حەمەسوار عەزیز : یەکێک لە گرنگترین خاسیەتی کارەکانی کارۆخ ئیبراھیمی شانۆکار ئەوەیە ھەمیشە بێنەو بەردەیەکی زۆر بەدوای کارەکانی خۆییدا دێنێت، ئەمەش یەک لێکدانەوەی ھەیە ئەویش ئەوەیە کارۆخ جیاواز ئیش دەکات و جیاواز بیردەکاتەوە، ئەم جیاوازییە ئاماژەیەک نییە بۆ لایەنی باش یا خراپی لە کارەکانی کارۆخدا، بەقەد ئەوەی دەروازەیەکی قسەکردنی ئێمەی شانۆکارانە لەسەر بەرھەمەکانی کارۆخ بە ھەردوو ڕووەکەییدا.
پێش ئەوەی ئەم نمایشەی کارۆخ (٠٤٠) ببینم کە لە نووسین و دەرھێنانی خۆیەتی و ھەریەک لە ھونەرمەندان (سەباح عەبدولرەحمان، ژیان ئیبراھیم خەیات، مەزھەر ئیبراھیم، گلێنە حەمە عەلی و سەرگوڵ حوسێن) ئەدای کارەکتەرەکانی ئەو نمایشەیان کردبوو، پێش ئەوە، ترسی ئەوەم ھەبوو ئەو ووتارەی کە لەسەر ئەو نمایشە دەینووسم ، دووبارەی چەند نووسینێکی ترم بێت کە پێشتر لەسەر کارەکانی کارۆخم نووسیوە، یا ھەر ھیچ نەبێت بەشێک لە سەرنجەکانم دووبارە ببنەوە، لێتان ناشارمەوە ئەوەی من لە ئیشەکانی کارۆخ سڵی لێ دەکەمەوە دووبارە بوونەوەیە لەو شێوازە کارکردنەی کە کارۆخ کاری تیا دەکات، بەو مانایەی وێکچوونی کارەکانی کارۆخ گیانی تازەگەری و داھێنانی تازە دەکوژێت، من ھیوادار بووم ئەم نووسینەم لەوانی پێشووتر نەچێت، بەڵام ئەگەر ئەوەش ببێت ئەوە ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە من ناچارم ھەندێ سەرنجی کۆنم جارێکی تر دووبارە بکەمەوە کە دەبووایە کارۆخ لەو ئیشەیدا قاڵبەکانیان بشکێنێت و ھیچ نەبێت خۆی لەو خاڵە نێگەتیڤانە دەرباز بکات کە لە ئیشەکانی پێشووتری زۆرینەمان قسەمان لەسەری کردبوو.
کارۆخ و تێکست:
پێموایە یەکێک لە قوڕسترین بوارەکانی شانۆ، نووسینی تێکستی شانۆییە، میللەتی ئێمەش لەم بوارەوە زۆر کڵۆڵە و لە ھەموو مێژووی شانۆی کوردی ناتوانی بەقەد ژمارەی پەنجەکانی دەست چەند تێکستێکی شانۆیی بدۆزیتەوە کە توانیبێتی زەمەنی ھەنووکەیی خۆیی ببەزێنێت و وەک تێکستێکی ئۆرژینال ھەژمار بکرێت، گرنگترین لایەنی تێکست نووسین لە داھێنانی شێوازی نووسین و بیناکردنی کردارو کارەکتەر خۆی دەنوێنێ، بەو مانایەی بوونی بیرۆکە بەس نییە بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت تێکستی شانۆیی دروست بکات.
کارۆخ لەم تێکستە بیرۆکەی ھەیە و دەیەوێت قسەیەک بکات، ھەرچەندە ھەموومان ھەست دەکەین لەو قسەیە دوو دڵە و نایەوێ خاڵەکان بە ڕوونی بخاتە سەر پیتەکان بۆ ئەوەی ئەو مانایە ببەخشن کە مەبەستیەتی، بەڵام گەورەترین کێشەی تێکست ئەوە نییە تۆ بیرۆکەت ھەبێت، ئەوەی زۆر لەوە گرنگترە شێواز و ستایلی دروستکردنی کارەکتەرو بونیادی درامی و ھەڵچنینی کردارو دروستکردنی دیالۆگی بەرھەمدارە لەناو تێکست، لە تێکستەکەی کارۆخ کارەکتەر ھەبوو، ئاساییشە ئەگەر فۆرمی بەشێک لە کارەکتەرەکان لە کارەکتەری تر وەرگیرابن، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە کە کارەکتەرەکان ئەوەندە بێ دەسەڵات و بێزارکەر بن کە نەتوانن کردار دروست بکەن لەنێو ئەو چیرۆکەی کە تیایدا رۆڵی پاڵەوان دەگێڕن، کارەکتەرەکانی کارۆخ لەم نمایشە ئەوەندەی خەریکی سەردو گێڕانەوەن نیو ئەوەندە کاریگەرییان نییە لە دروستکردنی کردارو بەرزکردنەوەی ریتم لە شانۆییەکە، کارەکتەرەکانی کارۆخ ڕێک بە مانای وشە ئامێری قسە کردنن، قسە کردنێک کە تەنھا و تەنھا مەبەست لێی پێناسەکردنی فۆرم و ناوەرۆکی کارەکتەرەکانە، لە کاتێکدا ئەمە ئەرکی شانۆ نییە کە بەو شێوەیە کارەکتەر تیایدا پێناسە بکرێت، ئەم ھەموو دیالۆگە درێژدادڕو بێ بەرھەمە لە شانۆگەرییدا کە لە سەعاتی یەکەم ھیچ کردارێکی گرنگ تیایدا ڕوونادات مایەی ئەوەیە کە بینەر بێزار بکات و ریتمی شانۆگەرییش وێران بکات، بەداخەوە زۆرینەی کارەکتەرەکانی ئەو نمایشە کارەکتەری جولێنەر نین و کارەکتەری وەستاون و کردار دروست ناکەن، چەکی دەستییان تەنھا و تەنھا گێڕانەوەیە، گێڕانەوەیەک کە درێژدادڕی زۆری تیایە و کۆمەڵە دیالۆگێک کە ھیچ بەرھەم ناھێنن تەنھا قسە نەبێت.
لەنێو فەلسەفەی تێکستەکە قسەیەکی زۆر گرنگ ھەیە کە کارۆخ لەم نمایشە نەیکردووە یا نەیویستووە بیکات، کارۆخ وا نیشاندەدات کە سیستمی حوکمڕانی لە نمایشەکەی ئەو سیستمێکی بنەماڵەییە و سەرۆکەکان ھەوڵدەدەن لەرێگەی نەوەکانیانەوە درێژە بە ماوەی حوکمڕانی بنەماڵەکەیان بدەن، بەڵام باس لە ھۆکار و فاکتەری ئەو گەمەیە ناکات کە وادەکات سەرۆکەکان درێژە بە سەرۆکایەتی بدەن و ھەوڵبدەن نەوەکانیان لە دوای خۆیان بکەن بە سەرۆک، ئەوەندە بەڕەھا قسە دەکات دەرفەت بە بینەر نادات بچێتە بنج و بنەوانی ئەو سیستمەی کە سەرۆکایەتی ھەمیشەیی بۆ سەرۆکەکان دەپارێزێت، ئەو تەنھا ھەوڵدەدات قسە لەسەر نەزۆکی ئەو جۆرە سیستمە بکات، بەڵام سیستمەکە خۆی چۆنەو چۆن پێناسە کراوە، ئەوە لای بینەر روون نییە.
ئەکتەر لە نمایشەکەی کارۆخ:
ھەمیشە کۆمەڵێک بنەما ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی ئەکتەرێک بۆ ئەوەی کارەکتەرێک لە نمایشێک ئەدا بکات، گرنگترین خاڵیش لەم ھەڵبژاردنە ئەوەیە کە ئەکتەرەکە فۆرمێکی دووبارەی نەبێت و کارەکتەرەکە نەکات بە خۆی، واتە لەجیاتی ئەوەی ئەکتەرەکە لە قاڵبی کارەکتەرەکە بتوێتەوە، پێچەوانە بێتەوە کارەکتەرەکە فۆڕمی ئەکتەرەکە لەبەر بکات.
ئەمە ڕێک لە ئەداکردنی ھونەرمەند (سەباح عەبدولرەحمان) رەنگی دایەوە، بەو مانایەی ئەو پاشخانەی مامۆستا سەباح لە بواری ئەداکردنی ئەمجۆرە کارەکتەرانە ھەیەتی، بەشێوەیەکی زۆر خراپ لە ئەداکردنی ئەم کارەکتەرە شکایەوە، ھۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە ماوەی دەیان ساڵە ئەم فۆرمە لە ئەداکردنی مامۆستا سەباح بە زەقی دەبینرێت، کە کارۆخیش مامۆستا بۆ کارەکتەرێکی ھاوشێوە و فۆرم دیاری دەکات، دەبێ لەوە دڵنیا بێت بەشێوەیەک لە شێوەکان کارەکتەرەکەی ئەو دەبێتە قوربانی ئەو فۆرمە کەڵەکەبووەی کە چەندین ساڵە بەر ئەو ھونەرمەندە دەکەوێت، تۆ ئەگەر دەتەوێت فۆڕمێک بۆ خۆت دابڕێژیت دەبێ ئەکتەرێک ھەڵبژێریت کە پێشتر لەم فۆرمە خەست نەکرابێتەوە، تا بتوانیت وەک دەرھێنەر فۆڕمێک دروست بکەیت کە موڵکی تۆ بێت و دەرەنجامی کاریگەری کارەکتەری تر نەبێت کە پێشتر ئەو ئەکتەرە ئەدای کردووە.
پێشتر خاتوو (ژیان ئیبراھیم خەیات)م لەسەر شانۆ نەبینیووە، بەڵام پێموانییە ژیان خان لەم نمایشە ئیزافەیەکی گەورەی بە نمایشەکە بەخشیبێت، ڕەنگە دوو ھۆکار بۆ ئەمە ھەبێت، یەکەم ڕیتمی ھەڵچنینی کردار لە نمایشەکە زۆر خاو و بێزارکەر بوو، ئمەش کاریگەری خراپی ھەبوو لەسەر بونیادی کارەکتەرو ئەداکردنی ئەکتەر، بەشێوەیەک وایکردبوو کە ئەکتەرەکان خۆیان چێژ لە نواندن وەرنەگرن و بێزار بن لەو حاڵەتە دووبارانەی کە نمایشەکە تەنھا لە رێگەی دیالۆگ چارەسەری دەکرد، دووەم شێوازی جوولەی ئەکتەرەکان لەسەر شانۆو کاریگەری ئەو سینۆگرافیا قوڕس و قەبەیە کە وەک ئەژدیھایەک ھەموو ئەکتەرەکانی قووت دەداو لەنێو لۆکەیشن دەیشاردنەوە.
مەزھەر ئیبراھیم ھەوڵی زۆری دەدا ئیحساس بە دیالۆگەکانی ببەخشێت، بەڵام دوو ھۆکاری بنەڕەتی رێگر بوون لەوەی ئەو ئیحساسە بە بینەر بگات، یەکەمیان پەلەکردن لە ئەداکردنی دیالۆگ، کە ئەمە بەشێوەیەکی گشتی سیمای ئەداکردنی ھەموو ئەکتەرەکانی ئەم شانۆییە بوو، مرۆڤ ھەستی دەکرد ئەکتەرەکان لەجیاتی ئەوەی دیالۆگ بکەن، دیالۆگ دەڵێنەوە، ئەمەش دوو حاڵەتی زۆر جیاوازن ، لەم نمایشە دیالۆگ بێدەنگی کوشت، ئەو بێدەنگییەی کە رەنگە لە زۆر کاتدا لە ھەموو وشەکان کاریگەرتر بێت، دووەم ھۆکار ئیحساسکردن بە دیالۆگ لە رێگەی جوولەی زیادەوە، ئەمە وادەکات ئیحساسکردنی ئەکتەرەکە لە رێگەی دەست و قاچییەوە پێمان بگات نەوەکو دەروون و ڕوخساری.
بە دیدی من باشترین ئەکتەری ئەم نمایشە (گلێنە حەمە عەلی) بوو، ئەو خاتوونە زۆر زوو ئەوەی تیا بەدی دەکرا کە نەھێنییەک ھەیە لە پشت ھێمنی و بێدەنگی ئەو کارەکتەرە، ئەمە ئەو بێدەنگییەیە کە قسە دەکات و پەیامی ھەیە، ئەکتەر دەبێ ھەمیشە خۆی قەناعەتی بە ئەداکردنی خۆی ھەبێت و ھەوڵ نەدات لە رێگەی ھەڵچوونی زیادەوە قەناعەت بە بینەر بکات، ڕێک ئەمە لە ئەداکردنی (گلێنە) دەبینراو بە پێچەوانەی ئەوەوە لە ئەداکردنی ئەکتەرەکانی زۆرینەی کارەکتەرەکانی تر نەدەبینرا، بەتایبەتیش ئەدای خاتوو (سەرگوڵ حوسێن) کە لە زۆرینەی کاتەکانی نمایشەکە بەیەک ڕیتم و یەک ئیحساس ئەدای ھەموو دیالۆگەکانی دەکرد، کە وایکردبوو ھەمیشە یەک سیما لە ڕوخساری ببینرێت.
دەرھێنان لە نمایشەکە:
دەرھێنان کردارگەلێکی دژوارەو دەبێ دەرھێنەر وەک مایسترۆ ھاڕمۆنی ھەموو توخمەکانی لەسەر شانۆ بپارێزێت بۆ ئەوەی نەشاز لەنێو ئۆرکستراکەی دروست نەبێت، ئەوەی لەم نمایشە دەبینرا و لە نمایشی تری کارۆخیش دیومانە، کارۆخ بایەخ بە ئەکتەر نادات بەو شێوازەی کە ھەڵگری پەیامی نووسەرو دەرھێنەر بێت، کارۆخ ھەمیشە ھەوڵدەدات ئەکتەر بچووک بکاتەوە لەسەر شانۆ و ئیرادەی کردارو حاڵەتە درامییەکانی زەوت دەکات، بۆیە ھەمیشە ئەکتەر لە نمایشەکانی کارۆخ ونە، بەو شێوەیە نابینرێت کە پێویستە ببینرێت، لای کارۆخ بایەخی ئەکتەر بەقەد بایەخی چەند گلۆپێکە کە رەنگە لە نمایشەکە کارۆخ وەک کارەکتەری وەھمی کاریان لەسەر بکات.
لەم نمایشەو لە نمایشەکانی پێشووتری کارۆخ جەستەی ئەکتەر مردووە، بەو مانایەی ئەکتەر جەستەیەکی نییە لەسەر شانۆ بەکاری بێنێ، ئەو تەنھا ئامێری قسەکردنە، وەک چۆن لەسەر شانۆ کارۆخ چەند ئامێرێک وەک ڕوناکی و سیمبوڵ بەکار دێنێ، ئەکتەریش لای ئەو لەوە تێناپەڕێت کە ڕیکۆردەرێکە دیالۆگەکانی لەسەر تۆمار کراوە، بۆیە کە وەرگر بە دوای ئەکتەرەکان دەگەڕێت نایانبینێت، ئەکتەرەکان قسە دەکەن بەڵام لە سێبەر دەچن، جەستەیان نییە بۆ ئەوەی لەسەر شانۆ ببینرێن.
رەنگە لە ھزری کارۆخ ئەکتەر ئەو سوارچاکە نییە کە دەبێ گوزارشت لە دیدی دەرھێنەرو نووسەر بکات، بۆیە کارۆخ وەک کاری ھەمیشەیی خۆی ئەکتەر لەنێو مەمملەکەتی سینۆگرافیا دەتوێنێتەوەو ھەر ئەوەندە دەرفەتی بوونی پێدەدات لەو چوارچێوە بچووکەی کە خۆی وێنەی بۆ کێشاوە.
لە لایەکی تر ئەو دیکۆڕە قەبەیەی کە کارۆخ بە ھۆیەوە تەختەی شانۆ فراوان دەکات، ھەمیشە ئەوە فەرز دەکات کە ئەکتەرەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان لە جووڵەی بەردەوامدا بن، ئەو جوولانەی کە زۆر جار ھەست دەکەین بەسەر ئەکتەرەکە فەرز کراوەو میکانیزمی ئەداکردنی دەشێوێنێ، تۆ لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆری ئەکتەرت نییە پێویست بەوە ناکات بەم شێوەیە پانتایی جوولە لە نمایشەکەت فراوان بکەیت، چونکە لەم کاتە تۆ پێویستت بە چەند ئەکتەرێکە کە لەش و لارێکی سووکیان ھەبێت و چوست و چالاک بن لەسەر شانۆ، ئەمەش لەگەڵ توانستی ئەکتەرەکانی کارۆخ و ڕیتمی ژیانی نێو کۆشکەکان یەکناگرێتەوە.
ئەگەر قسە لەسەر ڕیتم و ڕەزم بکەین لەم نمایشە، بینەر ھەست بەوە دەکات ڕیتم مردووەو ھەناسەی لەبەر بڕاوە، کردار نییە و ئەوەی ھەیە ھەر قسەیە، قسەش بکوژی ڕیتمە بە تایبەتیش ئەگەر دیالۆگەکان بنیاتنەر نەبن و تەنھا پشت بە سەرد و گێڕانەوە ببەستن، بۆیە موبالەغەو زیادەڕۆیی نییە ھەموومان حەزمان دەکرد نمایشەکە زوو تەواو بێت، من پێموایە دەکرا ئەو نمایشە (لە ٤٠ تا ٤٥ دەقە ) کورت بکرێتەوە، ئەمەش خزمەتی زۆری بە ڕیتم و تەنانەت ئەکتەریش دەکرد.
لایەنی ئیجابی دەرھێنان لەم نمایشە ئەوەبوو لەزۆر شوێندا دەستی دەرھێنەرێکی کارامە لە بەیەکەوە بەستانەوەی ئەکتەرو سینۆگرافیا و دیالۆگ لە نمایشەکە دەبینرا، بە تایبەتی لە جوولاندنی کورسییەکەی سەرۆک و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرمایەداران و خەڵکانی خۆی کە بینەری بۆ ئەو مەبەستە بەکارھێنا، ئەو جوولەیەی کە کۆتایی بە ژیانی پرسەدار ھێنا.
سینۆگرافیا لە نمایشەکەی کارۆخ:
ئەگەر بڵێم یەک لە جیاکەرەوەکانی نمایشەکانی کارۆخ بەکارھێنانی سینۆگرافیایەکی قەبەو قوڕسە، شتێکی تازەم نەگوتووە، چونکە لە نمایشەکانی تریش ئەم قسەیەم کردووە، کارۆخ جیا لە ھەموو توخمەکانی نمایش بایەخ بە سینۆگرافیا دەدات و ھیچ کونج و کەلێنێک ناھێڵێتەوە کە بە قوماشێک و چەند گلۆپێک پڕی نەکاتەوە، سینۆگرافیایەک کە بە بینینی من بۆ شاگەشکەبوونی بینەر دروست کراوە، کارۆخ ھەوڵدەدات لەڕێگەی ئەو ھەموو ئاماژەیەی کە لەنێو سینۆگرافیا دروستیان دەکات بینەر تووشی حەپەسان بکات و ئیڕادەی بیرکردنەوەی داگیر بکات، ئەمەش وادەکات بینەر لە روانگەی چاوەکانی حوکم لەسەر نمایشەکە بکات.
بوونی ئاماژە (داڵ) بۆ ئەوە دەبێت کە لە نێو نمایشەکە مەدڵولی ھەبێت، ئەو داڵانەش کە بە بینەر و وەرگر ناگەن داڵی مردوون و دەبن بە بار بەسەر نمایشەکەوە، بۆیە بوونی سینۆگرافیایەکی قەبە بێ ئەوەی لەنێو نمایشەکە مەدڵولی روونی خۆی ھەبێت و فۆرمی نمایشەکە بیخوازێت، دەبێتە بارگرانی بەسەر نمایش، بوونی سینۆگرافیایەکی تەوزیف نەکراو لەنێو نمایش لە فێڵێک زیاتر نییە، بەڵام وەک وتم کارۆخ ئەمە بە مەبەست دەکات و دەیەوێت بینەر لەنێو ھۆڵەکە بتاسێت.
لایەنێکی تریش کە کارۆخ بە خەستی ئیشی لەسەر دەکات، ڕاگەیاندنە، ھەرچەندە مافی ھەموو ھونەرمەندێکە بایەخ بە ڕاگەیاندن بدات بۆ ئەوەی لەو دەروازەیەوە بە نێوەندەکانی ژیاری بگات و بینەری زیاتر بۆ کارەکانی مسۆگەر بکات، ئەمەش کاریگەری خۆی ھەیە لە چەندایەتی بینەر لە نمایشەکانی کارۆخ، تا ئێرە ئەمە کارێکی نۆرماڵە، بەڵام کارکردن لەسەر ڕاگەیاندن وەک پێوەرێک بۆ تەقییمکردن و دیاریکردنی پێگەی شانۆکار لە نێوەندە ھونەرییەکە، ئەمەیان کارێکی ترسناکەو دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە، چونکە بەھیچ شێوەیەک ھەڵسەنگاندنی ڕاگەیاندن ناچێتە بواری ھەڵسەنگاندنی جددی بۆ کاری ھونەرمەند، ڕاگەیاندکار وەک بینەری ئاسایی ھەمیشە کار لەسەر روانگەی چاوەکانی دەکات و لەھەموو کارەکان چەندایەتی دەبینێت نەوەکو چۆنایەتی، بۆیە زۆرێک لە میدیاکارانی ئەم دەڤەرە وەک بینەری ئاسایی شاگەشکە دەبن بەو سینۆگرافیایەی کارۆخ دروستیان دەکات و وایانلێدەکات لەم دەروازەوە وێنەیەکی قەبەکراوی نمایشەکە لە میدیاکان بگوازنەوە کە لە ڕاستییدا ئەمە قەبارەی نمایشەکە نییە، وەھمێکە راگەیاندن دروستی کردووە.
مەترسی ئەم کارەش لەوەیە شانۆکار چەندایەتی بینەرو ڕاگەیاندن بە پێوەری سەرکەوتن و نوشستی کارەکانی بزانێت، ئەمەش ڕێک بە مەبەست بێت یا بێ مەبەست بێت لە کارەکانی کارۆخ ڕەنگی داوەتەوە، دەبێ بزانین ئەمە زەنگێکی ترسناکە و توانای داھێنان و تازەگەری دەکوژێت و کۆتایی بە کاروانی داھێنانی کەسەکان دێنێت.
لە کۆتایی ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە کە کارۆخ یەکێک لەو گەنجە ئومێد بەخشانەیە کە چاوەڕێی زۆری لێدەکرێت، بۆیە گرنگیدان بە کارەکانی کارۆخ دەچێتە دەروازەی یارمەتیدانی ئەو شانۆکارە بۆ ئەوەی لەو وەھمە دوور بکەوێتەوە کە ڕەنگە بە مەبەست لەدەوری دروستکرابێت، چونکە وەھم داھێنان دەکوژێت و حەقیقەتیش برەوی پێدەدات، بۆیە حەقیقەت ئەوەیە کە دەبێ کارۆخ ھەڵوەستە لەسەر کەم و کوڕییەکانی ئەم نمایشەی بکات و لەو ڕوانگەوە بایەخی زیاتر بەو لایەنانە بدات کە جەوھەری نمایشی شانۆیین ، گەورەیی نمایشی شانۆییش لەوە نییە تۆ چەند ئەکتەرێکی ناسراو لە شارەکانی کوردستان کۆبکەیتەوەو تەنھا بۆ ئەوەی بیسەلمێنی کە تۆ توانات ھەیە ناسراوترین ئەکتەرەکانی کورد کۆبکەیتەوە، بێئەوەی ئەو حاڵەتە ئیزافەیەک بە خودی نمایشەکە ببەخشێت، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێت ئەم کارە زۆر گرنگە ئەگەر بتوانێت ئامانجی خۆی بپێکێت و ئیزافەیەکی ڕاستەقینە بێت بۆ نمایشەکە.