بوونی هونەر و هونەرمەندان لە نێو tvـیە کوردییەکاندا
پرۆگرامە هونەرییەکان لە تەلەڤزیۆنەکانی کوردستان بەرەو کەمی رۆییشتووە، وای لێ هاتووە لە هەندێک تەلەڤزیۆن هەر نامێنێ یان هەر نەماوە، لە دوای ئەوەی ساڵی (1999) کەناڵی ئاسمانیی کوردستان tv وەک یەکەم کەناڵی ئاسمانیی باشووری کوردستان دەستبەکار بوو، هاتە سەرپێ، ئەو کەناڵە دەستپێکی کارەکانی بەشێک بوو لە هونەر، تەنانەت بەرهەمهێنانی کلیپ لەو کەناڵە بەشێکی ئەوەندە کارا و گرنگ بوو، زۆربەی هونەرمەندانی کورد پشتیان بەو بەشە بەستبوو، کۆمەڵێک کادیری دیار و بەرچاو توانییان دەیان کلیپ بۆ ئەو کەناڵە ئاسمانییە کوردییە خەرمان بخەن، کە ئەو پۆلە کلیپە وەک کەرەستەیەکی پێویست رۆژانە شاشەکەی دەڕازاندەوە و بینەری کوردیش بەردەوام چاوەڕێی بەرهەمی تازەی لێ دەکردن، جگە لەوانەیش هەبوونی پرۆگرامی هونەری و میوانداریکردنی هونەرمەندانی کورد، وەک بەشێکی گرنگی ئەو کەناڵە وابوو، بینەر ناوە ناوە ئاشنای پرۆگرامێکی هونەریی جوان دەبوو.
دواتر لەناکاو کوردستان tv بەشی هونەریی تێدا بارگەی پێچایەوە و بەشی کلیپ و پرۆگرامی هونەریی نەما، بە هەر حاڵ پێم وایە مانەوەی ئەو بەشە هونەرییە هەر لە پرۆگرام و بەرهەمهێنانی کلیپ پێویستییەکی چاک بوو بۆ بینەرانی ئەو کەناڵە، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە خەریکن لە پیشاندانی درامای کوردی پێشکەشی بینەرانیان دەکەن، پێویستە لەو ئاڕاستەوە ئەوەیان بۆ دەربکەوێ کە بەشی هونەری بۆ هەر کەناڵێک چەند پێویست و گرنگە.
لە دوای کوردستان tv، کەناڵی ئاسمانیی کوردسات لە ساڵی (2000) هاتە سەرپێ، ئەویش بە کاری بەرهەمهێنانی کلیپ و چەند بەرنامەیەکی هونەریی توانییان بەشێک لە پرۆگرامەکانیان بۆ هونەر تەرخان بکەن، هەرچەندە ئێستا کە چەند پرۆگرامێکی هونەرییان ماوە، بەڵام بەشی بەرهەمهێنانی کلیپ لە لای ئەوانیش بەرەو کزی رۆییشتووە، کاتی پەخش و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی کلیپ لە شەو و رۆژێکدا تەنیا سەعاتێک داندراوە، کە دەکرێ کاتێکی زیاتری بۆ دابین بکرێت.
بە شێوەیەکی گشتی لە دوای ساڵی (2004)، چەند کەناڵێکی ئاسمانی دیکەیش وەک (زاگرۆسtv) و چەند کەناڵێکی دیکەی ئاسمانی هاتە ریزی کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان، دەستپێکی (زاگرۆس tv)ـیش هەر بۆ هونەر چاک و بەرچاو بوو، دەتوانم بڵێم وای لێ هاتبوو خەڵکی بە تەلەڤوزیۆنێکی هونەری چاوی لێ دەکرد، بەڵام لەم یەک و دوو ساڵەی دواییدا ئەویش (pouse)ـێکی دانا و هونەری لە پرۆگرامەکانی خۆی کەم کردەوە، بە تایبەتی بڵاوکردنەوەی کلیپ و پرۆگرامی هونەری.
لە دوای ئەو کەناڵانە، دوو کەناڵی تایبەت بە هونەر هاتە مەیدان بە ئومێدی ئەوەی ئەو دوو کەناڵە تەنیا بۆ هونەر و هونەرمەندان بێت، بەڵام لە راستیدا ئەو دوو کەناڵەیش نەیانتوانی ئەو پەیامە بە چاکی بگەینن و ببن بە پردێک لە نێوان جەماوەری هونەری و هونەرمەندان، من رێزم بۆ هەردوو کەناڵی (کۆڕەک tv و ڤین tv)، بەڵام دەبوو ئەو دوو کەناڵە نەک تەنیا بۆ پەخشکردنی کلیپ کار بکەن، بەڵکوو لایەنی بەرهەمهێنانی کلیپ و رێکخستنی چەند پرۆگرامێکی هونەری بۆ هەموو هونەرەکان نەک تەنیا بۆ هونەرمەندانی گۆرانیبێژ، کە ئەویش تەمەنی درێژ نەبوو، کاری زیاتر و پرۆگرامی تۆکمە دابڕێژن بۆ ئەوەی کەناڵەکانی ئەوان ئەرکی کەناڵە سیاسییەکانیش رابپەڕێنن و لە بڕی ئەوانیش کاری باشتر بهێننە بوون.
بە شێوەیەکی گشتی کەناڵێک بۆ هونەر و هونەرمەندان تا ئێستا نەهاتووەتە سەرپێ و ئەو ئەرکە بە چاکی بەرجەستە بکات، چونکە ئەگەر ئێمە سەیری چەند کەناڵێکی هونەریی بیانی وەک (رۆتانا و میلۆدی و ئەبوزەبی) و چەند کەناڵێکی دیکەی دەوربەری خۆمان بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە پرەنسیبی کار و بەرنامەڕێژیی ئەوان بۆ هونەر چەندە لە ئاستێکی پێشکەوتوودایە، بۆیە ئەو پاشەکشەیەی کەناڵەکان لە هونەر دەرئەنجامێکی باشی نابێت و ئەو ئاستەی ئێستایان هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت و پێم وایە لەگەڵ هەبوونی ئەو دەستە کەناڵە ئاسمانییە کوردییە هێشتا بینەری کەناڵە بیانیەکان روو لە هەڵکشانە!!.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا