مەسعودی مەلا ھەمزە : فیلمی سینەمایی “کەس لە پشیلە ئێرانییەکان خەبەری نییە” لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی، لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “مافی مرۆڤ” لە تورکیا نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی “کەس لە پشیلە ئێرانییەکان خەبەری نییە” دوایین بەرھەمی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی کە تا ئێستا کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی جیھان بەدەستھێناوە، لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “مافی مرۆڤ” لە شاری تونچیلی لە وڵاتی تورکیا نمایش دەکرێت.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “مافی مرۆڤ” کە لە لایەن شارەوانی تونچیلی بەڕێوەدەچێت، رۆژی ٢٠ی ئایار/ مەی دەستی پێکردووە و تاکوو رۆژی ٢٩ی ئایار/ مەی بە نمایشی ١٥ فیلمی بڵندی سینەمایی لە دەرھێنەرەکانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپی، ئاسیایی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست درێژەی دەبێت.
لە نێوان ئەو فیلمە ناودارانەی کە لەم فیستیڤاڵەدا نمایش دەکرێن، ناوی فیلمی سینەمایی “قووی رەش” لە دەرھێنانی “دارێن ئارنۆفسکی” و فیلمی سینەمایی “جادەی ئیرلەندی” لە دەرھێنانی “کەن لووچ” بەرچاو دەکەوێت.
فیلمی سینەمایی “کەس لە پشیلە ئێرانییەکان خەبەری نییە” لە دوایین نمایشی نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی دەرھێنەری فیلمەکە و لە بەرنامەیەکی بیرئانین و رێزلێنانی تایبەتدا بۆ سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی، لە لایەن رێکخراوەی “ئەرشیفی فیلمی ھاروارد” لە رۆژی ١٦ی ئەپریلی ٢٠١١ لە زانکۆی ھارڤارد لە شاری بۆستۆنی پێتەختی ویلایەتی ماساچۆسێتی وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.