ن/ کامەران حاجی ئەلیاس
١ی٧ی٢٠٢٤، ٤٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە تێپەردەبێت، کە لەسەر دەستی ھونەرمەندی پایەبەرزی کۆچکردوو (زرار محەمەد مستەفا) ئەم تیپە دامەزرا.
ئێستا وەکو خەون دێتەوە یادم مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٧ ئەو کاتەی لە گۆڕەپانی قوتابخانەی پاشای گەورە سەرجەم قوتابیانی قوتابخانە وەستابووین بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی ئەزموونەکانی کۆتایی ساڵ پێش دانەوەی ئەنجامەکان مامۆستا زرار لە نێو گۆڕەپانی قوتابخانە لە وتەیەکی کورتدا گووتی” بەنیازم تیپێکی مۆسیقا دابمەزرێنم و خولێکی میوزیک دەکەمەوە ھەریەکێک لە ئێوە حەز دەکات یان ئارەزووی فێر بوونی مۆسیقای ھەیە باناوی خۆی بنوسێت..”
لەبەر ئەوەی من لەم قوتابخانەیە ھەر لەسەر دەستی مامۆستا زرار بەشداری چەندین ئۆپەرێت و شانۆگەریم کردبوو بۆیە حەزو و ئارەزووم زیاتر بۆ شانۆ دەچوو، نەوەک موزیک، ھەرلەبەر ئەوەش من ناوی خۆم بۆ ئەو خوولە نەنوسی بەڵام ھەرگیز لە خوولەکە دوور نەبووم ھەردەم ھامووشۆی خوولەکەم دەکرد، لە نیگارگایەکەی(مەرسم) مامۆستا زرار لە نھۆمی دوومی قوتابخانەی پاشای گەورە بوو کە جگە لە موزیک چەندین خوولی تریش ھەر لەسەردەستی مامۆستا زرار کرابوونە وەکو خۆش نووسی، جوانکاری..
ئەم ژوورە ھونەرییە تەنیا پەیمانگایەکی ھونەری نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیکی کوردایەتیش بوو، ھەردەم ئامۆژگای ئێمەمانی دەکرد کە چۆن خاک و کورد وکوردستانمان خۆش بوێت فێری کردین ھەردەم خاوەن ھەڵویست بین، ھەر ئەم پەروەدەیەش بوو دوای راپەرینی ١٩٩١ کوردستان دەرکەوت زۆربەی ئەندامان وەک پێشمەرگە لە رێکخستنەکانی حیزبەکان بوون، بەڵێ ئەم نیگارکایە لەلایەن ھونەرمەندێکی گشتگیر بەرێوە دەچوو لەھەمووی سەیرتر پێداویستیەکانیش وەکو ئامێری موزیک و کەرستەکانی خوولەکە ھەر لە ئەستۆی خودی بوو بێ ئەوەی کەسێک یان لایەنێک ھاوکاری ئەو زاتە بکات، بگرە ھەندێک کەس بە چەندین شێواز دەبوونە کۆسپ بۆ ئەوەی ئەو پرۆژیەیە سەرنەکەوێت بەڵام مامۆستا زرار بێ گوێدانە ئەم و ئەو لەسەر بەرنامەکەی خۆی بەردەوام بوو
دوایی ھەوڵ و کۆشش و ھەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر لە ١٩٧٧/٧/١، لە سەر دەستی مامۆستای پایەبەرز ھونەرمەند (زرار محەمەد مستەفا) تیپی مۆسیقای پاشای گەورە ھاتە دامەزراندن و رۆڵی بەرچاوی ھەبوو لە خزمەتکردنی ھونەری ڕەسەنی مۆسیقا لە شاری رواندز و تەواوی کوردستان.
ئەم ھونەرمەندە لەسەر توانستی خۆی بێ ئەوەی کەسێک یان لایەنێک ھاوکاری بکات توانی پۆلێ لە ھونەرمەندانی میوزیک پێیگەێنێت، کە ئێستا رۆڵی بەرچاویان ھەیە لە گۆڕەپانی ھونەری موزیکی کوردستان.
بەڵێ ٤٧ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ئەم تیپە دامەزارا توانی لە ماوەیەدا چەندین ھونەرمەندی وەک (سەید ئەحمەد ڕواندزی، سیروان سیرینی، شێرزاد حەیدەری، چەتۆ نەورۆز ، ئامانج غازی، فاروق باپیر، زینل خیری، ئەحمەد شێخە) چەندانی تر لەسەر دەستی ھونەرمەندی پایەبەرز( زرار محمد مستەفا ) پێگەیشتن.
ھەروەھا ئەم تیپە لەماوەی تەمەنی خۆیدا توانی چەندین کاری ھونەری ئەکادیمی و پێشکەش بکات و چەندین موزیکی جیھانی وەکو ئۆکێسترا پێشکەش بە ھەوادارانی میوزیک بکەن و چەندین گۆرانی بێژیش لەم تیپە کارەکانیان بڵاوبکەنەوە وەکو(وەلی دۆسکی، ئەحمەد مەندانە، ھاوتا ئەسعد، کاڵێ،ئەبوو بکری لزگی، ناسڕی رەزازی،سامان عومەر و سەلام ، خدر بێجانی …) چەندانی دیکە.
لەکۆتاییدا ھەزاران سڵاو چەپکە گوڵ پێشکەش بە رۆحی مامۆستای کۆچ کردووی دڵسۆزی ھونەر ھونەرمەند” زرار محەمەد مستەفا” بێت.
Discussion about this post