سەدیق سەعید رواندزی: یەکێک لەو چەمکانەی,ھەمیشە لەدووتوێی ئەدەبیات بە گشتیءشیعریش وەک ژانرێکی ئەدەبی بەتایبەتی رەنگدانەوەی ھەبوە,چەمکی شەڕە, وەک رووداوێکی تراژیدی و کارەساتبار.ھەمیشە جەنگ
ئەو رووداوەیە,کە کاریگەریەکی دەروونیءروحی گەورە لە ژیانی مرۆڤ دەکاتء ئاسەوارەکانی تازەمەنێکی درێژ,بە سەر ژیانی مرۆڤەوە دەمێنێت.ھەر کاتێک باس لە شەڕ دەکرێت,ئەوابە مانای وێرانبوونی ژیان دێت.چونکە دەرەنجامەکانی شەڕ ھەرتەنیا ژیانی بوونەوەرەکان وێران ناکات,بگرە ھەموو ڕەھەندەکانی ژیان بە سروشتیشەوە لە نێو دەبات.لەھەر شوێنێک شەڕ ھەبوو,لەوێوە ژیان نییە.لەھەر شوێنێک دەنگی گوللەکان ھات,لەوێوە بستێک بۆ ژیان نامێنێتەوە.بۆیە ھیچ کارەساتێک ھێندەی جەنگ,مایەی تراژیدیاء مەرگەسات نییە بۆ ژیانءبۆمرۆڤ.چونکە شەڕ لەگەڵ خۆیدا,ھەموو جوانیەکانی ژیان دەکوژێت.کە شەڕھەڵگیرسا,مانایەک بۆ ژیانء جوانیەکانی ژیان نامێنێتەوە.بۆیە شەڕلەگەڵ خۆیدا,نائومێدیەکان دێنێت.ھەر ئەمەشە وادەکات,کە ھیچ شتێک ئەوەندەی شەڕ قێزەوەنءناشرین نەبێت لای مرۆڤ.بۆیە ھەمیشە مرۆڤەکان سڵ لە شەڕ دەکەنەوە.چونکە سەرچاوەی وێرانکاریەکانی ژیانە,بەھەموو ڕەھەندەکانیەوە.
رەنگە کەم نەتەوە ھەبێت لە دنیادا,ھێندەی نەتەوەی ئێمە ئاشنا بێت بە کارەساتءتراژیدیاکانی شەڕ.چ ئەو جەنگانەی دوژمنان بەمەبەستی لەنێوبردنی نەتەوەی کورد,ھەڵیانگیرساندوە.یاخود چ شەڕە قێزەوەنءنەگریسەکانی نێوخۆمان بێت.بەتایبەتیش کاتێ براکان,پە نجەی یەکتریان دەشکاندولاشەی یەکتریان خەڵتانی خوێن دەکرد.ھەموو ئەو رووداوەتراژیدیانە,بەقوڵی رەنگدانەوەیان ھەبوە,بە سەر ژیانی ئێمەداورەنگە تائێستاش کاریگەریەتیء ئاسەوارەکانی مابن.بۆیە لە خەیاڵء یادەوەری ھەریەکێکماندا, کارەساتەکانی جەنگ بە شێوەیەک لەشێوەکان,ئامادەیەءھەرکاتێک بیر لەو یادەوەریە تراژیدیانە دەکەینەوە,سەردەمانێکمان دێتەوە یاد,کەچەندین ئازیزی لێسەندینءبە مردنی سپاردن.سەردەمانێک کە تروسکایەک ئومێدءبەختەوەری لە ژیاندا بوونی نەبوو.ھەموو شتێک بۆنی خوێنء مەرگی لێدەھات.لەو روانگەیەشەوە ھەمیشە شەڕ ئەو دیاردە بوە,کە ڕەنگدانەوەی بە سەر دنیابینی مرۆڤەکانەوە ھەبوەو,دواجاریش لە تێکستی ئەدەبیدا بەرجەستە کراوە.بۆیە وێناکردنی شەڕ لە شیعردا,وێناکردنی دنیایەکە,تەژی لە نائومێدیءخوێنء مەرگ.وێناکردنی مرۆڤێکە,کە شەڕ ھەموو جوانیەکانی ژیانی لێسەندوەوە بە نائومێدیەوە چاوەروانی خامۆشبوونی بلێسەی شەڕە.کاتێ شەڕیش وەستا,دەکەوێتە سەرجیھانێکی خاپورو وێرانکراو,کە تەواو جیاوازە لە جیھانی بەرلە شەڕ.ئیدی ئەوەندەی تر ھەست بە نائومێدیءدابڕان دەکات لە ژیان.بۆیە مەینەتیەکانی شەڕ ھەرتەنیا پەیوەست نییە,بە چرکە ساتی ھەڵگیرسانیءدرێژە دانی شەڕەکە.بەلکو ئاسەوارەکانی دوای شەڕیش,ھەمیشە,ساتەکانی شەڕمان بیر دێننەوەودیمەنە دڵتەزێنەکانمان دێنەوە بەرچاو.
بێگومان ھیچ مرۆڤێک نییە,شەڕ کاریگەریەتی بە سەر ژیانیەوە جێنەھێلێت.مرۆڤەکان کەکارەکتەری بەردەوامی شەڕەکانن,دواجار ھەرخۆشیان قوربانی شەڕەکە دەبن.واتە ئەوان لە یەک کاتدا,رۆلی جەلادو قوربانی دەبینن.شەڕ ھەرتەنیا بۆ ئەوانە مایەی نەھامەتی نییە,کە بەواقیعی لە نێو شەڕەکەدانە,بە لکو بۆ ھەموو ئەوانی تریش,شەڕ دواجار دۆخێک دروستدەکات,کە ھەموومان ببینە قوربانی.بەو مانایەی ئازیزانمان لە دەست دەدەین.کێ ھەیە ئازیزێکی بە ھۆی شەڕەوە لە دەست نەدابێت؟بۆیە کاتێ شەڕ ھەڵدەگیرسێ,ھەموومان نائومێدءرەشبین دەبین,لەدەرەنجامی ئەو کارەساتءرووداوانەی بە ھۆی شەرەوە دێنە ئاراوە.(جەنگ)*,ناونیشانی ئەو شیعرەیە,کە ھەڵگری دەلالەتەکانی شەڕە.ئەو دەقە پۆرترێتێکە,بۆ نیشاندنی ماھیەتی شەڕو کاردانەوەکانی لە سەر ژیانی مرۆڤدا.بۆیە لەو دەقەدا,دیمەنە دڵتەزێنەکانی شەڕءئەو کارەساتەنش دەبینین,کە لە شەڕدەکەونەوە.جەنگ وێناکردنی سەردەمانێکە,کە شەڕ ھەموو کوچەو کۆڵانەکانی وڵاتی گرتبوەو,رۆژانە مەرگی ئازیزێکمان دەبینی,لە دەرەنجامی شەڕەوە.ئەم شیعرە گەرانەوەیە بۆ زەمەنێک,کە براکان بێباکانە,خوێنی یەکتریان دەڕشتءلاشەی یەکتریان خەڵتانی خوێن دەکرد.بەتایبەتیش کە ناوەرۆکی شیعرەکەوئاماژەکانی ئەوەمان پێ دەڵێن,کەمەبەستی شاعیر لەو جەنگەدا,شەڕی ناوخۆی نێوان ھێزە سیاسیەکانی کوردستانە,لە رۆژگارێکدا.ئەو رۆژگارەی ھەموو شتێک بۆنی بارووتی گرتبوو.براکان یە کتریان دەکوشت,بەبێ ئەوەی بزانین,ئەو ھەموو خوێن رژانە لە پای چی.ھەروەک شاعیر دەڵێ:_
گەرمەی جەنگ بوو..
ئەحمد ئاوا..ئاوێکی سووری..لێدەرۆیی..
ئەحمد ئاوا,کە ئاماژەیە بۆ شوێنێکی کوردستان,بەشێکە لەو جوگرافیایەی,کە گۆرەپانی شەڕو ململانێکان بوە.ئیدی بلێسەی شەڕو ماڵوێرانکاری لەو شوێنەدا,ھاوشێوەی ھەموو شوێنێکی کوردستان,بە ئەندازەیەک بوە,کەرەنگی ئاوی رووباری ئەم شوێنەی,سوورکردوە.بێگومان رەنگی سووریش دەلالەتێکە بۆ خوێنءشەرو ماڵوێرانی.کاتێ ئەحمد ئاوا لە بڕی ئاو,رەنگی سوور بە خۆوە دەگرێت,مانای وایە,کوشتنءخوێنرشتن,بە رادەیەک بوو,کە لافاوی خوێن ھەڵبستێ.بەدەربرینێکی تر,لەو شوێنەدا ئەوەندەخوێنی براکان بە دەستی براکان,رژا,تا وای لێھات لافاوی خوێن ھەڵبستێت.ئەمەش ئاماژەکردنێکە بۆ گەورەیی بلێسەی ئەم شەڕە.چونکە بێگومان لەو کاتانەدا,لافاوی خوێن ھەڵدەستێت,کە ئەوەندە خوێن بڕژێت,تا ھاوشێوەی رووبارێکی لێدێت.خوێن لەلاشەی مرۆڤەکانەوە دەردەچێت,چەند خوێن بڕژێت,مانای وایە ئەوەندە لاشە کەوتوە.بۆیە کاتێ ئەحمەد ئاوا سوور دەبێت,ئاماژەیەکە بۆ ئەو ھەموو قوربانیانەی شەڕ.وێرای ئەمەش, ئەم شوێنە لە رووی سروشتییەوە,سرووشتێکی دڵگیرءجوانءرازەوەی ھەیە.ناوھێنانی لە شیعرەکەدا,بەو مەبەستەیە,کە شاعیر ئەو پەیامە بگەیەنێت,کە بۆ دەبێ ئەم شوێنە دڵگیرە,ببێتە شوێنی رشتنی خوێنی براکان بە دەستی یەکتری,لە کاتێکدا لە بڕی شەڕ,دەکرێ شوێنی جوانیەکانء خۆشەویستی بێت.وەلێ ئایا لە شەڕدا,مانایەک ھەیە بۆ خۆشەویستی؟بە پێچەوانەوە ,نەک ھەر ئەمە بگرە,شەڕ ئازیزترینءنزیکترین کەسمان لێدەسێنێء بە مەرگیان دەسپێرێت.شەڕ بۆ ھەتاھەتایە لە خۆشەویستانمان دەکات.ئەو کەسانەی دەشێ بە ئومێدەوە سەیری ژیانیان کردبێت,بەبێ ئەوەی بە خەیاڵیان دابێت,کەشەڕ لە چرکەساتێکدا,بەبێ روخسەت خواستن,ھەموو جوانیەکانیان لێدەبات.ھەروەک شاعیر خۆشی دەڵێت:_
جەنگ نەیھێشت پورەوەچاخ کوێرەکەم…
منداڵەنۆبەرەکەی ببینێءباوەشی ساردی..
گەرم بکاتەوە..
لەم کۆپڵە شیعریەدا, شاعیر ئاماژە بە خەمێکی مەزنءگەورە دەکات,کە دەرەنجامی جەنگە,ئەویش مردنی جگەر گۆشەکانی دایکءباوکە.بۆ مرۆڤ ھیچ زامێک ھێندەی لە دەستدانی جگەر گۆشەکەی,زامێکی قوڵء بە سوێ نییە.لە ژێر کاریگەریەتی ئەو خەمە گەورەیەوە,شاعیر پۆرترێتی دایکێکی جگەرسووتاومان بۆ دەکێشێت,کە ھەموو ئومێدێکی لە ژیاندا,جگەر گۆشە نۆبەرەکەی بووە,کە چی شەڕ لە یەکتریان دەکات.ئەگەرچی شەڕ بۆ ھەموومان مایەی کارەساتێکی گەورەیە,وەلێ بۆ دایکانء ژنان,کارەساتێکی گەورەترء دڵتەزێنترە.بەو مانایەی ئەوان ھەرچۆنێک بێت,کەسێکی نزیکی خۆیان,لە شەڕدا لە دەستدەدەن.بەبۆچوونی من ھەر ئەمەشە,بۆتە ھۆی ئەوەی کە (حیات)ی شاعیر,لە زیاد لە شعرێکیدا باس لە شەڕ بکاتءلە ژێر کاریگەریەتی ئەو رووداوە دابێت.لە کاتێکدا پیاوان بە پێچەوانەوە,ئامرازو کەرەستەی بە ردەوامی شەرەکاننء ئەگەر لولەی چەکەکانی ئەوان نەبێت,بێگومان شەڕ درێژەی نابێت.وێرا ئەمەش ژنان بە سرءشتی خۆیانەوە,بوونەوەرێکی رۆمانسیترن,بەبەراورد لەگەڵ پیاوان.بەو مانایەی کارەساتء نەھامەتیەکان,لە رووی دەروونیءسۆزەوە,بۆ ژنان کاریگەرترنء کەمتر بەرگەی کارەساتء نەھامەتیەکانی شەڕ دەگرن,بگرە قوربانی یەکەمی شەڕەکانیشن.چونکە ھەمیشە بە ھۆی شەرەوە,کە سێکی نزیکی خۆیان وەک: باوک,برا,کور,ھاوسەر,لە شەڕەکەدا لەدەستدەدەن.
بێگومان مەرگەساتەکانی شەڕ ھەر تەنھا,پەیوەست نییە, بەو زەمەنەی کە شەڕی تیادا روودەدات,بەلکو ئاسەوارەکانی شەڕ تا زەمەنێکی درێژ,وەک کارەساتێک لە یادەوەری ئێمە دەمێنەوە.شەڕ لە دوای خۆی جیھانێکی خاپورکراومان بۆ جێدەھێلێ,کە زەمەنێکی درێژی گەرەکە,تاکو ئاوەدانی دەکەینەوە.بە ئاسانی ئەو وێرانکاریانە,ناسرێنەوە,کە شەڕلە دوای خۆی جێیان دەھێلێت.بۆیە ئەوەی مرۆڤەکان بە درێژایی ژیانیانەوە بینای دەکەن,بە داخەوە بلێسەی شەڕ لە چەند چرکە ساتێکدا,ھەمووی وێران دەکات.شەڕ ھەرتەنیا مرۆڤەکان لە نێو نابات,بەڵکوسروشتءدەوروبەریش وێران دەکات.لە شعرێکی دیکەدا,بەنێوی (شەڕ وەستا),شاعیر,وێنەی زەمەنی دوای شەرمان بۆ دەکێشێتءئاماژە بەو کارەساتانە دەکات,کە شەڕ دروستی کردوون.بۆیە دەڵێت:_
شەڕ وەستا..کتێبەکان بوونە خۆڵەمێش…
شەڕ وەستا..ئەلبوومەکان چۆَل بوون لە وێنە..
لەنەگریسی ئەم شەڕەدا,پرچی ڕەشمان چەرموو بوو…
لەو وێنە شیعریانەدا,شاعیر ئاماژە بۆ واقیعی دوای شەر دەکات. کاتێ کتێبەکان دەبنە خۆڵە میشءئەلبوومەکان چۆڵ دەبن.لە شەڕدا,بێگومان ھەر تەنیا مرۆڤ زیانمەند نییە,بەڵکو ژیان بە گشتی وێران دەبێت.لە نێوان کتێب,وەک ئاماژەیەک بۆ زمانی خوێندنەوەو دیالۆگءشەڕیش وەک کارەساتێک,ھاودژیەک ھەیە.شوێنی کتێبەکان لە دنیایەکی پڕ لە شەڕء ئاشوبدا,نابێتەوە.بە پێچەوانەوە,لەکوێ کتێب نەبوو,لە کوێ زمانی دیالۆگءلە یەکتر تێگەیشتن نەبوو,لەوێوە شەڕ ھەیە.بۆیە ھەمیشە لە شەڕدا,ھاوشێوەی مرۆڤ, کتێبەکانیش قوربانین.لە کۆی شەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا,بە لێشاو کتێب سووتێندراوەو لە نێوبردراوە.لە نێو بردنی کتێبیش,مانای لە نێو بردنی فەرھەنگء کلتوور.کە کتێب نەبوو,مانای وایە تاکە زمانێک کە سازء ئامادەیە,زمانی چەکە,نەک کتێب.بۆیە لە شەڕدا ھەمیشە شەرڤانەکان,مەبە ستیانە کتێب بسووتێننءلەھەرکوێ کتێب ھەبوو,لەوێ بلێسەی ئاگر ھەیە.ئەوان بۆیە کتێب لە نێو دەبن,تاکو شەڕ بەردەوامی ھەبێت,کە کتێب ھەبوو مانای وایە,زمانی لە یەکتر گەیشتنءگفتۆ گۆ ھەیە.بە پێچەوانەوەش ھەر کاتێ کتێب نەبوو,ئەوا زمانی شەڕء ھەرەشە ئامادەیە,بۆیەشە لە شەڕدا ھەمیشە کتێبەکانیش,ھاوشێوەی مرۆڤەکان قوربانین.کە کتێبیش نەما,مانای وایە ھونەرءمێژوو کلتووری نەتەوە نەما کە ئەوانەش نەمان, ئاسەواری نەتەوەکان نامێنێ, کە ھەر ئەمەشە ئامانجی سەرەکی دوژمنان لە شەردا.بێگومان کاتێ ئەلبومەکانیش چۆڵدەبن لەوێنە,مانای وایە شەڕ ئەوەندە ئازیزانی لێ کوشتین,کە جارێکی تر مەحاڵە بتوانین,وێنەیەکیان بۆ یادگاری لەگەڵدا بگرین.چەند شەڕ درێژەی ھەبێت,ئەوەندە وێنەکان دەسڕێنەوە.کەم نین ئەو خێزانانەی جگەر گۆشەو رۆڵەکانیان بوونە سوتماکی شەڕءجارێکی تر وێنە تازەو رەنگاو رەنگەکانیان,ڵاپەرەی ئەلبومەکان نارازێنەوە.چونکە ئەوان خۆیان نەماون تاکو وێنەیەک بۆ یادگاری لە تەک ئێمەدا بگرن.بۆیە تا شەڕ ھەبێت,ئەلبومەکانیش چۆڵدەبن.ھەروەک شاعیر خۆشی ئاماژەی پێداوە.ئەمە ش دەریدەخات,کە خاتوو(حەیات), سەرەتا وەک مرۆڤێکءئینجا وەک ژنێکءدواتریش وەک شاعیرێک,چەند رقی لە شەڕە.بۆیە لە چەند دەقێکی خۆیدا,ئاماژە بە کارەساتی شەڕء ماڵوێرانیەکانی دەکات.بە ھیوای نەمانی یە کجارەکی شەڕەکانءبەردەوامیءسەرکەوتنیش بۆ شاعیر….
رواندز
تشرینی یەکەمی/٢٠١٢