سەدیق سەعید ڕواندزی
نەریتێکی ناقۆڵای کۆمەڵایەتییانە لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا ھەیە، کە گەلێک پەند و ئیدیۆمی میللی لە بارەوە گوتراون، ئەویش بە سەرکردنەوەی ناو و شوناسی ئەو داھێنەر و ڕەمزە کولتووریی و نەتەوەیانە و فەرھەنگییانەیە، کە ڕۆڵێکییان لە ژیانی نەتەوەیی ئێمە، لە ڕووێکەوە دوای مردنیان بینیوە. بەومانایەی تا مرۆڤەکە لە ژیاندایە لای لێ ناکرێتەوە، ڕەنگە کەس بە بیری نەبێت و پێگە و شوناسی نەنرخێنرێت و ڕۆڵ و ئامادەیی لە خزمەت نەتەوە و کولتووردا نادیدە بگیرێت، یاخود وەک کاری کەسانی دیکە سەیر بکرێت، بەڵام کاتێ دەمرێت، ئیدی لە زەوی ئاسمانەوە شین و واوەیلای بۆ دەکەن و دەیگەیێنە کەشکەڵانی ئاسمان. بێگومان ئەگەر مەرگی ئەو مرۆڤە خۆی نەبووایە و ھەر لە ژیان بووایە، بە دڵنیاییەوە ئەوەی بۆ ناکرا، وەک ئەوەی لە دوای مردنی بۆی دەکرێت. ئەگەر سەرنج لە ئەدەبی سەرزارەکی، پەند و ئیدیۆمە میللییەکانی ئێمە و تەنانەت شیعر و سەرگوزشتەی فۆلکلۆریش بدەین، دەبینین بەردەوام کورد وەک نەتەوەیەکی زیندوو کوژی مردوو پەرست وێنا کراوە و دەگوترێت:_( کورد زیندوو کوژی مردوو پەرستە/ لە پاش مەرگم چ فایدەیە بێیە سەر قەبرم لە بۆ شیوەن/ کە بە زینوویی بۆمن نەبووی کە مردم چیت لێ بکەم) ئەمانە و گەلێک گوزارشتی میللییانەی دیکە. بە بڕوای من ناوەڕۆکی ئەو دەربڕینانە شتێک نییە ڕووکەشانە و بێ بوونی ھیچ ئەزموونێکی ژیان لە خۆوە گوترابێت، بەڵکو بە کردەیی ڕوویداوە و تا کوردیش ماوە ھەر ڕوودەدات.
لێرەوەشە کە دەگوترێت مردوو پەرست و زیندووکوژین، واتا بۆ ھەموو سەردەم و قۆناغێک دەشێ وابین و گومانیشی تێدا نییە کە واین. ئەمە دروست بەرانبەر وەرگێڕ و نووسەری دیار (عەزیز گەردی) کرا. کە چەند مانگێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد. ئەم نووسەرە، بەو شێوە ژیانە تایبەتییەی ھەڵیبژارد و لە سەری ڕۆیشت، ھاوکات بە بەرھەم و وەرگێڕانە جوانەکانی، بووە ناوێکی دیار و ئاشنای نێوەندی ئەدەبی کوردیی و ھەر کەسێک کتێب بناسێت، دەبێ گەردیش بناسێت و ناوی بیستبێت. بە تایبەتیش لە ڕێگەی شاکاری داغستانی منەوە. گەردی تا مرد، تەنیا و گۆشەگیر، لاتەریک و دوور لە ھەرا و زەنای ڕووکەشانەی نێوەندی ئەدەبی کوردی ژیا و ھەموو تەمەنی خۆی بۆ کتێب و پەیڤ و نووسین تەرخانکردوو کتێبی کردە شوێنگرەوەی ھەموو شتێکی ژیانی خۆیی و تەنھا بۆ کتێب و خوێنەوە ژیا. ئەوەی ئەوەندەی تریش ئەو نووسەری گەورە و خۆشەویست و ڕێزلێگیراوترکرد ئەوەبوو، کە ھەتا مرد کتێبی و شوناسی ڕۆشنبیریی و ئەدەبییانەی خۆی، بە ھیچ شتێک نەگۆڕییەوە و مەزنایەتی خۆی نەکردە قوریانی پارە و پۆست، وەک ئەوەی خولیای بەشێکی ھەرە زۆری نووسەرانی ئێمەیە و ھەر ڕۆژە و قەڵەمەکەیان لە شوێنێکە و بیرو بڕواشیان ھی حزبێکە و ڕووی ئەوەشیان ھەیە، خۆیان وەک فیگەری دیاری دنیای ڕووناکبیری ئێمە نیشان بدەن. گەردی، بە ھۆی ناوبانگی و خزمەتەکانی لە بواری نووسین و زمانی کوردییەوە، ھەر شتێک مەبەستی با، دەیتوانی داوای بکات و بۆشی جێبەجێ دەکرا. بەڵام تا مرد، گۆشەگیریی و ژیانی تەنھاییانەی خۆی لە ناوچەیەکی لاتەریک و لەگەڵ کتێبدا نەگۆڕییەوە بە ھیچ شتێک. ئەو نووسەرە تا لە ژیان دابوو، گومان دەکەم خزمەتێکی ئەوتۆی کرابێت، یاخود ڕێزی لێبنێن و بە سەری بکەنەوە. بە پێچەوانەوە، بگرە دژایەتیشی کراوە، وەک ئەوەی خۆی باسی دەکات و لە پەراوێزی نووسینی چەند نووسەرێکیشەوە ئەو ڕاستییە باسکراوە. بەڵام ھەر کە مرد، ئیدی مەرگی بووە ھەواڵ و ڕووداوێکی گەورە و ھەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگا چاپەمەنییەکان و بەرپرسە باڵاکانی ئەم ھەرێمە و نووسەران و وەرگێڕەکانیشی بە ئاگا ھێناوە، کە پێشتر دەیانتوانی گەردی و کارەکانی بڵاوێنەوە و و تا لە ژیان دابوو بەسەری بکەنەوە. بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە ئەو بڕوایەی لادروست بێت کە کورد زیندووکوژی مردوو پەرست نییە.
گریمان گەردی بە ھۆی ژیانی تایبەتی خۆیەوە، کە ئازادە لەوەی چۆن ھەڵیدەبژێرێت، دوور لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بووە، بەڵام خۆ دەکرا بێ ئامادەیی ئەو ڕێزی لێنرابا و بۆ نموونە خەڵاتێکی ساڵانە بە نێوی وەرگێڕان بە ناویەوە بکرێت، ئەو کات خۆشی ھەستی بە ئاسوودەیەکی گەورە دەکردوو دەبووە نەریتیش کە داھێنەر و مرۆڤە مەزنەکانمان تا لە ژیاندا ماون، وەک گەوھەری بە نرح ببینین و بە سەریان بکەینەوە. بۆیە بە بڕوای من، ھیچ بوێری و جوانییەک لەوە دانییە دوای مردنی مرۆڤێک، ئیدی شوناسی گەورە و کاریزمایی بدەیتە پاڵ و شینی بۆ بکەیت، چونکە ئەو خۆی لە ژیان نەماوە، تاکو ئەو بەسەرکردنەوە و نرخاندنە ببینێت، بەڵام بە داخەوە پێ دەچێت ئەمە نەریتێک بێت لە نێو ئێمە. کتێبی ( عەزیز گەردی پاشای زمان و وەرگێڕان) کە حەمید ئەبوبەکر بەدرخان ئامادەی کردووە، کتێبێکە لە بارەی گەردی و لە چلەی ماتەمینییەوە بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە, کۆکراوەی ئەو وتارانەیە، کە لە سەرو بەندی مەرگی گەردی، لەلایەن نووسەران و ھاوڕێکانییەوە نووسراون و تیایدا مردنی گەردی بە بۆشایەکی گەورە لە دنیای نووسین و وەرگێڕان دەبینن. بێگومان وتارەکان، زۆرتر خەسڵەتی لاونەوە و بەسەرکردنەوەی ڕۆژنامەوانییان ھەیە، لەوەی خوێندنەوەیەکی وردی مەعریفییانە و زمانییانە و فەرھەنگییانەی کارەکانی ئەو وەرگێڕە بێت. چونکە ئامادەکاری کتێبەکە، کە ھەر تەنھا مەبەستی بووە کوردەواری وتەنی ( شتێک بە شتێک بکات) کاتێ ناوی عەزیز گەردی بە پاشای زمان و وەرگێڕان ناو دەبات، بەلایەنی کەمەوە دەبوو توانای ئەوەشی ھەبووایە، پاشایی بوونی عەزیز گەردی پیشان بدات، نەک تەنھا شوناسێکی سەر زارەکی پێ بدات. خوێنەر کە ناونیشانی ئەم کتێبە دەبینێت، بیری بۆ ئەوە دەچێت کە ئەمە ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیەکی وردی کارەکانی گەردییەو دواتریش بەراوردکردنییانە بە کاری نووسەرانی دیکە، یاخود دەرخستنی ڕەھەندەکانی بواری وەرگێڕانە لای ئەم وەرگێڕە و دواتریش بەراوردکردنەوە و جیاکردنەوەیەتی لەکاری وەرگێڕەکانی دیکە، چونکە بە چەند کورتە وتارێکی سەرپێی، کە ھەندێکییان سادە و ھەندێکی دیکەیان پتر باسکردنی نووسەرەکان خۆیانە لەوەی باسی گەردی بکەن، ناتوانرێت عەزیز گەردی بە پاشای وەرگێڕان ناو بەرین. بێگومان نکۆڵی لەو وەرگێڕە و کارەکانی، خزمەتەکانی لە بواری زمان و فەرھەنگی کوردی ناکرێت، کەسمان لاریمان لەوە نییە و بە بڕوای منیش گەردی سەد جار شایەنی پاشایەتی وەرگێڕانە، بەڵام ئەمە نابێ ھەر تەنھا قسە و گوتن بێت، بەڵکو دەبێ بە ساغکردنەوە، بە ھەڵسەنگاندن و بەراوردکردن، دواتریش دەرخستنی ھەموو ئەو تایبتمەندییە فەرھەنگی و زمانەوانییانە بێت، کەکارەکانی گەردی لە کارەکانی ھەر وەرگێڕێکی دیکە جیا دەکەنەوە. ئەگەر ئێمە گریمانەی ئەوە دابنێین، کە ئەو کتێبە بە ھەمان ناونیشان و ناوەڕۆکەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینلگیزی، یاخود ئەڵمانی و ھۆڵەندی، ئایا خوێنەرانی ئەوێ، چ پرسیار و تێگەیشتنێکییان لە بارەی دژوازی ناونیشان و ناوەڕۆکی کتێبەکە بۆ دروست دەبێت؟! ئایا کتێبێکی سادەی لەو شێوەیە، شایەن بە ناو و پێگەی گەردییە؟ ناونیشانی کتێبەکە لە بنەڕەتدا لە وتارێکی ئامادەکاری کتێبەکە خۆی وەرگیراوە، کە تیایدا گەردی بە پاشای زمان و وەرگێڕان ناو دەبات، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و مایەی پرسیارە ئەوەیە، حەمید بەدرخان لە کۆی ئەو وتارەیدا، نەیتوانیوە بە تاکە دێڕێکیش لە بارەی وەرگێڕان و زمانی گەردییەوە بدوێت، نەیتوانیوە خاسیەتەکانی وەرگێراِن لای ئەو وەرگێرە، کە بە ھۆیەوە بووە دیارترین وەرگێڕ باس بکات، بە پێچەوانەوە ئەوەندەی باسی خۆی، ئەکادیمیای بەدرخان و فیستیڤاڵ و گەشتەکانی ئەو ئەکادیمیایە بۆ دەرەوەی وڵات دەکات، ئەوەندە باسی گەردی و بەرھەمەکانی ناکات، لە کاتێکدا ئەو ناونیشانە زەق و گەورەی بۆ وتارەکەی خۆی و کتێبەکەش داناوە. دەبوو بەدرخان، بەلایەنی کەمەوە لە بارەی ھونەری وەرگێڕان و تایبتمەندییەکان و ڕۆڵی گەردی لەو بوارەدا، لێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستیی و بابەتییانە بنووسێت و بیکاتە دەروازەی کتێبەکە ئەو کات ئەو مافە بە خۆی بدات، ناونیشانێکی وەھا بۆ وتارە سادە و ساکارەکەی دابنێت. چونکە خوێنەر کە ناونیشانەکە دەبینێت، وا ھەست دەکات کۆی وتارەکەی لە بارەی وەرگێڕان و زمانە، بەڵام بە پێچەوانەوە باسێک نییە بۆ ئەو بابەتانە. لە درێژەی کتێبەکەدا، کۆی ئەو وتارانەی دیکەی دەبینین، کە لە بارەی مەرگی گەردییەوە نووسراون. وتارەکان ھەموویان وتاری سادە و سەر زارەکین، بێ قووڵایی و بێ ھزرن، بە ھیچ شێوەیەک لە بارەی کارەکانی گەردییەوە نادوێن، بەڵکو لە دەوری چەند باس و بابەتێکی دیکە دەخولێنەوە، کە خوێنەر دەیانخوێنێتەوە سەیری پێ دێت، ئەم جۆرە وتارانە، لە بارەی گەورە نووسەرو وەرگێڕێکی وەک گەردی بنووسرێن. بۆ نموونە: یەکێک باس لەوە دەکات کەژنی ھێناوە، گەردی پارەی پێداوە، ئەویتریان باس لە شارەوانی و زەوی دەکات ، کە چۆن زەوی بۆ گەردی کڕیوە، یەکێکی دیکەیان باس لە جلوبەرگی و خاکیبوونەکەی دەکات، ئەویتریان باس لە تووڕەیی نیگەرانی و زۆر شتی تر، یەکێکی دیکەیان باسی گەشتەکەی خۆی لەگەڵ ھاوسەرەکەی بۆ ھەڵەبحە و شارەزوور دەکات. بە ڕاستی مایەی پرسیار و نەنگییەکی گەورەیە، ئەو جۆرە بابەتانە لە بارەی گەردییەوە بنووسرێن. ئەم جۆرە باسانە، لە کوێوەی ناونیشانی کتێبەکەی بەدرخان جێیان دەبێتەوە؟ ئەم جۆرە وتارە ڕۆژنامەوانیی و ڕوکەش و بێ ھزر و قووڵاییانە، لە کوێوەی زمان و وەرگێڕان جێگەیەکییان دەبێتەوە؟ ئایا ناونیشانی کتێبەکە و ناوەڕۆکی کتێبەکە، لەگەڵ یەکتری یەکدەگرنەوە؟ لە کۆی ئەو وتارانەی نێو کتێبەکە، باسێک لە بارەی خاسیەتەکانی وەرگێڕان، زمان، شێوازی کاری ھونەرییانەی گەردی و جیاوازییەکانی لەگەڵ وەرگێڕەکانی دیکە نییە، تەنھا لاونەوە و ستایشکردنێکی ڕووکەشانەیە، کە دڵنیام ئەگەر گەردی لە ژیان بمابایە و کتێبەکەی بدیبایە، ئەوا بە جۆرێک تووڕی دەدا، ئەو سەری دیار نەبێت. چۆن دەبێت لە بارەی نووسەر و وەرگێڕێکی دەگمەنی وەک گەردی بدوێین و کتێب بنووسین، بەڵام تۆزقاڵێک لە بارەی کار و بەرھەمەکانی نەدوێین. دیارە مەبەستی ئێمە بیبلۆگرافیا و باسکردن لە ناو و ژمارەی کتێبەکانی نییە، بەڵکو باسکردنە لە شێوازی کارکردن و ھەڵبژاردن و وەرگێڕانی کتێبەکانی. بەو مانایەی گەردی بۆچی و چۆن توانی ببێتە یەکێک لە دیارترین وەرگێڕە کوردەکان و چۆن بەو زمانە شیرین و بێ سفت و سۆڵە کاری وەرگێڕانی دەکرد. یاخود جیاوازییەکانی ھونەری وەرگێڕان، لای ئەو وەرگێڕە و وەرگێڕەکانی دیکە چییە، بۆچی بە بایەخەوە کتێبەکانی ئۆریانا ڤالانچی وەردەگێڕا؟ بۆچی داغستانی من، لە ھەفتاکاندا وەردەگێڕێت.؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکە، دەکرا بکرێنە تەوەری ئەو کتێبە و ئیدی نووسەران و توێژەران، لە بارەی زمان و وەرگێڕانەکانییەوە، بە قووڵی و وردی بدوابان. بێگومان ئێمە دەزانین ئەو کتێبە، وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ چلەکەی نووسراوە، زۆرباش ئەوەش دەزانین وتارێک کە بۆ بۆنەیەک و بیرخستنەوەیەک دەنووسرێت، ڕەنگە زۆرتر مۆرکی وتارێکی ڕۆژنامەوانی وئااسایی وەربگرێت، قسەی ئێمە لەو بارەوە نییە، کە ڕەنگە ئامادەکاری کتێبەکە، بیانکاتە پاساوی سەرنجەکەی ئێمە لە بارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە، بەڵکو قسەی ئێمە لەبارەی ناوەڕۆک و ناونیشانی کتێبەکەیە. بەو مانایەی چۆن دەبێت گەردی بە پاشای وەرگێڕان ناوبەریت، بەڵام ئەو پاشابوونەی دەرنەخەی؟ لە بارەی زمان و وەرگێڕانەکانییەوە، بچووکترین زانیاریی و ناسینەوەش نەخەیە ڕوو؟ ئایا باسکردن لەوەی کە گەردی مرۆڤێکی ھەستیارو گۆشەگیر بووەوە لە ھەموو شتێک بە گومان بووە، ھیچ پەیوەندی بە وەرگێڕان و زمانزانیەکەیەوە ھەیە؟ دەکرا لە بری ئەوەی ھەرچییەک و ھەر چۆنێک بێت لە چلەکەی کتێبێک ئامادە بکات، ئامادەکاری کتێبەکە، بە پڕۆژەیەکی گەورەتر و فراوانتر و با چەند ساڵێکی دیکەشی خایاندبا، کتێبێکی لە بارەی زمان و وەرگێڕان و ڕەھەندە فەرھەنگی و مانایەکانی لای گەردی ئامادە بکات. چونکە بە داخەوە زۆرجار کارێک دەکرێت، نەک لە ئاست گەورەی نووسەرێک نییە، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە ھۆی سادەیی کارەکەوە لە گەورەیی و پێگە و ناویشی کەمدەکرێتەوە، وەک ئەوەی لەو کتێبەدا دەیبینین. لەلایەکی دیکەوە، سەرەتاییترین کارێک کە لەبارەی ھەر نووسەرێکەوە بکرێت، ساغکردنەوەی ساڵی لە دایکبوونیەتی لە ڕووی مێژووییەوە. خۆ گەردی، دوو سەد ساڵ لەمەو بەر لە دایک نەبووە، تا ساڵی ھاتنە دنیای وەک شاعیرانی کلاسیک تەمومژاوی بێت؟ کەچی لەو کتێبەدا، بە دوو بەرواری جیا، ساڵی لە دایکبوونی نووسراوە. لە لاپەڕە (٤٤) ساڵی ١٩٤٧ نووسراوەوە لەلاپەڕە (٤٧) ساڵی ١٩٤٨ نووسراوە. ئەمە وێرای ئەوەی کتێبەکە تەژییە لە ھەڵەی چاپ و نووسین، بە جۆرێک ھەندێکییان ھێندە زەقن، کە دەریدەخەن ئەو کتێبە پێداچوونەوەیەکی سەرپێی بۆ کراوە. بۆ نموونە لەلاپەڕە (١٠٨) دا نووسراوە:_( جارێکییان لەگەڵ کەریم دەشتی لە ساڵی ١٩١٦ سەردانی عەزیز گەردیمان کرد) ئەگەر بەو پێوەرە بێت، ئەوا ئێستا دەشتی شاعیر تەمەنی سەدو شەش ساڵە و سەردانەکەش سی و دوو ساڵ بەرلە لەدایکبوونی گەردی بۆ لای ئەنجامدراوە. بێگومان من زۆر باش دەزانم، ھەڵەی چاپ چ ڤایرۆسێکە و بەرزەفتکردنی ئەستەمە، بەڵام نابێ کتێب لە بارەی گەورە نووسەر و وەرگێڕێکی کوردەوە چاپ و بڵاوبکەینەوە، بە بێ ھەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە. ئەمە وێرای ئەوەی دەیان ھەڵەی دیکەی چاپیشی تێدایە. بەرلەوەی کۆتایی بەو وتارە بێنم، دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، لە کۆی وتارەکانی ئەو کتێبە، تەنھا وتارەکەی برای نووسەر ( ئەدیب نادر) باس لە وەرگێران و شێوازی وەرگێران لای گەردی بە کورتی و پوختی دەکات. وتارەکەی ئەدیب، کە لەکۆتایی کتێبەکەیە، ئەو نائومێدیەمان دەڕەوێنێتەوە، کە لە بارەی کتێبەکە لە سەرەتای خوێندنەوەی لامان دروست دەبێت. وتارەکە، کورت، پوخت و بە زمانێکی ئەدەبیانەی جوان نووسراوە. بایەخی وتارەکەی ئەدیب نادر ھەر تەنھا لەوە دانییە، بەڵکو گرنگتر لەوە ئەوەیە، کە ھەشت ساڵ بەرلە مەرگی گەردی نووسراوە، واتا ھێشتا خۆی ھەر لە ژیان بووە. بەمەش ئەدیب، دەکەوێتە دەرەوەی ئەو لەشکرە نووسەرەی زیندوو کوژی مردوو پەرستن، وەک ئەوەی لە سەرەتای وتارەکەمانەوە باسمان کردووە. دواجار دەڵێم بەو کتێبەی، بەدرخان تەختێکی بۆ گەردی بونیاد نەنا، گەردی خۆی پاشای وەرگێڕانە و پێویست بەوە ناکات کەس ناو و شوناسی بۆ بتاشێت. خۆی و کارەکانی، گەواھی مانەوەی ناو و پێگە و مێژوو و ڕۆڵی ئەون لە خزمەتکردن بە زمان و فەرھەنگ و کولتوور. ئیدی پێویست بەوە ناکات کەس مێژووێکی بۆ دروست بکات، کە بە داخەوە ڕەنگە لە ئاست ناو و شوناسی ئەویش نەبێت. بۆیە بەو کتێبە سادەیەی حەمید بەدرخانیش، گەردی نابێتە پاشای وەرگێڕان، چونکە کەسێک کە خۆی پاشا بێت، پێویستی بەوە نییە بکرێتە پاشا.
سەرنج/ مەبەستی ئێمە لە پاشایەکی بێ تەخت، بە ھیچ شێوەیەک کەمکردنەوە نییە لە پلە و پایەی ئەدەبی گەردی، بەڵکو مەبەستمان لە بێ تەختەکە کتێبەکەیە، بەو مانایەی بە داخەوە لە ئاست گەردی و کارەکانی نییە.
پەراوێز: ناوی کتێب: عەزیز گەردی پاشای زمان و وەرگێڕان، ئامادەکردنی حەمید ئەبوبەکر بەدرخان، بڵاوکراوەی ئەکادیمیای بەدرخان _ ٢٠٢٢
Discussion about this post