ھەندرێن خۆشناو
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٧/١٠/٢٠٢٤ شنە بای یادی سی ساڵەی ماڵئاوایی مامۆستای ھونەرمەند رەسوڵ بێزار گەردی بەسەر کوردستان و ھەولێری لاوک و حەیران و ھونەر و موزیک و ھۆنراوە گوزەردەکات، و کەڵە ھونەرمەندی رەسەن مامۆستا بێزار گەردیمان دێنێتەوە یاد، و دەنگە بە سۆز و ئاوازە دڵرفێنەکانی بە گوێمان دەچرپێنێت، و ھەستی پڕ عەشق و خۆشەویستیمان دەوڕوژێنێت، و پێمان دەڵێ مامۆستا (رەسوڵ) تان بێتەوە یاد، کە سیمبول و نیشانەیەکی دیاری شاری ھەولێرە، رۆحی پاکی ئەم ھونەرمەندە مەزنە قبوڵناکات کوچە و کۆڵانەکانی ھەولێری دێرین جێبێڵێت، و وەک کزە بایەکی فێنک رۆژانە بەسەریاندا تێپەڕدەبێت، ھەر کە لاوکێک یان حەیرانێک یان گۆرانیەکی رەسەنی کوردی دێتە بەر گوێچکەی رۆڵە بەوەفاکانی ئەم شارە.
ئەوڕۆ ئێوارێ لەدوم ھەناردی لۆچی نەھاتی ..
حەیران ئەوڕۆکە سێ رۆژە زانیتم بازن و خڵخاڵت لەکن وەستا شەریفی زێڕینگرە، جلکی بوکێنیت لەسەر خەیاتی..
خزم و برادەر ھەموو دەزانن ئەتوو سەری چەند ساڵانە دۆست و گراوی من بووی.. حەیف و سەد مخابنی دنیایێم
دەمینی شەو ساڵەکە ھاوینێ بە قسەی دوژمنان و ناکەسان لەگەڵ من خایەن دەرھاتی..
ئەو ھونەرمەندە توانی بە درێژایی نیو سەدە لە داھێنان و خزمەتکردنی ھونەر و ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی بچێتە دڵی ھەموو ھونەردۆستێک، و بچێتە کاروانی نەمران و مامۆستایان لەم بوارەدا، و سەرمەدیانە لە دڵ و سۆزی خەڵک بمێنێتەوە. ھەر لە منداڵیەوە خولیای ھونەر و کولتور و فۆلکلۆری نەتەوەکەی بووە، و ھەر لە زووەکەوە دەوروبەری ھەستیان بە بەھرەمەندی ئەو ھونەرمەندە کردووە، و لە دەنگخۆشی و شارەزایی لە مەقام و لاوک و حەیران، و ھەروەھا لە شیعر ھۆنینەوە و ئاوازدانان.
بە تۆ یار پەیدا نابێ
پەیداش بێ فایدەی نابێ
سەد ساڵ خونچە بشکوی
بێ بولبول بەھار قەت نابێ
بریندارم بریندارم
رەسوڵ بێزار گەردی لە چلەکانی سەدەی رابردوو روویکردۆتە رادیۆ و ئێزگەی کوردی، بە ھەگبەیەکی پڕ لە داھێنان و ھونەری رەسەن و شیعر و ئاواز و لاوک و حەیران، یەکەم کەس بووە کە حەیرانی کوردی لە رادیۆ گووتوە و بە راستەخۆیی پەخشکراوە، و ھەروەھا یەکەم کەس بووە کە حەیرانی نووسیوەتەوە، و بەتایبەتی ئەو حەیرانانەی کە گووتویەتیەوە و بۆخۆی دایناوە و دایڕشتووە و لە دوو توێی چەند کتێبێکدا تۆماریکردوون، یەکەم کەس بووە کە حەیرانی لەگەلڕ موزیکدا چڕیوە، بۆخۆشی شیعری بۆ زۆربەی گۆرانیەکانی داناوە و ئاوازی بۆ ھەموو بەرھەمەکانی خۆی داناوە، بووە یەکەم کەس کە ئاواز بۆ سەرجەم بەرھەمەکانی خۆی دابنێت، بۆیە بە ئاسانی جێگەی خۆی کردۆتەوە لە نێو مامۆستا و پێشەنگانی ھونەری کوردی. مامۆستا رەسوڵ سیمبولی ھونەری رەسەنی کوردی بوو، چونکە لاوک و حەیران ھونەرێکی تایبەت بە گەلی کوردن، و گەلەکانی تر خاوەنی ئەم ھونەرە رەسەنە نین، و ئەم ھونەرە بە یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی ناسنامەی گەلی کورد دادەنرێت.
مامۆستا رەسوڵ بێزار گەردی پێشمەرگەیەکی ئازا و نیشتمان پەروەر بووە، نەک ھەر بە ھونەر و نووسین بەڵکو بە گیانیش خزمەتی کوردستانی کردووە، بەشدارییەکی بەرچاوی ھەبووە لە شۆرشی ئەیلولدا، و یەکێک بووە لەو کەڵە پیاوانەی ھەر لە سەرەتاکانی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان بەشداری تێداکردووە بە گوتنی چەندین سروودی لە یادنەکراو و ھەروەھا دانانی چەندین سروودی نیشتمانی، بۆتە یەکەم کەس کە سروودی نیشتمانی و بەرگری بە شێوازی حەیران و مەقام بچڕێت.
کاروانی ئێمە کەوتۆتە رێگا
بە ئامانجی کورد ھەر ئەبێ بگا
ئەگەرچی شەوی خەباتی ژیان
گیانی زۆر لاوی وەک گوڵ ھەڵوەران
بەڵام ھەر ئەبێ شەفەق دەرکەوێ
کورد لەو ھەورازە سەختە سەرکەوێ
ماڵئاوایی کردنی ئەم ھونەرمەندە مەزنە، کەلێنێکی گەورەی کردەوە لە ھونەری کوردی، بە تایبەتی لە بواری لاوک و حەیراندا، کە زۆر ئاشکرا ھەست بەو کەلێنە دەکرێت، و کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر ھونەری گۆرانی و موزیکی کوردی، چونکە رەسوڵ بێزار گەردی بەمانای وشە میری حەیران و حەیرانبێژان بوو، و رێباز و رێچکەیەکی تایبەتی خۆی ھەبوو، و جێپەنجەی لە ھونەری کوردیدا دیار و بەرچاوە. ئەو بلیمەتە بە دەنگە خۆش و بەسۆزەکەی سەدان گۆرانی و لاوک و حەیران و مەقام و سروودی چریوە و مەحاڵە لە یادبکرێن، کە وەک گەنجینەیەک بۆی بەجێھێشتین.
مامۆستا رەسوڵ بێزار گەردی دوایی چەندین ساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی دڵ، بێنازانە دڵە ماندووبوەکەی لە ١٧/١٠/١٩٩٤ توانای ترپەکردنی نەما و کز و بێدەنگ بوو، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و سی ساڵ لەمەوبەر رۆڵە بەوەفاکانی ھەولێری دێرین لە ئەدیبان و نووسەران و ھونەرمەندان و خزم و برادەران، تەرمی پاکی ئەو زاتە مەزنەیان بە خاکی کوردستان سپارد، دوای ئەوەی بە گشت کۆڵان و شەقامەکانی ھەولێردا دوایین گەشت و گەڕانی کرد، و ماڵئاوایی و خواحافیزی لە ھەموو خەڵکی ھەولێر و کوردستان کرد. یاخوا لە باوەشی خاکدا ھەر شاد و سەربەرز بیت.
Discussion about this post