سەڵاح ڕەوف – هۆڵەندا
زۆرن کە هەردەم بەدوای پارویەکی بێ ئەرک و خەوتنێکی خۆڕاییەوەن، لایان گرنگ نییە بەری کام دار و بەرهەمی کام توانایە خۆیانی لێ ئەکەنە خاوەن و لەساییەدا ئەژیین، گرنک ئەوەیە ویستەکانی ئەوان بەلاشە بێت، وا ئەزانن ئەوەی بۆ ئەوان ئەشێ بۆ کەسانی تر ناشێ, گەر واش نەبێ ئەوا ئەچێتە سنوری لێ خویندن و پسکە پسک لێیان، ئەشێ گەر کارێک کرا، ڕەزامەندی ئەوانی لەسەر بێ ولەژێر ڕێنمایی و هاوکاری ئەوان بێت, گەرلێشی نەزانن، گوایە ئەوکارەی هەندێ کەس ئەیکەن مافی تاکە کەس نییەو ئەشێ بەبڕیاری کۆنفرانسێک یا کۆنگرەیەک ڕێگەیان پێ بدرێ، بەڵام بەمەرجێ خۆیان لە سەروی لیستی بڕیاردەرانی کۆنفرانس یان کۆنگرەکە بن، گرنگ نییە خۆیان چیان کردووە و توانایان چەندە، گرنگ ئەوەیە خۆیان پێشڕەوبن.
لە هەموو دنیادا کۆنفرانس یان کۆنگرە بەپێی پێویست لە ساتی بونی پێویستیەکدا ئەبەسترێ بۆ برەودان بەکارێکی ئەنجامدراو لەلایەن تاکە کەسێ یان چەند کەسێکەوە ئەنجامدرابێ ، یان لەبەر گرنگی شیتەڵکردنی کاری پەیوەنددار بەوکۆنفرانسە.
تاکە کۆنفرانس لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، کۆنفرانسی مۆسیقای عەرەبی بوو، کە ئەویش هەر لەسەر داوای لەوجۆرە کەسانە بوو بۆیە ئەنجامەکەی ئەوەبوو کە ڕویداو زانیاریان لەبارەوە ئەبیستیین، کوتایەکەی چۆن دەستیان پێکرد هەرئاواش ماڵئاواییان لێکرد،هەردوو کۆنگرەکەی تریان بەهەمان مەرەچوو، چونکە کەس لەبابەتەکانی پێشو زیاتر شتێکی نوێی پێ نەبوو، کۆنگرەکەیان تەنها بەسەرفکردنی هەزارەها جنێهی میسری و بۆ ڕۆژانەی بەشداربوان پارەی نوستنی ئوتیلەکەیان، گردبونەوە کەیان نەیتوانی تاکە وشەیەک لە داهێنانیەکانی زەریاب و فارابی لەق بکات جگە لە هێنانی جەند ناوێکی نوێ بەبۆچونێکی دوور لە زانست.
ئاشکرایە ئەوەی بەهرەمەندانی وەکو سەلیم الحلو یان سامی شەوا یان عەبدولڕحمن الچبقچی بۆ مۆسیقای عەرەبیان کردووە بە دەیان گۆنگرەی ئوتێل بەلاش نایەتە بەرهەم، هەرچەندە ئەو بۆچونانەی ئەوانیش زۆر جیاواز نەبوون لە بۆچونەکانی زەریاب و فارابی، بەڵام ئەتوانیین بڵیین بەتایبەتی بۆ چونەکانی عەبدولڕحمن الچبقچی تۆزێ لە سەرقاڵی و جەنجاڵی بەناو تیۆرەکانی زەریاب و فارابی کەم کردۆتەوە. هیچ نەبێ ناوی حەوت دەنگە مۆسیقایەکەی وەکو مۆسیقای جیهانی لێکرد کە هەر ئۆکتاڤێک حەوت دەنگە، لای زەریاب و فارابی دووئۆکتاڤ بکاتە ٤٨ دەنگ و لەسەر بنەمای چارەکە دەنگی ناو نراون، لە ساتێکدا لە مۆسیقای هەموو جیهاندا پلەدەنگی چارەکە دەنگی نییە، بچوکترین میانە نیو میانەیە و پاشان سێ چارەکە میانە و میانەی تەواو، هەر چەندە بۆچونەکانی زەریاب و فارابیش لە بۆچونی (( هۆگباڵدی بەلچیکی ٨٤٠-٩٣٠)) و ((جیدۆاریدزۆی ئیتالی ٩٩١ -١٠٣٣)) زیاتر نەبون کە بریتیبوون لە دۆزینەوی نۆتەکانی مۆسیقاو پلیکانەی مۆسیقا و مۆدەکانی مۆسیقای کەنیسە.
تائێستاش عەرەب و دانیشتوانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕات لە سەر هەمان بۆ چونی ئەوان ئەڕۆن ڕۆژ بەڕۆژ گرێ کوێرەکە ئاڵۆزتر ئەبێت،لای ئەوروپاییەکان ئەم سەر لێشێواویەی مۆدو پەیژەکانی مۆسیقای کەنیسە بەردەوام بوو تا ئەو کودەتا گەورەیەی کە مۆسیقازانی فەرەنسی ((جان فیلیپ رامۆ ١٦٨٣-١٧٦٤)) بەدۆزینەوەی بنەما شاراوەکانی ناو تیۆری مۆسیقای جیهانی، بەتایبەتی لە نێوتیۆرەکانی مۆسیقای کەنیسەدا نەبوون، کە هەرە گرنگەکەیان بریتیبوون لە بنیات نانی پەیژەی تێکڕای(السلم المعدل- Diatonic Scale) و پەیژەی کرۆماتیک و (بازنەی پینجی- Quints Circle) و چەسپاندنی ڕابەری پەیژەی مۆسیقا، کە بەهوی دۆزینەوەی ئەم بنەما زانستیانە کە پڕاوپڕ پێچەوانەی تیۆرەکانی مۆسیقای کەنیسە بوون،بۆیە ڕامۆ ناچاربوو سەری خۆی هەڵگرێ و تا دوا ساتەکانی ژیانی لە وڵاتی ئیتالیا بژی. بەچەندساڵێک دوای ئەودۆزینەوەیە مۆسیقازانی جیهانی ((یۆهان سبستیان باخ-١٦٨٥-١٧٥٠)) کە هاوتەمەنی ڕامۆ بوو, لە سەر بنەماکانی ڕامۆ (پەیژەی دیاتۆنی- السلم المعدل) بەتەواوی سەپان بەسەر مۆسیقای ئەوروپیداو کارلەسەر بازنەی پێنجی سەروو خوارووکرا.
لەهەموشی گرنگتر لە بۆچونەکانی ڕامۆ دۆزینەوەی ڕابەرەکانی سەر پلیکانی مۆسیقا کە بریتین لە:
١- ڕابەری کلیلی مۆسیقا: هەرسێ جۆرەکەواتا کلیلی سۆل و کلیلی دۆ و کلیلی فا و بەکارهێنانیان بەپێی جۆری دەنگ، مرۆڤی یان ئامێری مۆسیقا.
٢- ڕابەری پەیژە کە بەهۆیانەوە جۆری پەیژە مۆسیقاییەکان ئەناسرێنەوە.
٣- ڕابەری ڕیتم کە بەهۆیەوە جۆری ڕیتمی مۆسیقاکە دەست نیشان ئەکرێ.
ئەمانەی کە باسمانکرد بەتایبەتی خاڵی دووهەم لە مۆسیقای ڕۆژهەڵاتییدا بۆنی نییە، کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی مۆسیقا بەشێوەی زانستی، زۆربەی هونەرمەندەکانی خۆمان لەهەوڵی پەیڕەوکردنی ئەو بنەماسەرەکیانەن کە لەمۆسیقای جیهانیدا هەیە، بەتایبەتی خاڵی دووهەم کە بریتییەلە بەکاربردنی ڕابەری پەیژە بەشێوازە زانستیەکەی، بەڵام بەداخەوە هەندێک تائێستاش پاشکۆی نەتەوەکانی دەوروپشتن کە ئەوانیش گوێ لەمشتی بنەما تیۆریەکانی زەریاب و فارابیین، من ڕام وایە بەم نزیکانە ئێمەی کورد ئەبێ خۆمان لەدەست ئەو بنەما نازانستیەکانی زەریاب و فارابی و گوێ لەمشتەکانیان ڕزگارکەیین.
ئەوشۆڕشە گەورەیەی لەدوای ئەوبەهرەکاریانەی کە ڕامۆ کردی و پاشان سەپاندنی بیرۆکەکە لەلایەن (باخ) ەوە بووە هۆی بنیادنان و فراوان بونی ئاستی داڕشتنی فۆرمە نوێکانی مۆسیقا لای ئەوروپیەکان بە شێوەیەکی زۆر زانستیانە.
ئەمانەی باسکران هەمویان کاری تاکەکەسین و هیچیان داوایان نەکردووە کارەکانیان لەژێر سایەی خەلکی تردا بڕوامەندبن، گەر کۆنگرەیەکیش بۆ ئەوبابەتانە گیرابێ ئەوا بەپەرۆشی کەسانی زاناو خاوەن بڕوانامەی بەهرەمەندانە، یان لایەنی دەسەڵاتداری دڵسۆزی نەتەوە، کە هەست بە بوونی کارێکی شیاوی زانستی بکات بەئەنجام گەیانراوە، یان بەپێزی ئەوکارانە خۆیان بونەتە جێی پەسەندی دانشگاو مەڵبەندە بسپۆرەکانی ئەو بابەتانە.
ئێمەی نەتەوەی کورد ئەبوایە زۆر لەمێژا خۆمان لەو تەنگوچەڵەمەیەی دەوروپشتمان دوربخستایەتەوە، نەک ببینە پاڵپشت بۆیان ، کۆکردنەوەی بەرهەم و ئاوازە ڕەسەنەکانی نەتەوەکەمان پێویستی بەکۆنگرەی مۆسیقانییە،ئەوکارە سەرەتا بەکاری تاکەکەسی یان چەند کەسیك دەست پێ ئەکات، هەروەها هەندێ مەلبەندی تر هەیە کە ئەوکارانە ئەکەن و کردوشیانە بۆنمونە ئنستوتی کەلەپوری کوردی،هەروەها دەستنیشانکردن و ڕووماڵکردنی مۆرکی ڕەسەنی نەتەوایەتی، پێویستی بە زانستییەکی قوڵ و پڕ هەیە ئەوەی کە بەم کارە هەڵئەسێ جگەلەتوانای خۆڕسک، پێویستی بەتواناو زانستی کەسانی تریش هەیە،لە ئەوروپا کەم کەس هەیە بەمۆرکی ڕەسەنی نەتەوەکەی ئاشنا نەبێت، چونکە لەلایەن زانایانیانەوە روماڵێکی ئاسانکاری وای بۆکراوە کە زۆر زوو بۆ ئاستی هەموو تەمەنەکانی مرۆڤەکانیان ئاشنا ئەبێت.
لای خۆمان هەندێ کەسی بەناو مۆسیقازان هەیە کە خۆی لەتۆپکی زانستی مۆسیقادا هەژمار ئەکا، بۆنموونە تائێستا نەیان توانیوە دوو دێری بەپێز لەسەر مۆرکی ڕەسەنی هونەری سازو ئاوازی نەتەوەکەمان بنوسن، هەرچەندە ئاشکرایە کە ڕادەی زانیین بەدووجۆر دەرئەکەوێ یەکەمیان نوسین، دووەم باسکردن، زۆرکەم لەهونەرمەندانی ئێمە خاوەنی ئەودوو توانایەن، بەڵام مەخابن هەندێ کەس خاوەنی بلیمەتییەکی ترن، ئەویش: گەر کەسێک کارێکی ئەنجامدا، گەر زۆر ڕەحمی پێبکەن ئەوا ئەڵێن ئەوکارە ئەبوایە لەژێر سایەی کۆنگرەیەکی نەتەوەیدا ئەنجام بدرایە، یان ئەڵێن هەندێ کەس تازە بەتازە باس لە ناسنامەی ڕەسەنی کوردی ئەکەن گوایە خۆیان لەوسەری هاتونەتەوە، هەرچەندە خۆشیان نە بە نوسین و نە بە باسکردن ڕۆژێک لەو بابەتە نەدواون،ئەوەش گەورەترین بەڵگەیە بۆ بێ ئاگاییان، گەر وانییە خۆشحاڵین کە بیروڕاو سەرنجیان بزانین، جا بەنوسین بێت یان بەباسکردن، لەبەرئەوە ئەوە پێویستیەکی نەتەوەییە، گرنگ نیە ئاستی باسەکەیان چۆنە گرنگ ئەوەیە بیروڕایان بخەنەڕوو، تا نەوەکانی نەتەوەکەمان کەڵکی ڵێ وەرگرن، چۆن لەهەمووجیهاندا گەورە تابچوک بە مۆرکی ڕەسەنی نەتەوەکەی خۆیان ئاشنان، نەک لەمۆسیقا بەڵکو لەهەموو بوارەکانی ژیانی نەتەوەییان، من لێرەوە بەدەنگی زوڵال هاوار ئەکەم پاش ئەوهەموو نەهامەتییەی نەتەوەکەمان لە پارچە پارچە بونی وڵاتەکەمان و نەبونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، هونەرەکەشمان هەرلەسایەی ئەو دەسەڵاتانەدا ماوەتەوە،هەمان تەنگوچەڵەمەی مۆسیقای دراوسێکانمان شانی ئێمی کوردیشی گرتووە،دەڵێم ساتی ئەوەهاتووە هەرکەسەو لە ئاستی خۆیەوە هەست بەبیری نەتەوەیی بکات و مۆرکە ڕەسەنەکانی هەمووبوارەکانی نەتەوەکەمان یاداشت بکەن ئێستا کاری نوسین و بڵاوکردنەوە زۆر لە ساتە پێشووەکان ئاسانترە من بیرمە لا ساڵەکانی حەفتاکان بە دەست و نوسینی خۆمان کتێبمان چاپ ئەکرد لە بەرئەوەی چاپی نوسینی نۆتەی مۆسیقا لە وڵاتەکەماندا نەبوو. ئێستا کارەکە ئەوەندە ئاسانە جگە لەتوانای نوسین و باسکردن پێویستت بەهیچ هیلاک بونێکی تر نییە، بۆیە داواکارم لە هونەرمەندان و هونەردۆستان (جگە لە مشەخۆرەکان) کە خۆیان دورنەگرن لە بواری ئاشناکردنی پیناسەی هونەرەکەمان بە خودی نەتەوەکەمان و دەوروپشت و بگرە جیهانیش،گەر شارەزاییان لێی هەیە، بەپێچەوانەشەوە با باڕتەنگی بۆ کەسانی تر بنیاد نەنێن و لێپرسینەوی مێژوویان نەخەنە پاڵ کە تاک ڕەوییان کردووە، خۆشیان هەلی ئەم ژیانە لە دەست خۆیان نەدەن، گەرتوانادارن، هەوڵبدەن شان بەشانی برا هونەرمەندەکانی تریان پێناسەکردن و ناساندنی مۆرک و شیوازی هونەری کوردیمان بخەنە دوتوێی نوسین و باسکردن،ئیتر بەس بە تەنها بەچەند وشەیەک کە جگە لە پیشاندانی بێتوانایی خۆیان هیچی تری لێ بەدەست نایەت، گوایا ئەمە ئەرکی کۆنگرەیەکی نەتەوەییە (کۆنگرەی ئوتێل بەلاش)، نەک کاری تاکە کەسی، کە لەڕاستیدا پیچەوانەکەی راستە، ئەوکارانە لە کاری تاکەکەسی یەو دەست پێئەکا دواتر ئەبێتە کاری دەستگایەک، پاشان زانکۆیەک بۆ پیناسەکردنیشی کۆک بونی ڕای سەرجەمی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران دەبێتە کاری وەزارەتێکی پەیوەست بەوکارە.
هەرچەندە ئاشکرایە هەموو سەرەتایەک بێ هەڵەو بێ کەموکوری نابێ، گرنگ ئەوەیە هەموو هەوڵبدەین دەست لەناودەست، بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دەوڵەمەندو زانستیانە بۆ بەرەوپێشچونی ئاستی هونەری نەتەوەکەمان،بۆیە من لێرەدا بە گرنگی ئەزانم کە ئەم نوسینەم ببێتە تەوەرێک و قسەی لە سەر بکرێت.
سەڵاح ڕەوف
هۆڵەندا
٢٠١٥