(٢٠) ساڵ بەر لە ئێستا ھونەرمەندێک گیانی خۆی کردە قوربانی ئازادی ھەولێر…
(جەوھەر باپیر) ئەو ھونەرمەندەی لە درامای ئازادیی ھەولێردا ڕۆڵی پاڵەوانی بینی!!
مانگی ئادار بەمانگی کوردان ناوزەند کراوە،
چونکە سەرجەم یادەورییە تاڵ و شیرینەکانی خەڵکی کورد لەو مانگەدا کۆبوونەتەوە، (٣١)ـی ئاداری ساڵی (١٩٩١) رۆژی کۆڕەوە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان بوو. کاتێک ھەموو خەڵک بە تێکڕا بەرەو شاخ و سەر سنوورەکان کەوتنە رێ، لەو رووبەروو بوونەوەی جەماوەری کوردستاندا، چەندیین قارەمان تێکۆشەری ئەم وڵاتە لە بەرامبەر دوژمنی لەناوچووی کورد، ھێزەکانی بەعەس وەستان و زۆر بە لێھاتووی توانیان بەرگری لەخاک و شار و وڵاتی خۆیان بکەن، یەکێکە لەو قارەمانانەی کە ناوێکی پڕنشنگدار و کەمەموێنەی بۆخۆی و شارەکەی تۆمار کرد، ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) بوو.
(جەوھەر باپیر)ـی ھونەرمەندێکی لێھاتووی بواری شانۆ و درامای کوردیی بوو، ئەو لە رزگارکردنی شاری ھەولێر، لە بەھاری (١٩٩١)ـدا رۆڵێکی کارامەی بەرجەستە کرد، ھەر بۆیە لە رۆژی کۆرەوە مەزنەکەی شاری ھەولێردا توانی رووبەرووی دووژمن ببێتەوە، وەک پێشمەرگەیەکی ئازاو چاو نەترس لە ئەنجامی بەرگری کردنی لەشارەکەی خۆی، شاری (ھەولێر) لە ئەنجامی شەڕێکی سەخت و بەرگرییەکی بێوێنەدا، گیانی خۆی کردە دیاری بۆ شار و راپەڕینەکەی سەرتاسەری کوردستان و پلەی شەھادە دەتی ھەڵبژارد.
ھونەرمەندی ئەکتەری بواری شانۆ و درامای کوردیی (جەوھەر باپیر) لە بەھارێکی مێژووییەدا شەھید بوو، ئەو ھونەرمەندە ناوی چووە رێزی ئەو خەبات و گێڕ و شۆرشگێرانەی، کە سەر بەستانە بەرگرییان لە خاک و وڵاتی خۆیان کرد. جگە لەوانەش (جەوھەر) لە ریزی ھونەرمەندانی وڵاتی کوردەواریی دا ناوێکی دیکەی بۆ خۆی تۆمار کرد و توانی شان بەشانی ئەو خزمەتە جوانەی لە رێگەی (تاپۆ حەقی چیە، ئاسکە، میوانی ناوەخت، بۆ لێم تێ ناگەن و قەڵای دمدم، مۆڵەت، کانی مەلەک رێزان) چەندیین کاریی دیکەی ھونەریی، کە ئەو شاکارە درامیی و شانۆیانەی پێش کەشی بەئەرشیفی ھونەری کوردی کرد، شان بەشانی ئەو کارانە گیانی خۆشی کردە دیاری بۆ شاری ھەولێر.
(جەوھەر باپیر) لە نێو کاری ھونەریی دا
ئەو ھونەرمەندە بەتوانایە ناوی تەواوی (جەوھەر باپیر حمەدەمین)ـە، لە رێکەوتی (١- ٧- ١٩٥٢) لەشاری ھەولێر لەدایک بووە، پلەی خوێندنی تەنیا قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە، ئەو بەھۆی خۆشەویستیەکی زۆری بۆ کاری ھونەریی نواندن ھاتۆتە نێو کاری ھونەرییەوە، دەرچووی ھیچ پەیمانگایەکی ھونەریی نەبووە.
بەڵام زۆر لەو ھونەرمەندە ھاوڕێیانەی کە شان بەشانی شەھید (جەوھەر باپیر) کاری ھونەرییان ئەنجامداوە، شایەدی ئەوە دەدەن، کە ئەو وەک ھونەرمەندێکی بە ئەزموون ھەڵسو کەوتی دەکرد و زۆر بە لێھاتووی دەیتوانی رۆڵەکانی لەنێو کارە شانۆییەکان و دراماییەکاندا بەرجەستە بکات، ھەروەک دەگێڕنەوە کاری رۆژانەی بەتایبەتی بژێوی ژیانی لە رێگەی کاری فیتەری ئوتومبێلی بووە. نەک کاری ھونەریی، بەڵام دەڵێن دوای ئەوەی لەکاری فیتەری دەگەڕایەوە و دەھاتە سەر تەختەی شانۆ جوانتریین نواندنی ئەنجام دەدا و ھەموو رۆڵێکی بەسەرکەتوویی بەرجەستە دەکرد، تەنانەت لەکاتی وێنەگرتنی ھەر کارێکی درامیی دا دەقەکانی لەبەر دەکرد و پاشان زۆر بەجوانی دەچووە نێو ناخی ئەو رۆڵەی کە بۆی دەست نیشان کرابوو، ھەروەھا باس دەکرێت ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) کەسێکی زۆر بێ فیز و خەڵکدۆست و بەوەفا بووە. بۆ ھاوڕێیە ھونەرمەندەکانی و ھەروەھا بۆ خەڵکی دیکەش ھەردەم گیانی ھاوکاریی و تەبایی ھەبووە، لە بەرامبەر ئەوانەشدا کەسێکی شۆرشگێڕ و خەبات کار بووە بۆ خاک وڵاتەکەی، ئەو ھەردەم لەلای ھاوڕێیە ھونەرمەندەکانی دا ھەمیشە لەسەردەمی رژێمی بەعسی لەناو چوودا ئەو دێرەی گوتووە (ھەوای ئازادی و ژیانی ئازادی و کاری ھونەریی لە ژێر سایە و سێبەری ئازادیی و تەنانەت مردنیش لە سایەی ئازادیی دا ھەر خۆشە)
ھونەرمەندان لەساڵیادی شەھید بوونی دا پەیڤی خۆشەویستیان بۆ (جەوھەر باپیر) دەنێرن.
لەمیانەی ئەو ریپۆرتاژەی کە رۆژنامەی “ھەولێر” ئامادەیی کرد، بە بۆنەی (٢٠) ساڵ تێپەڕبوونی شەھید بوونی ھونەرمەند (جەوھەر باپیر)، ھونەرمەندانی ھاوڕێی (جەوھەر باپیر) بەچەند دێرێک باسیان لە ژیانی ھونەریی و کەسایەتی (جەوھەر باپیر)ـی شەھید کرد.
سەلام کۆیی : ھەموو کەس دەتوانێ ببێتە (پێشمەرگە)، بەڵام ھەموو کەس ناتوانێ ببێتە (ھونەرمەند)
ھونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و درامای کوردی (سەلام کۆیی) لەساڵیادی (١٩) ساڵەی شەھیدبوونی ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) بەم شێوەیە ھاتە ئاخاوتن و گوتی : “ئەوەی من ئەو ھونەرمەندە پێشمەرگەیە قارمانە پاڵەوانەم ناسیبێت، (جەوھەر باپیر) کەسایەتیەکی زۆر بەھێزی ھەبوو، کەسێکی زۆر قسە خۆش و رووگەش بوو، من دەڵێم ھەموو کەسێک دەتوانێ ببێتە (پێشمەرگە) و لەوانەیە شەھیدیش بێت، بەڵام ھەموو کەس ناتوانێ ببێتە (ھونەرمەند).
چونکە ھونەر و ھونەرمەند بوون بەھرەیەکی خوداییە، خوای گەورە دەیبەخشێتە مرۆڤ، بەڵام (جەوھەر) ھەرسێ خاسیەتی تێدا بوو، (ھونەرمەند بوو پێشمەرگە بوو شەھیدیش بوو)، ئومێدەوارم (جەوھەر باپیر)ـی قارەمان لە یاد نەکرێت، ھەرچەندە تاڕادەیەک کەمتەرخەمی نەکراوە، بەڵام بە گوێرەی پێویست نیە و پێویستە زیاتر رێزی لێبگیرێت و لەبییر نەکرێت، وەمن لە وبڕوایەدام ھەتا (تاپۆ حەقی چیە) مابێ (خدری لۆبیا فرۆش) ناوێکە و لە ئاسمانی ھەولێر و لە ھزری ھەموو کوردێک ھەموو ھەولێریەک ھەر دەمێنێ ھەرگیز لە بیر ناچێتەوە ئەو مرۆڤە جوانە، ھەتا ھونەری درما مابێ (جەوھەر باپیر) ھەر دەمێنێ، ھەتا ناوی (پێشمەرگە و شەھید) مابێ ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) ھەر دەمێنێ لەناومان، بە بڕوای من ئەو کارانەی ئەو ھونەرمەندە کردی لەماوەی تەمەنی کاری ھونەریی دا ھیچی کەمتر نیە لەو ئەکتەرە گەورانەی جیھان کە کردویانە لە بواری درامادا”.
(سەلام کۆیی) ھونەرمەند لەدرێژەی ئەو وتانەی بۆ یادی ھونەرمەندی ھاوڕێی کاکە (جەوھەر) یەکێک لەو یادگاریانەمان بەچاوی پڕ لە گریانەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت : “کاتێک خەریکی کاری وێنەگرتنی درامای (تاپۆ حەقی چیە) بووین لە ساڵی (١٩٨٤) لە شاری ھەولێر، من رۆڵی کەسایەتی (حاجی یادگارم) تێدا بەرجەستە کردبوو، ئەو دیمەنەی کەمن دەچم بۆ تاپۆ و (جەوھەر)ـی رەحمەتی، کە لەوێ رۆڵی (خدری لۆبیا فرۆشی) بەرجەستە کردبوو، لەگەڵ ھونەرمەند (چەتۆ حەسەن) دانیشتوون گفتوگۆ دەکەن و منیش دەچمە ژوورەوە لێوم و چاوم لە (جەوھەر) دادەگرم، وێنەگر خۆی پێ رانەگیرا دەرھێنەر دەری کرد، تاوای لێھات دەرھێنەر کۆنترۆڵی نەماو پێکەنی و “ئاوتی” کرد، پاشان (جەوھەر و چەتۆ) ئەوانیش تەحمولیان نەماو دەستیان کردە پێکەنین، ناچار دیمەنەکەمان بەو شێوەیە وێنەگرت من تەماشای دیوارم دەکرد و دیسان چاوم و لێوم دادەگرت، پێم دەگوت دوای پێکدێین دوای (خدر).
ئەو یادگاریانەم لەگەڵ ئەو ھونەرمەندە ھەرگیز بیر ناچێتەوە یادی بەخێر قەبری پڕ لەنور بێت، بڕوابکەن کەسێکی زۆر نیشتمان پەروەر بوو تەنانەت زۆر جار لەلای من و چەند ھاوڕێیەکی ھونەرمەندی خۆمان دەیگوت (تەنا رۆژێکم مابا لەژیان و خوا ئەو ئاواتەم بێنێتە دی، رۆژێک لە رۆژان بەدەستی خۆم شەش بەعسی خوێن مژ بگرم، لە یەکیان ببەستمەوە بەنزینیان پێداکەم و بیانسوتێنم) زۆر رقی لە بەعس و رژێمەکەی دەبۆوە ئاواتی بوو کوردستان بە ئازادی ببینێت، بەڵام داخەکەم تەنھا (٢٠) رۆژ ئازادی کوردستانی بەچاوی خۆی بینی و شەھید بوو، بەھەر حاڵ ئەو توانی ھونەرمەندانە ھونەر بۆ خاک و وڵاتەکەی بکات، پێشمەرگانەش بەرگری لەخاک و شارەکەی بکات تا پلەی (شەھید) بوونی بەدەست ھێناو بووە ناوێکی ھێندە بەرز کە تا ھەتایە لەبیری نەکەین”.
(زاھیر عەبدوڵڵا) : “شەھید (جەوھەر باپیر) دڵسۆزییەکی لە رادەبەدەری ھەبوو بۆ ھونەرکەی و ھەمیشە حەزی بەکاری جوان دەکرد
ھەروەھا ھونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و دراما (زاھیر عەبدوڵلا) بەم شێوە باسی ھونەرمەندی شەھید (جەوھەر باپیر) کرد و گوتی :”لە یادی ھونەرمەندی جوانەمەرگ کاکە (جەوھەر باپیر)ـدا، سڵاو و خۆشەویستی ھەمیشەییم بۆ رۆحی پاکی دەنێرم، ئومێدەوارم رۆح و گیانی ئاسوودە بێت، چونکە دوای ئەوەی بە خوێن و رۆح خۆی کردە قوربانی بۆ شارە جوانەکەی، کە شاری ھەولێرە. ئێستا ھەولێر شارێکی ئاسوودە سەربەرز و جوان و گەشاوەیە، چونکە رۆڵەی وەک کاکە (جەوھەر باپیر)ـی ھەبوو.
ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) ھونەرمەندێکی بەتوانا و لێھاتبوو، کەسێکی زۆر خۆشەویست بوو لەناو ھەموو ھونەرمەندان. ھەرگیز نەم بیستووە (جەوھەر) کێشە و گرفتی لەگەڵ ھیچ ھونەرمەندێک ھەبوو بێت، بە پێچەوانەوە ئەو ھەمیشە پاڵپشتی ھونەرمەندان بوو، بەردەوام یارمەتی ئەو ھونەرمەندانەی دەدا. بەتایبەتی ئەوانەی کە باری ئابووریان خراپ بوو، چونکە ئەو جگە لەوەی ھونەرمەند بوو پیشەی رۆژانەی فیتەری بوو، جگە لەوانە حەزێکی زۆری بۆ ھونەر ھەبوو کاری ھونەریی ئەوەندە لەلا خۆشەویست بوو، مەگەر بەو رادەیە تەنھا کوردستان و شاری ھەولێری ئەوەندە خۆشویستبێت. زۆر خەمخۆر بوو بۆ کارە ھونەرییەکانی و دڵسۆزییەکی لە رادەبەدەری ھەبوو بۆ ھونەرکەی و ھەمیشە حەزی بەکاری جوان دەکرد، ئەگەر چی ئەو دەرچووی ھیچ پەیمانگایەکی ھونەریی نەبوو، ئەوەی من زانیارم ھەبوو لەسەری دەرچووی تەنھا شەشەمی سەرەتایی بوو، بەڵام ھونەر لەناخی کاکە (جەوھەر)ـدا ھەبوو بەھرەیەکی زۆر جوان لەجەستەو شێوەی ئەودا ھەبوو، لە ساڵانی ھەشتاکاندا بە ھۆی نزیک بوونەوەی تەواوی لەناو کاری ھونەریی دا بووە بەندام لە کۆمەڵەی ھونەریی وێژەی کورد لە شاری ھەولێر، یەکێک لەو کارە ھونەرییانەی کە خۆم لەگەڵ ھونەرمەندی کۆچکردوو (جەھەوھەر باپیر) بەشدارییمان تێدا کرد، درامایەکی تەلفزیۆنی بوو بەناوی (ئاسکە) رۆڵێکی زۆر جوانی بەرجەستە کرد لەو درامایەدا، کە دەنگ و سەدایەکی زۆر چاکی دایەوە، ھەروەھا لە شانۆگەری (قەڵای دمدم) بەیەکەوە بەشدارییمان کرد، لەو شانۆگەرییەدا بەیەکەوە رۆڵمان ھەبوو، زۆر بەجوانی لەو شانۆگەرییەدا توانی رۆڵەکەی بە جوانترین شێوە بەرجەستە بکات. ئەو یادگاریانەم ھەگیز بیرناچێتەوە رۆژگارێکی زۆر خۆشبوو، بەداخەوە زۆر زوو بەجێی ھێشتین، یادی بەخێر ھیوادارم ھەموو ساڵێک بەڕێزەوە یادی ئەو ھونەرمەندە پێشمەرگەیە بکرێتەوە و بەرز رابگیرێت ئەو رۆژە”.
مەرگ نەیھێشت بەشداریی لە (کەوەکانی قەرەچوغ) بکات
ھونەرمەندی دەرھێنەر مامۆستا (تەلعەت سامان) دەڵێت : “لەگەڵ ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) لەساڵی (١٩٨٨) شانۆگەرییەکمان پێش کەش کرد لەشاری ھەولێر بەناوی (حەمەدۆک) لەو بەرھەمەدا بەڕاستی ئیبداعی کرد، رۆڵێکی زۆر جوانی ھەبوو لەنمایشی ئەو شانۆگەرییەدا.
بەڵام لەو یادەدا شتێک زۆر دەم ھەژێنی ئەویش ئەوەبوو بەنیاز بووین، لە زنجیرە درامای (کەوەکانی قەرەچوغ) بەشداریی بکات و رۆڵێکم بۆ دانابوو، کە ئەویش رۆڵی (کاکل) بوو. بەنیاز بووین لە ساڵی (١٩٨٩) ئەو دراماییە بەرھەم بھێنین بەڵام کارەکە ئەو کات نەکرا بەھۆی چەند شتێک، ئەوەبوو لەدوای راپەرین کاتێک ئەو درامایەم بەرھەم ھێنا کاکە (جەوھەر) شەھید ببوو، لەناومان نەمابوو، ھەرچەندە دراماکە لەکاتی خۆی تۆزێک دوا کەوت چونکە ئەگەر (جەوھەر باپیر)ـی شەھید بمابوایە، دەبوایە رۆڵەکەی بگۆڕم رۆڵی کەسایەتیەکی دیکەی پێ بدەم، چونکە دەبوو رۆڵی کەسایەتی (کاکل) گەنجێک بووایە، ئەو کاتەی کە بەنیاز بووم بەرھەمی بھێنم ماشاڵڵا کاکە (جەوھەر) گەنجێکی زۆر جوان بوو، بەداخەوە ئەو ھونەرمەندە بەتوانایە زوو بەجێی ھێشتین ھەزار سڵاو لەگیانی پاکی ئەو ھونەرمەندە گەورەیە و ھیوادارم گیانی شاد و ئارام بێت، چونکە ئێستا ئەو ھەولێرەی ئەو خۆی بۆ بەخت کرد، زۆر سەربەرزەو شانازیی دەکات کە رۆڵەی وەکو (جەوھەر باپیر)ـی ھەبوو”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
٠٧٥٠٧٤٠٨٨٦٨