ئایا کۆنگرەی سەندیکای هونەرمەندان بێ ژن دەبێت؟
فرمێسک مستەفا
ژنانی هونەرمەندی کورد، تا ئێستاکە نەیانتوانیوە پێگەی خۆیان بەهێز بکەن، بە قەوارەی ئەو قوربانییەی ئەیدەن. تا هۆشیاری ئەوەیان لا دروست بێت بە دووی داواکارییەکانی خۆیاندا بکەون، وە بەرگری لە پێگەی خۆیان بکەن لە ناوەندە چالاکییە هونەرییەکاندا بە گشتی، کە ساڵانە لە سەرتاپای کوردستان و دەرەوەی کوردستان سازئەدرێت.
وە بەتایبەت لە رێکخراوێک وەک سەندیکای هونەرمەندان کە کار بۆ خودی هونەرمەند خۆی دەکات. لێرەدا ئەوەی دەمەوێت باسی لێ بەم ، ئایا ئەم ڕێکخراوە تا چەند توانیوێتی ژنە هونەرمەندەکان لە خۆی نزیک بکاتەوە؟ ئەی بۆ ژنە هونەرمەندەکان بەرەوەپیری ئەم رێکرخراوە ناچن؟ هۆکار و ڕێگرییەکان چین لەبەردەم دوورە پەرێزی هەردوو لایەنەکە!.
کەم بوونی ژن یان وەک یەک نەبوونی ژن و پیاوە لە بڕیارەکانی سەندیکای هونەرمەندان، واتای نا یەکسانی و رێزنەگرتنە لەو خەباتە سەختەی ژنی هونەرمەند، لە رابردوو و لەئیستاشدا بۆ بەهونەرمەندبوونی بەرانبەر کۆمەڵگەیەکی داخراو دەیکات، کە تا ئیستاش بەشێکی زۆری هاتنە دەرەوەی ژنی پێ شەرمە. ژنی هونەرمەند هەم ئەو دەرگا داخراوانە دەشکێنێ ، هەم بەهونەرەکەشی خزمەتی وڵات و مرۆڤایەتی دەکات، کەوایە ئەرک و دەستکەوتی گەورەتریشە لەپیاو بەڵام بەشداری ناوەندەکانی بڕیاری هونەری نییە بۆ نمونە سەندیکاو لقەکانی، تەنها ئەندامی قەرەباڵغکەری ئەو سەندیکایەو هیچی تر……
ئەگەر سەندیکا وەڵامیان ئەوەیە ژنان نایەنە پێشەوە بۆ خۆ کاندیدکردن، دەبێت لەخۆیان بپرسن، چییان کردووە، تا تێبگەن ژنان بۆچی خۆیان ناپاڵێون،؟ بۆ ئەوەی لەکۆنگرەی هونەرمەندان دەنگ بهێنن. ئایا لەگەڵیان دانیشتوون، ئایا لەو کێشەیان کۆڵیوەتەوە کە نەنگییەکی گەورەیە بۆ سەندیکایەک، ناوی سەندیکای هونەرمەندانەو سیمایەکی تەواو پیاوانەی هەیە، لەناوئەو هەموو ژنەدا؟.
تا ئێستا پاساوێکی لاواز هەیە، کە دەڵێت: بەهۆی ئەوەی دەوامی سەندیکا ئێوارانە ژنان خۆیان حەز ناکەن خۆیان بپاڵێون، ئەمە من ئەتوانم لەناو ئەو هەموو ژنە هونەرمەندە ئازادەدا، بەپاساوێکی نا راستی ببینم، جگە لەوەش بەڵگەی مەلموسم لایە، کە لە ستافی پێشووی سەندیکای هونەرمەندان یەک ژنە هونەرمەند بە کارمەندی بەسیت لەگەڵیان دامەزرا، رۆژانە دەوامی خۆی دەکرد وەکو هەر یەکێک لەوان، بەڵام بەهەموو پیاوەکان وەدەریاننا ، چونکە کوتلەی ئەم شار نەبوو هی ئەو شاری تر بوو .
من پێموایە هۆکاری سەرەکی دڵنیابونی ژنانە لەوەی پیاوانی هونەرمەند کە کوتلەکانیان بۆ سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەری سەندیکا ، کوتلەی حزبەکانە، حزبەکان هاوکاری سەرکەوتنیان دەکەن، دەنگ بەوان نادەن، یان بەهێزی کوتلەکانیان بەهۆی حزبەکانەوە رێگەنادات ژنان سەرکەون بۆ سەرەوەو دەنگ بهێنن، بۆیە نایانەوێت خۆیان کاندید بکەن.
ئەم ترسەی ژنانیش ترسێکی رەوایە، ئاخر هەموو کەس ئەگەر دڵنیا بێت هەر لەسەرەتای گەمەکەوە دەدۆڕێت ناچێتە ناو هیچ گەیەمەیەک، جا ئەگەر گەمەی دیموکراسی بێت یان هەر گەمەیەکی تر. نامەوێت بڵێم ژن لە دۆران ئەترسێت ئەوەنەی مەبەستمە بڵێم کوتلەی پیاوەکان کە حزب و ڕاگەیاندنی حزبەکان لە پشتیانن. تیمەکەیان لەو گەمەیەدا بەهێزتر دەبێت لە تیمی ئەو ژنانەی کە نە ڕاگەیاندن نە حزبەکان کەسیان لە پشت نییە.
بۆ رەواندنەوەی ئەم ترسەی ژنانیش دەبێت ئێمە لەهەموو رێکخراوە دیموکراسیی و مەدەنیەکاندا، پیادەکردنی هەمان سیستمە کە پەرلەمانی کوردستان پیادەی دەکات و سیستمی کۆتای داناوە بۆ بەشداری ژنان لە دەسەڵاتی یاساداناندا.
واتە پەڕلەمان، هەر ئەو سیستەمەشە دەبێت شۆڕبکرێتەوە بۆ حکومەت بۆ هەموو رێکخراوەکان، بەپێی ئەو رێژەیەی دیاری کراوە پشکی ژن گەرەنتی کراو بێت بۆ ژن،نەک بە هۆی دەنگ نە هینانەوە پیاو بچێتە جێگایان و بڵێ من نوێنەرایەتیتان دەکەم
ئەو رێژەیە بەپێی یاسا، لە % ٢٥ ــە کە ئێمە وەکو ژن بەو رێژەیە رازی نین بەکەمتر لە مافی ژنی دەبینین
بەڵام هێشتاش لە رێکخراوێکی دیموکراسی و مەدەنی و ئینسانی و وەکو سەندیکای هونەرمەندان رەوانابینرێت بە ژن.
من لێرەوە بەم وتارە دەست دەکەم بەکار کردن لەسەر ئەو پرسە..
یان دەبێت رێژەی ژن دیار بێت، گەرەنتی کراو بێت لەو سەندیکایە، بۆ ئەو ژنە هونەرمەندانەی قوربانیان بە زۆرشتدا لەپێناو هونەرەکەیان، یان ئەوەتە لەگەڵ ژنانی هونەرمەند دەبێت بیر لەوە بکەینەوە چۆن کۆمەڵەیەک بۆخۆمان دروست بکەین لەدەرەوەی سەندیکایەکی پیاوانە!
.
تێبینی : قسە لەگەڵ سەندیکا کراوە بەردەوامیش دەبم لە قسەکردن.