نوێترین پرۆژەی سینەمایی فیلمسازی کورد شەھرام عەلیدی لە نێوان ١٠ باشترین پرۆژەی بەرچاوی دنیا لە شەست و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی ٢٠١٢ ھەڵبژێردرا.
بە پێی راگەیاندنی گشتیی ئەم پرۆژەیە، “ئەو گۆڕستانەی کە ھەموو رۆژ ێک ترێی دەدا” A Cemetery Which Breeds Grapes Every Morning نوێترین پرۆژەی سینەمایی فیلمسازی سنەیی شەھرام عەلیدی لە نێوان ١٠ باشترین پرۆژەی بەرچاوی دنیا لە بەشی “سینەمای جیھان لە کان” cinema du monde لە شەست و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی ٢٠١٢ ھەڵبژێردرا.
بەشی “سینەمای جیھان لە کان” کە بە بەشی کەشف و ناساندنی پرۆژە سینەماییەکانی جیھان ناسراوە، ھەموو ساڵێک ١٠ سیناریۆ و ١٠ دەرھێنەری سەرکەوتووی دنیا دەستنیشاندەکات کە ئەمساڵ لە نێوان ١٤٠ سیناریۆ لە ٥٠ وڵاتی جیھان، ١٠ باشترین پرۆژەی بەرچاوی دنیا ھەڵبژێردراون کە نوێترین پرۆژەی سینەمایی شەھرام عەلیدی بە ناوی “ئەو گۆڕستانەی کە ھەموو رۆژ ێک ترێی دەدا” لە تەنیشت ١٠ سیناریۆی دەرھێنەرەکانی وڵاتانی شیلی، برازیل، ڤێیەتنام، ماداگاسکار، پاراگوئا، روواندا، برێمە، تونس و فلستین بەرچاودەکەێت.
ئەم ١٠ دەرھێنەرەی دنیا لە لایەن دوو ھونەرمەندی ناوداری سینەمای جیھان لەوانە: ئەکتەر و ئەستێرەی ناوداری سینەمای جھان “ماریا دێ مێدریووس” Maria de Medeiros و دەرھێنەری ناوداری دنیا “ئیلیا سولەیمان” Elia Suleiman لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کانی ٢٠١٢ ھاوڕێیەتی دەکرێن.
ئەم ١٠ دەرھێنەرەی کە بۆ بەشی “سینەمای جیھان لە کان” دەستنیشانکراون لە رۆژانی ١٦ تا ٢٥ی ئایار / مایۆی ٢٠١٢ لە شەست و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی ٢٠١٢ ئامادەدەبن تاکوو چەخماغەی بەرھەمھێنانی پرۆژەی ھەڵبژێردراو و چوونەناو سینەمای جیھان لێبدەن.
سینەماکاری کورد شەھرام عەلیدی بە “سرتە لەگەڵ با” Whisper With the Wind یەکەمین فیلمی بڵندی سینەمایی خۆی لە بەشی پێشبڕکێی بەشی ھەفتەی رەخنەگرانی شەست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی ٢٠٠٩ لە وڵاتی فەرەنسا بەشداریکرد و سێ خەڵاتی سەرەکی ئەم بەشەی بەدەستھێنا، لەوانە: “خەڵاتی روانینی گەنج لە لایەن ھەڵبژاردەی لاوانی ئەورووپا”، “خەڵاتی کەناڵی ٥ تەلەفیزیۆنی فەرەنسا” و ھەروەھا “نمایشکردنی فیلمەکە لە سەرتاسەری فەرەنسا ـ لە لایەن ئەنجوومەنی سینەمای سەربەخۆ و سندووقی سەرەکی چالاکی کۆمەڵایەتی ACID/CCAS”.
ئەم فیلمە لە درێژەدا بە بەشداری لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری فیلم لە سەرتاسەری جیھان، کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێنا، لەوانە:
ـ خەڵاتی رەخنەگرانی لاوی ھیندستان یا خەڵاتی “دەروازەی زێوی ھیند” لە بەشی کێبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “مۆمبای” لە ھیندستان
ـ خەڵات و مەدالیای شانازی زانکۆکانی ھەڵبژاردەی فەرەنسا لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمە مێژووییەکانی “پساک” لە وڵاتی فەرەنسا
ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوانی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ئامازۆن” لە وڵاتی بەرازیل
ـ خەڵاتی باشترین فیلم لە لایەن لێژنەی ناوبژیوانی زانکۆکانی براتیسلاوا لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “براتیسلاوا” لە وڵاتی ئیسلۆڤاکیا
ـ خەڵاتی “دۆن کیشۆت” لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ترۆمسۆ” لە وڵاتی نەرویج
ـ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بۆ شەھرام عەلیدی و خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی بۆ ئەکتەری ناوداری سینەمای کوردستان عومەر چاوشین لە ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ئۆرۆعەڕەب” (ئێمال) Amal لە ئیسپانیا
ـ خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ ھونەرمەندی کرماشانی توورەج ئەسڵانی و باشترین ئەکتەر بۆ عومەر چاوشین ئەکتەری بەئەزموونی کورستان لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “بەغدا” لە وڵاتی عێراق.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.lescinemasdumonde.com/nouv/
http://www.lescinemasdumonde.com/nouv/?p=١٦٩٨
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی پرۆژەی “ئەو گۆڕستانەی کە ھەموو رۆژ ێک ترێی دەدا”.