خۆی دەسەلمێنێ
کەریم دەشتی : لە کۆتایی نەوەدەکاندا، دەنگی تازەو تەوژمی جیاجیای گەنجانەو عاشقانە کەوتنە نێو پانتایی ئەدەبی کوردی، بەشداریانکردووە لەداڕشتنی پایەکی دیکەی شیعری تازەی کوردی، یەکێ لەو شاعیرانە کاکە زیاد نادر عاڵڵایی بوو، سەرجەمی ئەو شیعرانە بەگشتیء شیعرەکانی کاکە زیاد بەتایبەتی ھەڵگری حەماسەتێکی زۆری عاشقانەء وشەگەلێکی وەھابوون کە خوێنەریان بەرەو سەردەمانێکی دیکە دەبردەوە کە کاریگەریەتی زۆریان ھەبوو لە مشت و ماڵکردنی ھزرو زەینی شاعیراندا، بەمجۆرە بەرھەمو شیعرەکانی شاعیر ھەڵگری نەفەسێکی تازەگەرو جۆرێک لە پاڵاوتەیی و عیشقی پیرۆزە.
لە شیعری پاییز پیاوێکی ڕۆمانسییە.. بۆ ماسییە مێیەکی نیشتمانی عەشق..چیڕۆکی چەمەژنێک.. ئەدرێس، ھەوڵی داوە شیعر بکاتە پارسەنگی بابەتی ژیانی شاعیریەتی خۆی، ھەروا لە شیعری ھەموو شەوێک ڕۆحم دەکەم بە قەقنەسء دەسووتێم.. وەرە ئەی خواوەندی لەزەتء ڕەنگء ڕۆشنایی.. چاوەکانت.. فەنابوون ویستوویەتی تەونی جۆرێک لە ئیرۆتیکیەت بچنێ، ھەڵبەت ئەمەیان تا ڕادەیەکەء گوزارشت لەم ژانرە پێویستی بە ئەزموونێکی زۆرە، بەڵام کاک زیاد لەمەدا ھێزێکی بۆ خۆی پەیداکردووە.
بەگشتی شیعرەکانی عاڵڵایی لەڕووی زمانەوە پاراوە، لە ڕووی تەکنیکەوە سەر بە تەوژمی نەوەدەکانەء ھەندێ جار لەناو یاری زمانء مانادا کار دەکات، من تەواو ھیوام وایە کە کاک زیاد وەکوو شاعیرێکی گەنجء ماندوو لە بواری ئەدەبیاتدا دوا ڕۆژێکی باشی دەبێء بەھیوای زیاترء زیاتر.
٣٠/٧/٢٠١٠ ھەولێر.
ھیچ نامکوژێ، عەشقت نەبێ
ھیچ نامکوژێ،
عەشقت نەبێ،
بۆ کوێ بڕۆی،
شنەی ھەناسەم وەک سێبەر
لەناو ماڵ ء، لەسەر کار و، لە ڕاگوزەر،
لەگەڵتایە..
بێ چاوی تۆ،
چاوی شیعرێکم ھەڵنایە..
بۆ کوێ بڕۆی،
شاعیرێ ھەر خۆشتی دەوێ
بۆ عەشقی تۆ دەمرێ ء دەژی..
گەڵا.. گەڵاش، گەر ھەڵوەرێی
لەخەزانی تەمەنمدا،
ھەر جوانترین
گوڵی ماڵ ء، دەشت ء، کەژی..
ژن، لە سەدەی
سەھۆڵبەندان ء ھەڵوەران
لەم بەفرستان ء سەھۆڵبەندانەوە،
تەنیا باوەشت گەرمم دەکاتەوە،
پەنجەکانم تەزیوە ء سەرمابردەم،
دە بە مەی ماچ و،
پشکۆی مەمکەکانت،
گەرمم کەوە، ئاگرە ژن..
***
ئەمشەو ساردی دەمکوژێ،
وەکوو باڵندەی بەر بارانم..
بمگرە خۆت، گەرمم کەوە،
ئاوریشمەژن، وەی باوانم..
بۆ ھێلانەی گەرمی تۆ دێم،
تۆی ئاگرء ئاگردانم..
***
درەختێکی پاییزیم ء،
تەنیا تنۆکەی تۆ سەوزم دەکاتەوە،
دە بەسەرمدا ببارە و
بە بارانی ماچی مەمکەکانت،
سەوزم کەوە، وەی لیمۆ ژن..
***
کە دەتبینم،
چاوم پڕ دەکەی لە ناز و،
ڕۆحیشم پڕ پەنگری عەشق،
ئەرێ کوشتنی ناز ء نیگا بەسیەء،
ھێندە ئاگربازانەش مەمسووتێنە،
وەرەء لە بناری دڵمدا بسرەوە، کەوە ژن..
***
لە ھەموو چەرخێک،
لە ھەموو وەرزێک،
لە ھەموو دەمێک،
ژن داینەمۆی ژیانە،
ئەرێ ئەگەر ژن نەبایە،
دنیا ھەروا دەسووڕا،
یان دەبووە وێرانە؟!
تۆ ء بەفر ء ئاگر
تۆ لە بەفر نەرمتری،
یا ئەو لە تۆ نەرمترە؟
تۆ لە ئاگر گەرمتری،
یا ئەو لە تۆ گەرمترە؟
لە تۆ ء بەفر ء ئاگر ناگەم!!
لێ، ھەرسێکتانم خۆشدەوێ..
شاعیر حەز دەکا لەیەک کات،
لە سەر بەفر و..
لە نێو ئاگر و..
لە باوەشی گەرمی ژندا ساتێ، ئاسوودە، بسرەوێ!
مەحال
ھەڵگژان بەسەر تلۆفکی ئێڤرێست ء،
دوندی بڵندی ئەڵپ ء
سووڕانەوە بەسەر بەرمۆدا و
بازی کردن لەگەڵ ئاگر
زۆر لەلام ساناترە،
نەک نزیکبوونەوە ء دووان
لە چەمی دڵی ژندا!!
زەمزەمی جوانی …
زەمزەمی جوانیت وا خوڕەی دێ ء
وەک بارانیش ڕۆحم پاراو دەکەی ..
وەکوو مریەم دڵاواء میھرەبانی ء
خۆت شەکر ء بەھار ء ئاونگ ء مەی ..
***
وەسفی تۆ بە وشە نابڕێتەوە،
ھەر جوانیەکت نۆڤڵ ء داستانێکە!!
گوڵ لە ئاست ناسکیتدا ملکەچەء
ھەر نیو نیگایەکت کورتە ژووانێکە!!
شەکرەنازان بەسەر ڕۆحم مەکە،
شاعیر ڕۆحی لە گوڵ ء شووشەیە ..
وەرەء پڕم کە لە ڕەنگی شەنگی خۆت،
کوا دڵشکاندن لە ژندا ھەیە!؟
***
شوعلەی سیحری جوانی خۆت دەرخە،
دڕدۆنگی ء شەرم ء شورەیی تاکەی؟
بێجگە لە تۆ، سێ شت لە ئیرەمی
ڕۆح دەڕوێنم.. گوڵەگەنم ء ژن ء مەی.
پاییز پیاوێکی ڕۆمانسییە
پاییز،
پیاوێکی ڕۆمانسییە،
لەگەڵ یەکەمین نیگا و،
دیدەنیء ژوواندا،
درەختە ژن،
دەستی دەگرێ ء
بەنێو سینگ ء مەمکی خۆیدا،
شۆڕی دەکاتەوە و
لێناگەڕێ بەئاسانی بەجێی بێڵێ،
دەبنە عاشقەء ماشقە،
لێک دەئاڵێن ء
لاوکی ئیرۆس ء ڕاژەنین ء ڕووتبوونەوە دەچڕن!!
***
پاییز،
پیاوێکی عاشقە،
یەکەمجار درەخت،
دەکاتە کچێکی بێ لەچک ء
تەنوورە کورت ء،
بەلەک ڕووت ء ڕۆمانسیی،
تێر بەحەزی خۆی،
بەناو سروشتدا سەمای لەگەڵ دەکا.
کە شێتیش گرتی،
بە گژەو شێتەباوە،
ئیرۆسیانە ڕۆژی لەگەڵ دەکاتەوە.
پاییز،
فێری کردم،
لەگەڵ ژندا،
ئارامگر و پڕ تاسەبم..
ژن حەزی
لە ڕۆمانسییەت ء ڕاژەنینە..
ژن حەزی
لە ئارامترین عەشق ء ئەوینە..
ئەی ئەوە نییە،
پاییز،
یەکەمجار تارای چڵ دەڕفێنێ ء
سوخمەی گەڵا دەوەرێنێ ء
ستیانی سەوزی ء چرۆ دادەکەنێ..
ئەوجار،
بە باشێتە درەختی ژن ڕادەژەنێ..
منیش ھەر جارێک ژووانم ھەبێ،
لاسایی پاییز دەکەمەوە..
نەرم نەرم..
تنۆک تنۆک..
باران ئاسا، بەسەر باڵای ژندا
دەڕژێم ء دەوەرێم..
منم قەقنەسی عەشق،
لەنێو تۆفانیشدا دەسووتێم.
***
سەمای درەخت ء
سەمای ژن لەیەک دەچن،
ئەم زریان شێتتر دەکا و
ئەویتریش ھەوەسی پیاو بەگڕ دێنێ!!
***
لە پاییزم پرسی:
بۆ ھێندە گوڵ ء گەڵا دەوەرێنی؟
وتی:
تا جوانتر و،
ڕووتتر و،
عاشقانەتر
دەست لە کەمەری درەخت کەم..
من دەزانم،
ژن ء درەخت،
پڕ لە ڕژان ء چێژ ء ئەڤینن..
ژن ء درەخت،
خەو بەڕووتبوونەوە دەبینن.
***
چۆلەکەیەک چرپاندییە گوێم،
ھۆ شاعیرە پاییزییەکە،
درەخت،
بەقەد لک ء گەڵاکانی..
بەقەد چرۆ سەوزەکانی..
بەقەد ھەموو جوانییەکانی..
پاییزی خۆشدەوێ..
کوا درەخت ء پاییز ھەوێنە؟!
درەخت ء پاییز،
دوو عاشقی تامەزۆرنە!!
ئیرۆسیترین ء
ڕۆمانسییترین ء
جاویدانەترین عەشق،
عەشقی نێوان درەخت ء پاییزە،
پڕ پڕە لە ڕووتبوونەوە و
پڕ پڕە لە ڕازان ء
پڕ پڕە لە ڕامووسان ء
پڕ پڕە لە شەھوەت ء
پڕ پڕە لە داڕژان
پڕ پڕە لە لێکئاڵان.
ئەوەیە عەشق،
ئەوەیە سووتان،
ئەوەیە مەستی ء تلانەوە..
ئەوەیە پیرۆزترین،
عەشق ء پەرستن ء توانەوە!!
سیحراویترین دیمەن،
تا ھەنووکە دیتبم،
درەختێک چەمابۆوە و
باھۆزێکی سەرگەرم، لە دواوە توند گرتبووی،
تا درەختەکە نەگەیشتە ئۆرگازم،
بایەکە دەستی لە قەدی نەکردەوە.
ئەوەم لە فیلمی پاییزدا بینی!!
***
چاوی ھەزاران پاسەوان ء
تفەنگچیانی وڵات،
ناتوانن،
باگژە ء درەخت لێک جیا کەنەوە..
کە تاریک ء ڕوونان،
لێک دەئاڵێن ء
تیمساحی لەزەت ء شەھوەت دەیانگرێ..
باگژە حەز دەکا،
لە باوەشی درەختێکدا،
چاو ھەڵێنێ ء
دوای عەیامێک،
لەھەمان باوەشدا،
عاشقانە بمرێ!!
***
درەختێک،
بە کیژێکی دەستگیرانداری دەوت:
شەرم نەتگرێ ء
لە شەوانی ھەنگوینی مەترسە،
پاییز ء پیاو لەیەک دەچن،
با ء پەنجەیان
دوگمە ء گەڵا دەوەرێنن.
با ء پەنجەیان،
مایۆ ء چرۆ دەترازێنن.
کە ژن ء درەخت،
ڕووت ء ڕۆمانسیی مانەوە،
ئەوسا شەکری شەھوەت،
لە پیاڵەی فەنابوونێک..
لێکئاڵانێک.. ڕاژەنینێک دەتوێننەوە.
***
ژنێک تەڕترین نامەی بۆ ناردم ء
تیای نووسی بوو:
سڵاو بۆ جوانیت پاییزەپیاو..
درەختێکی پڕ داڕژانم..
کەی دێیە باوەش ء ژووانم؟
کە چووم، تا دوا گەڵا،
بەسەر ڕۆحمدا ھەڵوەری..
حەیف ئەو ژووان ء ڕژانە جارێ بوو،
وەکوو برووسکە تێپەڕی!!
جوانێک خۆی خزاندە شیعرێک ء
وتی:
جوانی ژن موگناتیسە و
جوانی پیاویش پاییزە..
ئەو پیاو، پەلکێش دەکا،
ئەویتریش، ژن ڕووت دەکاتەوە،
حیکمەتی ھەردوو جوانی،
ھەر ڕووت بوونەوەیە.
بۆ ماسییە مێیەکی
نیشتمانی عەشق
تۆء سلێمانیم زۆر خۆشدەوێ،
ئەو لەبەر تۆ و
تۆش لەبەر عەشق.
***
ڕەشەبای سلێمانی،
گوڵ ء گەڵا ھەڵدەوەرێنێ،
تۆش لەو فێربە،
خەمەکانم ھەڵوەرێنە..
***
بەفر سلێمانی دادەپۆشێ،
تۆش دڵی من.
***
ئەرێ بۆ ئەوەندە دڵنەرمی،
دە بمسووتێنە ء ھەستت پێ بکەم..
ئەرێ بۆ ئەوەندە پڕ شەرمی،
دە شەرم بشکێنە ء پێت بگەم!!
***
خۆشەویستیت،
ھیچ،
بەس بۆ ھێندە ئاوریشمانە،
خۆت لە ڕۆحم دەئاڵێنی؟!
لە ھەر کوێ بی ء
لە ھەر کوێ بم،
خۆشمدەوێی و،
دەمێکە لە وجوودم ئاڵاوی لاولاوەژن
ئەرێ ژن لە عەشق،
یا عەشق لە ژن، فێری ڕژان بووە؟!
ئەرێ ھەور لە ژن،
یا ژن لە ھەور، فێری باران بووە؟!
ئەرێ شووشە لە ژن،
یا ژن لە شووشە، فێری شکان بووە؟!
لە ژن ء باران ء شووشە ناگەم!!
بە قەد جوانیت بیرت دەکەم
ئێستا لە کوێی،
پەڕەندە تەریوەکەی،
ئاسمانی جوانیی ء دڵداری؟
ئێستا لە کوێی،
گەڵا ھەڵوەریوەکەی،
جەنگەڵستانی خۆشبەختی؟
ئێستا لە کوێی،
ھەناسەی شیعری لە گۆ کەوتووم؟
ئێستا لە کوێی،
باڵدارە ماڵییەکەی دڵ پڕ سەفەر!
ئەو دوورییەت ناوبنێم چی
سەفەر، یا کۆچی ئەبەدی؟
جیایی، یا مەرگی خوێناوی؟
ئێستا لە کوێی.. بیرت دەکەم!
نیگاری تۆ، لە سۆمامدا سەما دەکا ..
خەزاڵەکەم،
ئەندێشە ء بیرەوەری دووریی تۆ،
چەمی گیانی من لێوڕێژی ھیوا دەکا ..
بیرت دەکەم، بەقەد جوانیت ..
خۆشم دەوێی، بەقەد چاوت ..
ئێستا لە کوێی؟ بڕوا ناکەم لە دووریی من،
سینەت قەت ئاھی ئاسوودەیی پیا بگوزەرێ ..
بیابانی دڵت، ڕووباری خۆشنوودیی پیا تێپەڕێ ..
بەقەد ئەوەندەی دووری لێم،
ھەزار ھێندەش، لێم نزیکی،
نزیک لە گیان.. نزیک لە ڕِۆح ..
نزیک لە ھەست.. لە ھەناسە..
نزیک لە شیعر، نزیک لە تاسە..
لە ھەر وشەیەکم نزیکی، شاعیرانە، بیدرکێنم ..
لەو باڵدارانەم نزیکی، وەک سولێمان، دەیاندوێنم
ئێستا لە کوێی ..
پەڕەوازەی کام ئاسمان ء، کام ھەواری؟
پەناھندەی کام پەناگە ء، کام پەساری؟
ئێستاکە تۆ،
دڵی منت لە گۆڕستانی چ شارێکدا ناشتووە؟
شەمی شەوانەت بۆ چ غەوارەیەک دایساندووە؟
چ نامۆیێ،
پاسەوانی سینەی سنووربەندی تۆیە،
لە جیاتی من،
لەسەر تەختی دڵتدا،
کێ پاشاء خاوەنشکۆیە؟
ئێستا لە کوێیت ئەی ڕازیار ء ڕۆنازی من!
خوماری پێکی شەرابی ئاوێزانیء لێکئاڵانی،
یا تۆش بێ نازی، وەک ئێستای بێ نازی من؟
ھەموو شەوێک ڕۆحم دەکەم
بە قەقنەسء دەسووتێم
جاران ..
دەنکە ترێیەکی پڕ چەشەء شیلەء شیرینی بووی،
دڵم نەدەھات،
لە سیلە ء ھێشووی درەختت کەمەوە..
لێ ئەمێستا،
گوژاڵکێکی وشک ھەڵاتووی لە تاڵ تاڵتر ء
تا ئەبەد لێت نزیک نابمەوە.
جاران.. فریشتەیەکی نێو کەژاوە ء
عەرشی عەشقی جوانم بووی..
خەونم بە وشەء پەیڤء دیدەنیء نیگارتەوە دەدی،
کەچی ئێستا،
ئافاتی ئاگرێکی سووتێنەری پڕ خەمیت ء
تا چاو بڕکا لێت دوور دەکەومەوە،
نەبا نسێ ء سێبەر ء تارماییت بمسووتێنێ..
نەبا ھاڵاوی بڵێسەداری نیگا پڕ مەکرء درۆکانت،
ژینی ئێستای پڕ نەسیم ء سروە ء سانەوەم ھەڵوەرێنێ..
جاران ..
ھەڕازگە ء ھەسارەء ھومێدی خەیاڵی من بووی،
ئەمما، ئێستا ھەڕازگەیەکی شکاو و
ھەناسەیەکی خنکاو و
ھەسارەیەکی ڕووخاو و
ھومێدێکی کوژراوی..
تۆ ژنێکی لە ئەلفەوە تا یا دۆڕاوی..
نیشتمانێکی ڕەشانگ ء پێدەشتێکی بێ ئاوی..
ئاسمانێکی پڕ کاروانکوژە ء درەختێکی شکاوی..
حەیفم، تۆ ژنێک بووی،
دەستێکت قەرتاڵەی پڕ لە سێوی دۆڕان ء
دەستەکەی تریشت جانتای سەفەری،
دڕدۆنگی ء بێ جورئەتی..
چاوێکت پڕ لەکلی ڕازی نازی خۆکوژی ء ..
چاوەکەی تریشت لێوڕێژی خەونی خنکاو و
حەزی سووتاوء ترووسکەی ژیلەمۆی ناھومێدی
تۆ.. ھەموو شتێک بووی،
بەس عاشقێکی ڕاستگۆ نەبووی..
تۆ.. ھەموو شتێک بووی،
بەس گڕء گڵپە ء پشکۆ نەبووی..
تۆ.. ھەموو شتێک بووی،
بەس وڵاتێکی سەربەخۆ نەبووی..
تۆ.. ھەموو شتێک بووی،
بەس گوڵێکی پڕ چرۆء بۆ نەبووی..
تۆ.. ھەموو شتێک بووی،
بەس شەکرء گوڵ ء گەزۆ نەبووی..
ئێستاش نازانم کە تۆ،
وێڵی عەشق،
یا شێتی شیعرەکانم بووی!!
خەجی من،
یا ماشقەی وشەکانم بووی!!
ئێستاش لە فەلسەفەی سەرشێتی تۆ ء
حیکمەتی حەی حەی دەروێشی
ڕۆحی خۆم نەگەیشتم!!
ئێستاش نازانم تۆ دۆنکیشۆت بووی، یانیش من!!
ماندووی دوای سەرابترین سەراب،
خۆت بووی یانیش من!!
ئەی ئەو کەسەی لەنێو دۆزەخی تەنیاییء
جیایی جێمای،
بیرتە ڕۆژێک وتت:
لەم وڵاتە،
ژن،
دڵی،
یا جەستەی بە ئاگری عەشق دەسووتێ..
لەم وڵاتە،
ژن،
خەونی،
یا خۆی
لەنێو دۆزەخی نەریتێکی بۆگەندا ھەڵدەقرچێ..
بیرتە.. یا ئەو یادەشت،
وەکوو ھەموو یادەکانیتر لا کاڵ بۆتەوە؟
کارمامزی ئەو یادەشت کوشت
بەگوللەی وێڵی سەرەڕۆیی خۆتەوە؟
لەم وڵاتە،
عەشق ستێری گەلاوێژە و
تەنیا جارێک، جارێک ء بەس،
لە عومری ئادەمیدا ھەڵدێ..
عەشقی تۆ ھەڵھات و،
حەیفم نەتتوانی بەقەد گوڵێک عاشق بی..
نەتتوانی وێردء تەھلیلەکانی عەشق بڵێیەوە..
نەتتوانی سرووت ء سەما ء
سوجدەی عەشقی خەزاڵی فێر بی..
نەتتوانی سوێسکەی ڕۆحم ڕاوکەیت ء
بەرەو ئاشیانەی ژینی ئاوێتەبوون ء
ئاشنایەتیم ببەی..
نەتتوانی منی شاعیر،
منی لە ڕۆمانسیی ڕۆمانسییتر،
متووی باوەش ء گەڵا ء باران ء ماچ کەی..
نا.. نەتتوانی ھیچ شتێک بکەی..
کیژێ، یەک دەنک بەس بوو،
تا خەرمانی ڕۆحم گڕ تێ بەر بدەی..
شەمێ، یەک ھەناسە بەس بوو،
تا ژینم لێوانلێوکەی، لە عەشق ء تاسەء
ئەڤین ء مەی..
ڕەیحانە وەریوەکەی عەشقێکی تەریو..
دەزانی بۆ لە عەشق دۆڕایت ء
بێ نیشتمان سەرت نایەوە؟
ئاخر تاسەی یاخی بوون ء فڕین،
ڕۆحی داگیر نەکردبووی،
دەزانی بۆ تەمەنی عەشقت،
گوڵەنێرگزی دەم چۆم ء چەم بوو؟
ئاخر نەدەژیای بۆ خەونی گەورە ء ھومێدی بڵند..
تۆ دۆڕایت ء،
من گەردانەی عەشقم خستە ملی ژنێکیتر..
تۆ لەنێو خوێن ء خەمی ڕژاوی خۆتا جێ مایتء،
ژنێکیتر، بوو بە سەرقافلەی شیعرەکانم..
ژنێکیتر، بوو بە شەوگڕی دایساوی ژیانم..
ئێستا تۆ، ھەموو شەوێک،
وەکوو پاساری سەربڕاو..
وەکوو ماسی دوورە ئاو..
ئەشک بۆ عەشقی وەریو دەڕژی..
بە قوڵنگی ھەناسەی بەفرین،
شیرینی ژینی تەنیاییت دەکوژی..
منیش، ھەموو شەوێک،
حەیرانی باڵای شەکرەژنێک دەبم،
ھەناسەکانی بۆنی گوڵ ء
نێرگزی تەڕیان لێدێ..
ھەموو شەوێک،
قوربانی نیگای ھەنارەژنێک دەبم،
لە چپەی گەرمی لێوەکانی،
ڕەوسەی خەمی من دەسووتێ..
ھەموو شەوێک،
منی شاعیر،
گڕ دەگرم ء دەسووتێم ء دەتوێمەوە،
بۆ عەشقێکی گەورە و
پڕ شکۆء سەرمەدی ء پیرۆز..
خەمەکانم لە ئاتەشکەدەی
لێوی جوانێک دەسووتێنم،
وشەکانی پیرۆزن،
بەقەد گڕ ء ئاگری نەورۆز..
ھەموو شەوێک،
گۆرانی تەڕء تازە،
بۆ شۆڕەژنێک.. بۆ خاتووزینێک دەڵێم..
ھەموو شەوێک،
ڕۆحم دەکەم بە قەقنەس ء
تا دەمی تاریک ء ڕوونان
سەما دەکەم.. بێ ھەدادان دەسووتێم.
چاوەکانت
چاوەکانت وەک خۆت لە ڕۆحم شیرینن،
وەکوو نیشتمانیش ھێجگار پیرۆزن ..
دوو ڕووباری ھەنگوینی میھر ء ئەڤینن،
دوو کۆتری دڵ پڕ لە تاسەء عیشق ء سۆزن ..
چاوەکانت بەقەد خوێن ء ھەناسە،
لە ناخی ناخما شیرین ء خۆشەویستن ..
بۆ ھەمیشە ڕوو لەکابەی چاوی تۆمەء،
عشقی چاوت لە بینایی چاو ء ھەستن ..
چاوەکانت خواوەندی شەکرء شەرابن،
شیلەی نازی مەستی ء شیرینی دەتکێنن..
بۆ باخووسی چاوانی تۆ، ھێشتا کەمە،
ھەموو سروشت سەری ملکەچی بنوێنن!!
چاوەکانت وەک نەسیمی شنەی شەماڵ،
تەزووی تەناھی بۆ ڕۆحی شێتم دێنن..
جاران چاوەکانت پڕ نازی کوشتن بوون،
ئێستا بەسۆز ء تاسەوە، من دەدوێنن ..
چی لەچاوت کەم، زێی خواوەندء شیعرە ء
مرواری قەدەری خۆمی تیا دەبینم ..
چاوەکانت فیردەوسی پڕ ئاسوودەگین،
لە چاوەکانت ھەڵمگرە، خاتوو زینم..
ھەتا دەمرم ڕوو لە چاوانی تۆ دەبم،
چاوەکانت دەکەمە دوا زێدی ژینم.
ئێوارەی عەشق ء
سێوی سووتان
ڕووبارێک ڕووەء چەمێک ء،
بەھارێک ڕووەء باخێک ء،
چامەیەک ڕووەو بەیتێک ء،
پۆلە ڕیشۆڵەیەک ڕووەء درەختێک
سەری خۆیان ھەڵگرت..
ڕووبار ء بەھار ء چامە ء پۆلەڕیشۆڵەکە
حەزیان دەکرد چەم ء بەیت ء باخ ء درەخت،
بە ڕەنگی ڕۆمانسێتیء سیحر ء
عەشق ء جوانی بڕازێننەوە!!
شاعیرێک تەڕتر لە باران ء ..
ناسکتر لە پەڕەسێلکەء ..
عاشقتر لە پەڕەندەیەکی خومار،
ڕووەء پەرستگەیەک..
ھەنگاوی نا،
تا فریشتەیەک..
تریفەیەک..
شەتاوێک..
سروەیەک .. بینایی پڕ ڕۆشنایی ء ..
ھەناسەی پڕ فێنکایی ء .. ڕۆحی پڕ ڕەنگ بکات.
ئا ی ی ی.. کە ئێوارەیەکی پڕ چرپە ء شیعر ء شەکرء پەرستن ء تاسە و پەرۆشی ء عیشق بوو!!
ئای ی ی.. کە ئێوارەیەکی لێوڕێژی گوڵ ء خۆشەویستی ء ئەوین ء ھومێد ء خەون بوو!!
ئێوارەیەک بوو..
جیا لە ئێوارە ء خۆرئاوابوونەکانی تر..
پاساری لەڕۆژانی دی ناسکتر دەیچریکاند..
کەناری لەڕۆژانی دی،
شیرینتر سەمای بۆ شاژنی زەردەپەڕ دەکرد..
خۆر، بەنازەوە پەنجەی لە پەنجەکانی
بووکی ئێوارە ء سروشت دەکردەوە..
ئێوارەیەک بوو..
پەروانە کوڕێک بە عیشقەوە لە دەوری ڕۆحی ھەولێرە کچێک دەسووتا و
چریکەی ئاشنایەتی ء دڵبەستەیی،
بۆ چاوەکانی دەچڕی ..
ئێوارەیەک بوو..
عەنبەرخاتوون چەپکێ گوڵی نەرگزی دڵڕفێنی
بۆ بیرەوەری عەشق ء تەمەن،
لەئینجانەی دەستی شاعیرێکی جوانپەرست دانا..
ئێوارەیەک بوو..
سروەزینێک بە پەنجەناسکەکانی
پڕ بە سۆزی ڕۆحی ئاگرینی،
ڕووبارێک لە شەکرء شەرابی خۆشەویستی ڕژاندە ڕۆحی کاکەمەمێکی ژن پەرستی دڵ پڕ خەون..
ئێوارەیەک بوو..
ھەولێر، لە سایەی پێکگەیشتنی
لەیلاء مەجنووندا
لە کیژێکی چاو پڕ کلی بەژن گوڵی
ھەناسە پڕ عیشق دەچوو..
کە بە یەک گەیشتین،
تۆ لە دەمت نەرگز و،
لەچاوت کلی عیشق و،
لە سیمات ئاونگ و،
لە ڕەوتت نازء شەککەر ء،
لە ڕوانینت تریفە و،
لە پێکەنینت جریوە ء،
لە نیگاتدا مرواری نووری خودا،
دڵۆپ دڵۆپ دەباری!!
لە ھەناسەکانی منیش شیعر ء شەراب ء گوڵ ء تریفە ء بەفر ء ئاگر دادەچۆڕا..
لەم ئێوارە پڕ عیشقەدا،
ئێمە وەکوو دوو چەمی سەرشێتی پڕ لە حەز و،
دوو ڕووباری بە ھەڵپەی پڕ پەرستن ء پەرۆشی و،
دوو بەھاری نەشئەداری تەژیی نەشئەو ناسکی و،
دوو گڕکانی پڕ سووتانی فوارەگرتووی
بێ ئاسوودەگی و،
دوو دەریای لێوڕێژی ھاژەی سەرشێتی ء،
دوو درەختی سەماسازی پڕ گوڵ ء گەڵای تاسە ء حەز بووین..
لەم ئێوارە پڕ سووتانەدا،
ئێمە وەکوو دوو نەوڕەسی ئاشقەء ماشقە،
لەنێو ئۆقیانووسی ئاشنایەتیدا
تا ئەوپەڕی تێنوویەتی مەلە ء سەمای ئاخافتنمان دەکرد ..
وەکوو دوو ئاشقی تامەزرۆ،
لە نسێی نیگاکانی یەکدا،
کڕنووشی نوێژی ئەشقێکی قووڵء
پڕ سەرمەدێتیمان دەبرد..
لەم ئێوارە پڕ خۆشەویستییەدا،
ئەمن، شیرینیی دەستی شیرینێکم چەشت..
تا بۆ ئەبەد لە بێستوونی دڵیدا،
قوڵنگ وەشێنی عەشقی بم..
ئەمن سێوی دەستی حەوایەکم خوارد،
نە فریوی دام ء،
نە شاربەدەری کردم..
بەڵکوو سێوی سووتان ء،
سێوی ئەشق ء
سێوی لەزەت ء
سێوی ئاوێتەبوون بوو!!
نا .. ناتوانم لەزەت ء ڕۆمانسێتی ء خۆشاوی
ئەو ئێوارە لەبیر بکەم..
ھەموو ڕۆژێ،
ھەر بەخەیاڵ،
ھەزاران جار،
سەر لەماڵی ئەو ئێوارە،
پڕ گوڵ ء گوڵاو ء شیلە ء شەکراوە دەدەم!!
عیشق، ماچ ء تاسە ء پەرستە
شێتی لەڕۆحم دەچۆڕێ ء
دەروێشانەش تۆم خۆشدەوێ ..
وەکوو خواوەندێک لە ناخمدای،
تێر ڕاتدەمووسم ھەموو شەوێ ..
***
بەقەد ئەوەندەی لەخەمی تۆم،
کوانێ خەمی خۆمم لەبەرە؟!
لەم جەژنی عەشق ء ئەوینەدا،
وەرەو مێخەکی تەمەن بەرە..
***
ئەمڕۆ جەژنی عەشقم دوو جەژنە،
جەژنی ژوانء لەباوەش گرتنە ..
تا کازیوە گەرمم کەوە،
عیشق، ماچ ء تاسە ء پەرستنە..
لەم جەژنی عەشق ء ئەوینەدا،
ھەمێزم دەکەمە ھێلانە..
بۆنی پرچت با مەستم کا،
عەشق بە مەستییەوە جوانە ..
***
لەم جەژنی عەشقء ئەوینەدا،
وەرەو ڕۆحم پڕ لە شیعر کە..
لەساڵنامەی تەمەنی مندا،
وەکوو شۆڕەخەج، خۆت نەمر کە..
***
لەم جەژنی عەشق ء ئەوینەدا،
لێوت دەکەم بە کانیلەی ماچ..
دەستەکانیشت بە چەمەنزار،
ھانێ لێوم.. ھانێ گوڵ ء تاج!!
***
لەم جەژنی عیشق ء ئەوینەدا،
سەری ئیکلامت بۆ دەنوێنم..
لەمەولا بە پەریزادە نا،
بە گەورەی گەوران، ناوت دێنم.
لەگەڵ تۆدا ..
لەگەڵ تۆدا..
ھەر ئەوینی ئاسوودەیی
لەناو ڕۆحمدا فوارە دەکا ..
نیگای جوانت،
پۆڵەڕیشۆڵەی خەمم دڵم،
وێڵ ء شەوارە دەکا..
***
لەگەڵ تۆدا..
ھەست بە چەشکە ء وجوودی
ژینی پڕ گوڵ ء ژن دەکەم ..
لەنێو نازی نیگای ناسکت،
مرواری مەستیم ون دەکەم ..
***
لەگەڵ تۆدا،
شەوگاری ژینم ھەر ڕۆشنە
لە سایی گزنگ ء تیشکی چاوت ..
ھەناسەم پڕ عەشقتر کە
بە نیگا ء نازی پڕ تاوت ..
***
پێناسی تۆ،
بە وشە نابڕێتەوە، ھەرچی
بڵێم ء بنووسم ..
سروەکەی گوڵ..
تاقانەی خۆم..
شۆڕەژنەکەم..
چارەنووسم.
دێم ء سینەت
دەکەمە لانە ء نیشتمان
نەرید ئاسا بە ڕۆحی پڕ ھاڵاوء گڕم،
دێمەلات، بۆنی شۆڕەبی پرچت دەکەم..
سیحری سێوی مەمکەکانت ڕادەمووسم،
ماڵی پەنجەکانم لە سینەتا ھەڵدەدەم..
***
دێم ء شیلە ء شەکراوی لێوت دەخۆمەوە،
دەست لە قەدی باریکت دەئاڵێنم..
دێم ء تێر بە حەز ء تاسە ماچت دەکەم،
بەخۆشەویست.. بەشیلەژن.. ناوت دێنم..
***
دێم ء لەسەر سەوزایی باڵات نووچ دەدەم،
وەکوو لاولاو خۆم لە تۆوە دەئاڵێنم..
خانە خانەی نەرمی لەشت دەلێسمەوە،
بەلای لایەی ئاوێتەبوون دەتخەوێنم..
***
دێم ء جێگە جوانەکانت ڕادەمووسم،
بە وشەی وەکوو خۆت جوان دەتدوێنم..
لێناگەڕێم گەرمی لەشت بەھەوا بچێ،
توند توند بە باوەشما دەتنووسێنم..
***
دێم ء ھەستء وشەء شیعری تەڕء ناسک،
بە گوێی پڕ ھەستی تۆدا دەچرپێنم..
کە ھاتم، خۆت بکە بووکی یەکشەوە، ھەتا
لە ڕەنگی ڕامووسان، ڕۆحم دەڕازێنم..
***
دێم ء بە مەی چاوانت خۆم مەست دەکەم،
تاسەم لە زەنگۆڵەی مەمکەکانت دەشکێنم..
زارۆی ڕۆحم تەنیا بە تۆ ژیر دەبێ،
ژیرم کەوە.. پەناگەم بە.. خەمڕەوێنم..
***
دێم ء سینەت دەکەمە لانە ء نیشتمان
خۆم لە دێوەزمەی نەریت دەتۆرێنم..
ڕوو لە تۆ دەبم، ئیلاھی دە ڕێگەم بدە،
لەیەک نیگای ژن، سەد خواوەند دەخوڵقێنم!!
سەراب
تۆ سەرابی ء
من بەدوای عەشقی سەرابدا ڕادەکەم..
تۆ پاییزی ء
من لەپاییزدا داوای گوڵ ء گەڵا دەکەم.
تۆ بیابانی ء
لە بیاباندا سەوزایی ء چرۆ کوانێ؟
ئێمە دوو ھێڵی پەڕەڵێڵین
لەحەشریشا بەیەک ناگەین،
ھەر وەکوو دۆ ء نانی شوانێ!!
عەشق، لە ڕۆژھەڵاتی عەشقکوژدا
لە ڕۆژھەڵاتی عەشقکوژ ء خەون خنکێندا..
لە ڕۆژھەڵاتی ھەموو شت دژء مەرگ ء خوێندا..
تۆ بۆ بەدبەختیی من ھاتی ء
خەزاڵانە خۆشت ویستم..
ھاتی ء ..
قەدەری خۆت،
خستە کۆشی کوڕێکی لەخۆت نەگریستر..
ھاتی ء ..
ڕازی ڕۆحت،
چرپاندە گوێچکەی منی لەعەشقا دۆڕاو..
ھاتیء ..
گەمی عومری منت،
بەدەم باپووسکە ء شەپۆڵی شێتی نیگاکانتدا..
ھەنووکە خۆشم نازانم،
پارچە ھەلا ھەلابووەکانی ڕۆحم،
چۆنی چۆنی کۆ کەمەوە
تۆ زمانی عەشقت بڕیم،
ئیدی ئەمجارە بە چ زمانێک بدوێم ء گۆ کەمەوە؟!
ئای ی ی لەعەشقی غەریبی ئێمە،
بەجارێک داچۆڕا و لە چاوگەوە چکی کرد
ئێمە ھەموومان بەدوای کانیلەی عەشقدا وێڵین
ھەموومان،
بەدوای سەنگی سەبووری ئەویندا سەراسیمەین
ھەموومان،
بەدوای خەونی ونی خۆشەویستیدا دەگەڕێین
ھەموومان،
حەسرەتداری مرواری بزری شووناسین..
لەمەش نەگریستر،
لەناو نیشتمانێکی بآ ئاڵا ء ناسنامەء پێناسین..
لێرە عەشق، خەونی ونە..
لێرە عەشق، لە سەراب سەرابترە..
لێرە عەشق، وەھم ء فانتازیا ء خەیاڵە..
لێرە عەشق، لە پڕیشدا ھەر بەتاڵە..
لێرە عەشق، ھەنگوینی پڕ زرکەتاڵە..
لێرە عەشق، سیامەندە ء وێڵی خەزاڵە..
ئەوینەکەم.. تۆ لە وڵاتێکا عەشق دەکەی،
کە عەشقی تیا ئاگرء بڤەیە..
تۆ لە وڵاتێکا تاسەی فڕین دەکەی
کە فڕندەش، فڕینی لێ قەدەغەیە..
تۆ لە وڵاتێکدا جاڕی جەنگت داوە
بەر لە جەنگدا،
وێنەی مەرگیان لە بێستووندا بۆت تاشیوە..
لە وڵاتێکدا ئاڵای عەشقت، بڵند ھەڵکردووە
قەلء داڵەکان،
تینووی خوێنی،
سەری ھەزاران تۆی ستی ء خەزاڵە شۆڕن
لە وڵاتێکدا،
ھەناسەی نێوان مەرگ ء ژیان دەدەی
ھەمیشە چۆلەکە ء ژن ء ئازادی،
خوێنی مەینەتی ء مەرگیان لێدەچۆڕآ
ئەی سیابەختترین ژنی دونیا
لێرە.. لە وڵاتی عەشقکوژاندا سەر ھەڵگرەء بڕۆ..
بڕۆء مەگەڕێوە..
ئاخر لێرە ژن ء باران ء چۆلەکە ء عیشق،
ھەمیشە گرەو دەدۆڕێنن..
لێرە عاشق ھەمیشە عەشقی سیزیفانە دەکات ء
وەکوو دۆنکیشۆت ڕەنج بەخەسارە.
دەی ڕابە، ئەم وڵاتە وێرانەیە، ئەم کوندەبۆخانەیە، جێبھێڵە
بڕۆء ئاوڕ مەدەوە،
ھەنگاوی خێراتر ھەڵێنە،
تا بەکیشوەری باران ء
دوورگەی خەونەکانت ء
نیشتمانی ژن پەرستن دەگەی..
بڕۆ
تا بە زەمزەمی زیندەگی بآ کوشتن دەگەی..
بڕۆ.. بڕۆ تا لە فەلسەفەی عەشق ء
گەورەیی دڵی خۆت دەگەی
ئێرە دۆزەخستانە..
شمشێرخانەیە..
بەرمۆدایە..
مەھێڵە بسووتێی ء
خوێنت بڕژێ،
خوا لە چاوی ئێوەدایە..
خوا لە ڕەنگی ئێوەدایە .
وەرە ئەی خواوەندی
لەززەت ء ڕەنگ ء ڕۆشنایی!!
ئەمشەو بادەی عەشقت ھەناسەی پڕ تاوی ئاگر ء
خەراباتی سەری لێوڕێژی مەستی ء شێتی ء
کوانووی ڕۆحیشی تەژی ئاورینگی بێ ئۆقرەیی ء بێ ئاسوودەگی کردووم ..
ئەمشەو گڕی سووتێنەری بیرکردنەوە لەچاوی تۆ،
لەھەناومدا سەمای سووتانێکی سەرمەدی دەکاء
چڵ ء چێوی ھەدای ناخی ھەڵقرچاوم
زێتر دەسووتێنێ!!
ئەمشەو لە سەرابستانی دووری ء
بێ تۆیی وا دەخنکێم ء
دوا زایەڵەی ھەنسکی گریانی سەرمەستیشم،
بە جریوەی ئەستێرە دەسپێرم،
کە ھاتە ھەواری تۆوە
ھەواڵی ھەناسە ھەڵوەریوەکانی،
ڕۆحی شاعیرێکت بە گوێچکەدا بچرپێنێ.
ئەمشەو.. لێوڕێژی خەیاڵی دووری ء
بێ تۆیی ء بێ ئاشناییم و
تریفەی مانگ و، شنەی شیعر و،
نەوای نیوەشەوانیش دڵنەواییم نادەنەوە!!
ھۆ ھاوڕێی ڕازگرء دوورە ھەوار ء
نزیکە خوێن ء ڕۆح،
دەمەوێ تەمی بیرکردنەوەت،
لەسەر پەنجەرەی خەیاڵم بسڕمەوە،
نا.. ناتوانم، چونکە ھێند بە قووڵی
بە ئۆقیانووسی ڕۆحم ڕۆچووی!
ئەمشەو.. مەستی خەمە شیرینەکانی تۆم و
یادء یادگاریەکانت دەمکوژێ و،
سووتانی عیشقت لە شۆڕەبی ڕۆحم ئاڵاوە و
تا نێرڤانا نەبم لێم نابێتەوە..
سروەکەی خۆم.. ئەگەر ئەمشەو،
مێوانی ماڵی تەنیایی من دەبووی،
وەکوو عاشقێکی تامەزرۆ،
توند توند لە باوەشی ئاگرینم دەگرتی و
خەمی دووریم لەنێو سەوزەڵانی بەرء باوەشت دەتواندەوە.
چلچراء مۆم..ئەگەر ئەمشەو،
مێوانی ماڵی تەنیایی من دەبووی،
وشە سیحراوییەکانی شیعرم وەکوو قردیلەیەک
لە پرچی تۆدا دەدا و
شەکەتی ء ماندوویەتی بیست ء حەوت ساڵەی
تەمەنی تەنیاییم لەباوەشتا لەبیر دەبردەوە!
ئەی ژن.. ئەمشەو وەرە وا منی سیامەند بەدوای تۆی “خەج” دا وێڵم و
حەزم لێیە ھەناسە جوانەکانی،
عەشقء ئەوینت بخۆمەوە..
ئەمشەو وەرە وا منی شێتی شاعیر،
بەدوای تۆی نەوا و نەریدا،
خومار ء پڕ تاسەء تامەزرۆم،
حەزم لێیە لە نسێگەی لێوەکانت،
ماچی ئۆخژنی ء سانەوە بکەم.
ئەی ژن.. ئەی چارەنووس ء پەنای شاعیر..
ئەمشەو وەرە لە ڕۆشنایی چاوەکانتەوە،
ھەموو ژیان بەدی بکەم ء
ناسکی تۆء لەززەتی وجوود بچێژم ..
وەرە.. سەرم پڕکە لە ڕۆمانسییەت ء
چاوم تەژی کە لە ڕەنگ ء
لەپی دەستم پڕ ئاونگ ء،
زێی شیعریشم پڕ شیرینی ء شەھد.
وەرە.. لە چەمی باوەشی تۆدا شیلە ء شەرابی عەشق بخۆمەوە ء
تف لە کابووسی مەرگ ء دووری بکەم ..
وەرە ئەی ژن ..
وەرە ئەی خواوەندی لەززەت ء ڕەنگ ء ڕۆشنایی!!
ئەی نساری سانەوەی بیست ء حەوت ساڵەی،
تەمەنی بێ تۆیی ء تەنیایی!!
تیشکی ئەوین
جار جارە لێت وەڕس دەبم،
دەڵێم: نا، جارێکی تر ڕیڤینگانەش
ساتێ چییە، ناتدوێنم..
نا.. نابمەوە دەڤژەنی تۆ و،
لە چارداخی چاوانتدا ماندوێتیی خۆم ناشکێنم..
***
نا، نابمەوە ڕازیاری تۆ و،
پرچی تیشکی ئەوینی خۆم،
شەفەقێکی دیکە ھەرگیز پەخش ناکەم..
بەتەونی ماچی جێ ژوانێ،
ڕایەخی عیشق نیگارین ء نەخش ناکەم..
***
چیی دی نابمەوە چلچرای ئەڤینی تۆ و،
لە شەویژگەی ڕۆحا تە بۆ ساتەوەختێ،
ھەتا ماوم ھەرگیز ڕۆنیا ء ڕۆشن ناکەم..
لەنێو ھزرم دەرتدێنم و
جارێکیتر من چرپەء دووی ھەڤۆکێکت لەکن ناکەم..
***
بەڵام، کاتێ کە دەتبینم
لەنێو گیانمدا ڕیشۆڵەی تەناھی دێ ء
ئازادانە، دەفڕی ء دەداتە شەققەی باڵ..
کۆسە بەبارانەی ئۆخژنی،
لەپڕ دێت ء دەدات لە قەمتەرەی زنجیربەندی خەیاڵ..
***
چۆڕاوگەی میھری مریەمیت،
دەمی وشکء تێنووی بەرخی دەروونم پڕء تەڕ دەکا..
نەورۆزی نیو نیگای سەوزت،
پێدەشتی زەردی تەمەنم،
پڕ وەنەوشەء شەستپەڕ دەکا..
***
نە تۆء ..
نە من ..
ناتوانین واز لەیەک بێنین ..
ئێمە ھەردوو
دوو کەناریی نەواخوێنین ..
***
ئێمە، وەک ژێَی گەرووء دەنگین ..
پێکەوە جوان ء قەشەنگین..
توبی ء خودا..
کەنگێ ئێمە لەیەک دەگەین؟
کەنگێ ئێمە بەیەک دەگەین؟
کەی ھێلانەیێ چێ دەکەین؟
ژیانێکی پڕ لە سایەء نسێ دەکەین!!
حەزم لێیە
بەر لەوەی بمرم، پێت بگەم…
لە ھونەری ئیرۆسیەتی
نێوانی خۆم ء خۆت بگەم..
لێ چی بکەم،
دەمێکە دڵخوازی یەکین
نە پێم دەگەی
نە پێت دەگەم!!
بدوێ با شیعرم لە ڕەنگی چاوت بچێ
نەرم نەرم وا ڕێ دەکەم، بەدوای
شوێن پێی کاروانی ڕێکردووی ئەوینت..
چارەنووسم لە دەست تۆیەء پەنای منی
قەدەرم کەوتۆتە بەر نیگای ئاگرینت..
***
لە سیماتا گوڵ ء عیشق بەدی دەکەم
لە دەنگیشت حەز ء حەسرەت ء پەرستن..
چۆن چک دەکەم لافاوی تۆ لە ناخمایە
زەریایێکم لە سایەی تۆ، ئێستا ئەمن..
***
ویستم وابوو لە ژینم ببیە نەونسارێ
منی شەوارە لە سایەت حەسێمەوە..
ببیە گۆرانییەکی ناسکی پڕ مانا،
تا دوا نەفەس لە ڕۆحمدا بتھێڵمەوە..
***
ویستم وابوو لەگەڵ تۆدا، سەفەر بەرەو
بەندەری عیشق ء ئەوینداری بسازێنم..
لە دڵدا بە فڵچەی نیگا، تۆ عیشقی من
منیش عیشقی پاکیزەییت بنەخشێنم..
***
ئێستا خۆشنوودترین شاعیری ئەو وێرانەم
خەونی خەیاڵم خەریکە وا چرۆ دەکا..
بدوێ با شیعرم لە ڕەنگی چاوت بچێ،
کچێ کوا دڵی من حەز بە بێدەنگی تۆ دەکا!!
ئەدرێس
لە ئەدرێسی دڵی گڕگرتووی تەنیام
نەمای .. نەژیای .. سڕایەوە ..
لە جەنگەڵی ئەندێشەی چڕو،
پڕم .. ژاکای .. شکای .. بڕایەوە ..
لەخانەی بەدەنی ماندووم،
ڕمای .. کوژرای .. زوو توایەوە ..
لە ئاتەشکەدەی چاوی منا،
سووتای .. ھەڵقرچای .. تلایەوە ..
ھەرچی گەش بوو.. لێم ڕەش کردی ..
چی جوان بوو.. لێم بەش کردی ..
چی ئازیز بوو، لێم سووتاندی ..
ھەرچی بزەبوو، لێم وەراندی ..
ھەرچی لە دڵتا شیرین بوو،
وەکوو ژەھری مارم لێکرد ..
ھەرچی لە شنە فێنکتر بوو،
وەک ئاگری گڕدارم لێکرد ..
دەشێ تۆ خۆشمت بوێ، بەڵام
خۆشەویستی من مەحاڵە ..
دەشێ من شەھدء شیلە بم،
لێ عیشقی تۆ زرکەتاڵە ..
دەشێ من زەریای بێ پەی بم ..
تۆ ڕووبارێکی بێ ڕەوتی ..
ھەنگاو مەنێ ناگەینە یەک
من یەک لەتم .. تۆش دوو لەتی!
چی لە چاوت عاشقترە؟
ئەی گوڵزادە!
دەپێم بڵێ .. سەری کچێنیی خۆت بە دوای
ھیوای چ سێبەرێکدا ھەڵگرتووە؟
بەدوای چ کیشوەرێکدا دەگەڕێیت ء،
لەھیچ لاوە ترووسکایی بەدی ناکەی؟
پەڕوازی دوای کام شاسواری خەونەکانتی ء
کەچی ناگەی؟!
بە دوای کام چەمەنستاندا،
پەپوولەئاسا وێڵی ء
بۆ دڵنەواییش گوڵێکی پڕ ڕەنگ ء بۆت
چنگ ناکەوێ..
بەدوای چ مروارییەکدا سەراسیمەی
سەدان ڕووبارء دەریا بوویت و،
کەچی، بەردێکی گرانبەھاش نابینیەوە؟
دەپێم بڵێ ..
بەبێ ناز ء بەبێ عیشق، چۆن وێڵ دەبی؟
بەبێ سۆز ء بەبێ تاسە، چۆن ڕێ دەکەی؟
بەبێ باڵ ء بەبێ ئاسمان، چۆن ھەڵدەفڕی؟
من لەو ھەموو ھیواء حەزەت سەر دەرناکەم
ھەر نیو نیگایەکی پڕ نازت،
چرایەکە پەروانەی بەستەزمانی ڕۆحی من، ھەڵدەقرچێنێ..
ھەر حەزێکت باڕەشێکەء شۆڕەبی دڵم،
لە ڕیشە دەردێنێ..
لێ، ھەر ڕازیم ء ھەر دۆزەخێک تۆ سازی دەی،
من خەرمانی خەمەکانی خۆمی،
تێدا بە با دەدەم..
ھەر بەھەشتێ زادەی نیگایەکی تۆبێ،
بە دڵۆڤانیی خواوەندی دەزانم.
ئەی سەیزادە!
خاوەنی دڵێکی چەند سیاسەنگی؟
ھەستێکی چەند نەرجسیانەت ھەیە،
خودان ڕۆحێکی چەند ساردء سڕی،
ھەزار پشکۆی وشەی شیعرم،
ھەرگیز گەرمت ناکاتەوە!
ھێندە سەرەڕۆ ء سەرسەخت مەبە،
نەوەک گەرداوی ئاھی من، بەرەو دوورگەی فەنابوون ڕاتپێچێ،
نەوەک لەنێو ئۆقیانووسی ئەشکەکانما،
وردە وردە بتوێیتەوە،
لە دۆزەخی نزاکانما، خوا نەکردە،
پەڕەکانی گوڵی جوانیت ھەڵوەرێن ء ھەڵپڕوکێن!
ھۆ پەریزادە!
وەرە لەگەڵم ء، قوڵنگی عەشق ھەڵگرە
تۆ لەسەر ئێڤرێستی دڵت،
ئادگاری منی شاعیری عاشق ھەڵکەنە..
منیش بە لاپاڵی بێستوونی ڕۆحمەوە،
وێنەی تۆی زەری ء زراڤ بەو یادە دەتاشم!
وەرە لەگەڵمء،
ڕێی سەختی سەفەری ئەوین بگرەبەر
با پێکەوە سروشت پڕکەین لەماچ، لە ڕەنگ، لەجوانی..
وەرە لەگەڵم، با بڕۆین بۆ فیردەوسی جاویدانی..
من سێوی سپی کوڵمانت ھەڵدەمژم ء،
ئەتۆش منی سەرمەست لە ئامێزی خۆت نێ..
لەگەڵم وەرە، با بڕۆین بۆ نیشتمانی سەرمەستی،
پێک لەدوای پێک لە شەرابی چاوەکانت ھەڵدەدەمء
تۆش لە لەززەتخانەی دەستما سەمای عەشقی سەرمەدی بکە..
لەگەڵما وەرە بۆ بەھەشتەکەی ماچباران!
تک تک ئاونگی کچێنیی لەشت دەلێسمەوە
تا تاسەی تینویەتیم دەشکێ،
تۆش لە کەوسەری ڕامووسان پێک ھەڵدە،
تا خومارء حەیران ء دڵ مەست دەبی..
لەگەڵم وەرە بچینە ھەر بەندەرێ..
ھەر کیشوەرێ.. ھەر کوێندەرێ..
کە ھەنگاوی بۆ ھەڵدێنم ..
چی لە چاوت عاشقترە؟..
کێ لە چاوت عاشقترە؟..
من قەت ناتوانم واز لەپێکی مەیخانەی
ئەو چاوانەت بھێنم..
وەرە، وەک ئاشنایەک .. وەک ڕازگرێک تا دوا چرکە.. لەگەڵما بە..
چونکە، لەئاشنایەتی ء دڵبەستەییی
شاعیرێکی تا سەر یەسقان تۆپەرستدا،
ھەرگاڤ، ھەردەم ھەناسەی ئۆخژنێ دەدەی.
ئەی خانمەکەی شەکەر زادە!..
ئەمشەو
تێر ئاوێزانی باڵای کوڕێک بە
شەوانە خەونت پێوە دەبینم ..
خەو بە ڕەنگت ..
بە عیشقت .. بە چاوت ..
خەو بە دەنگت ..
بە نیگات .. بە ناوت ..
خەو بەھارێکی ئازیزە،
حەزەکانی ئادەمی تیا دەڕوێ ..
گەلێک کەڕەت،
خەوم لە واقیع خۆشتر دەوێ..
دوێنێ شەو لە خەونمدا،
تۆ بووکێ بووی،
لە دەستی زاوای حەزەکانمدا سەمات دەکرد،
ئاونگ لە ڕووتا دەتکا ء
گوڵ لە دەمت چرۆی دەکرد..
پەیتا پەیتا مەستی سەما ء
مەستی ئاوێزانبوونی باڵای یەک بووین ء،
وەک دوو جەمسەری جیا،
ھێند لەسەرخۆ لەباوەشی یەکتری تواینەوە،
لەنێو چیمەنێکی پڕ بۆن ء گوڵ ء جوانی ء سەوزایی ڕاکشاین..
تۆ.. تەنھا نەرگزە کراسێکی نەرم ء تەنکت لەبەردابوو،
بەشەرمێکی پڕ لە نازی کچێنی،
سەرت بەسەر دەستە تامەزرۆکانم لارکردەوە،
منیش لە ئەستێرەیەکی ھەوەسباز ڕووتتر ..
پڕ گڕءء پڕ لە عیشق ..
پڕ ھاڵاءء پڕ لە ئەڤین ..
ویستم ھەرچی بارانە سۆزی حەزی ئیرۆسیەتە،
لەگەڵ یەکەم برووسکە ماچدا،
ببارێنمە بەھەشتی دامەنت ..
بەڵام،
خەیاڵ گووتی: نا.. نەکەی ..
لە دانووسان پەلامار بدەی ..
چونکو ژن،
بەر لە چەشکەی لەززەتی چوونە بەھەشت،
حەزی لێیە ھەناسەکانی پڕ لە بۆنی گوڵ ء عەتری ڕەیحانەء گوێشی پڕ چریکەی
پەڕەندە ء کەناری بێ ..
وردە وردە لە ڕۆحی یەک .. لە بەژنی یەک،
نزیک ء نزیکتر کەوتینەوە ء
بەباڵای یەکتری ڕۆچووین.
ئاوریشمی پرچت زەنگوڵ زەنگوڵ،
مرواری بۆن ء تەڕاییان لێ دەچۆڕا ء
جەستەشت شەلالی ھەوەسء حەزء شێتی ببوو..
پەنجەکانم لە پرچە ئاودارەکەت ئاڵاند ء
دەتوت ھەورێکی کۆچەری باراناوی
لەنێو پەنجەکانمدا دەتوێنەوە..
بۆنی عەتری کچێنیشت نغرۆی ئۆقیانووسی سەراسیمەیان کردبووم ..
دەمم بۆ لیمۆی مەمکەکانت برد،
تا زەمزەمی لەزەتء شیرینیان ھەر بۆ خۆم بێ ..
کەچی زاتی ڕامووسینیانم نەکرد نەبا بڵێی:
“بێ ئەدەب، بەئەدەب بە” ..
لە پەڵەھەورێک عاشقتر..
پڕ گڕتر.. پڕ تاوتر.. سەرشێتتر خۆم دەنواند..
وەکوو گڕکان خەریک بوو گڵپەء فوارەم ھەڵدەستا..
لەناکاو تۆ بە دەنگێکی لە نەسیم ناسکتر وتت:
ھۆ شێتەکە، گۆرانییەک بۆ شادی ئەم ئاوێزانبوونە بچڕە..
“ئەمشەو تێر ئاوێزانی باڵای کوڕێک بە،
کە عەشقی تۆی لەچاوی ھەڵگرتووە ..
ئەمشەو تێر ئاوێتەی ڕۆحی عاشقێک بە،
کە چڵە نێرگزێکی لە پاییز خۆشتر دەوێ ..
ئەمشەو تێر نغرۆی حەزەئیرۆسیەکانی شێتێک بە،
ژنی بەقەد نیشتمان لا پیرۆزە”
نەرم نەرم لێک ئاڵاین ء لەنێو باوەش ء
سینەی یەکتریدا نێرڤانا ء
بەھەڵمژینی سێوء لێوان،
لە ناخی یەکتر بزربووین..
وەکوو دوو برسی،
شیلەی ھەناسەکانی یەکتریمان دەلستەوە ء
نوقڵی شیرینی دەممان دەتواندەوە ..
ھێند ڕۆمانسییانە وەکوو دوو لاولاوی
سەرکێشی پڕ حەز،
لەبەژنی یەکتریدا ئاڵاین!!
خاک دەیویست ئێمە بەو ئاوێزان بوونەوە بخواتەوەء
ئاسمانیش حەزی دەکرد،
بمانکاتە دوو ئەستێرەی عاشق ء
لە سینەی ساماڵی خۆیمان بدا.
چ ھەستێکت لە دڵدایە؟
چ ھەستێکت لە دڵدایە،
ئا بەم چەشنە خۆشمت دەوێ؟!
چ ڕازێکە ھانی داوی،
بە کوڵ بگریت نیوەی شەوێ؟!
***
چ عیشقێکە وای لێکردووی،
سووتانی خۆت ئاشکرا کەی!!
لەم ئێوارە پڕ سووتانە
بێیت ء لە دەرگای نیگام دەی ..
***
تۆ مرۆیەکی دڵ پڕ ھەستی،
قەزات لە گیانی من کەوێ!
تۆ ئازیز ء خۆشەویستی،
لە خەونمدای ھەموو شەوێ!
***
تۆ عاشقێکی چەشنی گوڵی،
عیشق ء بەختەوەری دێنی!
تۆ کیژێکی باران ئاسای،
سیا ساڵیم لێ دەتۆرێنی!
خاچی نەفرین
کە کۆتری عەشقی نەواخوانی دڵی منت کوشت،
چیت بە خۆت گوت؟
چەند جار ڕۆحت بە خاچی نەفریندا ھەڵواسی؟
چەند جار ویستت،
خۆت بەدەم شەپۆڵێکەوە بدەیت ء
دەریاییەک ناسکیی لەشت ھەڵڵوشێ؟
چەند جار زمانت بە پشکۆی سووتان ھەڵقرچاند،
تا مێژووی نەگریسی دووریء دابڕان
دووبارە نەبێتەوە؟
ئەی نەوڕەسی نێو ڕووباری ڕۆحی سەوزم!
گوناھت کرد بە دوای شوێن پێی ھەنگاوەکانی
کاروانچیەکی بەڵەدی ڕچەء ڕێگەکانی
گەرمەسێرء کوێستانەکانی عەشق نەکەوتی..
گوناھت کرد لە نسارستانی ژێر پێڵوی چاوانی
ھەولێرە کوڕێکی لە خۆت عاشقتردا،
ھەر بۆ ساتێ نەخەوتی!
گوناھت کرد لە ژێر کەپری ئەڤینی دەروونی
باغەوانێکی ئاوەڵی شیعرء شەرابدا، ھەدات نەدا!
تا ھەناسەکانت تەژیی بۆنی میسک ء
ڕێحانەی خۆشەویستی ببن..
گوناھت کرد تا بە ئاھی گوناھەکانت بسووتێمء،
لە ڕووباری یادەوریمدا،
نەوڕەس ئاسا، سەما بکەی..
قەینا تۆ ڕاھاتووی لەسەر گوناە ء،
منیش لە تاڤگەی بەخششء دڵاوایی لێوانلێوم..
تۆ ڕاھاتووی لەسەر دڵکوشتن ء،
منیش پڕم لە دڵدانەوە ء سێبووری ڕۆحی خۆم..
تۆ ڕاھاتووی لەسەر خاچدان ء،
منیش خومارم بە نۆشینی شەرابی نەمری..
ئێستا ئێمە لە دووڕیانی لێکحاڵی نەبوونداین ء
لە سەر ێیراتی سووتان ھەڵکوڕماوین ء،
سەرنجی ئاگرء گوڵ دەدەین.
ئێستا خۆمان سەرپشکین،
دەست بۆ چی ببەین.
بۆ گوڵ،
یا گڕ؟
ھەناسەکانمان بۆنی چی بگرن،
نەرگز،
یا دووکەڵ؟
نیگاکانمان دڵۆپەی چی بتکێنن،
خوناو،
یا زەرەند؟
پەنجەکانمان چی بڕوێنن،
گوڵەگەنم،
یا گوژاڵک؟
لەمەودا چ ڕێگەیەک بگرینە بەر
ڕێگەی مەرگ،
یاخۆ ڕێگەی پێکەوە ژین..
کام نشینگە دوا وێستگەمان بێ،
بەھەشتی پڕ ئاشتەوایی،
یا دۆزەخی پڕ لە برین؟!
شەتاوی ئیرۆسیەت
ژنێک پێدەشتی گیانی ناسکی،
خستە ژێر بارانی ھەوری حەزم،
بەس شیعرێکی بەسەر باڵایدا بنووسم،
ساڵان ھات ء ساڵان ڕۆیی،
نە توانیم تێر ئاوێتەی بم،
نە شیعرێکیشم بۆ نووسی،
چون ھەر شەتاوی ئیرۆسیەت فوارەی دەکرد،
لەجێی کوانووی خۆشەویستی!!
!!!
تۆ پێچەوانەی درەختی،
کە ڕووت دەبیەوە جوانتری!!
تۆ پێچەوانەی ئاگری،
کە گەرم دادێی نیانتری!!
ھەرچەندە لێت دەڕوانم،
لە ڕۆمانسیەتی تۆ ناگەم،
بەھارێکی پڕ خوساری ء
ژنێکی پڕ چواڵەء بادەم!!
ئاگری عەشق
جاران تەنیا ھەناسە ء سروەیەک بووی،
ئێستا شەکرە ڤارینیشت لەگەڵدایە..
چاوەکانت تەنیا عەشقیان لێم دەوێ،
لێوانیشت تاسەی ڕامووسانیان تیایە..
***
ئەو ھەموو عەشق ء ماچە لە کوێندەر بێنم،
چۆن دەرۆستی ئاگری عەشق دێم؟!
تەنیا دڵێکم ھەیە ھانێ بیسووتێنە،
بۆ ڤارینیش خۆم بڵێسەی بیست ء یەکی سێم.
ژیلەمۆ
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین،
کە بانگەشەی ئازادی ء خۆشەویستی ء
مافی ژنی تیا فرەیە..
کەچی لێرە،
ئازادی لە دیل دیلترە..
ژن ھەمیشە ژیلەمۆیە،
خۆشەویستی ھەر بڤەیە!!
خەوبینین!!
لە شەتەکدانء دەسترازەی ڤارینەوە،
دەزانم ئازاری دیلی چەندە پڕ سۆیە..
ئامان بۆ نەتەوەی،
تا ھەنووکەش دەستەمۆیە،
سەراسیمەی سنوور ء ئازادی ء ئاسۆیە..
ئێمە سەدان ساڵە،
لە ژێر پێڵاوی کەڵەگایەکاندا ھەر ناڵەمان دێ..
ھەموو ڕۆژێ
گۆزەی کەرامەت ء کوردبوونمان دەشکێ..
ئازاد نابین ء
ئازادی نابینین..
بە چوار لەتەوە،
یەک پارچە ئاڵامان
لە لا بۆتە خەوبینین!!
سەرگوزشتەی کارمامزێک
کار مامزێک،
لەقەد شاخێکدا،
بەنازەوە دەھاتەخوار..
ڕاوچیەک سێرەی لێگرت،
ویستی سینگی بپێکێ،
لەپڕ..
پێی ڕاوچییەکە ھەڵخلیسکاء
ھەڵدێرا ناو زنار ء تاوێران ء مرد..
ئەوەیە چارەنووسی ئەوانەی،
جوانیء کارژیلە ء ژن ء عەشق دەکوژن..
ئەوەیە قەدەری ئەوانەی،
دەیانەوێ،
دوا پێکی سیحر ء فڕین ء ئەوین بڕێژن!!
ئا ئەوەیە قەدەری تاڵ ء
مردنی پڕ بەدبەختی!!
ڕازێک بۆ دایکم..
بە ناوی تۆ،
بە دەنگی تۆ.. سوکناییم دێ..
بە چرپەء بزەء ھەناسەت،
ھەرەس بە تەنیاییم دێ..
حەزم لێیە،
ڕۆحم لە بەحری عەشقت ھەڵژەنم ء
دڵم لە نوورستانی نیگاکانت ھەڵسووم..
گەر پیریش بم،
حەزم لێیە،
چوار وەرزەی ساڵ،
وەکوو مناڵی.. وەکوو جاران،
لە بەھەشتی باوەشت بنووم..
ھەرچی سەوزء خەمڵاوە،
ھەرچی گوڵء گوڵاوە،
لە تریقەی پێکەنینت بەدی دەکەم..
ھەرچی شیلەء شەکراوە،
ھەرچی ھەستء ھەتاوە،
لە سیمای شیرینت بەدی دەکەم..
بە شنەی دەنگی تۆیە،
چەمەنی حەزم ڕازاوەیە..
بە بارانی بزەی تۆیە،
گوڵەگەنمی خەونەکانم گەشاوەیە..
بڕواناکەم ھیچ شتێک ھەبێ،
لە تۆ نازک ء دڵاواتر!!
ھیچ گوڵێک ھەبێ،
لە تۆ گەش ء جوانتر!!
ھیچ کڵۆبەفرێک ھەبێ،
لە تۆ نەرم ء نیانتر!!
تۆ ھەموو شتێکی ء
ھیچ شتێکیش لە تۆ ناچێ..
دە لە باوەشتدا بمشارەوە،
بەسەر ژین ء تەمەنمدا،
ببارێنە شەکری ماچێ..
ھۆ دایەگیان،
ھۆ گیانی من،
ھۆ ژیانی من،
کە دەڵێم دایە،
ھیچ وشەیەک وەکوو ناوی تۆ،
بەو شیرینیە،
بەسەر لێوی مندا نایە..
تۆ دۆغدۆڤەء مریەمی،
زمانی شیعری منە،
لە شیای تۆ دایە..
ھۆ دایەگیان،
ھیچ وشەیەک نادۆزمەوە،
بەقەد ناوی تۆ مەزن بێ..
لە تنۆکێک تا زەریاییەک،
ھەرچی ھەتە بەس بۆ من بێ.
قەتاری قریوە
ئەوەی ھەراسانی کردووی،
زایەڵەی خەمی ھەڵاوێرانە،
لەدوای ھەڵوەرینی مێخەکی عەشق،
لە کوێستانی گوێچکەکانت نابێتەوە..
ئەوەی نەک خولیاء خۆشی، سەریشی بردووی،
گێژەڕەشەی ئاھی دابڕانە،
ڕژاوەتە مێرگستانی ڕۆژگاری تەنیاییت ء
ڕوتت دەکاتەوە لە ڕۆشنی ء گرنژین،
تا دوا گەڵای جوانیت لەگەڵتایە و
سەوزیت بە سووتماک ء
جوانیت بە خۆڵەمێش دەکا..
ئەوەی تەنیایژگەی ئێستای ڕووخاندووی،
پاماڵی نزای جیابوونەوەیە،
تا مردن لێت نابێتەوەء نابێتەوە..
ئەوەی کەناری خەوی خۆشی تاراندووی،
مۆتەکەی کەنارگیری ء بێکەسییە،
بەقەد پەستی، پەستی کردووی،
بەقەد ھەراسانی، ھەراسانی کردووی..
چۆن لێنەگەڕای،
تامی سێوی دەسگیرانیی ء
خۆشاوی لیمۆی ماچەکانت بکەم..
چۆن بەختت وەکوو تاعوون..
وەکوو مەرگ..
وەکوو ژەھر..
وەکوو دۆزەخ ڕەشکردم..
چۆن تەمەنت وەکوو کوردستان..
وەکوو سێو..
وەکوو خۆم بەشکردم..
ئاواش لێناگەڕێم،
قەتاری قریوەء زەردە،
لە نیشتمانیی لێوەکانت بارگە بخەن،
ڕێگە نادەم،
درۆشکەی خەونەکانت،
بە مێرگستانی ڕۆحی کەسێکیتر،
ئاسوودە گوزەر بکەن.
پەروانەی پەنجەکانت،
لەسەر سنگی پیاوێکیتر نەرم بفڕن
ڕێگە نادەم،
جوانییەکانت،
بەرچنگی ھەڵۆ کەوێ..
لێناگەڕێم،
خوێنی بووکێنیت بڕژێ.
ڕەشایی بەر من ء
سپیایی بەر تۆ کەوێ!!
چیڕۆکی چەمەژنێک
چەمەژنێک بەڵێنی دا،
لە دۆزەخیشدا لەگەڵما بێ..
لە تاڵیەتی، ھەنگوینی کێوء چیا بێ..
لە برسیەتی، ناسکەنان ء
لە تینوویەتی، کانی ء زەریا بێ..
لە بەدبەختیی، ھومای ھانا بێ..
لە کارەسات، بازی فریا بێ..
زۆر ساڵ ء عەیام تێپەڕین..
سەدان بەفری برین ء
شەتاوی شەراری ء
بوومەلەرزەی مەینەتی ء
کۆڤانی کارەسات ھاتن..
کەچی،
چەمەژن، ھەروەکوو خۆی مایەوە..
عەشقی منی،
لە ئەمازۆنی دڵی نەکوژایەوە..
بەڵام،
لەپڕ، شمشێری عەشیرەت ء
تۆفانی باوکسالاری ء
تەوری وادەء سوێندء ..
چەقۆی نابێ ء .. نەکەی،
ھەموو شتێکی سڕیەوە..
ھەموو بەڵێنێکی بڕیەوە..
لە ئاست شمشێر، عەشقی چی..
لە ئاست کوشتن، ئەڤینی چی..
لە ئاست ھەڵواسین، ھیوای چی..
لە ئاست خۆڵەمێش، سووتانی چی..
لە ئاست ھەرەس، ڕۆنانی چی..
لە ئاست مەرگ، ژیانی چی..
لە ئاست چک بوون، ڕووانی چی..
لە ئاست ڕووخان، ھێلانەی چی..
لە ئاست تاسان، ژەنینی چی..
لە ئاست شکان، فڕینی چی..
لەو ڕۆژەوە چەمەژن، بوو بە دۆزەخەژن..
ھەموو خەون ء حەزەکانی سووتا،
ئێستا زەرەندەستانێکە پڕ لە مردن.
بەراورد
پەپوولە،
بەبێ دڵی خۆی،
سەراپا تەمەنی،
لە ناو گوڵ ء باخدا بەسەر دەبا…
شەمشەکوێرەش،
بەبێ بینایی،
خەرمانی ژینی،
لە ناو وێرانی ء خەراباتدا دەسووتێنی..
ئەرێ ژیان ء دیمەنی،
کامەیان خۆشترە،
بێ دڵی ناو گوڵجاڕ..
یان،
بێ بینایی ناو کەلاوە؟؟
ساڵ عەیامە،
سەرم لەو نھێنییە دژە،
سووڕماوە!!
فەنابوون
لە تەنک تەنکتر و
لە نەوڕەس نەوڕەستر و
لە ماسی ماسیتر بوو..
بە بەرچاوی پڕ حەز ء حەسرەتم،
وەکوو قورینگێکی پڕ ناز ء عیشوە تێپەڕی.
چ تێپەڕینێک؟
لێوانلێو لە جەمال ء جیلوە ء جریوە..
لێوانلێو لە ئاگر ء سەما ء دڵبردن..
کە ڕۆشنایی عەشق لێیدا،
سەراپا سپی ء ڕۆمانسی بوو..
سەراپا مرواری ء نوور بوو..
ئەو دیتن ء بەریەککەوتنە،
جەزب ء مەست ء حەیرانی کردم..
ئاخر لەنێو کراسە باڵ پەپوولەییەکەی،
ھەموو جێگە جوانەکانی جیلوەیان دەدا..
لەنێو شووشەی کراسە نەرگزییەکەی،
ماسی جوانی، گڕیان لە ڕۆح بەردەدا و
چاوی پیری مەیکەدەیان پەلکێش دەکرد..
لەگەڵ ئەو دیمەن ء دەرکەوتنەدا،
فەنابووم و
ت
و
ا
م
ە
و
ە
ە
ە
!
!
چ توانەوە ء فەنابوونێک؟
یەکبارە جنوون ء نەحەجمان..
یەکبارە داڕمان ء ڕژان..
یەکبارە فڕین ء سووتان..
یەکبارە تاسان ء خەمی بێ ئامان..
خەیاڵ تا ئەودیو دوورگەی تەمەننا بردمی و
حەسرەتیش لە ڕۆحمدا قوڵپی دەدا..
بێ ئاگا لەخۆم ء لە زەمەن و
لە ھەموو شت.
وەکوو مناڵێکی ھارء ھاج
بەدرەختی بەژنیدا ھەڵدەزنام ء
بە پەنجەی چاوەکانم،
پرتەقاڵی مەمکەکانیم دەگووشی،
تەکانی زیاترء زۆرترم بەخۆ دەدا و
لە دڵی خۆمدا دەموت:
ھێی شیرینترین ھەرمێی نیشتمان
ھەی تەڕترین چەمی عەشق..
ھۆ عەترترین سەوسەنی سیا ساڵی..
گەر ناتوانم لەوە زیاتر بتگووشم و
بتگرمە ھەڕازگەی باوەش،
ئێ خۆ دەتوانم زێتر سەیرت کەم ء
جارجارەش بۆنت بکەم ء
لە چناری جوانی جەمالت بڕوانم..
ھەموو ئێوارانێک،
لەھەمان شوێن ء ژووانگەدا
دێم ء تۆش تەنکتر ء ڕۆمانسیتر
تۆڕی چاوەکانم پڕ ڕیشۆڵەی ڕووتی کە و
خۆ من شاعیرێکی شەوارەم ء
دیتنت سەرم پڕ عەشق و
ھەناسەشم پڕ ڕێحانەء ڕەنگ دەکا..
دە دەرکەوەء با بتبینم،
بەقەد پێویستی پێویستیم پێتە..
بەقەد خۆشەویستی حەزم لێتە..
دە دەرکەوە دلارامە ژن!!
خواوەندی من، ژنێکە شەنگ
سەوداسەری باڵای ژنێکم،
شەکرو شیلەی لێ دەتکێت..
تاجء تارام ھێناوە بۆت،
قەت وامەکە دڵم بشکێت..
***
بە فڵچەی عەشق وێنەی تۆم،
لە ناو ناخمدا کێشاوە..
نەورۆزی عەشقت، لە ڕۆحم
ناخم.. چاوم دایساوە..
***
تۆ کیژێکی بەخت بەفری،
شاعیرێک وا خۆشیدەوێی..
نەکەی خۆت کەنارگیر کەی،
لەدڵی غەریبێک بسرەوێی..
***
سەرشێت مەبە ء بێرە سەرخۆ،
بەھارء خەزان ھەڵاوێر کە..
وەرەو پەڕەندەی ڕۆحت،
لە کانیاوی عەشقم تێر کە..
***
لەوەتەی ھەم، زایەڵەی من،
بەس بۆ چاوی ڕەشی تۆیە..
لەچاوتا زۆر شت فێربووم،
سووتان بێ دووکەڵ درۆیە..
***
لەوەتەی ھەم، نەوای ڕۆحم
لەھەموو سترانێک جیایە..
خواوەندی من ژنێکە شەنگ،
چی خواوەندە لە چاویایە..
***
دوا ھەنسکم تێکەڵ شیعرە ء
بە نەوڕەسێک بۆت دەنێرم..
شووشەی دڵی من مەشکێنە،
دنیا لە دەورت دەگێڕم.
؟؟؟
دوێنێ ڕووبارێکی سەرشێت بوو،
ھەر ھاژەء خوڕەی دەھات ء،
لەگەڵ خۆیدا،
دارء بەردء بوونەوەری ڕادەپێچا..
کەچی ئەمڕۆ،
لە مات ماتتر و،
لە بێدەنگ بێدەنگتر و،
ھەتا بڵێی لەسەرخۆ!!
وتم:
ئەرێ ئەمڕۆت جیایە لە دوێنێ؟
وتی:
دوێنێ پۆلەژنێک،
ژنی چی؟
پۆلەقورینگێک ھاتنە ڕۆحمەوە ء
تا حەزی من،
خۆیان لە ھەوەسم ھەڵسوو..
گڵپەی شێتیم دامرکا،
کوژایەوە نێڵەی ھەڵچوو..
ئەی نازانی،
منیش وەکوو ئێوە،
خەونم ھەیە..
حەزم ھەیە..
ھەوەسم ھەیە..
ڕازم ھەیە..
منیش وەکوو ئێوە،
حەزم لێیە..
ھەمیشە ڕازء ھەوەس ء حەزم،
بە گوێی ژناندا بچرپێنم..
شێتی ء ھەڵچوون ء فوارەم،
بە ڕووتی ژن دامرکێنم..
منیش وەکوو ئێوە..
تاسەی ڕووتی ء ڕاژەنینی ژنم..
دوێنێ،
ڕۆمانسیەتی ژن،
ڕژایە ڕۆحمەوە،
بۆیە ئەمڕۆ،
بەقەد ھێمنی، مات ء ھێمنم.
گەرمم کەوە .. بەگەرمی خۆت
عەشقت پەلء پۆی ھاویشتە ناو چاویشم،
چونکە، عەشق ھەمیشە داگیرکەرە..
تۆ جوانترین عاشقی ء،
عەشقت تاجەگوڵینەی سەرە.
حەزم لێیە،
عەشقت، بەخوڕتر بەسەر ڕۆحمدا ببارێ..
ھێند بارگاوی بم بە تاوی عەشقت،
تا چۆلەکەی ڕق لەناو گیانمدا بتارێ..
ھەموو دەرگەء پەنجەرەء
کولانکەکانی ڕۆحم کردۆتەوە،
بۆ تیشکی تاوی ئەوینت..
سەرمابردەی سەھۆڵبەندانی دووری تۆم،
گەرمم کەوە بەگەرمی خۆت..
لێم مەپرسە
کەیء لەکوێ خۆشم ویستووی
دەشێ لە دەمی بەفرباریندا،
تۆ لە چاومدا گیرسابیتەوە..
یا نەسیمی کازێوەیەک،
تۆی بە ماڵی ڕۆحمدا کرد بێ..
یا پەڕەسێلکەیەک،
پووشی ئەوینی تۆی خستبێتە ناخمەوە
یا ئاھوویەک، گیاکەڵەی عەشقی تۆی خزاندبێتەوە لانی ھەستم.
لێم مەپرسە
بۆ خۆشم ویستی..
چونکە، نە “حەبیبە” زانی بۆ نالی کەشکۆڵی ژانەکانی ھەڵگرت ء
نە “ئێلیزا” پەی بە عەشقە سووتێنەرەکەی ئاراگۆن برد ء
نە “مۆنالیزا” زانی داڤنشی بە چ عەشقێک ئادگاری وێنا کردء
نە “گوڵ” دەزانێ بۆچی پەپوولە
بە دەوری سەما دەکا!!
لێم مەپرسە
بۆ کەناری عەشقم لە چەمی ڕۆحت دەچریکێنێ ء
زارۆی نیگام لە بێشکەی چاوتدا ژیر دەبێ ء
بۆ ھوزاری لێوم،
حەزی بە ھێلینی گۆنای گوڵاوی تۆیە!!
لێم مەپرسە
بۆچ خۆشم دەوێی ..
کەی خۆشم ویستووی..
خۆشم نازانم کەنگێ بەردی عەشقت
پەنجەرەی ڕۆحی منی زرنگاندەوە!!
نازانم کەی گڕکانی نیگاکانت،
دارء بەردی ڕۆحی منی تواندەوە!!
جا کێ دەزانێ عەشق کەی دێ ء
کەی کۆچ دەکا!!
جار وایە عەشقت لەسەر پشتی کیسەڵێکە ء
جاری واشە، لە زریان زووتر ھەڵدەکا..
ئێستا تا ئەوکی حەزم،
پڕم لە عەشقت..
تا لێواری تێربوون،
تەژیم لە خۆشویستنت..
تا پلەی توانەوە،
لێوانلێوم لە ئاگری پەرستنت..
نا.. لێم مەپرسە
کەیء بۆ خۆشم ویستی
چونکە، تۆش نازانی بۆ عەشقی منت ھەڵبژاردء
قەدەری خۆمم دایە شنەی تۆ پەرستی!!
جەللادترین جوان
لە مەراق ء حەسرەتی تۆدا شەڵاڵم،
تۆش وەکوو نە بات دیبێ نە باران..
ئاسک ئاسا تێدەپەڕی ء نازان دەکەی،
پەنجە بەخوێن، ھەی جەللادترین جوان!!
***
ھەموو دنیات بەدوا تەی کەم،
ناگاتە ئەو ماچانەی کە پێت بەخشیم،
ھەموو دنیام بەدوای تەی کەی،
ناگاتە ئەو دۆزەخەی ناوی دوورییە!!
***
نازانم ئەوە بارانە تەڕی کردووم،
یا عەشقی تۆ!!
ئەوە چاوی تۆیە دەمسووتێنێ،
یا نیشتمانێک لە پشکۆ!!
***
شەڕی من، لەگەڵ پەنجەرەکەی تۆیە،
پەنجەرەکەت دە واڵا کە،
دەمەوێ تەمء تارمایی نەمێنێ،
ھەروەکوو ماسی نێو شووشە،
ڕووتء ڕۆمانسیی بتبینم تریفە ژن!!
***
ئێواران بیری ھەموو شتێک دەکەم،
لەھەمووی زیاتر،
پیاسەی ئەو کچە گەنم ڕەنگەی،
ساڵانێکە سەری ھەڵگرتووە..
دەمەوێ لەبیری کەم،
دڵم لێناگەڕێ ء ھۆگریەتی..
دەمەوێ بیکشێنم،
قوڵنگ دەگرێء گلەییء شەکوایەتی..
چاوەڕێمە ئەو کۆترە ژنە بێتەوە،
عەیامێکە شاھۆی ڕۆحم لە دوایەتی!!
***
حەزم لە مردنی نێوانی مەمکەکانتە،
نەک گۆڕێکی پڕ لە حوزن.
نوری نێوانی مەمکەکانت لە کوێ ء
نوتەکستانی گۆڕی بێ ئامان لە کوێ!!
***