نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
دەستوور لە بنەڕەتدا ووشەیەکی فارسی ئاوێتەیە کە لە( دەست ) بە مانای قاعیدە بەعەرەبی و بە کوردی بنکە یان بنەما و (وور) بە مانای خاوەن , دوایی تێکەڵاوی زمانەکانی عەرەبی و تورکی و کوردی بووە , مەبەست لێ ی پێکھێنان ودامەزراندن و ڕژێمە .
ھەروەھا لە پرنسیپە گشتیەکانی یاسای دەستووری دا وا دەناسرێت کە کۆمەڵێک پرنسیپی بنەڕەتین بۆ ڕێکخستنی دەستەڵاتەکانی دەوڵەت و دیاریکردنی مافی ھەریەک لە دەستەڵاتداران و ڕەعیەت بە بێ دەستوەردان لە بیروباوەڕی ئایینی یان ئایدیۆلۆجی و بنیاتنانی نیشتمانێک لە سەر بنەمایەکی سەرەکی کە ھەموو پەیوەندیە جۆراوجۆرەکان ڕێکبخات لە نێوان ھەموو دەستەڵاتە گشتیەکاندا .
بۆیە دەستوور لە ھەندێ لە ووڵاتاندا بە یاسای بنەڕەتی دەناسرێت و ئەو یاسا باڵادەستەیە لە ووڵاتدا کە ھێڵە گشتی و پانەکانی شێوازی ڕژێم لە دەوڵەتدا دیاریدەکات کە کۆماری بێت یان پاشایەتی شێوازی حکومەت پەرلەمانی بێت یان سەرۆکایەتی سنوور بۆ ھەرسێ دەستەڵاتی ( یاسادان , دادوەری ,جێبەجێکردن) دیاریدەکات و پسپۆریەکانیان جیادەکاتەوە .
لەبەرئەوە دەستوور دایکی ھەموو یاساکانە پێویستە ھەموو یاساکانی کە دادەڕێژرێت ھاوتەبا و ھەما ھەنگ بن لە گەڵ بەندەکانی دەستووردا ئەگینا بە پێچەوانەوە پێشێلکاری دەستووریەوبە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکان ئەژمار دەکرێت لە سەر پادشاو سەرۆکەکان کە بە پاسەوان و چاودێری جێبەجێ کردنی دەستوور دادەنرێن , لە ئاوا دۆخێکدا ڕەوایەتی فەرمانڕەواییەکەیان لە دەست دەدەن و ئەکەر ڕژێمی پاشایەتی بێت جێنشینی پاشا شوێنی دەگریتەوە و ئەگەر سەرۆکایەتیش بێت ئەوا بە میکانیزمی کارپێکراو جێگەکەی پڕدەکرێتەوە .
شێوازی دیموکراسی نووسینەوەی دەستوور بە دوو شێوازە:
شێوازی یەکەم یان لە ڕێگەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنێکەوە ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە کە ئەوان واتە ئەنجومەنەکە یان ھەرناوێکی تری ھەبێت بەوکارە ھەڵدەستن و دەستوورەکە دەنووسنەوە ھەروەکو ئەمریکا لە دوای وەرگرتنی سەربەخۆیی لە بەریتانیا ساڵی ١٧٧٦ ئەنجامی دا ,
شێوازی دووەم ریفراندۆمی دەستووری ئەمیش یان لە ڕێگەی پەرلەمانی ووڵات یان ھەر کۆمیتەیەکی حکومی یان ھەر فەرمانڕەواو دەستەڵاتداری ووڵات دوای ڕاپرسی گەل لە سەری بە دەستھێنانی دەنگی زۆرینە دەبێتە دەستووری ووڵات.
ئەوەی سەرەوە کورتەیەکی پوخت بوو لەسەر دەستوور بەگشتی و ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا جارێکی تر بە گەرمی باسی لێوە دەکرێت دەستووری ھەرێمی کوردستانە ھەرچەندە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ووتوێژو گفتوگۆی گەرمی لەسەر کراوە لە نێوان ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم ونووسەران و ڕۆشنبیران و زۆر خەڵکی تریشەوە ناکۆکی گەورەی لە سەر بووە واجارێکی تر ھاتووەتەو سەر مێزی گفتوگۆکان بە گەرمی کە دەخوازێت ھەموو لایەنەکان دوور لە گیانی تەسکی حزبایەتی و بە ھەستێکی بەرزی نیشتمانی ونەتەوەییەوە دەستوورێکی تەواو عەیار بنووسنەوە کە لە ئاست خوێنی شەھیدان و قوربانی دانی خەڵکی کوردستاندا بێت بۆ ئێستا و ئایندەی ئەم گەلە دەستبدات کە ھەستی خۆشەویستی نیشتمان و بەھا پیرۆزەکان بگەڕێنێتەوەبۆ ھاووڵاتیان , بە شێوەیەک کە کەس لە سەروی یاساوە نەبێت .
ئەوەی جێگەی سەرنجی منە ھەرچەندە بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی باشوور تا ئێستە بە فەرمی نەگەڕاوەتەو سەر ھەرێم ئەوەی کە پێ ی دەوترێت ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم یان مادەی ١٤٠ ی دەستووری عێراق , ھەرچەندە لە پاش ھێرشەکانی داعش بۆ سەرکوردستان وپاشەکشەی ھێزەکانی سوپای عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤ ەوە لە ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگەدان , بەڵام چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانە ھێشتا یەکلایی نەبووەتەوە ئایا چارەنووسی ئەو ناوچانە چیە ؟ ئایا دەکرێت ڕاپرسی لەو ناوچانەشدا بکرێت ؟ کە بە شێکی گرنگی خاکی کوردستانن .
دەکرێت دەستوورێکی کاتی دابنرێت و دواتر ڕاپرسی بۆ دەستووری ھەمیشەیی کوردستان بکرێت ؟