پۆڵا محمود ئەنوەر : مۆنیتسکیۆی فەیلەسوفی فەرەنسی دەڵێت” ھەر کاتێ کۆمار تووشی گەندەڵی بێت، ناتوانرێ ھیچ کام لە دەردە کۆمەڵایەتیەکان لەناو ببرێ و حکومەت بگەڕێندرێتەوە بارودۆخی ئاسایی و جگە لەو حاڵەتە، ھەر چەشنە دەستکاری و چاکسازیەک یان ھێورکردنیەتی یان کەم و کوڕی و عەیبێکی نوێ دەخوڵقێنێ”.
ئەو حالەتەی کە (مۆنیتسکیۆ) باسی دەکات ئەو کاتەیە کە بەربڵاوی گەندەڵی پشتی ئیرادەی چاکسازی بوونی لە عەرد داوە و تروسکاییەک بۆ چاکسازی کردن نەماوە, باس لەوە دەکا لەم حالەتەدا گۆرانی ریشەیی و بنەرەتی بارودۆخەکە ئاسایی دەکاتەوە ئەگینا ھەر چەشنە ریگا چارەیەکی دیکە یان چاکسازی کردن، سیستەمێکی نوێ دروست دەکا بە چەند عەیبێکێ نوێ و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دووبارە بە شێوازی تر.
ئیستا ئەگەر خوێندنەوەیەکی واقعیانە بۆ کوردستان بکەین لە رووی بوونی گەندەڵی, یاساکەی مۆنتیسکۆ و بەیاننامەو گوتارە میدیاییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانیش لەلایەکی تر دابنێین چ راستیەکمان بۆ دەردەکەوێت لە نێوان ئەم سێیانە؟ (گەندەڵی کوردستان-یاساکەی مۆنتسکیۆ-بەیاننامەو گوتارە میدیاییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی) ؟
گومان لە راستی و دروستی یاساکەی مۆنتسکیۆ ناکرێت , ھیچ کەسیش نکۆلی لە بوونی گەندەلی نەکردووە بە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتیشەوە، بەڵام ئەوەی شاراوەیە لای خەڵکان و گومان لە راستی و دروستی دەکەن ئەوەیە کە ئایا بەیاننامەکانی ئۆپۆزسیۆن یان داواکانی ئۆپۆزسیۆن کە زۆربەی جار “ھەلوەشانەوەی بێ قەید و شەرت” یان ” ھەلوەشانەوەی حکومەت” یان ” گۆرانکاری ریشەیی” ییە , تا چەند داواکاری خەڵکن , خەڵکی گومانی لەوە ھەیە ئایا ئەمانە داواکاری سیاسین یان داوای ئەوان؟!
ئەگەر بێین لە ژێر رۆشنایی یاساکەی مۆنتسکیۆ کە لە (رۆحی یاساکان) نووسیویەتی بمانەوێ شیکارێک بۆ رەوینەوەی گومانەکان بکەین و بگەین بە راستیەک , ئەوا پێویستە نموونەی زیندوومان لە دەست بێت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی گەندەڵی لە کوردستان, کە دیاریکردنی ئەم ڕێژەیەش یارمەتی دەرمان دەبێت بۆ ئەگەرەکانی سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی پرۆسەی چاکسازی کردن و چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی خەڵکی, ئەوەش بەوە دەکرێت لە خۆمان بپرسین کە ئایا لەبەردەم پرۆسەی چاکسازی کردن ھیچ تەگەرەیەک ھاتۆتە پێشەوەو نەتوانرابێت لە ھیچ بوارێک چارەسەر کرابێت و چاکسازی تیا نەکرابێت و بەربڵاوی فەسادی ئیداری و گەندەڵیەکان پشتی ئیرادەی چاکسازی بوونی لە عەرزدابێ ؟ بە پشت بە ستن بە یاساکەی مۆنتسکیۆ , ئەگەر واقع بە بەڵێ بوو , ئەوا گومان لەوە دانیە کە گۆرانی ریشەیی پێویستە و ئەگەریش نەخێر بوو , ئەوا دەبێ بروامان بەوە ھەبێ کە ھێشتا کات ماوە بۆ چاکسازی و کار نەگەیشتۆتە ئەوەی ھەرچی ئەزموونی رابردووە لەناوی ببەین و دروست کردنی حکومەتێکی نوێ ناکرێ بە زەروورەتێکی ئەم قۆناغە بزانرێ, کە گەیشتنیش بەو راستیانە , بۆمان دەسەلمێنێت ئۆپۆزسیۆنی کوردی تا چ رادەیەک تەندروستە یان ناتەندروستە, یان بەشێوەیەکی تر ئەو گوتار و بەیاننامەو پشێویەی لە ئەنجامی ھەول و تەقەلای لایەنە ئۆپۆزسیۆنیەکان لەم دواییانەدا روویدا کە خۆیان لە داواکاری ھەلوەشاندنەوەی حکومەت و گۆرانی ریشەیی دەگرتەوە, تا چەند داواکاری سیاسی بوون و تا چەند داواکاری خەڵک بوون و لە خزمەتی مللەت بوو؟!.
١٤ ی ئەم مانگە سەرۆکی ھەرێم ئەنجامی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی چاکسازی راگەیاند، کە لە نەورۆزی ئەمساڵ خرابوونە روو، ئەو راگەیاندراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم پەنجەی خستۆتە سەر شادەمارەکانی گەندەڵی لە کوردستان و بە روون و ئاشکرایی ئەنجامە سەرەتاییە چارەسەرکراوەکانی راگەیاندوە، باس لە ھەموو کێشە و گرفت و چارەسەریە سیاسی و ئیداریەکان کراوە تیایدا. و لە راگەیاندراوەکە دووبارە سەرۆکی ھەرێم ھەڵوێستی خۆی راگەیاندووە بە پابەندبوونیان بە یاسا و بەڵێنی خۆی بۆ بەردەوامی لە چاکسازیەکان دووپات کردۆتەوە بەوە کە دەڵێ “یاسا دەستنیشانی ئەوە دەکات کێ گەندەلی کردووە, منیش بەلینی ئەوەتان پێدەدەم, نەکەس دەپارێزم و نە پشتیوانی لە کەس دەکەم, یاسا چ بریاریک بدات و کێ پێویست بێت بچێتە بەر دەمی دادگا , دەبێ ئەوە جێ بەجێ بکرێت, ھیچ کەسیش لە سەرووی یاساوە نابێت” .
ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە لە ھەموو دونیادا سەرۆک ئەگەر دڵنیا نەبێت لەو شتەی کە دەیکات یان دەبێ رووبدا ئەوا نە باسی دەکات و نەبەڵێنی ئەوەش دەدات، چونکە پێویستە سەرۆک ئەو تایبەتمەندیەی خۆی بپارێزێت کە قسەی ئەو لە ھەموو کاتێکدا قسەی یەکلاکەرەوەیە و پابەندە بەبەڵێنەکانی .
کەواتە دەتوانین ئیستا بڵێین کە ئەوەی ئەمرۆ رۆژگار سەلماندی ئەو واقعەیە کە رادەی بوونی گەندەڵی ئەوە نەبوو کە میدیا ئۆپۆزسیۆنیەکان و بەیاننامەکانیان باسیان لێوە دەکرد , بەو رادەیەی کە شەرعیەتیان دەدا بە ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و گۆرانی ریشەیی ، چونکە لە قۆناغی یەکەمی پرۆسەی چاکسازی بۆمان دەردەکەوێت کە گەندەڵی نەگەیشتۆتە ئەو رادەیەی توانای چارەسەرکردنی نەمابێت و لە دەست دەرچووبێت و ھیچ ئیرادەیەکی بۆ چاکسازی نەھێشتبێتەوە . ھەر بە پێ ی یاساکەی مۆنتسکیۆ و واقعی ئەنجامە سەرەتاییەکانی پرۆژە چاکسازیەکەی سەرۆکی ھەرێم، ھەموو ئەو گوتار و بەیاننامەو ھەوڵانەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ھەڵوەشانەوەی حکومەت,دەکەوێتە خانەی داواکاری سیاسی و مەرامی سیاسی.
دەرەنجام : بۆمان دەردەکەوێت ئیرادەی چاکسازی کردن زۆر زیاترە لە بوونی ریژەی گەندەڵی و بەمەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنیەکان تەنیا دەتوانن ھاواربکەن و گۆرانی بنەرەتیش تەنیا بە پارتی و یەکێتی دەکرێت ھەروەک پێشتر مامجەلال گوتویەتی ” گۆرانی بنەرەتی پێویستە پارتی و یەکێتی بیکەن, لەو دووە بترازێت ناتوانێت گۆران بکات, بەڵکو دەتوانێت ھاوار بکات،ئەمەش رۆژگار رۆژ بە رۆژ دەیسەلمێنێت”.