لیۆ تۆلستۆی/ لەفارسیوە ئازاد نەجم : جارێکیان پاشایەک نەخۆش کەوت و گوتی: نیوەی قەڵەمڕەویی پاشایەتیەکەم دەبەخشم بەو کەسەی بتوانێ چارەسەرم بکات و لەم نەخۆشیە ڕزگارم بکا.
تەواوی حەکیم و زاناکان کۆبونەوە تا بزانن نەخۆشیەکەی پاشا چیە و چۆن بتوانن چارەسەری بکەن. بەڵام ھیچیان سەریان لێ دەرنەکرد. تەنیا یەکێکیان نەبێ کە گوتی: چارەسەری نەخۆشیەکەی دەکرێ ، دەبێ کراسی کەسێکی خۆشبەخت بێنن و پاشا لەبەری کات و ئەوسا چاک دەبێتەوە.
پاشا دەسبەجێ پەیک و تەتەرەکانی خۆی بەسەرانسەری وڵاتدا بۆ ھێنانی کراسی کەسێکی خۆشبەخت ، بڵاو کردنەوە. سەرانسەری وڵات گەڕان ، بەڵام نەیانتوانی کەسێکی خۆشبەخت بدۆزنەوە. تەنانەت کەسێکیان دەسنەکەوت لەژیانی خۆشی ڕازی بێت. ئەوەی دەوڵەمەند بو نەخۆش بو. ئەوەی لەش ساغ بو ھەژار بو. یان ئەگەر دەوڵەمەند و لەش ساغیش بوایا ژنێکی خراپی ھەبو. یان ئەگەر منداڵی ھەبوایا منداڵەکانی خراپ بون. بەکورتی کەس نەبو گرفتێکی نەبێت.
سەرەنجام شەوێکیان لای بەرەبەیان ، کوڕی پاشا بەلای کوختەخانویەکی ھەژارانەدا تێدەپەڕی ، گوێی لەکەسێک بو کە لەژورەوە بو و دەیگوت: ( زۆر سوپاس خودایە! کارم تەواو کردوە و تێر و پڕ نانم خواردوە ، ئێستا دەتوانم ڕاکشێم و بەئاسودەیی بۆ خۆم بنوم. ئیدی لەمە زیاتر چیم دەوێت؟).
کوڕی پاشا زۆر دڵخۆش بو و دەسبەجێ فەرمانیدا بڕۆنە ژورەوە و کراسەکەی لەبەر داکەنن و بیھێنن بۆ پاشا تا لەبەری کات و چاک بێتەوە و کابراش چەندی ویست بیدەنێ. دەسبەجێ بەرەولای کوختەی کابرای خۆشبەخت وەڕێ کەوتن. بەڵام کاتێ چونە ژورەوە بینیان کابرا ھێندە ھەژارە کراسی لەبەردا نیە.
سەرچاوە / سایتی دیپاچە