نووسینی: بورھان شێخ رەئوف
پێش ئەوەی پرسیارەکەم لە موشیر عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسری عەرەبی ئێستاو سەرکردەی ئەو کودەتا سەربازییەی کە سەرۆکێکی ھەڵبژێراوی لەسەر حوکم لابرد کە خۆی سوێندی یاسایی لەبەردەمدا خوارد کە ڕێز لە یاساو دەستوور بگرێت وەکو وەزیری بەرگری و پیشەسازی جەنگی بەڵام دواتر خیانەتی لە ئامەنەت کرد ,
سیسی ئەگەرچی ئەفسەرێکی سوپای میسرو بەڕێوەبەری ھەواڵگری دەریایی بوو لە سی ساڵی ڕابردوودا خزمەتی ڕژێمەکەی موبارەکی کردبوو ,لە دواییشدا بە سوود وەرگرتن لە ھەموو توانای دامەزراوە سەربازی و مەدەنی و میدیاییەکانی ووڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بە ئامانجی گەیشتن بە دەستەڵات بەکارھێناو بێ ڕێزگرتن لە ئیرادەو خواستی ھاووڵاتیانی ووڵاتەکەی کە شۆڕشیان کرد دژ بە ڕژێمەکەی موبارەک ,پێش گەیشتنی بە دەستەڵاتیش سەدان کەسی لە گەنجانی ووڵات خزاندە زیندان و خوێنی ھەزاران بێتاوانی ڕشت لە گۆرەپانەکانی میسر بە تایبەتی لە گۆرەپانی رابیعەی عەدویە و بەندکردنی ڕۆژنامە نووسان و بە تایبەتی ڕۆژنامە نووسانی کەناڵی جەزیرە بەمەبەستی دەمکوتکردنی ھەموو دەنگێکی ئازاو ناڕازی , بەمانەشەوە نەوەستاو ھەڵسا بە دەرکردنی فەرمانی لە سێدارەدان بۆ ھەزاران کەس لە نەیارەکانی دوای دادگاییکردنێکی گاڵتە جارانە , ئەمانەو جگە لە کودەتاکەی بەسەر سەرۆکێکی مەدەنی ھەڵبژێراودا کە بۆ یەکەمجار بوو لە میسردا سەرۆکێک لەدەرەوەی دامەزراوەی سوپاوە ھاتبێتە سەر حوکم و ڕێگەی لە ڕزگاربوونی خەڵک گرت لە چەپۆکی عەسکەرو دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانیان , بۆیە موشیر سیسی بیرو ھۆش و تواناکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی میسر تەرخان بکات باشترە لەوەی دەست لەمەسەلەی گەلێکی زۆرلێکراوو بەشبەش کراوی وەکو کورد وەربدات لە کاتێکدا زیاتر لە سی ملیۆن کەس لە ھاووڵاتیانی میسر نەخوێندەوارن و زیاتر لە دە ملیۆن کەس جێگەی نیشتەجێبوونیان نیەو لە گۆرستانەکاندا دەنوون ژمارەیەک لەوەش زیاتر پارووی رۆژانەیان نیە بیخۆن و لە ژێر ھێڵی ھەژاریەوەن ,ئەمانە ھەمووی لەلایەک لەلایەکی ترەوە مێژوویەکی ھاوبەشی کلتووری ڕووناکبیری لە نێوان کورد و گەلی میسردا ھەیە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاھیرەی پایتەختی میسر دەرچووەولە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ ھەروەھا بوونی ڕادیوی کوردی لە قاھیرە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ,سەرەڕای بوونی ڕەوەندێکی زۆری کورد لە میسر کە جێ پەنجەیان لەو ووڵاتەدا دیارە و ناکرێت لەم ووتارە کورتەدا باسی ھەموویان بکەم .
لە کۆتاییدا دەمەوێت لە جەنابی موشیر عەبدولفەتاح سیسی بپرسم ئەرێ خۆ ھەر لە دووری چەند سەد کیلۆمەترێکەوە لە ووڵاتەکەی خۆت, سودان کە کاتی خۆی بەشێکیش بووە لە میسرو وادی نیل باشووری سودان کە کەمینەیەکی ئەفریقی کریستیان بوون جیابوونەوە لە سودان و نەوتیشیان ھەیە وەکو کوردستان بۆ ؟؟ کارەسات ڕووی نەداو ئێوەش نقەتان لێوە نەھات ؟
بەڵام ئەگەر کوردستان لە عێراق جیابێتەوە کە ھێشتا ھیچ ھەنگاوێکی جیدی بۆ نەنراوەو حکومەتەکەی مالیکی ھەموو دەرگاکانی بەڕووماندا داخستووەو گەمارۆی ئلبووری خستۆتە سەرمان و مووچەی فەرمانبەرەکان و پێشمەرگەی پاسەوانی ھەرێمی بڕیووە کارەسات ڕوودەدات و دەرگای دۆزەخ دەکرێتەوە بە ڕووی ناوچەکەدا؟ لە کاتێکدا گەلی زۆر لێکراوی کورد دەستی وەرنەداوەتە کاروباری ناوخۆیی ھیچ گەل و ووڵاتێکی دییەوە , ئەو مافەش بە سیسی نادات دەست وەربداتە کاروبارو چارەنووسیەوە بۆیە بە سیسی و ھەموو قەومەچیەکانی تریش دەڵێین کورد نەتەوەیەکی کۆن و ڕەسەنی ناوچەکەیە و مافی خۆیەتی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات وەکو ھەموو گەلانی ناوچەکە ھەڕەشەو مەترسی بۆسەر کەس نیەو زوڵم و ژێردەستیش لە کەس قبوڵ ناکات .