بەرھەم عەبدوڵا: وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی ھەردوو کابینەی پێنجەم و شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گەندەڵترین وەزارەت و دام و دەزگای حکومەت ھەژمار دەکرێت، بە ھەبوونی کەلێنێکی گەورە لە بەڕێوەبردن و چاودێری و لێپرسینەوە لەو وەزارەتە.
فەلەکەددین کاکەیی لە کابینەی پێنجەم و دکتۆر کاوە مەحمود لە کابینەی شەشەم بە چاوی نوقاو کاری بەڕێوەبردنی ئەو وەزارەتەیان لە ئەستۆ گرتووە.بە بوونی گەورەترین دیاردەی دزی و گەندەڵی لەنێو کۆڵەکە و لق و پۆپەکانی ئەو وەزارەتە. ئەوەتا زۆرترین رێژەی راوێژکار و شارەزا لە وەزارەتی رۆشنبیری موچەی زەبەلاح وەردەگرن لە کاتێک جیا لە ھەموو دام و دەزگاکانی حکومەت ھیچ یەکێکیان بۆ تەنیا جارێک راوێژیان پێنەکراوە و ھیچ یەکێکیشیان شایەنی ئەو پلەیە نین و خۆیان سەریان لەوە سوڕماوە چۆن ناونیشانیان راوێژکار و شارەزایە. بەپێی ئەو بەڵگانەی لامانە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەقەد ھەر چوار وەزارەتی پێشمەرگە و داد و شارەوانی و شەھیدان و ئەنفالکراوەکان فەرمانبەری بە پلەی راوێژکار و شارەزا جێکردۆتەوە لە وەزارەتەکەی. بە بێ ئەوەی شوێنی کارکردن و بوار و تایبەتمەندیان ھەبێت. لە کاتێک وەزیری رۆشنبیری ھەر ووڵاتێک پتر لە ھەر کەسێکی دیکە کەمتر پێویستی بەو پلە بەرزانەی راوێژکاری و مشورەت ھەیە بەو پێیەی کەسیێتی ئەو وەزیرەی دەکرێتە ئەو پۆستە خۆی ئەرکی راوێژکاری لە بەرێوەبردن و گۆڕانکاری بوارەکەی لە وەزارەت و تەنانەت لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەکەوێتە ئەستۆ . ئەمە جگە لەوەی ھەردوو وەزیر لەبەر ئەوەی شوێنی کارکردنیان لە ھەولێربووە بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری چۆنیەتی کارکردن و کەم و کوری و نغرۆبوونی بەرێوبەرایەتی گشتی و لقەکانیان نەبوونە لە سلێمانی و دھۆک .
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە پلەی یەکەم و خودی وەزیری رۆشنبیری بەپلەی دووەم گەورەترین تاوانبارن بەرامبەر بەو خەمساردیەی لەنێو وەزارەتی بەناو رۆشنبیری دەبینرێت. چونکە ئەو وەزارەتە جیا لەوەی لەھەمبەر چەندین پرسی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ھونەری کە کاری ئەوانە توێژینەوەی لەسەر بکەن و ووشیاری بڵاوبکەنەوە و کار بۆ چاککردنی چەندین پرسی ھەستیار بکەن و ببنە پشتیوان و ھاندەر و خاوەن ماڵی رۆشنبیران و گەنج و لاوی ئەو ووڵاتە، بەڵکو زۆر بەداخەوە ئەو وەزارەتە خۆی بۆتە ھۆکاری داروخان و پەرتەوازەبوون و لاوازبوونی کەسایەتی رۆشنبیران و لاوان. لەبەر ئەوەی ئەو وەزارەتە زیاتر لە ١٦ بەرێوبەرایەتی و دام و دەزگای داخراوی ھەیە و پارەیان بۆ سەرف دەکات. ھەریەک لەو دەزگایانەش بە دەیان و سەدان فەرمانبەری بێ کار مووچەی لێ وەردەگرن. بە نموونەی بەرێوبەرایەتی سەتەلایتی نەورۆز و ڕادیۆ و گۆڤارەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەنگ و کاروان و بارش و بەرێوبەرایەتی سینەما و شانۆ و میوزیک لە ھەولێر و ٤ بەرێوبەرایەتی لە سلێمانی و ٢ بەرێوبەرایەتی لە دھۆک کە تا ئێستا ناونیشانی بێ ناوەرۆکن لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەبێ ئەوەی دارێک لەسەر بەرد دابنێن زیاتر لە ٩٨٣ فەرمانبەر کە لە نێوانیاندا بەرێوبەری گشتی و شارەزا و راوێژکار و چەندین پلە بەرزی دیکە ھەیە بەبێ ئەوەی لە ماوەی کابینەی شەشەم تەنیا بۆ رۆژێکیش دەوام بکەن مووچە و دەرماڵەی تەواوی خۆیان لەو وەزارەتە دەست و پێ سپیە وەردەگرن. لە کاتێک تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەتی نارۆشنبیری لە کەرتی تایبەت و لق و مەڵبەندەکانی حیزب کاردەکەن . بەبێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان کەسێک ھەبێت لێیان بپرسێت کاکی وەزیر چۆن دەکرێت نزیکەی ھەزار فەرمانبەری وەزارەتەکەت نازانن باڵەخانە و دەرگای بەرێوبەرایەتی و کارکردنیان لە کوێیە بە فەرمانبەر لەقەلەم بدرێن و ھەموو ئیمتیازاتێکیش بیانگرێتەوە. چۆن دەکرێت ئێمە ئەو وەزیر و وەزارەتە بە رۆشنبیر لەقەلەم بدەین ئەگەر لە مالەوە دەوام بکەن.ئەگەر بۆ جارێکیش لە ماوەی ئەو چەند ساڵە لێیان نەپرسن چارەنووسی ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤارتان لێ داخستووە بە کوێ دەگات.ئایندەیان بەرەو کوێ لە ژێر سایەی ئەو حکومەتە خەمساردە.
لە ھەمووی خەندە ئامێزتر و گاڵتەجاری تر ئەوەیە کە لەنێو میلاکاتی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ بۆ ئەو ساڵە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان داوای ٥٥٠ فەرمانبەری کردووە بۆ دامەزراندن. وەکو ئەوەی ئەو رێژە فەرمانبەرەی ئێستا ھەیەتی بەشی نەکات و دەرھەق بەو ھەموو سەرقاڵی و پاڵەپەستۆیەی کارکردن و شەونخوونی و ھەوڵدانی بۆ ئەو ئەرکانەی کە نازانێت چیە لەسەر شانی…….
بەرھەم عەبدوڵا