باڵەکان لە خەیاڵاتی سەردەمێکا
سرودی فڕینیان ئەکرد بەگژی
مەراقی بکوژەکانی گوڵەگەنم
چەند زەمەنێک لەولای
وەرزە ڕەشپۆشەکانەوە
لە چاوەڕوانی سەماکاندا
دەست و باڵامان بوون بە پەیکەر
زاکیرەم وەک دڵۆپێ ئاو
لەسەر پەڕی گوڵێ
ڕەشەبای بوغزێک…باڵای سورکرد
ئیتر لە بیرم چوو پێت بڵێم
لە لێواری بارانێک دانیشە
چامەی شەھیدەکانی خاک و
دەست گوشینەکانی پەپولەو نارنج
بخوێنەوە
غەدر بە دزیەوە ڕستەکانی ئاوودیووی
خەونەکانی تارماییەک کرد
بۆیە لە بیرم چوو پێت بڵێم
با ئەو گۆرانیە ھەمیشە نوقڵەمژەی ھەستەکانت بێ
کە لە سپێدەیەکی جوانکیلەدا
لە پشت نھێنیە خەواڵۆکانەوە
ئەیووت من بونەوەرێکی ئاویم
دیاری زەردترین نێرگزم
لە دەمێک..ئەیەوێت خۆی بگەیەنێتەوە
بە ھەموو وەرزەکان
ھەر بۆ ئەوەی چاوەکانی ئێمە
خاڵی نەبنەوە لە ڕوانین
ھەنووکە بایەکی کەمدوو
لەشی گوڵەکانی پڕ کردووە لە بێزاری و
ڕوحی منی سەرلێوکردە لە نیگەرانی
کوژانەوەی باسە یاسەمینێەکانی تۆ
ھەر لە بێدەنگی خولیاکانی من ئەچێت
لە دەمێک کە ئەمەوێ..پڕ بە دڵی باران
بگریم
پڕ بە دڵی تۆ
بچمەوە یادی خۆر
پڕ بەدڵی تەنیایی
تابوتێک لەحوزنی خۆم
بەسەر شانی مەغریبێکەوە جێ بھێڵم
چووزانم لە بیرم چوو پێت بلێم
زەمەنێک زامەکان ئەبنەوە
گۆرانی سینەی من و
ئەبنەوە بە زریانێ
کە ناھێڵن ئارامی
چەشنی ئەشقێک
لەسەر دڵت بنیشێ
ڕۆژگارێک ڕەنگەکان شەڵاڵ ئەبن
لە ڕشتنی خۆیان بەنێو سەفەرێکا
کە بە شوێن فڕینی پەپولەکانا
ئەگاتەوە سەر مەیتی گوڵ
شەوگارێکیش بە ترسەکانمانەوە
ڕێیەکانی ژوانمان لێ ون ئەبێ و
بیری ئەو ماچانە ناکەوینەوە
لێوانلێون لە سەراب
سەر ئەکەین بە کوچەی تاریکیەکدا
دواجار لە کەنارەکانی مانگدا خۆمان ئەکوژین
ئەم ڕۆژانە کتوپڕ لە حەوشەکانمانا
ڕامووسانە ساردەکانی شەوانمان بیر ئەچێتەوە و
دەست ناپارێزین لە شکاندنی
ئینجانەی نازنازەکان و
ڕشتنی توڕەییەمان بەسەر
ئەو درەختانەی لە سێبەرەکانیاندا
خۆزگەی ھەنارییمان ئەگرت
لە کردنی چاوەکانمان بە ھەزاران پاسەوان
ھەر بۆ ئەوەی دڵنیا بین
سەرەتا و دوماھیی چیرۆکەکان ئەزانین
یان ڕۆشنایی تر ھەیە
لە دەرەوی سنورەکانمان تام کرابێ؟
لە چاندنی کێڵگەکانی حەوا
بەو میوانەی ئەو حەزیان پێناکا و
کەچی ویستەکانی ئێمە ئەیکا بە قەدەر
قەدەرێک ئەوەندەی دڵەکانمان شووم
ئەوەندەی وشەکانمان ترسناک
ئای ئەم خەتایانە
چەند گومانەکانم گەورەتر ئەکەن
ئای چۆن لە بیرم چوو پێت بڵێم
زەمەنێک لە نیگاکانم
ئەوینێکی کاڵتر
ئەبەیتەوە نێو ئەو یادگاریانەی
کە لێیان بێ ئومێدی
بەڵام دواجار تۆش بە تەنیاییمدا..تێدەگەی
ھەناسەکانم لە باوشتا ڕەق ھەڵدێن
محەمەد ئەسعەد