كارۆخ مەلائەسعەد: (پویە ئەشكان) دوو گۆرانیی تازەی بەرهەم هێناوە و ئێستایش سەرقاڵی كلیپكردنیانە و لە دواي سەری ساڵیش لە كەناڵەكاندا پەخش دەكرێت.
بۆ ئەو مەبەستە خاوەنی ستۆدێۆی (شانیا) (میران میرانی) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ” ئێستا دوو بەرهەمی گۆرانیبێژ (پویە ئەشكان)ـم لەبەر دەست دایە و لە لایەن منەوە دابەشكردنی میووزیكەكەی بۆ بەنجام دەگەیەندرێت. هاوكات لەو كاتانەیشدا كاری بەرهەمێكم تەواو كردووە و ئیش بۆ دووەم بەرهەمیشی دەكەم.”
(میران)ـی گوتیشی: “(پویە) ئێستا خەریكی كلیپكردنی یەكێك لەو بەرهەمانەیە، كە من بۆییم ئامادە كردووە.”
لە خاوەنی سۆدێۆی (شانیا)ـمان پرسی ئایا هۆكاری چییە گۆرانیبێژە فارسەكان كارەكانیان لای تۆ دەكەن؟ لە مبارەیەوە دەڵێت: “هەڵبەتە من وەكوو هونەرمەندێكی كورد و خاوەنی ستۆدێۆیەك لە وڵاتی (سوێد)، شانازی دەكەم، كە هونەرمەندە بیانییەكان دێنە لای كوردێك كارەكانیان بە ئەنجام دەگەیەنن.
پاشان ئەوانیش بە دوای ئیشی جواندا دەگەڕێن و گەرەكیانە بەرهەمی باش پێشكەیش بە هەوادارانیان بكەن، لەو پێناوەیشدا من لە ڕووی دابەشكرن و میكس و مایسترینك و تۆماركردنی دەنگەوە هەموو تواناكانی خۆمیان بۆ دەخەمە گەڕ.”