تاڵی پرچی زەردی پایز لە نینۆکی دارچنارە ڕووتەکان نەبۆتەوە
سمۆرەکان بە چاوی ترساوەوە لە کوێر بوونەی تۆلە ریکان دەروانن
ئەو ڕێگایانەی کە بەهارێك و هاوێنێکە بوونەتە هاوڕێ
ڕێرەوی نهێنین بۆ گۆڕستانی سەلکە گوێزە خڕەکان
گەڵا نەخۆش و رەنگ زەرەدەکان بۆ یەکەمینجار غیرەت دەیانگرێ
دەست لە بەرۆکی دایکیان بەردەدەن
تا سەمایەك بکەن
لەسەر لەپی دەستی ڕەووبارە هەناسە ساردەکان
یەکەمین و دواهەمین مەلە دەکەن
پایز توورەبوونی سروشتە
هەناسەیەکی نەخۆشە
فرمێسکێکی ساردە
کەس هێندەی سمۆرە چاوڕەشە نهێنگیرەکان
لە سیحری پایز نازانێ
کەس هێندەی ئەوان ووشەی
عاشقە رووتەکانی نەخوێندەۆتەوە
لە سەر کەمەرو لەپی دەستی درەختەکان
فەرقمان چی بوو ؟
من ووشەکانم لە ژێر گەلاکاندا دەشاردەوە
ئەوانیش گوێزەکان
منێش بە چاوی ترسەوە لە کوێر بوونەوەی تولە ڕێکان دەراونیم
ترسی من ترسی نەدوزینەوەی گۆڕستانی گوێزە خڕەکان نە بوو
ترسی من ترسی وونبوونی جێ پێکانی ئەو بوو
ئەو جێ پێ یانەی منیان دەبەستەوە بە بوونەوە
خۆزگە بمتوانیایە تا هاوینی ئایندە
چەترێکم بگرتایە
تاجێ پێکانت نەکوژێنەوە
خۆزگە تولەڕێکان نە باران و نە بەفرو نە زستانەکان
کوێری نەدەکردنەوە
سمکۆ ئەحمەد
پایزی ٢٠١٢ لەندەن