گرووپی گەنج بۆ شانۆ بە بەشداری ١٠٠ کەس ئامادەکاری بۆ بەرھەمی ئەم ساڵی دەکات، کە تیایدا باس لە رووداوەکانی ساڵی ٢٠٣٤ دەکرێت.
ساڵانە لە رێکەوتێکی دیاریکراودا، گرووپی گەنج بۆ شانۆ بەرھەمی ساڵ نمایش دەکات. “٠٤٠”یش ئەو بەرھەمەیە، کە بە ھاوکاری ١٠٠ کەس لە ستافی تەکنیکی و مۆسیقی و ئەکتەر و دیزاینەرەکان و راگەیەندکاران ئامادەکاری بۆ دەکرێت و تیایدا بەشدارن. دەق و دەرھێنانی شانۆگەری “٠٤٠” لەلایەن کارۆخ ئیبراھیم سەرۆکی گرووپی گەنج بۆ شانۆ کاری بۆ دەکرێت. لەبارەی ناوەڕۆکی کارەکە کارۆخ ئیبراھیم رایگەیاند ئامانجی ئەوان لەڕووی کارو پەیامی ئاراستە کراوی خۆیان بۆ وەرگرو بینەران وەکو ھەر یەکێک لەساڵانی رابردوو جیاوازی تێدا دەبینرێت، “ئەوەی ئەمجارە مەبەستمانە ئەنجامی بدەین، گواستنەوەی تاکی ئێمەیە بۆ داھاتوو نەک گەڕانەوەیان بۆ رابردوو، ئەوەش لەئەنجامی باسکردنی داھاتوو و نیشاندانی لەھەمان کاتدا، ئەم نمایشە باسی تاکی ئێمە دەکات لەنێوان ساڵانی ٢٠٣٠ تا ٢٠٣٤، کەواتە پەیام و ئامانجی ئێمە لەکار کردندا زۆر جیاوازە، ئەمەش لەنمایشی بەرھەمەکە بەدیار دەکەوێت”.
ساڵانە گرووپی گەنج بۆ شانۆ لە رێکەوتێکی دیاریکراودا نمایشی بەرھەمی ساڵ ئەنجام دەدات، سەبارەت بەمەش سەرۆکی گرووپی گەنج بۆ شانۆ وتی “بەرھەمی ساڵی گرووپ بە ھۆکاری ئەوەی بەرھەمی ناوازەو ترۆپکی گەنج بۆ شانۆ نمایش دەکات، بۆیە شانۆگەرییەکە رێکەوتێکی دیاریکراوی بۆ دەستنیشانکراوە، ئەویش ٢٧-٢٩/٧ ی ھەموو ساڵێکە”.