چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
سێ ھەفتە ھونەرمەند پرشنگ توانا لەکوردستان مایەوە، سەردانی ئەمجارەی بۆ کارێکی شەخسی بوو، بۆیە لەھیچ کەناڵێک دەرنەکەوت، رۆژیک پێش گەڕانەوەی بۆ وڵاتی سوید، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (سڤیل) ئەنجامدا و باسی ھەندێ شتی کرد کە پێشتر باسی نەکردووە.
سڤیل: سەردانی ئەمجارەت بۆ کوردستان ھونەرییە، یاخود تایبەتییە؟
پرشنگ: بۆ کارێکی تایبەت بوو، ھیوادارم بۆ کاتێکی تر کاتێک کارە ھونەرییەکانم تەواو بوو جارێکی تر بگەڕێمەوە کوردستان.
سڤیل: چوار ساڵە بەرھەمی تازەت نییە، خەڵک دەپرسی پرشنگ وازی ھێناوە یان نا؟
پرشنگ: بێگومان ھەر بەردەوامم لەکاری ھونەری، خەریکی کاری تازەم، بەڵام لەبەرئەوەی لەکوردستان ناژیم کاری ھونەری لەدەرەوەی وڵات سەختە، لەبەرنەبوونی کات و باری دارایی کارەکان زوو تەواونابێ، بەڵام تاوەکو بتوانم لەکاری ھونەری دواناکەوم، ئەوانەی ھەواداری دەنگی منن، پێیان دەڵێم کاری تازەم بەدەستەوەیە، بەڵام ناتوانم دەستنیشانی کاتەکە بکەم، کەی کارەکەم تەواو دەبێ.
سڤیل: کاتی ئەوە نەھاتووە بە یەکجاری بگەڕێیتەوە کوردستان؟
پرشنگ: خۆی کاتی ئەوە ھاتووە، ٢٦ ساڵ زیاترە لەمن لەدەرەوەی وڵاتم، زۆر خۆشحاڵم بەوەی کە من بێمەوە کوردستان و لەوڵاتەکەی خۆم بژیم، بەڵام بەدوای کات و دەرفەتێکی باش دەگەرێم، ھەرکاتێک بێمەوە لەگەڵ خێزانەکەم دێمەوە، ھیوادارم ئەو کاتە زوو بێت.
سڤیل: کلیپەکانت ھەمووی بەجلی کوردییەوەیە، ئەگەر لەسەر ستایلێکی نوێ کارت کرد ئامادەی جلی مۆدە لەبەربکەی؟
پرشنگ: لەوانەیە تێکەڵ، جلی کوردی و مۆدەش لەبەر بکەم، یەکێک لەحەزەکانی من ھەمیشە حەز بەجلی کوردی دەکەم و ھەموو کات لەبەری بکەم، کە بەجلی کوردی گۆرانی دەڵێم شانازییەکە بۆمن جلی کوردی خۆم پیشانی ھەموو کەسێک بدەم، جلی کوردی رەسەنایەتی من دەردەخات. ئەگەر بەجلی مۆدەش بیکەم ئاساییە.
سڤیل: ئەوەندەی لەکوردستان ھەر بەجلی کوردییەوەی، بەم گەرمایە لەبەرکوردنی جلی کوردی قورس نییە، کە زۆربەی ژانانی ئێستای کورد لەبەر گەرما لەبەری ناکەن؟
پرشنگ: لەبەرئەوەی ئەوکاتەی کە دەچمەوە سوید ھەتاوەکو لەفرۆکە دادەبەزم و دەچمەوە شوێنی خۆم بە جلی مۆدەم، بەڵام ھەتاوەکو دەگەڕێمەوە کوردستان ھەر بەجلی کوردییەوەم، لەبەرئەوە کە دێمەوە کوردستا خەڵکانێک پێم دەڵێن زۆر گەرمە ئەم جلە کوردیانەت لەبەرە، بەڵام من ئەو قسانە و گلەیانەی خەڵک و گەرمایە ھەمووی قبوڵ دەکەم بە مەرجێک ھەر بەجلی کوردییەوە بم.
سڤیل: ئەم سێ ھەفتەیەی لەکوردستان بووی چۆنت رابوارد؟
پرشنگ: وەڵڵا خۆشبوو، من لەماڵی کەسێکی زۆر نزیک و خۆشکێکی زۆر بەرێز بووم لێرە، ھەرچەندە من کارێکی گرنگی خۆم ھەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەھاوکاری ئەوان گەرام بەناو شاری ھەولێر و چووم سەردانی سلێمانیم کرد و کاتێکی زۆر خۆشم بەسەربرد، ئێستا خەفەتی ئەوە دەخۆم کە دوو بەیانی دەگەڕێمەوە سوید و خۆشی ئەم وڵاتە بەجێدەڵێم و ھەمیشە لەکۆتاییەکەی دڵم زۆر ناخۆش دەبێ کە بۆ ھەندەران دەگەڕێمەوە.
سڤیل: حکومەت ھاوکاری ھونەرمەندە کوردەکانی دەرەوەی وڵات دەکات؟
پرشنگ: من ھەمیشە گوتوومە دەبێ پاڵپشتی ھونەرمەندان زۆر گەورە بێت، من لەھەموو شوێنێک دەڵێم بەشێکی ھونەرمەندان وەکو ھەتیون و پاڵپشتیان نییە، لەبەرئەوەی جیاوازی دەرکرێ لەنێوان ھونەرمەندێک بۆ ھونەرمەندێکی تر، ھەندێکیان مافی تەواویان دەخورێ، ھەندێکیشان بەبێ ئەوەی سەیری ھونەرەکەی بکەن مافی تەواوی دەدەنێ، رەش و سپی تێکەڵ بەیەک دەکرێ.
سڤیل: تۆ لەمافخوراوەکانی یاخود پێداوەکان؟
پرشنگ: “بەپێکەنینەوە” وەڵڵا من لەمافخوراوەکانم، من بوومەتە پێشکەوتەی دواکەوتە، چونکە من دەمێکە وەکو ھونەرمەندێک کار دەکەم، بەڵام بەراستی نازانم بەھۆی پەیوەندی کەسایەتییە یاخود شتی تر لەھەندێ شت مافخوراوم، نەک من چەندەھای وەک من ھەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی شەخسی، ھەتا ئەوەش ھەبێ ھونەر پێشناکەوێ، ھەندێ جار ئەوە لەکارەکەت سارد دەکاتەوە، بۆ نموونە زۆرجار پێمدەڵێن بۆچی ھەشت ساڵ لەنێوان ئەلبوومی یەک و ئەلبوومی دووەم ھەیە، ئەگەر ھاوکاری نەبێ ئیشی ھونەری وا زەحمەتە.
بەڵام لەبەرئەوەی دەبینم لەکوردستان پاڵپشتییەکە زۆر نییە بۆ ھونەرمەندانی ئێمە، ئێمە لەسوید کۆمیتەیەکی ئامادەکارمان دروست کردووە، رێکخراوێکی ھونەرمەندان دروست بکەین، یەکێک لەوانە خۆمم، ھەروەھا کاک نەجمەدین غولامی و پەیوەید جاف و ئەیاد حوسێن، ھەردی حوسێن، ئامانج، ئیسماعیلی ماملێ، دەڵێین بەڵکو خۆمان پشتی یەک بگرین، ھەندێجار ئەوەش کارێگەری ھەیە، کە ھونەرمەند پشتی ھونەرمەند ناگرێ، ئێمە دەمانەێ ھەموو ھونەرمەندان پشتی یەک بگرین و لەپێناو ھاوکاریکردنی یەکتر، ئێستا دەستمان پێکردووە و دەستوور و پەیرەو و پرۆگرامێکمان داناوە، بە سویدی و کوردی ھەردوو زاراوە، لەمانگی نۆ کۆنگرەیەکی گەورەی ھونەرمەندان دەکەین بۆ سەرتاسەری سوید، دوای ئەوە بۆ ھەموو ئەوروپا، پەیوەندیی راستەوخۆمان دەبێ بەھونەرمەندانی کوردستان، ئەوە ھەنگاوێکی گەروەیە ئەگەر ئێمە پشتگیریشمان نەبێ بەس خۆمان پشتکیری یەکتر بین و بەکارێکی پیرۆزی دەبینم.
سڤیل: کەواتە چ داوایەکتان ھەیە بۆ ھونەرمەندانی کورد لەبارەی ئەو رێکخراوەی کە دایدەنێن؟
پرشنگ: داوایان لێدەکەم پاڵپشتی یەک بین و ھەموومان کۆبینەوە بێننە ناو ئەو رێکخراوە، بۆئەوەی کارێکی جوان بکەین، بۆئەوەی یەکێک لەھونەرمەندان بیەوێ ئەلبوومێک یاخود کلیپێک بکات کاری بۆ بکەین، ئەویتر پشتگیری ئەوی تر بکات، چونکە رێکخراوەکە لەگۆرانیبێژ و موزیکژەن و شاعیر و نیگارکێش پێکدەێت.