆیە تەنها ئاگای لە بەشێک لە ناوجەکانی هەولێرە و ئەوانی دی ىی بایەخکردووە؟.گرنگ نیە چی ئەڵێت، ئەکرێت هۆشیاریت گەشتبێت بە ئاستێک تێبگەیت ئەوەی ڕووئەدات هێزیەکی دەستەجەمی گشتی دروستی کردوە. گرنگ ئەوەیە لەو ڕاستەیە دڵنیا بێت ، هەر گەلێک خاوەنی ئەو مۆراڵ و کلتورە سیاسی وکۆمەڵایەتیە بێت کە لە چەند چرکەیکدا ئەو هەموو نادادوەریەی تێدا یاد بکرێت . هەرگیز ناتوانێت خاوەنی پایەگەی بتەو بێت. تەنانەت کاتێک ببێت بە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆش خۆی، خۆی لە ناو ئەبات و ڕووبەرووی سەدان شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆ ئەبێتەوە. ئەوەی پایەگەی تورکیای لە جیهاندا بتەو کردوە بە توانانی بازرگانی و سیاسی تورکیای مۆدێرن بەرهەم نەهاتووە. بەڵکو دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی پازدە و لە سەردەمی سوڵتان سولەیماندا کە دەوڵەتی یاسایی دروستکرد و یاسای بە سەر ئاین و دەسەڵاتدا زاڵکرد. جۆرە دادوەرێکی کۆمەڵایەتی دروستکرد کە بۆ ئەو کاتە ئەوەندە جیاواز و دەگمەن بوو ، لە گەڵ هەموو خوێن ڕێژیەکانیشی پاپا و هەموو ئەوروپای سەرسام کرد و تا ئەمڕۆ وەکو بابەتێکی زیندوو لە وڵاتانی دنیا کتێبی دەربارە ئەنووسرێت و بە ئەکادیمی ئەکرێت. بە بێ دادوەری کۆمەڵایەتی ناتوانیت حزبیەک، سەرۆکێک، مرۆڤێکی سەرکەوتوو بیت. کاتەکان درێژ بن یان کورت، تەنها بازنەیەکی ڕەشی جیاواز لەو بازنە ڕەشە ناچیت کە من پێی ئاشنام، چوون کەرامەت پارێزی نەیکێشاوە.
June 26-2014