سەدیق سەعید ڕواندزی
لەبەرەبەیانێکی زوودا، لەگەڵ ھەڵھاتنی یەکەم گزنگی خۆری ئەم بەیانییە،لەشکری جەھالەت، لەشکری خوێن وسەربڕین، پەلاماری شنگال دەدەن. ئیدی چیڕۆکە دڵتەزێنەکەلێرەوەدەست پێدەکات. ئەوان کەبەدرێژایی مێژوو، بۆماوەی ھەفتاو سێ جارفەرمانی قڕکردن و لەنێوبردنیان دراوە،ئەمجارەشیان لەسەردەستی ڕیشدارەکانی داعش، نەوەی خوێن ڕێژەکانی دوێنێ، پەلاماردەدرێن.تەنھا لەسۆنگەی ئەوەی وەک ئەوان موسڵمان نین و ئایینێکی دیکەی جیاوازیان ھەیە. نەھامەتییەکان، تراژیدیاو کارەساتەکان، لێرەوەدەستپێدەکەن. لێرەوە، سەربڕین وئەتککردن، کوشتنی منداڵ و پیروپەککەوتە، دەست پێ ئەکات.ئەوان بەناوی ئایین و لەپەراوێزی جێبەجێکردنی بنەما شەرعییەکانی ئیسلام، ھەرچی لەدەستیان ھات دەرھەق بە کریڤەکانیان کرد. ئەوان وێنەیەکییان لەئایین نیشانی ئەوان و دونیاشدا کەمرۆڤ بەڕامان وگومانێکی قوڵەوە بپرسێت بەڕاست ئایینی ئیسلام ئەمەیە؟ کە(دینی ئەوان دەبینیت، ھەرچی دینی دنیا ھەیە نەفرەتی لێدەکەی ولەبەرچاوت دەکەوێت. ئەمە قسەی یەکێک لە کارەکتەرەکانی ناوڕۆمانی(پاکیزەکەی شنگال)ە. ئەم ڕۆمانە،کە لەسەروبەندی کارەساتی جینۆساییدکردنی ئێزیدییەکانی شنگال و دەشتی نەینەوا لەسەردەستی بەربەرییەکانی داعش نووسراوە، گێڕانەوەی سەرگوزشتەی ھەمووئەو ڕووداوو کارەساتە تراژیدیانەیە کەلەشنگال ڕوویانداوە. ڕۆمانەکە، لەچەند بەشێکی جیاواز پێکھاتووەو لەھەریەک لەوبەشانەش، لەسەردەمی کارەکتەرێک کەبڕوام وایە کەسایەتی ڕاستە قینەن، ڕووداوەکان دەگێڕدرێنەوە. ئیدی چیڕۆکەکان جیاوازن، ئازارو ژانەکان قووڵن، بەڵام ئەوەی ھاوبەشە ئێزیدییەکانن. واتەبۆئەوەی داعش ڕەوایەتی سەربڕینت پێبدات، بەسەبۆ ئەوەی ئێزیدی بیت. ھەڵگەڕاوەوکافر بیت وەک ئەوەی ئەوان وێنای دەکەن.لەڕۆمانەکەدا، قوربانییەکان لەھەرتەمەنێک بن تەنانەت منداڵی ساواش، ھەرناووشوناسێکییان ھەبێت، ھەرچییەک و ھەرچۆنێک بن، گرنگ نییە، تەنھا ئێزیدی بن بەسە بۆ ئەوەی داعش بیانکوژێت.دڵشاد کەیەکێکە لەئێزیدییە بەزۆربە موسڵمان کراوەکان لەکاتێکدا(خوای گەورە دەڵێت: لااکراە فی الدین)،بۆتە پۆلیسی بەناو دەوڵەتی خەلافەت. ئەرکی چاودێریکردنی شوێن وبازارە. ئەو وەک ھەموو موسڵمانێک دەچێتە نوێژەکانی کۆمەڵ،ھەینییان لەوتاری ھەفتە ئامادە دەبێت، بەڵام شەویش لەماڵەوە سرووتە ئایینییەکانی تایبەت بەئێزیدییەکانی ئەنجام دەدات ونزا لەمەلەک تاوس دەکات. ئەو وەک خۆی دەڵێت: (نیوە موسڵمان و نیوە ئێزیدییە) بەڵام لە بنەڕەتدا ھێشتا بیروھۆشی ھەرلەلای لالشە. مرۆڤ کەبەزۆرئایینەکەی گۆڕدرا، بە چ دڵ و دەروونێک ئایینی نوێ وەردەگرێت؟سەربەست بەرلەھاتنی داعش ئەندازیاری کشتوکاڵ بووە، کەئەوکارەساتە دەبینێت، ڕوودەکاتە چیاوژیانی گۆشەگیروتەنھایی دەکاتە دوا چارەنووسی خۆی.کچێکی چواردە ساڵانی بێ دایکی کەوتۆتە دەست داعش. وەک کەنیزەک کڕین فڕۆشتنی پێدەکەن. سەربەست ھەمیشە لەخەیاڵی ھاتنەوەی کچەکەی دایە، بەڵام دەشزانێت مەحاڵە.ھەموو ھەینییەک دوای نوێژ، ڕێوڕەسمێکی کوشتن بەناوی پیادەکردنی شەریعەتی ئیسلام، لەدەست بڕین، سەرپەڕاندن، فڕێدان لەباڵەخانەی بەرزەوە،جەلدە لێدان، بەڕێوەدەچێت. کچەکان ڕووتدەکەنەوەو بەبەرچاوی ھەمووانەوە نماییش دەکرێن. ئەوان ناچار دەکرێن ئەو دیمەنە دڵتەزێنانە ببینن ودواتریش بەتاسەیەکی قووڵەوە بپرسن، خودایەئەمە چۆن دەبێت؟ حاجی خان، کەسایەتی ئەفغانی و خوێنڕێژ،نووسراوی دیوانی خەلافەت بەزمانی عەرەبی بۆ ھەمووان دەخوێنێتەوە.ئەوێک کەھەزاران کیلۆمەتری بڕیوەوە بەناوی گوایە جیھاد لەپێناو خواداوە ھاتووە، ھەموو ھەینییەک فەرمانی کوشتنی ئێزیدییەک دەردەکات.عیدۆی ترلێدەر، کەیەکێکە لەجوانترین و سەرنجراکێشترین و ھاوکات غەمگینترین کارەکتەری ڕۆمانەکە،بەدیار دیمەنەکانی کوشتن وسەربڕینی ھاوشوناسەکانی ڕادەمێنێت. ڕەنگە ئەوبەوشێتییەی خۆی پرسیاری ئەوەبکات، چۆن دەبێت لەپای ئایینێکی جیاوازەوە ئەو ھەموو مرۆڤە سەرببڕدرێن و بفرۆشرێن و سوکایەتییان پێبکرێت؟عیدۆ ھەرچی ڕق ھەیە لەدڵی دەگرێت، تالە دەرفەتێکدا بەگۆچانەکەی دەستی بەسەری حاجی خانی بەناو موجاھیدی ئەفغانی وخوێنڕێژدەکێشێت ودەیکوژێت. دواجاریش لە قەفەزێکدا ھەوڵدەدەن عیدۆبسووتێنن، وەلێ ڕوحی ئەوبەرز دەبێتەوەولەچاون وندەبێت.خاڵۆعەڤدال، دوای ئەوەی ناچاری دەکەن بەزۆرببێتە موسڵمان وبەتێگەیشتنی خۆیان لەئێزیدییایەتی پاک بێتەوە، ئەوڕەتی دەکاتەوەئایینی خۆی بگۆڕێت وببێتە موسڵمان،بۆیە لەباڵاخانەیەکی بەرزفڕێی دەدەنەخوارەوەوخوێنی تێکەڵی خاک و خۆڵی شنگال دەبێت.ھێڤیداردوای ئەوەی بەزۆرلاقەدەکرێت، خۆی دەکوژێت.ئەونایەوێت منداڵێکی داعش بێنێتە دنیاوە، کەدواتر ڕێچکەی ڕیشدارەکانی خۆیان بگرێت. جەلادەکانی داعش ھەرچی دڕندەییە دەیکەن. ئەوان سەدان و ھەزاران کچی وەک: گورێ و نیشتمان و ئالین و نارین وچەندانی تروەک کاڵا دەفرۆشن وکڕین و فرۆشتنیان پێدەکەن.ئەوان ئێزیدییەکان لەسەرمنارە و باڵاخانەکان فڕێدەدەنە خوارەوە، سەریان دەتاشن و بەڕووتی بەکوچەو کۆڵانەکانی شاردەیانگێڕن.تەنانەت منداڵە بچووک و شیرەخۆرەکانیش دەخەسێنن، بۆئەوەی لەپشتییانەوە چیدی ئێزیدییەکی ترنێتە دنیاوە،بەڵام ئازاری ھەمووئەمانە بەقەد ئازاری ئەوھەستە نابێت کەپێیان دەڵێن کافری پیس. کافربوون لەڕوانگەی موجاھیدە بەربەرییەکاندا، ئەوپاساوەیە کەڕەوایەتی دەداتە ھەمووشتێک. ئەومافەیان پێدەدات کەھەرچی تاوانە بەرامبەریان بکەن. وەک ئەوەی کەبینیمان.داعش ھەرچییەکی لەدەست ھات بەرامبەر بەئێزیدییەکان کردی. ئەوان خاک و خۆڵی شنگالییان وێرانکرد. ئەوان شنگالییان بۆ ھەتایە ڕووخاند، بەڵام ناتوانن شنگالی نێودڵی عیدۆو سەربەست ودڵشادو عەڤدال وێران بکەن. ئەم ڕۆمانە دڵۆپێکی بچووکە لەدەریایەکی گەورەی تاوان بەرامبەر بەئێزیدییەکان. خوێنەرکەئەو ڕۆمانە دەخوێنێتەوە، غەمگینییەکی قووڵ دایدەگرێت کەبۆچی دەبێ مرۆڤەکان بەوشێوەیە لەپای ئایینێکی جیاواز ئەتک بکرێن. خوێنەر بەدرێژایی ئەوڕۆمانە، لەگەڵ کارەکتەرەکان و ھەمووئەو برینانە دەژیت کەتیرۆرستانی داعش، خستیانە جەستەی کچانی ئێزیدی. وەک خوێنەرێک کە ھاوسۆزی ئەوان وخەم بەئازارەکانیان دەخۆم لەسۆنگەی ئەوە نییە، کە ئەوان ئێزیدین، بەڵکو لەبەرئەوەیە کەمرۆڤن. ئیدی چ شوناسێکی ئایینی و نەتەوەییان ھەیە، کێشە نییە. مرۆڤ شۆک دەیگرێت کەلە سەردەمی ئەوھەموو پێشکەوتن و زانینەدا،لەسەردەمی تەکنەلۆژیا و گلۆبالیزمدا، ھێزێکی بەربەری وخوێنڕێژی لەوشێوەیەو تائەو سنوورە دڕندەیە ھەبێت، کەھەموو خەون وماناو بەھاکانی ژیای خۆی لە کوشتنی ھاوڕەگەزەکەیدا ببینێتەوە. داعش کەلافی ئیسلام وجێبەجێکردنی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام لێدەدات، وێنەیەکی لەئایین پیشانی دنیا وئێزیدییەکاندا، کە بەسەرسوڕمانەوە بپرسن ئەوە چ جۆرە ئایینێکە. یاخود دواجاربگەنە ئەو بڕوایەی بڵێن: کەدینی ئەوان دەبینی ھەرچی دینی دنیاھەیە لەبەرچاوت دەکەوێت. دواجار دەمەوێت ئاماژە بەوەبدەم کەلەخوێنەوەی ئەوڕۆمانە بوومەوە، ڕۆمانی(جەنگ ھیچ ڕووخسارێکی ژنانەی نییە)م بیرکەوتەوە. ھیوا قادرکەوەرگێڕی ڕۆمانەکەیە لەپێشەکیدادەڵێت: ئەم ڕۆمانە یەکێکە لەخەتەرناکترین کتێب کەئەستەمە خوێنەربتوانێ ھەمووچیڕۆکەکانی بخوێنێتەوەو لەگەڵ ئازاری ئەوژنانە بژیت. وەلێ کاتێ پاکیزەکەی شنگالم خوێندەوە، تێگەیشتم کەناوبراو، چ حوکمێکی سەرپێی وڕەھای داوە. ئاخرھەرخوێنەرێک بەبڕوای من پاکیزەکەی شنگال بخوێنێتەوە، دەگاتە ئەودەرەنجامەی کەوائازاری ژنانی ئێزیدی ھەزاران جارقوڵتروبەسوێترەلەئازاری ژنانی جەنگی جیھانی دووەم کەلەڕۆمانی جەنگ ھیچ ڕووخسارێکی ژنانەی نییە، بەرجەستە کراوە.ھیوادارم خوێنەران ھەردووڕۆمانەکە بخوێننەوە…
*پەراوێز/ پاکیزەکەی شنگال/ ڕۆمان/ نووسینی(وارید بدرسالم)/ وەرگێڕانی( ئەحمەد محمد ئیسماعیل) بڵاوکراوەی سەردەم ٢٠١٨.
*لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) ژمارە(١١٣٩)ی ڕۆژی ٥-٩-٢٠١٨بڵاوکراوەتەوە….