گرنگی سەرۆک کۆمار:
ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆمار گرنگی نیە ئەی لەپای چی شەڕی لەسەر ئەکەن؟
خۆ ئەگەر گرنگیشە شایانی تێکدانی یەکڕیزی نێوماڵی کوردە کەواتە بۆچی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی خودی خۆی، خۆی کاندید ناکات بۆ ئەو پۆستە، یان کەسی یەکەمی ئێستای یەکێتی؟
پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە نەک بۆ حیزب بەڵام کورد بچوک کراوەتەوە بۆ تەنها دوو حیزب.
هەتا پۆستی سەرۆک کۆمار لای کوردبێت تەنها وەک پۆستێکی باڵای بێکاریگەر ئەمێنێتەوە، هۆکاری ئەمەش خودی کورد خۆیەتی، لەلایەک حەز و خۆشەویستی کورد بۆ پۆست و پایە لە خزمەتکردن بە کێسی نەتەوە گرنگترە، لەلایەکی تریشەوە کۆی سەرۆک کۆمارە کوردەکان هیچ کاتێک بوێری ئەوەیان نیە کە کارێک بکەن لە بەرژەوەندی کورد چونکوم دڵنیان لەوەی حیزبەکان هاوڕێی نیوەڕێن.
کاتێک کە کۆچکردوو جەلال تاڵەبانیش سەرۆک کۆمار بوو مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرا کە باشتیرینی کارە هەڵە زۆرو زەوەندەکانی حیزبە کوردییەکانە، بگرە ئەو کاتەش پرسی پێشمەرگەو بودجەی هەرێم و ڕێژەی بەشداری کورد لە سوپای عێراق و چەندین پرسی تری گرنگ بە هەڵواسراوی مانەوە، تا ئێستا هیچ سەرۆک کۆمارێکی کورد کارە گرنگەکەی بەئەنجام نەگەیاندووە کە جێبەجێکردنی دەستورە وەک خۆی وە تەنها جێبەجێکردنی دەستوریش مافی گەلی کورد ئەپارێزێ و ئەبەخشێ.
پ.د.ک و سەرۆک کۆمار:
پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی هیچ گرنگیەکی نیە بگرە پێشی باش نیە ئەو پۆستە لای ئەوان بێت، شەڕی پارتی بۆ ئەو پۆستە تەنها بۆ ئەوەیە کە کارێک بکەن ی.ن.ک ڕژد و پابەند و گیرۆدەی زیاتری ئەو پۆستەبێت، ئەگەرنا پارتی خودی سەرۆکی پارتی بۆ ئەو پۆستە کاندید ئەکرد کە زۆر بەئاسانی ئەتوانێ بەدەستی بهێنێ، چونکوم پێش هەموو لایەک ی.ن.ک ئەبنە پاڵپشتی وەک ڕێزێک بۆ هاوخەباتی سکرتێری کۆچکردووی ئەو حیزبە و کاریزمای مەسعود بارزانی بەسەر کۆی لایەنە سیاسیە عێراقیەکانەوە.
پارتی باش ئەزانێ کاندید کردنی هۆشیار زێباری تاودانی ئەسپێکی دۆراو فڕێدانی کارتێکی بەکارهاتوو سووتاوە، چونکوم تەنانەت لەکاتی هەڵبژادن و بردنەوەی هۆشیاری زێباری، ئەکرێ هەر لایەن و کەسایەتییەک تانە لەسەر ئەو هەڵبژاردنە لە دادگای فیدراڵی تۆماربکات و لە پۆستەکە دووربخرێتەوە بەهۆکاری لێسەندنەوەی متمانە لە پۆستی وەزیری دارایی بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامنی وڵات بۆ بەرژەەندی حیزبکەی و خودی وەزیر.
شینی پ.د.ک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک و کۆی پۆستە گرنگەکانیتری کابینەی نوێی حکومەتی عێراقە، ئەوەی پارتی ئەیکات لاوازکردن و سەرقاڵکردنی یەکێتیە و بەس، خۆ ئەگەر مەبەستی پارتی پۆستی سەرۆک کۆماربێت و بیەوێ لەژێردەستی یەکێتی دەربهێنێ، ئەوا ئەتوانێ لایەنی کەم پشگیری یەکێک لە کاندیدە سەربەخۆکان بکات کە لایەنی کەم کەسێکی تری تیایە لای لاینە عێراقیەکان ناسراوە و پەسەندە.
سەپاندنی مەرجی کاندید گۆڕین:
کاتێک باس لە کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی و یەکڕیزی ئەکرێت گرنگە کە بەشێوەیەکی فراوان و لە کۆی جومگەکانا جێبەجێبکرێ، نەک تەنها لە چەند ویستگەیەکا بۆ بەرژەوەندی لایەنێک.
ناکرێ بەرژەوەندی تاکە لایەنێک بە بەرژەوەندی گشتیەوە ببەسترێتەوانێ. تا ئێستاش هیچ کەسێک وەڵامی ئەوەی وەرنەگرتۆتەوە ئایا خراپی مانەوەی سەرۆک کۆماری ئێستا چیە بۆ کورد؟ ئەی باشی هەر کاندیدێکیتر بێجگە لە سەرۆک کۆماری ئێستا چیە؟
ناکرێ سەرکەوتنی سەرۆک کۆمارلە خولی پێشووا بەسەر کاندیدی دڵخوازی بارزانیا یان کەمکردنی دوو کورسی ڕقی لە دڵیا دروست کردبێ، چونکە ئەم پرسانە حیزبین و بەشداری کورد لە حکومەتی عێراقا پرسێکی نەتەوەی چارەنوسسازە.
شکاندنی پارسەنگیری:
تێکدانی پارسەنگیری “التوافق” و پشتگیری کردنی گرووپێکی شیعەکان بەرامبەر لایەنێکی تری شیعی درەنگ بێ یان زوو سیناریۆیەکی چاوەڕوان کراوەو بەرامبەر کوردیش دووبارە ئەکرێتەوە.
کوردێکی کەمینە لە وڵاتێکی زۆرینە عەرەبا لەڕێی دەستور و ڕێکەوتنی سیاسیەوە تا ئێستا چەسپێنراوە کە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە بەشداری هەموو لایەنەکان و کۆکردنەوەیان لەناو یەک حکومەتا بەپلەی یەک لەبەرژەوەندی کوردی کەمینەیە چونکوم زۆرینەی وڵات عەرەبن و ئەکرێ لە ئێستایابێ یان لە داهاتوو شیعە و سوونە یان شیعە و شیعە پێکەوە حکومەت پێکبهێنن و کورد بکرێتە دەرەوەی بازنەکە.
لەڕاستیا لە زۆربەی وڵاتانی دیموکراسییا هەمیشە براوەی هەڵبژاردن حکومەت پێکئەهێنێ، یان بە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێک یان زیاتر حکومەتی زۆرینە پێکئەهێنن و چەندین ئەزموونی سەرکەتووش لەبەردەستایە تا سوودی لێوەرگیرێ، بەڵام بۆ ئێستای عێراق حکومەتی زۆرینە ئەکرێ یەکەم هەنگاوی گەڕانەوەی عێراقبێ بەرەو دیکتاتۆری.
موقتەدا سەدر کەسایەتیەکی ڕاڕاو ناجێگیری هەیە، ئەگەرچی تا ئێستا لە زۆربەی هەنگاوەکانیا سەرکەوتوو بووە، بەڵام ناکرێ کورد هەموو هێلکەکانی بخاتە سەبەتەی ئەوەوە، ئەو کەسێکی مەزاجیە ئەکرێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو ٣٦٠ پلە بەپێچەوانەی ئێستاوە بیربکاتەوە، ئەمە وێڕای ئەگەری دۆڕاندنی موقتەدا لە هەڵبژاردنی داهاتووا، چونکوم عێراقیەکان زیرەک و زرنگن لەکاتی دەنگدانا بەراورد بە کوردستان کە دوای ئەو هەموو ڕەخنەو گازندەیەی کە هەیانە بەڵام لەکاتی هەلبژاردنا گۆڕانکاری ناکەن!
ئەگەرچی حکومەتی زۆرینە لەبەرژەوەندی وڵاتی عێراقی عەرەبیە بەڵام بۆ داهاتووی عێراقی فرە نەتەوە دژ و ترسناکە. ئەبێ کورد بەتایبەتی پ.د.ک باش لەوە تێبگات کە بەشداری کردن لە شکاندنی پارسەنگیری سیاسی تەنها چوار ساڵیتری پێویستە تا کورد باجی ئەو هەڵە ستراتیژیە باتەوە، کورد شانسی ئەوەی نیە کە بتوانێ دەسەڵات لە عێراقا بگرێتە دەست چونکە ڕێژەی ژمارەی دانیشتوانی کورد لە باشترین حاڵەتا ٪١٧ تێناپەڕێنێ، نابێ ئەوە لەبیربکرێ عەرەب زیاتر٪٧٥ی دانێشتوانی عێراق پێکئەهێنن، هەرکاتێک سونەو شیعە بیانەوێ ڕێکبکەون یان تەنانەت ئەگەر لایەنە شیعەکان لەناو خۆشیانا ڕێکبکەون ئەوا ئەتوانن حکومەت بەبێ کورد پێکبهێنن و ئەوەش گەڕانەوەی عێراقە بۆ سەردەمی تاریکی.
سەرۆکەکان و پۆستە باڵاکان:
نەریتێکی زۆر ناشرین لە وڵاتی عێراق بەگشتی و بەتایبەتی لە کوردستان جێبەجێ ئەکرێ کە وێنەی بەئاسانی لە وڵاتانیترا نادۆزرێتەوە، نەک سەرۆک حیزبەکان بگرە کەسە باڵادەستەکانیشیان ئامادەنین تەنانەت پۆستە باڵاکنیش وەرگرن، خۆ ئەگەر خۆیان پۆستێکی باڵایان وەرگرت و دواتر بەجێیانهێشت ئیتر ئەو پۆستە بێ ئەرزش و کاریگەری ئەکەن، نمونەی پۆستی سەرۆکی هەرێم لە ڕابردووا.
لە عێراقا سەرۆکی لیستی براوەی هەڵبژاردن گەنجێکی عەمامە بەسەر بە عابایەک و جووتێ نەعلەوە لە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی حکومەتەیا، ئەویش نەک بۆ خودی خۆی بەڵکو بۆ هەر کەسێک کە لەژێر فەرمان و قەڵەمڕەوی ئەوا ئەو پۆستە بگرێتە دەست. سەرۆکی حیزبی براوەی یەکەمی لاینە کوردییەکانیش لەهەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمارایە بۆ کەسێک کە گوێرایەڵ و ژێردەستەی خۆیبێت.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لایەنە سوونەکان نەیانتوانیوە لەدەوری کەسێک کۆببنەوە یان کاریزمایەکیان تیاهەڵکەوێ، ئەوەی هەیانە سەرۆکی لیستە کە ئەکرێ بۆ جاری داهاتوو کەسێکی تربێ هەر لەبەرئەوەشە کە سەرۆکی لیستی براوەی سونەکان خودی خۆی ئەبێ بە سەرۆک پەرلەمان.
تەنها کەسێک یان سەرۆک حیزبێکی گەورەو کاریگەر کە خودی خۆی ئامادەبێت پۆستی سەرۆکی حکومەت وەربگرێ نوری مالکییە، ئەویش بەئەزموون تاقی کراوەتەوە کە مەیلی بەلای تاکڕەوی دیکتاتۆریا زیاترە و پۆستی سەرۆکی حکومەتیش باشترین پێگەیە تا ئەو حەزەی تیا جێبەجێبکات.
سامانی وەستا بەکر ١٩-١-٢٠٢٢ سوید-ستۆکهۆڵم