زانا دزەیی : سەرەتا نازانم تۆ کێیت و پێشتر نەواز ھەولێری ناوێکم نەبیستووە ئەمڕۆ باسی داھێنانم بۆ دەکات و ئامۆژگاریشم دەکات! ھەر لەسەرەتاوە ناوەکەت “ساختەیە”.
کاکۆ گیان.. سەرەتا تۆ ئەوەندەی باسی گۆڤاری “سڤیل” و ھەڵکەوت زاھیرت کرد ئەوەند باسی ئەم بابەتەی منت نەکرد کە مەبەستت بوو قسەی لەسەر بکەی و بووە ھەوێنی نووسینێکی تۆ، کەواتە تۆ رەقی دڵی خۆت دەرکردووە و دڵنیام ئێستا مورتاحی، ئینشاڵڵا ھەر مورتاحیش دەبیت، چونکە دەرچوو کە سەرلەبەری نووسینەکەت میزاجی بوو.
کاکۆ گیان… بۆ زانیاریت من ساڵی ٢٠٠٩ رێزلێنانی پیشەکەی خۆم لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەتی کوردستان پێبەخشرا و بڵاویش کرایەوە، کە لە رێزلێنانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە من لەپیشەکەی خۆمدا داھێنانم کردووە، بڵاویش کراوەتەوە، بەڵام من ئەوەم ھەر بەلاوە گرنگ نەبووە.
کاکۆ گیان.. پێش ئەوەش خەڵاتی رێزلێنان و دەستخۆشیم لەلایەن ھونەرمەند ئەحمەد سالار سەرۆکی رێکخراوی ھونەرمەندانی کوردستان پێبەخشرا. کە بڵاوم نەکردۆتەوە. جگە لەچەند خەڵاتێکی فیستێڤاڵە جیاجیاندا. وەک فیستیڤاڵی “محەمەد شێخۆ”، ھەروەھا یەکەم فیستیڤاڵی “نابۆ توندوتیژی بۆ کورتە فیلم”.
کاکۆ گیان.. ئەگەر سەیری ھەموو ژمارەکانی گۆڤاری “سڤیل”ـت کردبێت. چەند گرنگی دراوە بە کچ و ئافرەتە ھونەرمەندەکان ئەوەندەش گرنگی دراوە بە پیاوە ھونەرمەندەکان، خۆ ئەگەر زیاتریش گرنگی درابێت بە کچە ھونەرمەندەکان ئەوە شتێکی ئاساییە وەک ھاندان و پشتگیری کردن لە ھاتنە پێشەوەی کچانی تر بۆ ھونەر کارێکی خراپ نییە، ئێمە وەک میدیا و راگەیاندنکاران دەبێ رێگەخۆشکەر بین و زەمینە بەرەخسێنین بۆ ھاتنەپێشەوەی خانمان و رەنگاوەنگ کردنی ھونەری کوردی.
کاکۆ گیان.. تۆ جوان بابەتەکەی من بخوێنەوە، من گوتوومە دەشنێ کارێکی کرد لەپێشکەشکاریدا لەکوردستان کاری وا نەکرابوو، لەئەوروپا بەڵێ کراوە، منیش دەزانم لەئەوروپا کراوە و دەشنێ کۆتاین کەس بوو کرد، بەڵام لەکوردستان یەکەم کەس بوو شتێکی نەکرابوو، ھەروەھا بووە سەرنجڕاکێشانی خەڵک و بینەرێکی یەکجار سەیری دەکرد.. کاکۆ تۆش ھەمان قسەی منت دووبارە کردۆتەوە!! وەک ئەوەی نانی خۆم بەخۆم بفرۆشیتەوە.
کاکۆ گیان… ئێستاش دەیڵێمەوە من یەکەم رۆژنامەنووسم کە نزیکی کاک ھەڵکەوت زاھیرم و رەخنەم لەکارە لاواز و خراپەکانی گرتووە و لەکارە باشەکانیشی دەستخۆشیم کردووە، کەس پێش من ئەو شتەی نەکردووە، من بەشانازییەوە دەیڵێم قەت نەمھێشتووە ھاوڕێتی کاریگەری بەسەر نووسینەکانمەوە ھەبێ و قبوڵم نەکردووە کارەکەم ببێتە قوربانی برادەرایەتی.. بۆیە ھەندێ جار رەخنەم لێ گرتووە، خەڵکی وەک تۆ بەھەڵەداچوون و واتێگەیشتوون ئێمە شەڕمان کردووە یاخود ھاوڕێتیمان نەماوە، نەخێر. من کاتێک رەخنەم لەکاک ھەڵکەوت گرتووە ئەو رۆژە پێکەوە لەکۆڕی دکتۆر فەرھاد پیرباڵ دانیشتبووین و گاڵتە و سوحبەت و بیرورای ھونەریشمان گۆڕیوە. من دەمەوێت ئەو کەلتوورە سەقەتە بسڕمەوە ئەگەر ھاوڕێتیت کرد بەدەر بێت لەرەخنەگرتن. باشە کاکۆ گیان ھیوادارم سەرکەوتووبیت.