وشیار ئەحمەد ئەسوەد : لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا هێشتا هەرزە بووین، لە سەنتەرەکانی لاوانی کەرکووک خۆمان خەریکی جینگەجینگی موزیک و ورتەورتی شانۆ دەکرد، لە بیرمە ڕۆژێک خوالێخۆشبوو مامۆستا جەمیل جێماو خۆی کرد بەژووردا و بۆ هەندێک ئامۆژگاری هەموومانی لە ئامێزە گەرمەکەی کۆ کردەوە، ئەو کۆمەڵێک شتی لەبارەی شانۆوە بۆ باس کردین کە بەلای ئێمەی هەرزەکارانی ناو دنیای هونەر نامۆ بوون، ئاخر جارێ لەو بوارانەدا فەریک بووین و هەشتەبامان لێ نەدەزانی، بەڵام ئەوەندەمان لێ هەڵکڕاند کە ئەم مرۆیە لە ئامۆژگارییەکانیدا مەبەستیەتی دواڕۆژێکی گەشەداری هونەریمان پێشان بدات، ئێمەیش هەر دەبوو بەگوێی بکەین، چونکە بۆ ئەو قۆناغە لە کەرکووک و لە هونەردا هەر ئەو زاتانەمان شک دەبرد، واتە مامۆستا جێماو و هاوڕێکانی.. بۆیە زێدەبێژیم نەکردووە ئەگەر بڵێم وەک خۆم تا ئێستایش ڕۆحی ئەو مرۆیەم بەدیارەوەیە.
مەبەستم نییە لەسەر جەمیل جێماو بوەستم، چونکە لەوە بەدوا لێی دابڕاین و تا ساڵانێک بەر لە کۆچی دوایی ئیتر لە ناوەندەکەدا نەماندیتەوە، بگرە ئەوەی مەبەستم بوو لەو نموونە باڵایە، کاریگەریی ئەوانی پێش خۆمان لەسەر نەوەکانی دواتر ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرای هەبووە.. لەنێو ئەو هونەرمەندانەی ئەوکات لە کەرکووکدا دەکەوتنە بەرچاو و کاری باڵایان دەکرد (سەلمان فایەق کاکەیی – جیهاد دڵپاک – جەلیل زەگنە – عەلی کەریم – عەبدولڕەحمان مەحموود – مەحموود گلیی جوعە کەچەڵ) و چەندانی دیکە تا ئەم دەمەش لە دیدی کەرکووکییاندا بەباڵایی ماونەتەوە، بێگومان هەندێکیان دوور کەوتنەوە و هەندێکی دیکەیشیان لە ئاستی مامناوەنددا مانەوە، بەڵام لەوەشدا زێدەبێژیم نەکردووە ئەگەر بڵێم (جیهاد دڵپاک) لە هەرە دیارترینیان بووە، ڕەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بێت کە (دڵپاک) هەر لە “بەهاری دزراو” و “مەرەزە” و پاشان “ژاڵە”، لە پاڵەوانیەتی و ڕۆڵی سەرەکیدا گەمەی هونەریی دەکرد، هاوکات لە هەموو ئەوانەشدا ڕۆڵی کەسی چەوساوە و هەروەها شۆڕشگێڕی بەرجەستە دەکرد، بۆیە نەک تەنیا لە کەرکووک، بگرە لە تەواوی کوردستاندا بووە هونەرمەندە خۆشەویستەکەی خەڵک.. لێرەشدا مەبەستمە بڵێم تەواوی هونەرمەندانی ئەو قۆناغە تا ئەم دەمەیش کاریگەرییان بەسەر هونەرمەندانی بواری شانۆ لە کەرکووکدا ماوە، بەڵام لە نێویاندا (جیهاد دڵپاک) زۆرترین پشکی لەو کاریگەرییە بەردەکەوێت.. ڕەنگە ئەستەم بێت ئاماژە بەچەند ناوێک بدەم و جیقڵدانە تەنگیی هونەرمەندانی ئێمە لە کەرکووکدا ئەو تەرزە هەڵوێستانەیان بەئاسان پێ هەرس ناکرێت، بەڵام ڕاستیتان دەوێ چەند ناوێک لە بواری شانۆ لە کەرکووکدا لە سەرەتایانەوە تا ئەم دەمەیش نەیانتوانیوە ئەو کاریگەرییە لە کارەکانیاندا بشارنەوە یاخود لە لاساییکردنەوەی (دڵپاک) خۆ بەدوور بگرن کە پێم وانییە تەنانەت (دڵپاک) خۆیشی بەو جۆرە هونەرە ئاسوودە بێت.
ئەمە بەشانوباڵ هەڵدانی هونەرمەند (جیهاد دڵپاک) نییە و ئەوەندەیش لێیەوە نزیک نیم تا پێویستیم پێبێت، ئەدی خۆ ئەو گەیشتووەتە ئەو پێگە و ئاستە هونەرییەی لە ناسیندا پێویستیی بەئێمەمانان نەبێت، بەڵام بۆ ئێمەیش ویژدان مردووییە ئەگەر ڕاستییەکان وەک ئەوەی هەن نەیانگێڕینەوە.. لەوەش واوەتر ئەو دۆخە شلۆقەیە کە لە کەرکووکدا شانۆی کوردی تێی کەوتووە، ئەمە نەک بەو واتایەی لەو شارەدا هونەرمەندی باش و تیپی باش و کاری باش بوونیان نەبێت، بگرە ئەگەر بکەوینە بەراوردەوە، دەبوو لەناو ئەوەندە ساڵەی کارکردن بەئازادی، هەنگاوەکان ڕووە و داهێنان و کارە نوێخوازییەکان لەو شارەدا خێراتر بوونایە نەک وەک ئەوەی دەیبینین هەرچەندی بڵێی خاووخلیچکن.
ئەو پۆلە هونەرمەندەی ئەو قۆناغە کە نەک تەنیا لە کەرکووک، بگرە لە تەواوی کوردستاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و تا ئێستایش هەمان کاریگەرییان هەیە و بەستوونەکانی هونەری شانۆ هەژمار دەکرێن، دوای بەجێهێشتنی شارەکە لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، ئەو بوارە هونەرییە لە کەرکووکدا ڕووی لە کزی کرد، وێڕای ئەوەی لە دوای ساڵانی نەوەتەکانیشەوە دیسان هەڵپەیەکی تری شانۆمان لە کەرکووکدا بینییەوە، بەڵام تا ئەم دەمەیش نەگەیشتە ئەو ئاستەی تەواوی بۆشاییەکانی پێشتر پڕ بکرێنەوە، واتە جێهێشتنی کەرکووک لەلایەن هونەرمەندانی نەوەی پێشترەوە و جێگیربوونیان لە شارەکانی دیکەی کوردستان، جیا لە دروستکردنی بۆشایی لە شارەکە، هاوکات ڕۆڵیان لە پڕکرنەوەی بۆشایی دیکە بینی لەو شارانەی بۆیان چوون.. ئەوان تا ئەم دەمەش بەهەمان هەناسەی پێشتر و واوەتریش کاری هونەری دەکەن، بۆیە لە ئێستادا لە پێویستییە گرنگەکانن بۆ کەرکووک، مەبەستم موزایەدەی گەڕانەوەی ئەوان بۆ شارەکە نییە، ئەوەندەی مەبەستمە بڵێم بۆ گەشەدان بەشانۆی کوردی لە کەرکووکدا جیهادێکی دیکەمان پێویستە، واتە هەوڵدان بۆ دروستکردنی جیهادەکان دەکرێ لە ڕێگەی کەسانی وەک (جیهاد دڵپاک) و هاوڕێکانیەوە بێت.. ئەوان ئەگەر دەرفەتی گەڕانەوەیشیان بۆ کەرکووک لاواز بێت و نەگونجێت، بێگومان ئەویش بەهۆی تایبەتمەندیی ژیانی کەسی و خێزانیی هەر یەکێکیان، بەڵام دەکرێ لە ڕێگەی گواستنەوەی ئەزموونەکەیانەوە ئەو ڕۆڵە جیهادییە ببینن.