مەنسوور جیهانی ـ پۆستەری فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی خوالێخۆشبوو “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” بۆ بەشداریی لە بەشی پێشبڕکێی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “ئیدفا”ی هۆڵەندا بڵاوکرایەوە.
پۆستەری ئینگلیزی فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” دەرهێنەر و بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی ئەزموونخوازیی سینەمای کوردستان و ئێران و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAD Movie؛ کە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی سینەمای ئێران، لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان” Mid-Length لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا” IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا نمایش دەکرێت، لە لایەن هونەرمەندی ئێرانی “مریەم بەرادەران” دیزاینی بۆ کراوە و بۆ بەشداریی لەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە، فیستیڤاڵە جیهانییەکانی فیلم و نمایشە بیانییەکان بڵاوکرایەوە.
بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.
ڕەوانشاد “رەحیم زەبیحی” لەم ساڵانەی دوایی ژیانیدا بە هاوڕێیەتی لەگەڵ کۆڵبەرە کوردەکان لە شاخ و کێوەکانی کوردستاندا سەرقاڵی وێنەگرتن و دەرهێنانی فیلمی “نانی پیرۆز” بوو؛ بەڵام بە هۆی کوژرانی قێزەون، دڵتەزێن و یەگجار ناجوامێرانەی؛ ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، نیوە کارە مابۆوە و “توورەج ئەسڵانی” کە بەرهەمهێنەریی ئەم فیلمەی لە ئەستۆدایە، بە دڵسۆزیی و بە دواداچوونەکانی خۆی کۆتایی پێهێنا و بۆ نمایش لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا ئامادەی کرد.
فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا”، گرینگترین فیستیڤاڵی دێکۆمێنتاریی جیهان دێتەئەژمار، کە ئەمساڵ بە دوو شێوەی ئۆنلاین و فیزیکی و بە نمایشی بەرهەمە دیکۆمێنتییەکانی دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “فیلمە بڵیندەکان”، بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان”، بەشی پێشبڕکێی “دیکۆمێنتە خوێندکارییەکان”، بەشی پێشبڕکێی “منداڵان و دیکۆمێنت”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی Luminous، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی Frontlight و … لە ڕۆژانی 16ی نۆڤەمبەر تاکوو 6ی دیسەمبەری 2020 لە شاری ئەمستڕدام لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.
ستافی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” بریتین لە:
نووسین و دەرهێنەر: ڕەوانشاد ڕەحیم زەبیحی، بەرهەمهێنەر: توورەج ئەسڵانی، مونتاژ: ئەمیر ئەدیب پەروەر، دیزاینی دەنگ: محەمەد خورسەند، موزیک: سادق ئازمەند، وێنەگرەکان: محەمەد نووری، محەمەد فەکووری، مێهدی ئازادی، سەلاح کەریمی، دەنگهەڵگر: زانیار کاکەخانی، دانانی سەرمایە: حەلیمە ئەحمەدزادە، فریشتە جوغەتایی، چاککردنی دەنگ: عەلیڕەزا قادری، بەرنامەداڕێژ و یاریدەدەری دەرهێنەر: عوسمان محەمەدی، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی، بەرهەمی هاوبەش: ئیلاهە نەوبەخت، بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی: کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج)، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAD Movie، ساڵی بەرهەمهێنان: 2020.
بەڕێوەبەرایاتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز”.