سەدیق سەعید ڕواندزی
نزیک بەوەیە، ھەموو نووسەرانی کورد، حەزیان لە داتاشینی شوناسی ڕۆشنبیری گەورە و جۆراو جۆر بێت بۆ خۆیان . ئەوان ئارەزوو دەکەن لە یەک کاتدا وەک:( شاعیر و نووسەر، لێکۆڵەر و ڕەخنەگر، چاودێر و ڕۆژنامەنووس، ڕۆماننووس و چیڕۆکنووس، وەرگێڕ و زمانزان) و چەندان شوناسی دیکەش بناسرێن. بگرە نووسەرانێک ھەن، لە کۆتایی وتارەکانیان، خۆیان نازناو بۆ خۆیان دا ئەنێن، لە کاتێکدا ئەمە ئەرکی خوێنەرە ڕەخنەگر و ڕۆماننووس و شاعیر بناسێتەوە. سەیر لەوە دایە ئەوانە لەو جۆرە نووسەرانەن ڕەنگە لە ساڵێکدا بیست کتێب نەخوێننەوە، بەڵکو ھەر سەرقاڵی کۆمێنت و کۆمێنتکاری و پۆستی فەیسبووک و چات و دنیای شاشەن. بێگومان بەرھەمی نووسەرێک، گەواھی توانا و لێھاتووی ئەو دەدات و ئیدی پێویست بەوە ناکات ئەو خۆی وەسفی خۆی بکات، چونکە کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە! نووسەری داھێنەر، بیری لای خەڵات و ڕێزلێنان و فیستیڤاڵ و داتاشینی نازناو نییە، بەڵکو بێ دەنگ و لاتەریکانە، گۆشەگیرانە و دوور لە تەراتێنی نێو شاشە و شەڕی کۆمێنت و پۆست و پۆستکاریی، دوور لە خەمی نازناو و خەڵات و فیستیڤاڵ، سەرقاڵی دنیای خوێندنەوە و نووسینە. لە مێژووی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئێمەدا، دەیان داھێنەر و سمبولی ئەدەبی ھەبوونە، بێ خەڵات و نازناویش، ھەر ھەبوونە. کە ناوی مامۆستا(مەسعود محمەد) دێنین، ئیدی ھزر و فەلسەفەمان بیر دەکەوێتەوە، کە ناوی دڵدار دێنین، نەتەوەییبون و کوردایەتیمان دێتە بەرچاو، کە ناوی ھەژار موکریانی دێنین، زمان و وەرگێڕان و فەرھەنگمان دێتە بەرچاو. ئەم نووسەرانە، لە ھەموو ژیانیان خەڵاتێکیان وەرنەگرت، نازناوێکیان بۆخۆیان دانەتاشی، کەچی بابایەکی دوای ڕاپەڕین، کە سەرچاوەی مەعریفەکەی تەنھا سۆسیال میدیایە، دێت دەیان نازناوی ڕۆشنبیری دەداتە پاڵ خۆی و بە جۆرێک خۆی لێ دەگۆڕێت، کەوادەزانێت تەنێ ئەو ھەیە. لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، ناوەندێکی کولتووری لە سۆران، کۆڕێکی ئەدەبیان بۆ کەسێک سازکردبوو، ئەو کەسەیان وەک (پسپۆڕی ئەدەب) ناساندبوو. بێگومان ئاساییە کەسێک ماستەر، یان دکتۆرای لە ئەدەبی کوردی ھەبێت، بەڵام پسپۆڕی ئەدەب چییە؟ مەگەر ئەدەب، نەشتەرگەری جومگە و ھەرس و گەدە و دەمار و ددانە تا پسپۆڕی ھەبێت؟ ئەدەب دنیای خەیاڵ و نووسین و جوانییە. ئەدەب دەیان و سەدان ساڵ لە مێژووی ژانڕە ئەدەبییەکان دەکات، ئیدی نازانم چۆن کەسێک دەبێتە پسپۆڕی ئەدەبی؟ مەگەر ئەو مێژووی سەدان ساڵەی ئەدەبی کوردی خوێندۆتەوە؟ ھەموو ژانڕەکانی ھەڵسەنگاندووە؟ پسپۆڕی ئەدەبی چییە؟ ئایا ئەدەب زانست و تەندروستییە تا کەسێک پسپۆڕایەتی لێ ھەبێت؟ سنوورێک لە بەردەم ئەدەب و مێژووی ژانڕە ئەدەبییەکان نییە، ئیدی چۆن کەسێک ئەوەندە لێی قووڵدەبێتەوە تا پسپۆڕایەتی لێ بێنێت؟ بەشێکی ئەدەبی کوردی لە ھەژار موکریانی بەرجەستە دەبێت، کەچی بە ئێستاشەوە ھەر دەڵێن مام ھەژار و ھیچ شوناسێکی ڕۆشنبیری نادرێتە پاڵ و کەسیش وەک پسپۆڕی ئەدەب نایناسێنێت. ئەدەب سنوورێکی دیاریکراوی نییە، تا لێیەوە بگەینە خاڵی کۆتایی و ئیدی ئەو سنوورە بە سنووری ئەدەب بناسین و لێی قووڵبینەوە، تاکو پسپۆڕایەتی لێبێنین، وەک ئەوەی کەسانێک نەزانانە واتێگەیشتوون. بۆیە کەس پسپۆڕی ئەدەبی کوردی نییە و ئەوەشی خۆی وەک پسپۆڕ دەناسێنێت، دیارە لە بێ شوناسییەوە کە نییەتی، دەیەوێت شوناسێکی وەھمی بۆ خۆی دابتاشێت.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە(٤٣٧٦) لە ٣١/٨/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.








































































Discussion about this post