علی سوڵتانی
و: پێشڕەو محەمەد(خان)
پرۆتاگۆراس یەکەمین و گرنگترین تیۆریستی فەلسەفەى سۆفیستی بەر لە سۆکرات و مامۆستاى رەوانبێژى خەڵکی ئابێدرە لە باکوورى گریکستانی ئەنتیکە و هاوشاریی دێمۆکرێتیوسی ناودار بوو. پرۆتاگۆراس نزیکەى پێنج سەد ساڵ بەر لە کریست(مەسیح) لەوێدا هاتە جیهانەوە و لە تەمەنى هەفتا ساڵیدا بەهۆى بێ باوەڕی بەخواکان تاوانبارکرا و فەرمانى لەداردانى درا، بۆیە رایکرد و لە دەریادا نوقم بوو.
پرۆتاگۆراس بەهۆى کتێبى ((دەربارەى خوداکان)) فەرمانى مەرگى بەسەردا درابوو. ناودارترین رستەى تیۆرى ئەو ئەمە بوو: ((مرۆڤ پێوەرى هەموو شتێکە)). واتا هەموو کەسێک خاوەن بڕیار و زانینی تایبەت بەخۆیەتی. پلاتۆن درەنگترێک بە پێداگرییەوە پەیوەست بەو رستەى ئەوەوە، گۆتبووی: ((خودا پێوەرى هەموو شتێکە)). پراگماتیستە ئامێریکاییەکانیش ساڵانێکە دەنووسن: ((زانست پێوەرى هەموو شتێکە)). پرۆتاگۆراس دەیگۆت سەبارەت بە خوداکان ناتواندرێت شتێک بزاندرێت، چونکە بابەتێکی زۆر ئاڵۆز و تەمەنی مرۆڤ کورتە. ئەویش وەکو ((ئانکساگۆراس، فیدیاس، ئاسیازیا و سۆکرات)) لە ریزی لە داردراوەکانى رەوتى مێژووی هزرى خۆرئاوایە!. ئەو کاتە فەرامۆشکردنى خوداکانی دەوڵەتی، دەردەسەرییەکی زۆرى بۆ هزرڤانان دەهێنایە پێشێ.
رستەى ((مرۆڤ-پێوەر))ى پرۆتاگۆراس، بووە جێ سەرنجى هزرڤانانى چەرخی رێنیسانس و رۆشنگەرى و هیومانیزم. فەیلەسوفە سروشتییەکانى بەر لە سۆکرات، بەگشتی خۆیان لەتەک فێنۆمێنی سروشتدا خەریک دەکرد، بەڵام بە هاتنە مەیدانى سۆفیستەکانەوە، پرسی پەیوەست بە مرۆڤ داڕێژرا. سەبارەت بە گرنگى پرۆتاگۆراس دەگۆترێت نە پلاتۆن و نە ئەڕیستۆتێلیس نەبوونە نوێنەرى فەلسەفەى ئەنتیکە، بەڵکو پرۆتاگۆراس و گۆرگیاس لە دەستپێکەرانی فەلسەفەى رۆشنگەری رۆئاوایی بوون.
پرۆتاگۆراس وەکو تەواوى سەر بە فێرگەى سۆفیستی، قسەى لە بارەى هەقیقەتى یەزدانى نەکرد، بەڵکو قسەى سەبارەت بە هەقیقەتى لۆجیکی و رازیکەر کرد. ئەوانە تا ئەو کاتە ئاڵۆزترین رەخنە ئایینییەکانیان فۆرمولەکرد و بۆ خۆیشیان پێچەوانەى هەرجۆرە رێبازگەرێتییەکی فەلسەفی و گروپگەرایی ئایینی بوون. سۆفیستەکان یەکەمین نوێنەرانی گومانکارى لێهزرى لۆجیکمەندی تیۆرى و بونیادی بوون. لە بەرانبەر فێرگە مەزنە فەلسەفییەکانى بەر لە سۆکرات-لە نیوەى دووەمی سەدەى پێنجەمى بەر لە کریست ئەم رەوتە گومانکارییە سۆفیستیە هەنگاویان هەڵێنا، گرنگترین کەسایەتییان پرۆتاگۆراسە-کە ئێمە لێرەدا لەبارەیەوە دەدوێین. سۆفیست لەو سەردەمەدا ئەو واتایە نێگەتیڤەى ئەمڕۆى نەبوو و واتاى مامۆستا و هزرڤانی دەگەیاند، کە شتگەلێک فێری شاگردەکانیان دەکەن تا لە ژیانی پراکتیکی خۆیاندا سوودی لێوەربگرن و لەبەر ئەوەى دەوڵەت هاریکارى ئەوانى نەدەکرد، بۆیە ناچار بوون لە بەرانبەر فێرکارییەکانیاندا بڕێک پارە وەربگرن. لە ئامانجەکانى سۆفیستەکان ئەمەبوو: هونەرى دیالۆگ فێرى خەڵکی بکەن. فێرکارییەکانى ئەوان لەسەر بنەماى ئایین و لە خواترسی نەبوو، بەڵکو لەسەر بنەماى فێرکارى زانستی و ئارگیۆمێنت(برهان) بوو. ئەمڕۆ واتاى سۆفیست بە سەفسەتە(1) لێکدەدرێتەوە، کە بەهۆى نیهیلیزمی هزری- لە کاتیگۆرى رۆشنگەریدا- زێدێکی ساختە بەدەست دێنێت.
هۆبز و باکۆنیش گرنگییەکى تایبەتى دەدەن بە مرۆڤ-پێوەرى پرۆتاگۆراس، بەڵام گۆیا نیتشە زۆر سوودمەند بووە لە سۆفیستەکان، بە تایبەتى لە کایەی رەخنە لە مۆراڵی نەریتی ئایینی و هەوڵدان بۆ خەریکبوون لەتەک توانستی سیاسیی و باو، کە هیگڵ هەوڵیدا سۆفیستەکان لە ناوزڕاوی رزگار بکات و جەخت لە گرنگى ئەوان لەسەر رۆشنگەرى بکاتەوە. بونیادنەرانى پراگماتیزمی خۆرئاوایی وەکو شیللەرى ئینگلیزی رایانگەیاند، کە لە شاگردە هزرییەکانى پرۆتاگۆراسن.
پرۆتاگۆراسخوازی هیومانیستی شیللەرى ئینگلیزی، کە رایگەیاندبوو مرۆڤ لە تێڕوانینی پرۆتاگۆراسدا هەمان پێوەرى زانستە- سەرنجێکی زۆرى رووەو خۆى راکێشا. (رەسڵ)یش رایگەیاند لەسەر بنەماى تیۆرەکانى پرۆتاگۆراس- دۆگمە نەریتی ئایینی و مۆراڵییەکان لە بەرانبەر رۆشنگەرى هەنگینێدا کەوتنە سەنگەر گرتن. ئەو ئامێریکاییانەى گەرەکیانە پراگماتیزمی خۆیان بە هیومانیستی بکەن، هاریکاریان لەم رستەیەى پرۆتاگۆراس وەردەگرت: ((زانست دەبێت پێوەرى هەموو شتەکان بێت)). هایدێگەر دەیگۆت هەرجۆرە هۆشگەرێتییەک لە سۆفیزمی(سۆفیستگەرایی) گریکی نەشیاو بوو، لەبەر ئەوەى مرۆڤ لەوێدا نەیدەتوانى تاکەکەسێکی و هۆشەکی بێت، لەبەر ئەوەى هەیە- رواڵەتی و باو بوو و هەقیقەت-ئاشکرا. سۆفیزمی مۆدێرن گرنگییەکی زۆرى بۆ فەلسەفەى هەنوکەیی هەیە. لە نموونە گەورە سۆفیستە جدییەکان: (نیتشە، ڤیتگنیشتاین، رۆرتی، ڤاتیمیۆ، درێدا، دۆڵۆز، لیوتار، لویتاس و فوکۆ)ن. بەڵام پلاتۆن هەوڵیدا تا سۆفیستەکان ناوزڕاو و ناشیرین بکات و هاوکات کتێبێکیشی بە نێوی (پرۆتاگۆراس)”2″ەوە هەیە. هەرچی زانیارى دەربارەى پرۆتاگۆراس تەنها دەتوانین لە دیالۆگەکانى پلاتۆنەوە وەریان بگرین. پلاتۆن نازناوى (بێ مایە و خۆخواز)ی پێدابوون، لەبەر ئەوەى ئەوان لە بەرانبەر فێرکارییەکانیاندا هەقدەستیان وەردەگرت. هاوکات مامۆستایانی ئەمڕۆ بە ئاماژەکردن بە بڕیار و تێڕوانینی پلاتۆن بە گشتی و هەقدەست وەردەگرن- و لایەنگری پلاتۆنن و دژى سۆفیستەکان دەوەستنەوە. لە رۆژگارى پلاتۆنەوە تا ئەمڕۆ هەڵەى هەموو فەیلەسوفەکان ئەمەیە، کە لە لێکۆڵینەوەکانى خۆیاندا رووکردنە بابەتی نەریتی بە لە پێشتر و گرنگتر دەزانن، کە بە چ دەبێت دەرەنجامێک بگەن! ئەگەرچی ئەو کەسەى راستگۆیانە بە دواى هەقیقەتەوە بێت، گەرەکە روو لە نەریت وەربگێڕێت و ئەمە خۆى بە گشتی رووەو گومانکارى ئاراستە دەکات. سۆفیستەکان چەندین پەیڤیان خستنە روو، کە پێشینان و ئەوانی درەنگتر بە پەنهانى دەیانگۆتن. یاسپەریش سۆفیسم بە ئارگیۆمێنتێکی رواڵەتی ناودەبات، کە بە دڵخوازی خۆیان بۆ ئامانجێک سوود وەردەگرن. ڤالێرى دەنووسێت، کە خزمەتکارى بتەکان کەسانێکن واژەکان بۆ شتەکان و رستەگەلێک بۆ کردارەکان لە خزمەتى خۆیان دادەنێن. پرۆتاگۆراس بە خستنە رووى چەندین بابەت وەکو پێکهێنانى کولتوور و شارستانیەت خەریک بوو، کە هەنگینێ مۆدی رۆژ بوون. پێشکەوتن-وەرچەرخان و پێشکەوتنی کولتوورى بووە جێگە سەرنجی تراژیدینووسانی وەکو ئاخیلیۆس و سۆفیکلیس. بێرتراند
رەسڵ رایدەگەیەنێت، کە لە ئەمەریکا کردەکیانە کێشمەکێشمی نێوان رۆشنگەران و فێندەمێنتالیزم(بنیادگەرا)ەکانی ئایینی بە یادهێنانەوەى دۆخی سۆفیستەکانى گریکستانى ئەنتیکەیە.
بە ئاماژەکردن بە تێڕوانینی هێراکلیتیوس، کە شتەکان بەردەوام لە گۆڕاندان و جیهان وەکو رووبارێکە- هێزی سێنسی و تاکی چەندین کاریگەرى جیاواز قبوڵ دەکەن و مرۆڤێکی تاک تەنها پێوەرى زانینی هۆشەکی و کەسێتی خۆیەتی- کەواتە راستینە(حقیقت)ى رەها بوونی نییە و تەنها راستینەى رێژەیی بوونی هەیە. لەبەر ئەوە جیهانى ئەستوویی(ماتەری) ئێمە بەردەوام لە دۆخی گۆڕاندایە و مرۆڤەکانیش بەهۆى توانستی سێنسی هەمەچەشن دەبنە خاوەنى چەندین بڕیارى هەمەجۆر. لە دەرەنجامدا راستینە و بوون لە تێڕوانینی ئەواندا بە واتای تاکێتی-کەسێتی و هۆشەکی و رێژەییە. بە پێی فۆرمولەى پرۆتاگۆراس زانین بەرێی توانستی سێنسی و پێرسەپتکردن پێکدێت، کەواتە زانین گەرەکە بەهۆى ((توانستی سێنسی)) بناسێندرێت. ئەگەر مرۆڤەکان تێڕوانینی جۆراوجۆریان هەبێت- ئەوا راستینەى ئۆبژێکتی ناشێت بوونی هەبێت. بۆ نموونە ئەگەر مرۆڤ زەردوویی هەبێت، شتەکان بە زەردی دەبینێت. زانین-راستینە-جوانى-چاکە- هەموویان چەند کاتیگۆرییەکی ئەنترۆپۆلۆجیانەن، واتا تەنها بەهۆى ئەنترۆپۆلۆجی شیاوی پێرسەپتکردنن. بۆ پرۆتاگۆراس نە راستینە و نە هەڵە بوونی هەیە، بەڵکو بە تێڕوانینی تاکەکەسی- واتا بەپێی تێڕوانینی هەرکەسێک جیهان تایبەتمەندى خۆى هەیە. پرۆتاگۆراس گەرەکی بوو کۆرسی مۆراڵ و سیاسەت فێرى شاگردەکانی بکات بۆ ئەوەى لە دەسەڵاتدارێتی و دەوڵەتدا لە رێگەى پەیڤین و کردارەوە کاریگەرى دابنێن. ئەوان وەکو پارێزەرێکی بەرگریکارى ئەمڕۆیی بوون.
نەخۆشی دێمۆکراسی هەنگینێی گریک بازاڕى سکاڵاکردن بوو لە تاوانباران، بۆیە هەموو کەسێک گەرەکی بوو بەرگری لە خۆى بکات. بەم هۆیەوە سۆفیستەکان کۆرسی گفتوگۆ و بەرگریکردن لەخۆیان دەگۆتەوە. ئەو کاتە ئەسینا پەیوەندییەکی زۆرى بەوەوە هەبوو، کە مرۆڤەکان رووبەڕووی دادگا بکاتەوە. دێمۆکراسی نیوەچڵی ئەریستۆکراتی، کە یاسا سەرەکییەکان ئەریستۆکراتییەکان بەڕێوەیان دەبردن- ژنان و کۆیلەکان بۆیان نەبوو هاوبەشی لە چالاکییە دێمۆکراتییەکان بکەن. لەبەر ئەوە دۆکترینی گومانکارى بانگەشەیەکی هەڵەبەر و درۆگۆتنی سێنسەکان بوو- گومانکردن لە راستینەى ئۆبژێکتی لە ژیانی پراکتیکیدا بووە هۆى ئەوەى، کە خەڵکی لە خۆیان بپرسن باوەڕیان بە چ شتێک هەبێت و ئەو کەسەى، کە لە فەلسەفەدا جۆرە ژیانێکی ئایینی دەبینی نەیارى سۆفیستەکان بوو. بەم هۆیەوە ئەوان بە بێنرخگرتن و نامۆراڵی تاوانبار کران، ئەگەرچی فەلسەفەکەیان جەختکردنەوە بوو بۆ کامڵبوونی مرۆڤ. سەرەنجام بۆ رزگارکردنى چاکە و راستینە- سۆکرات دواى پرۆتاگۆراس هاتە نێو مەیدانى فەلسەفەى خۆرئاواوە.
پرۆتاگۆراس لە نێوان ساڵەکانى (485-415 یان 450-410)ی بەر لە کریست ژیاوە. ئاوازی یەکەمین هزرڤانانێک بوو، کە بەهۆى پیشەى فێرکارى لە شاگردەکانیان هەقدەستیان وەردەگرت. پرۆتاگۆراس داڕێژەر و نووسەرى یاسایەکی سەرەکی بوو بۆ هەندێک لە کۆڵۆنییەکانى گریکستانى ئەو رۆژگارە. ئەو بەهۆى ئەو بەرهەمانە لە کایەى: زانستە سرووشتییەکان، دەوڵتمەداری- خودایان- هەوڵ و تێکۆشان- راستینە- بووە کەسێکی هەرمان. پرۆتاگۆراس لایەنگرى مۆراڵی نەریتی بوو و دەیگۆت، کە ئەگەرچی خوداکان بوونیان نییە، بەڵام دەتواندرێت رێزیان بۆ دابندرێت، چونکە باوەڕبوون بە بوونی ئەوان بۆ ئارامی چینەکانى کۆمەڵگە بەسوود بوو.
تێبینی: ئەم وتارە بە ناوونیشانی (دوو فەیلەسوفی گریک-دوو فێرگەى دێرین)ە، کە باس لە پیتاگۆراس و پرۆتاگۆراس دەکات. ئێمە تەنها ئەو بەشەى دەربارەى پرۆتاگۆراسە کورداندوومانە.
سەرچاوە: دو فیلسوف یونان-دو مکتب باستان/ علی سلگانى
http://nasour.net/?type=dynamic&lang=1&id=55
) سەفسەتە لە ئینگلیزیدا Sophistry یەو بە واتای گفتوگۆی بێ بەڵگەو زۆربێژی بێ بنەما دێت، کە دیارە ئەمەش دوورە لە سیفەتی مۆراڵیانەی سۆفیستەکان. خانی
) پلاتۆن بە ناوی چەند سۆفیستێکی دیکەیش و خودی تێگەی سۆفیست دیالۆگی هەیە، بۆ نموونە: ((گۆرگیاس: دەربارەی سیاسەتڤان، هیپیاسی یەکەم: دەربارەی جوانی، هیپیاسی دووەم، سۆفیست)). خانی