په‌رله‌مانتاران داوای زانیاری زیاتر‌و لیژنه‌ی ناوخۆ بانگهێشتی پۆلیس‌و هێزه‌كانی زێره‌ڤانی ده‌كه‌ن
فه‌رمان سادق : هه‌رچه‌نده پۆلیسی هه‌ولێر یه‌كشه‌ممه‌ی رابووردوو ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌سه‌ر كه‌یسی هه‌ڵكوتانه سه‌ر ماڵی په‌رله‌مانتاران راگه‌یاند، به‌ڵام تائێستا گومانه‌كانی ئه‌و رووداوه ماونه‌ته‌وه و داوای زانیاری زیاتری له‌باره‌وه ده‌كرێت. لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانیش به‌مه‌به‌ستی دروست كردنی هه‌ماهه‌نگی بانگهێشتی پۆلیس‌و زێره‌ڤانی ده‌كات.
یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، 25ی ئه‌م مانگه، عه‌مید عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هه‌ولێر، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستگیركردنی سێ تۆمه‌تباری راگه‌یاند كه دانیانناوه به دزیكردنهكهی ماڵی ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتارانی كوردستاندا.
كۆتایی مانگی رابردوو، له‌گوندی ئیتاڵی له‌شاری هه‌ولێر هه‌ڵكوترایه سه‌ر ماڵی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری یهكێتیو چه‌ند ئه‌ندامێكی تری په‌رله‌مانی كوردستان. به‌پێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی پۆلیس، ئه‌وانه‌ی به‌تۆمه‌تی ئه‌و رووداوه ده‌ستگیركراون یه‌كێكیان ئه‌و كه‌سه بووه كه له‌كامێرا چاودێرییه‌كه‌ی ئۆفیسی كۆمپانیای گونده‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه، به‌ناوی (س، س، ع) ته‌مه‌ن (19) ساڵ. دوو گه‌نجه‌كه‌ی دیكه‌ش به‌ناوه‌كانی (ا، م،م)و (ش،ا،ع) ته‌مه‌نیان له‌نێوان (20-21) ساڵدایه. هه‌ر سێ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ش دانیشتووی گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆزن له‌هه‌ولێر.
عه‌مید عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هه‌ولێر، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه حاڵه‌تی دزیكردنه‌كه هیچ كهسو لایه‌نێكی سیاسی له‌پشته‌وه نه‌بووه‌و به‌شێكیش له‌و پاره‌یه‌ی بردوویانه داویانه به‌رێكخراوێكی خێرخوازی. به‌ڵام ناوی ئه‌و رێكخراوه‌ی نه‌برد.
یه‌كێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی له‌رووداوه‌كه‌دا هه‌ڵكوتراوه‌ته سه‌ر ماڵه‌كه‌ی، ئاماژه به‌وه‌ده‌دات كه ئه‌وان له‌ئێستادا چاوه‌ڕوانی بڕیاری كۆتایی دادگا‌و زانیاری زیاترن له‌سه‌ر دۆسیه‌كه.
د. دانا سه‌عید سۆفی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی كوردستانی (یه‌كێتی) له‌په‌رله‌مانی كوردستان، له‌لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی: «پێمانخۆشه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلایی بكرێته‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان رێوشوێنی خۆیان وهربگرنو بێلایه‌نانه كاره‌كانی خۆیان بكه‌ن«.
پێشتر، له‌كاتی رووداوه‌كه‌دا، به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران گومانی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ده‌ستی سیاسی له‌پشت ئه‌و كاره‌وه بێت، به‌تایبه‌تی كه ماڵی په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی كراونه‌ته ئامانج. له‌باره‌ی ئه‌و گومانه‌وه سۆفی پێیوایه تائێستا دۆسیه‌كه كۆتایی نه‌هاتووه‌و دادگا كاری خۆی نه‌كردووه. بۆیه ناكرێت له‌نیوه‌ی رێگادا ده‌ستوه‌ردان بكهنو ده‌بێت چاوه‌ڕوان بكرێت تا لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر بكرێت.
هه‌روه‌ها وتی كه ره‌نگه له‌ماوه‌ی داهاتوودا زانیاری زیاتر دهركهوێتو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه ته‌نیا سه‌ره داوێكه. چونكه هێشتا كاری لێكۆڵینه‌وه‌و دادگاییكردن ته‌واو نه‌بووه. په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه راگه‌یاندنه‌كه‌ی پۆلیس ته‌واوی مه‌سه‌له‌كه نییه‌و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌ڵگه‌ی تر بكه‌وێته ده‌ست. بۆیه «ده‌رئه‌نجامی دادگاییكردنه‌كه دڵنیامان ده‌كاته‌وه«.
هاوكات، به‌بڕوای ئارام قادر، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی كوردستان، دره‌نگ ده‌ستگیركردنی تۆمهتبارهكانو دره‌نگ راگه‌یاندنی ده‌رئه‌نجامه‌كان گومانی دروست كردووه‌و دروستی ده‌كات. قادر به هاوڵاتی وت: «ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیار‌و نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانه ئه‌وه‌یه كه له‌و گونده‌دا جگه له‌ماڵی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ماڵی زۆرێك له‌به‌رپرسانی حكومی تێدایه‌و له‌ناوجه‌رگه‌ی شاری ههولێردایهو هێزێكی تایبه‌تیش پاسه‌وانی ده‌كات، كه‌چی دزییه‌كی له‌مجۆره ئه‌نجام ده‌درێت«.سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ئاماژه به‌وه ده‌دات ئه‌و رووداوانه له‌كاتێكدایه هه‌میشه باسی سه‌قامگیری ئاسایشی كوردستان دهكرێتو شانازی پێوه ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها ده‌رئه‌نجامی راگه‌یاندنه‌كه‌ی پۆلیس به‌لاواز وه‌سف ده‌كات.لای خۆیه‌وه، كاردۆ محه‌مه‌د، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، له‌پاڵ داوای سه‌روه‌ری یاسادا ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كان به‌سه‌ره‌تایه‌كی باش ناوده‌بات بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێویست بكات به‌دواداچوونی زیاتری بۆ بكرێت‌و راستییه‌كانیش بۆ خه‌ڵك ده‌ركه‌وێت.محه‌مه‌د به‌هاوڵاتی وت: «ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیارییانه‌ی پۆلیسی هه‌ولێر قه‌ناعه‌ت پێهێنه‌ر نه‌بوون یان هه‌ر راستییه‌كی تر كه بیانه‌وێت ئاشكرای بكه‌ن، ئه‌وا لیژنه‌ی ناوخۆ ده‌توانێت بانگهێشتی لایه‌نی په‌یوه‌ندار بكات«.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان پێیوایه ئێستا بێمتمانهییهك هه‌یه بۆ ده‌زگاكان‌و ئه‌و لیژنانه‌ی له‌كوردستاندا پێكده‌هێنرێت. به‌ڵام به‌رپرسیارێتی له‌و دۆسیه‌یه‌دا له «ئه‌ستۆی په‌رله‌مانه ئه‌گه‌ر گومانێكی هه‌یه«. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه دۆخه‌كه گه‌یشتۆته ئاستێك، شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان ئاسان نییه. له‌ئێستادا ده‌ركه‌وتووه كه ده‌بێت لیژنه دروست بكرێت‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی رابگه‌یه‌ندرێت.چاوه‌ڕوانده‌كرێت لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان راپۆرتی خۆی له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ی گوندی ئیتاڵی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكات.
شێردڵ ته‌حسین، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، باس له‌وه‌ده‌كات كه ئه‌و رۆژانه له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه په‌یوه‌ندی به‌پۆلیسی هه‌ولێره‌وه كردووه‌و ئاگاداری ده‌ستگیركردنی ئه‌و تۆمه‌تباره بووه كه له‌كامێرای چاودێریدا وێنه‌كه‌ی ده‌ركه‌تووه. ئه‌و به هاوڵاتی وت: «له‌و بڕوایه‌دام جگه له‌وانه‌ی ئێستا ده‌ستگیركراون، كه‌سی تر له‌پشت ئه‌و رووداوه‌وه نه‌بووه‌و قه‌ناعه‌تم به‌وه هه‌یه«.
ته‌حسین ئاماژه به‌وه‌ده‌دات لیژنه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێرو هێزه‌كانی زێره‌ڤانی بانگهێشت ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانیاندا هه‌بێت. چونكه پۆلیس بهلیژنهكهیانی راگه‌یاندووه كه ناتوانن بچنه ناو گوندی ئیتاڵی به‌وه‌ی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی چاودێری ئه‌و شوێنه ده‌كه‌ن. هێزه‌كانی زێره‌ڤانیش پێیانڕاگه‌یاندون ناتوانن لێكۆڵینه‌وه له‌رووداوێكی له‌وجۆره بكه‌ن چونكه ئه‌ركی پۆلیسه.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان ره‌خنه له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دهگرێتو به‌كه‌مته‌رخه‌م ناوی ده‌بات، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵنه‌ستاوه به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی سیاجی حه‌وشه‌و دروستكردنی كه‌تیبه‌ی ئاسن بۆ په‌نجه‌ره‌كانی خانووه‌كان له‌گوندی ئیتاڵی. چونكه به‌و جۆره‌ی ئێستا ته‌نانه‌ت منداڵێكیش ده‌توانێت بچێته ماڵی په‌رله‌مانتاره‌كانه‌وه.