له هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاری به‌شی فێرکردن و بارهێنانی به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کان
له فارسییه‌وه: ڕێناس جاف
دوکتۆر موحه‌ڕه‌م ئاقازاده: “خوێندن به زمانی زگماکی” ڕاڤه و شرۆڤه‌کردنی ناوێ
“بریا توانیبا‌م جارێکی تر له‌دایک ببمه‌وه و “حافز”م به زمانی فارسی خوێندبایه‌وه.”
ئه‌مه وته‌ی “گۆتێ”ی شاعیری ئه‌ڵمانییه. په‌یوه‌ندی نێوان زمانی زگماکی و زمانی دووهه‌م و سێیه‌م چلۆن په‌یوه‌ندییه‌که؟ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه چنه که له زمانی زگماکییدا خۆ ده‌رده‌خه‌ن که‌چی زمانه‌کانی دی بێبه‌شن له‌و فاکته‌رانه؟ باشه ئه‌ی مرۆ ناتوانێ به زمانی دووه‌م بژی،خۆشه‌ویستی بکات،بخوێنێته‌وه و شێعر بهۆنێته‌وه؟ گه‌ر ئه‌م هه‌مووه‌ی بۆ بچێته سه‌ر ،ئیدی چ پێویست به فێربوون و خوێندن به زمانی زگماکی وه‌ک سه‌ره‌تایییترین ماف ده‌کات؟ په‌یوه‌ندی نێوان شوناس و زمانی زگماکی ته‌وه‌ری هه‌ڤپه‌یڤینی ڕۆژنامه‌ی”شه‌رق” له‌گه‌ڵ دوکتۆر “موحه‌ڕه‌م ئاقازاده” مامۆستای ده‌روونناسیی و ڕاوێژکاری به‌شی فێرکردن و بارهێنانی به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کانه. ئه‌م مامۆستایه‌ی زانستی ده‌روونناسیی و ڕاوێژکاری به‌شی فێرکاریی به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کان وێڕای ئیشاره‌تدان به بوونی 11 ملیۆن نه‌خوێنده‌وار له ئێران‌دا ده‌ڵێ: ” توێژینه‌وه‌کان ده‌سه‌لمێنێ یه‌ک له سه‌ره‌کییترین هۆکاره‌کانی ڕێژه‌ی باڵای نه‌خوێنده‌واری و لاوازیی قوتابییان له وانه‌کاندا،نه‌بوونی خوێندن به زمانی زگماکی له خوێندنگه‌کاندایه.”
***
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق: به‌لای زۆر که‌سه‌وه زمانی زگماکی، شوناسی مرۆ دروست ده‌کات. ژماره‌یه‌کیتریش ده‌ڵێن،شوناس چ په‌یوه‌ندی به زمانه‌وه نییه. به‌ڕاستی، چ په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان زمانی زگماکی و شوناس دا هه‌یه؟ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان زمانی زگماکی و شوناس کامه‌یه و چلۆن پێناسه ده‌کرێ؟ له‌و به‌ینه‌دا، فێربوون به زمانی زگماکی، چه‌نده ده‌توانێ له‌سه‌ر دروستبوونی شوناسی مرۆ کاریگه‌ر بێت؟
ئاقازاده: له ڕوانگه‌ی ده‌روونناسانه‌وه، زمان، شوناسی مرۆیه. با پرسه‌که له ڕێی سه‌لماندنی پێچه‌وانه‌وه جوانتر ڕوون بکه‌ینه‌وه. گه‌ر زمان له ژیان لا بده‌ین، چ ڕوو ده‌دات؟ جگه له زمان ئێمه چیمان هه‌یه؟ ئێمه به بێ زمان خاوه‌نی هیچ نین.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق: ده‌جا،بیر و مێشکێکی تواوه و له‌خۆنامۆ ده‌ڵێ من ده‌چم به‌دوای فێربوونی زمانێکی تردا. خۆ هیچیش ڕوو نادات.
ئاقازاده: دیاره گه‌ر مرۆ توانیبایه جارێکی تر له دایک ببێته‌وه ئه‌و مافه‌ی هه‌بوو فێره زمانێکی تر ببێت و شوناسێکی تر ده‌س بخات. گه‌ر ئێمه ته‌نیا بۆ جارێک له دایک و باوکێک ده‌بین، دیاره شوناسه‌که‌شمان هه‌ر له هه‌مان دایک و باوکه‌وه ده‌ست ده‌خه‌ین. گه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکرێ که ئێمه ئه‌م زمانه‌مان ناوێ، ده‌مانه‌وێ زمانێکی‌تر فێر ببین ده‌بێ به‌دوای دایک و باوکێکی تردا بگه‌ڕێین و جارێکی تر له‌دایک بینه‌وه هه‌تا ئه‌و شوناسه نوێیه ده‌ست بخه‌ین. مرۆ به‌ده‌ست خۆیه‌تی بچێ به‌دوای فێربوون یان فێرنه‌بوونی زمانی دووه‌م و سێیه‌م و ئێنۆمدا به‌ڵام ئه‌وانه به زمانی زگماکی دانانرێن،مافی هه‌ڵبژاردن و ده‌ست نیشانکردنی زمانی زگماکی به‌ده‌ست ئێمه نییه، ئێمه به‌و زمانه له‌دایک ده‌بین ،پێی ده‌ژین. شوناسی مرۆڤیش هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه دروست ده‌بێت. به‌شێکی شوناسی ئێمه،شوناسی بۆماوه‌ییه. کاتێک له یۆنسکۆدا باسی زمانی زگماکی دێته گۆڕێ، ئه‌و ده‌مه تێده‌گه‌ین که زمان واته شوناس:” زمان به‌هێزترین ئامرازی پاراستن و په‌ره‌پێدانی میراتی ئاشکرا و نه‌پندی ئێمه‌یه، لاکردنه‌وه له پرسی فره کو‌لتووریی ده‌سته‌به‌ری پاراستنی یه‌کبوون و یه‌کگرتوویی و ته‌بایی نێوده‌وڵه‌تی ده‌کات”.
ئێمه میراتبه‌ری زمانین به‌شێکی به‌شێوه‌ی بۆماوه‌یی ده‌گوێزرێته‌وه . دی .ئێن. ئه‌ی(DNA) ئێمه خاوه‌نی کۆمه‌ڵه‌تایبه‌تمه‌ندییه‌کی زمانی ئێمه‌یه. کاتێک بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کرێ هه‌مووان به زمانێک قسه ده‌که‌ین و ده‌ئاخێوین، ئه‌مه بانگه‌شه‌یه‌کی ناڕاست و دوور له واقیعه. بۆ خۆشیان ئه‌م بۆچوونه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه. ئێمه به تاقه زمانێك نادوێین ئێمه به چه‌ندین زمانی ئه‌تنیی خۆمان قسه ده‌که‌ین. زمان شوناسی بۆماوه‌یی و سرشتیی ئێمه‌یه په‌یوه‌ندی به‌م پرسه‌وه هه‌یه له کێ له‌دایک ده‌بین. به‌شی دووه‌می بایه‌خی زمان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شوێنی ژیان و کۆمه‌ڵگه‌که‌ی ئێمه. زمان بیرگه‌ی مێژوویی و چاندیی ئێمه‌یه.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق: به‌لای زۆر که‌سه‌وه هزرین و بیرکردنه‌وه به قه‌رزباری زمان داده‌نرێ. باشه مرۆ چلۆن له ڕێی زمانی زگماکییه‌وه بیر ده‌کاته‌وه. چلۆن سه‌یری پێگه‌ی زمان له هزرین و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆدا ده‌که‌یت؟
ئاقازاده: زمان بیرکردنه‌وه و هزرینه. بیرمه‌ندی ڕووس “ڤیگۆتسکی” ده‌ڵێ:” هه‌ر وشه‌یه‌ک به زمانی هه‌ر ئاخێورێکدا دێت، به یه‌که‌یه‌کی هزریی داده‌نرێ.” هه‌ندێجار ئێمه له فێرکردن و بارهێنانی مناڵانی خۆدا پێیان ده‌ڵێین ئه‌وه‌ی بیری لێ ده‌که‌یته‌وه، بێژی و به‌زمانیدا بێنه. دیاره هه‌ر به‌و زمانه‌ی که بیر ده‌کاته‌وه و به هه‌مان زمانیش ده‌یهێنێته سه‌ر زار و زمان. هاوتای فارسیی وشه‌ی “ته‌فه‌ککور”، سوخه‌نه. سوخه‌ن واته په‌یڤ،فیکر و هزر. واته مرۆ ناتوانێ په‌یوه‌ندی دروست بکات مه‌گین له ڕێی یه‌که‌ی زمانییه‌وه و ئه‌و واتایه‌ی که له‌ودیو وشه‌کانه‌وه خۆی شاردۆته‌وه. کاتێک دوو که‌س پێکه‌وه قسه ده‌که‌ن واته پێکه‌وه باس له ڕوانگه و بۆچوونی یه‌کدی ده‌که‌ن. گه‌ر زمان له گفت و گۆ قت بکه‌ین و لا بده‌ین، ئیدی چلۆن ده‌توانین پێکه‌وه قسه بکه‌ین؟ زمان ئامرازی مانا و واتایه. گه‌ر زمان پشتگوێ بخه‌ین ئه‌ی به چ شێوازێک ده‌توانین ڕاڤه‌ی جیهان بکه‌ین، بۆچوونی ئێمه به‌رامبه‌ر جیهان،دنیابینی ئێمه دروست ده‌کات. ئه‌م وه‌سفکردنه دیاره له ڕێی زمانه‌وه ئه‌نجام ده‌گرێ. هه‌موو که‌سێک به چاویلکه و زمانی خۆی سه‌یری جیهان ده‌کات. جیهانی ئێمه زمانی ئێمه‌یه. زمانه‌کانی دووه‌م و سێیه‌م و ئێنۆم ئه‌و زمانانه‌ن که فێریان ده‌بین. واته ئیراده‌ی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه بووه، فێره ئه‌م زمانانه بووین یانی به‌دوایاندا چووین و فێریان بووین به‌ڵام زمانی زگماکی زمانی ژیانی مه‌یه، ئه‌زموونی ژیانی ئێمه‌یه که ئاشکرا و نهێنی،گه‌ره‌ک ناگه‌ره‌ک، ئیرادیی و نائیرادی فێری بووین. ئه‌وه‌ی له زمانی زگماکیی دا هه‌یه ، له زمانه‌کانی تردا بوونی نییه. زمانی زگماکی، واته ئه‌وین، سۆزداریی، بیر و بۆچوون،جوانیناسی، په‌رۆشیی، هه‌وراز و نشێو و … به‌ڵام کوا له زمانی دووه‌م دا ئه‌مانه بوونیان هه‌یه.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق :باشه دوکتۆر بۆچی نین؟ ئه‌وه‌ی له ئازه‌ربایجاندا گه‌وره بووه کاتێک ڕوو ده‌کاته تاران ئه‌ی ناتوانێ زمانی فارسیی خۆش بوێ؟ پێی بنووسێ و شێعر بهۆنێته‌وه؟ لێره چی له‌کیس چووه که ئێمه بڵێین له زمانی دووه‌مدا ناتوانێ ده‌ستی بخات؟
ئاقازاده: دیاره ده‌توانی زمانی دووه‌میشت خۆش بوێ به‌ڵام زمانی زگماکی خۆی له‌خۆیدا ئاوێته‌ی ئه‌وین و خۆشه‌ویستییه. زمانی زگماکی هه‌ڵگری سۆز و عه‌شقه. ئێمه ده‌توانین به زمانی دووه‌م و سێیه‌م شێعر بهۆنینه‌وه. باشه “شه‌هریار” ، حافزی دووه‌م به زمانی فارسی شێعری نه‌ده‌هۆنییه‌وه؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ناخی تورک زمانێک جێی خۆی کرده‌وه و مایه‌وه، “حه‌یده‌ربابا”یه. هه‌ر ئه‌و دۆستانه‌ی که ده‌ستبه‌رداری زمانی یه‌که‌م بوونه و به زمانی دووه‌م ده‌ئاخێون و وتار ده‌نووسن،ئه‌مانه کاتێک نه‌وای دایکانه و مۆسیقاکه‌ی خۆیان به‌رگوێ ده‌که‌وێ دیاره به قه‌در زمانی دووه‌م که فێری بوونه چێژیان پێ نابه‌خشێ. له‌به‌رچی؟ چونکه زمانی زگماکی زمانی سۆز و ئه‌وینه. زمانی زگماکی هه‌ڵگری باری تایبه‌ت به خۆیه‌تی. چلۆنت ویست ده‌توانی فۆرم و به‌رگی تایبه‌تی بکه‌یته به‌ر. ڕه‌نگه زمانی زانستیی که‌سێک ئینگلیزی بێت به‌ڵام به زمانی زگماکی جۆرێکی تر سه‌یری جیهان بکات. په‌یوه‌ندی نێوان زمانی زگماکیی و زمانی دووه‌م ڕاست له‌و چه‌شنه مۆسیقایه ده‌چێت که ئێمه په‌نای ده‌به‌ینه به‌ر. هه‌ر مرۆیه‌ک به هه‌ر چه‌شنه مۆسیقایه‌ک له‌دایک ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌مان مۆسیقادا ده‌ژی. مۆسیقای تر دیاره فێریان ده‌بێت. که‌سێکی هیندستانی ناتوانێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ سیتاردا دروستی ده‌کات هه‌مان په‌یوه‌ندی به گیتاره‌وه بگرێ. ده‌توانێ فێری ببێت به‌ڵام سیتاره‌که، ئامێری خۆیه‌تی. چلۆن ده‌توانین له کوردستاندا کلارێنێت دابه‌ش بکه‌ین و بڵێین ئیتر واز له زوڕنا بهێنن. زمانی زگماکی، زمانی نه‌وا و نه‌غمه‌کانی ئێمه‌یه. هه‌ر له به‌ر ئه‌م هۆکاره‌یه که ئه‌م زمانه، ته‌نیا له ڕێی خوێندن له خوێندنگه‌دا فێری نابیت،به‌ڵکو سۆزێکه ئاوێته‌ی ناو ناخ. لای لایه‌ی دایکان بۆ مناڵان ئه‌وه‌نده قووڵ و بنچینه‌یی کار ده‌کاته سه‌ر ناخی منداڵ، جا چ منداڵه‌که هه‌ستی پێ‌بکات و لێی تێبگات یان تێی نه‌گات. توێژه‌ینه‌وه‌ی شاره‌زایانی بواری مێشک پێمان ده‌ڵێ که مێشک کاراکته‌رێکی دوو ڕه‌هه‌ندییه و هاوکات توانای ئه‌نجامی دوو کاری هه‌یه ،هه‌م توانای لێکدانه‌وه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستیی هه‌یه و هه‌میش ئاگایی و مه‌عریفه. ته‌نیا گرینگ ئه‌وه نییه که هه‌تا چه‌نده مرۆ به‌فام و ئاوه‌ز بێت ده‌توانێ له کاروباری خۆدا سه‌رکه‌وتوو بێت. مێشک ئامراز و کاراکته‌رێکی هاوسه‌نگ و دوو ڕه‌هه‌ندییه واته هه‌م تاوتووێی جیهانی ده‌ور وبه‌ر ده‌کات و هه‌میش له کاکڵ و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ده‌کۆڵێته‌وه. بۆیه ئه‌و دایکه‌ی منداڵه‌که‌ی بار دێنێ، هه‌مان کاتیش سۆز و خۆشه‌ویستیی بۆ ده‌گوێزێته‌وه. “خۆشم ده‌وێی”،ته‌نیا واتایه‌کی ساده و ساکار نییه، ئه‌م واژه‌یه هه‌ڵگری هه‌ست و نه‌ست و سۆزی ناو ناخی دایکه. ئێمه ناتوانین به یه‌ک دید و بۆچوون سه‌یری زمانی زگماکیی و زمانی دووه‌م بکه‌ین. ئه‌م دووه ،دوو جۆره زمانی جیاوازن ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌باری ڕێزمان و داڕشت و ژێرخانی زمانییه‌وه لێک نزیک بن.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق: واته به‌ڕێزت ده‌ته‌وێ بفه‌رمووی که ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه “خۆشتم ده‌وێ” له زمانی فارسیی دا بۆ فارس زمانێک هه‌ڵگری دونیایه‌ک هه‌ست و نه‌ست و سۆزه که لای که‌سێکی ئینگلیزی زمان ئه‌م جیهانه و ئه‌م هه‌ست و نه‌ست و سۆزه هه‌ست پێناکرێ ئه‌رچی ڕه‌نگه له مانا و واتاکه‌شی تێبگات.
ئاقازاده: ڕاست هه‌روایه، گۆتێ ئه‌ڵێ:” خۆزی توانیبا‌م جارێکی تر له‌دایک ببمه‌وه و حافزم به زمانی فارسی خوێندبایه‌وه.”
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق: ئه‌رچی بۆ خۆی وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه و تێی گه‌یشتووه به‌ڵام له هه‌ست و نه‌سته‌که‌ی ناو ناخی شێعره‌که‌ی حافز نه‌گه‌یشتووه.
ئاقازاده: ڕاست قسه‌که هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌مه‌یه که ئه‌و پاراویی و ورده‌کاریی و ناسکییه‌ی له‌ناو ده‌قی سه‌ره‌کیی زمانه‌که‌دا هه‌یه زۆر گرینگه. زمانی زگماکی له‌گه‌ڵ زمانی دووه‌م و سێیه‌م یه‌کسان نییه. “ماکارنکۆ “بیرمه‌ندی ڕووسیایی بواری په‌روه‌رده ئیشاره‌ت به خاڵێکی هه‌ره جوان ده‌دات. ئه‌ڵێ : ” ئه‌وه‌ی دایک و باوک پێش 5 ساڵی بۆ مناڵانی خۆ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ده‌ره‌نجامه‌که‌ی سه‌تی 90ی په‌روه‌رده‌ی پێک دێنێ.” ئێمه پێوه‌رێکمان هه‌یه. مناڵ هه‌تا ته‌مه‌نی 5 ساڵان، له‌ناو بنه‌ماڵه‌دایه واته خودی ناو خێزان. ئه‌م مه‌کۆ و شانه سه‌ره‌تاییه،زمانی زگماکییه. ژێرخانی هزریی و زه‌ینیی ئێمه زمانی زگماکی دروستی ده‌کات. ویندۆزی زمانه‌که‌ی ئێمه پێمان ده‌ڵێ ده‌توانین کامه نه‌رمه ئامێر وه‌ربگرین. جا لێره‌دایه که ده‌ڵێن ژماره‌یه‌ک له زمانه‌کانی یه‌که‌م هه‌ڵگری زمانی دووه‌م نین. یۆنسکۆ له پرسی خوێندن دا ئاست و کوالێتی خوێندن به زمانی زگماکی به گه‌لێک گرینگ داده‌نێ. ئه‌زموونی فێرکاریی مناڵان بۆیه ده‌بێ بخرێته ناو پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه، چونکه زۆر لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه کراوه.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق: واته هه‌مان “خوێندن به زمانی زگماکی”؛ که هه‌ندێ که‌س ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه.
ئاقازاده: ڕاسته،”خوێندن به زمانی زگماکی” و ئه‌مه هیچ ڕاڤه و شرۆڤه‌یه‌کی ناوێ. هه‌ندێ که‌س ئه‌م مافه که یۆنسکۆ جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، کورتی ده‌که‌نه‌وه بۆ ” خوێندنی وێژه و ئه‌ده‌بی ناوچه‌یی”. ئه‌م بۆچوونه، بۆچوونێکی تاکه که‌سییه نه‌ک خودی ڕاستیی و حه‌قیقه‌تی پرسه‌که. ڕاڤه‌ی حه‌قیقه‌تی پرسه‌که که هه‌مان زمانی زگماکییه و ده‌بێ خوێندن به زمانی زگماکی بێت نه‌ک فێربوونی وێژه و ئه‌ده‌بی زمانی دایکزاد.واته بیرکاری به زمانی زگماکی،زانست به زمانی زگماکی و … هه‌ندێ که‌س ده‌ڵێن که‌ند و له‌ند له‌سه‌ر ڕێیه و کێشه له‌به‌رده‌مه ئێمه چلۆن ده‌توانین زمانی زانست بگوێزینه‌وه بۆ سه‌ر زمانی زگماکی؟پێویست ناکات زانست وه‌رگێڕینه‌وه بۆ سه‌ر زمانی زگماکی به‌ڵام پێویسته زانست له ڕێی زمانی زگماکییه‌وه ده‌ست بخه‌ین. ئێمه نامانه‌وێ له ده‌ره‌وه شتێک به‌سه‌ر زماندا بسه‌پێنین. ده‌مانه‌وێ له ڕێی ئه‌زموونی زمانی ئه‌تنییه‌وه، ئه‌و چه‌مکانه بدۆزینه‌وه. دیاره ئه‌م ئه‌رکه پاره و خه‌رج و به‌رجی ده‌وێ ،ده‌بێ پاره‌یه‌کی تایبه‌ت به‌م مه‌به‌سته ته‌رخان بدرێ ئێمه پێویسته زمان له فه‌وتان بپارێزین له‌به‌ر خودی زمان و ژیان .ده‌بێ ئه‌م ئه‌رکه جێ به‌جێ بکه‌ین. گه‌ر نامانه‌وێ کار و ئیشی له‌سه‌ر بکه‌ین له‌خۆڕا ڕاڤه‌ی هه‌ڵه و چه‌وت و ناڕاستیشی بۆ نه‌که‌ین.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق: دوکتۆر لانیکه‌م له خولی نوێ‌دا، 90 ساڵه له ناوچه‌کانی ئه‌تنیی دا خوێندن به‌زمانی زگماکی فێری منداڵ ناکرێ. باشه چ ڕووی داوه؟ گه‌ر منداڵ فێره زمانی زگماکی نه‌کرێ چ ده‌بێت؟
ئاقازاده: بڵێ چ ڕووی نه‌داوه. ئێمه له ساڵی 1317ی هه‌تاوی (1938)ه‌وه به‌رده‌وام به‌دوای پرسی خوێندنه‌وه‌ین. هێشتا له‌م وڵاته‌دا یانزه ،دوانزه ملیۆن نه‌خوێنده‌واری تێدایه. وه‌رامی من بۆ پرسیاره‌که‌تان زۆر ڕوونه. باشه بۆچی ئێمه به‌درێژایی ئه‌م سه‌د ساڵه نه‌مانتوانیوه دیارده‌ی نه‌خوێنده‌واری بنبڕ بکه‌ین.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق: ئه‌ڵێن له ئه‌سفه‌هانیشدا نه‌خوێنده‌ار هه‌یه که زمانی زگماکییان فارسییه.
ئاقازاده: زمانی زگماکی یه‌کێکه له سه‌ره‌کییترین هۆکاره‌کانی به‌رده‌وامیی دیارده‌ی نه‌خوێنده‌واری. ئه‌و مناڵانه‌ی له ناوچه‌کانی ئه‌تنیی دا ڕوو له خوێندنگه‌کان ده‌که‌ن کێشه‌یان دووهێنده‌یه. ده‌بێ ئه‌و پرسه وه‌به‌ر لێکۆڵینه‌وه بدرێ که له‌به‌ر پرسی زمان له ئه‌سفه‌هاندا چه‌نده وازیان له خوێندن هێناوه و ئه‌ی له به‌لووچستان و ئازه‌ربایجان و کوردستاندا ڕێژه‌که چه‌نده‌یه. سه‌یرێکی ئامار و داتاکه بکه‌ن ئه‌وده‌م ده‌وری زمانتان لا ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌وه‌ی زمانی یه‌که‌می زمانی خوێندنگه نییه، له قوتابخانه‌دا تووشی نائه‌منیی و ناهێوریی سۆزداری ده‌بێت. ناهێوریی سۆزداری له‌به‌ر زمان،خراپترین ڕووداوه که بۆ که‌سێک ڕوو ده‌دات که به زمانی خۆی ناخوێنێ. کاتێک ئێمه‌ی گه‌وره‌ساڵ ڕوو له ده‌ره‌وه ده‌که‌ین گه‌ر شاره‌زای زمان نه‌بین تووشی هه‌مان ناهێوریی سۆزداری ده‌بین. بۆ ئه‌و گه‌وره‌ساڵه‌ی که ئه‌زموونی ژیانی هه‌یه،له‌به‌ر ناشاره‌زابوونی به زمان، تووشی به تووش ناهێو‌ری سۆزدارییه‌وه ده‌بێت. ئه‌رچی ده‌شزانێ به‌و پاره‌ی هه‌یه‌تی ده‌توانێ چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ی بکات. به‌ڵام مناڵێک چلۆن ده‌توانێ چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ی بکات؟ له ڕێی کامه ئه‌زموونی ژیانه‌وه پێی ده‌کرێ کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکات؟ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه به درێژایی سه‌د ساڵ نه‌مانتوانیوه چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌خوێنده‌واری بکه‌ین،به‌شێکی فره‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان ناهێوریی زمانی.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق : ئه‌م وته‌یه هه‌تا چه‌نده زانستییه؟ ئایا توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کراوه؟
ئاقازاده: دیاره گه‌لێک لێکۆڵینه‌وه ئه‌نجام بووه که ده‌سه‌لمێنێ گه‌ر منداڵ به زمانی زگماکی له خوێندنگه‌دا نه‌خوێنێ،هه‌ست به ناهێو‌ری ده‌کات و هه‌ر ئه‌م پرسه له‌سه‌ر نه‌خوێنده‌واری وڵاتان کاریگه‌ره. ده‌زگه‌ی په‌روه‌رده و بارهێنان زۆر جوان هه‌ست به‌م گرفته ده‌کات. وا بۆ ساڵانێک ده‌چێ که خولی سه‌ره‌تایی مانگێک زووتر ده‌ست پێده‌کات و مناڵان زووتر ده‌چنه قوتابخانه‌وه تا ئاشنای زمانی زاڵی ناو خوێندنگه‌کان بن به‌ڵام ئه‌مه به‌ته‌نیا کاریگه‌ر نییه.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق: که‌وابوو دوکتۆر، توێژینه‌وه‌کان ده‌سه‌لمێنن یه‌ک له سه‌ره‌کییترین هۆکاره‌کانی نه‌خوێنده‌واری ناو وڵاتێک،نه‌بوونی خوێندن به زمانی زگماکیی ئه‌تنه‌کانه؟
ئاقازاده: ڕاسته، توێژینه‌وه‌کان ده‌سه‌لمێنێ یه‌ک له سه‌ره‌کییترین هۆکاره‌کانی ڕێژه‌ی بانی نه‌خوێنده‌واری و نزمبوونی ئاستی خوێندنی مناڵان، نه‌بوونی خوێندن به زمانی زگماکیی له خوێندنگه‌کاندایه. جگه له‌وه گه‌لێک لێکۆڵینه‌وه ئه‌نجام بووه،ته‌نانه‌ت زۆر به‌رهه‌می به‌ڵگه‌یی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه دروست کراوه. له مناڵان پرسیار کراوه باشه بۆچی ناچی بۆ قوتابخانه، وه‌رامی ئه‌وه بووه که من له‌گه‌ڵ زمانی خوێندنگه‌کاندا هه‌ست به ئاسووده‌یی ناکه‌م. کڕیاری ئێمه هه‌مان مناڵانن. ئه‌م مناڵانه کڕیاری به‌رنامه‌ی ئێمه نین بۆیه جوان فێری نابن یان هه‌ر فێر نابن. بۆیه واز له خوێندنگه و خوێندن دێنن. لێکۆڵینه‌وه‌کانی ناو ئێران ده‌سه‌لمێنێ زۆر بنه‌ماڵه چونکه نایانه‌وێ مناڵه‌که‌یان به زمانی قوتابخانه‌کان فێره خوێندن بێت، نایانێرن بۆ خوێندنگه‌کان یان لانیکه‌م وایان پێ باشه مناڵان، زمانی دووه‌م له بنکه و ناوه‌ند و خوێندنگه‌کانی نافه‌رمیی و له ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌کانه‌وه فێر بن. قوتابخانه‌کانی ئێمه به شێوه‌یه‌ک ده‌جووڵێنه‌وه که مناڵ ده‌بێ ده‌سبه‌رداری ئه‌زموونی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆی بێت و جیهان و زمانێکی دی جێی دونیاکه‌ی منداڵ بگرێته‌وه. ئه‌م جیهانه نوێیه هه‌تا چه‌نده مانا و واتابه‌خش ده‌بێ ، زۆر پرسیار دروست ده‌کات .
***
وه‌رگێڕ و چه‌ند ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک:
له ناو ده‌قی وتووێژه‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی “شه‌رق” دا هه‌ندێ وشه و ده‌سته‌واژه و … لا دراون که له هه‌مان بابه‌تی سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ی “ئه‌سغه‌ر زار‌ع که‌هنموویی” دا هاتوون بۆیه وه‌رگێڕ په‌نای بردۆته به‌ر سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی واته ده‌قی وتووێژه‌که له ماڵپه‌ڕه‌که‌ی ئه‌نجامده‌ری هه‌ڤپه‌یڤینه‌که‌دا.
حافز: شه‌مسه‌دین حافزی شیرازی ناوی به‌ته‌واوه‌تی حافز شاعیری هه‌ره‌ناوداری ئێرانییه که له شێعر به‌تایبه‌ت له غه‌زه‌ل دا خاوه‌نی پاراوترین هه‌ڵبه‌سته. له سه‌ده‌ی هه‌شته‌می کۆچی له شیراز له‌دایک بووه (769-706ی هه‌تاوی)سه‌ده‌ی چوارده و پانزه‌هه‌می زایینی(1390-1326).
گۆتێ: یۆهان ڤۆڵفگانگ گۆتێ(1832-1749)شاعیر، نووسه‌ر و پیتۆڵی ئه‌ڵمانی که به یه‌ک له گه‌وره‌ترین شاعیرانی ئه‌وروپا داده‌نرێ.
دروڤ و سه‌لماندنی پێچه‌وانه و دژ: یه‌ک له شێوازه‌کانی سه‌لماندن له زانستی بیرکاریی و مه‌نتیق دێته ئه‌ژمار. ئه‌م شێوازه له سه‌لماندن به شێوازی ناڕاسته‌وخۆش ناودێره. بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستیی پرسێک یان ڕوانگه‌یه‌ک بسه‌لمێنی، ده‌سه‌لمێنی که پێچه‌وانه‌ی هه‌مان پرس،واته دژه‌که‌ی،ناڕاسته.ئه‌م شێوازه بۆ زمانی ته‌نز و ساتیر و هه‌روه‌ها بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی قسه‌ی که‌سێک یان لایه‌نێک له سیاسه‌تیشدا ده‌کار دێت.
ڤیگۆتسکی: لۆ سیمینۆڤیچ ڤیگۆتسکی (1934-1896) ده‌روونناس و زمانناسێکی ناودیاری ڕووسییه.
شه‌هریار: سه‌ید محه‌ممه‌د حسێن به‌هجه‌تی ته‌ورێزی(1367-1285)شاعیری ناسراوی ئێرانییه که به زمانه‌کانی فارسیی و تورکیی ئازه‌ربایجانی شێعری هۆنیوه‌ته‌وه.
حه‌یده‌ربابا: شاکاری شه‌هریاری شاعیره که به زمانی تورکیی ئازه‌ربایجانی نووسراوه و به یه‌ک له گرینگ‌ترین به‌رهه‌مه‌کانی ناو ئه‌ده‌ب و وێژه‌ی تورکیی ئازه‌ربایجانی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت که بۆ سه‌ر ده‌یان زمانی جیهان وه‌رگێڕدراوه. ئه‌م به‌رهه‌مه به ناوونیشانی “سڵاو له حه‌یده‌ربابا” له لایه‌ن “ئه‌نوه‌ری سوڵتانی” و “حه‌سه‌نی ئه‌ییووب زاده”وه کراوه به کوردی و کتێبفرۆشیی” هه‌رزان “له سوێد له چاپی داوه. حه‌یده‌ربابا باس له دابڕان و دوورکه‌وتنه‌وه له زێد و گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتمان له‌ڕێی په‌نابردنه به‌ر یاده‌وه‌رییه‌وه ده‌کات.
ماکارنکۆ: ئه‌نتۆن سیمۆنۆڤیچ ماکارنکۆ(1939-1888) بیرمه‌ندی هه‌ره‌ناسراوی ڕووسیایی بوار په‌روه‌رده و بارهێنانه.
ته‌فه‌ککور: له ڕاستیدا وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه که له زمانی فارسیشدا جێی خۆی کردۆته‌وه و به مانای بیرکردنه‌وه،هزرین و تێفکرینه.
***
ژێده‌ر: ڕۆژنامه‌ی شه‌رق و ماڵپه‌ڕی ئه‌سغه‌ر زار‌ع که‌هنموویی asgharzareh.ir ،شه‌ممه 3ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 1392ی هه‌تاوی
زستانی
2713