ڕێباز مەحمود
سلێمانی
….-٥-٢٠١٢
وەک غەریبی ،
دەرگاکانی خۆمم ون کرد
ئێستا دەرگاکان بشکرێنەوە دەمبەنە ناو زەمهەریر
ڕێگاکان دەمهێننەوە ناو خەرابات ..
بۆیە گەرچی ڕۆحم سەرەتاتکێیەتی ..
بەڵام تەنیایم بەهەموو سەرکێشیەکانیەوە
لە خۆمدا،
چوارمشقی لێی دانیشتوە .. !
هەموو جارێک بەو ئومێدەوە دەگەڕێمەوە
کە ببمەوە بە کوڕی ئەو ماڵەی
لە دەرگادانەکان بەرزەپێ ڕاستی دەکردمەوە..
بەرزەپێ دڵمی ڕەوانەی حەوشەی دەرەوە دەکرد ..
چنگ لەسەر شان لەژورەکەمەوە دەیگەیاندمە بەردەرگا ..
بەڵام من دەمێکە ،
وەک ئەوەی هەردوو گوێچكەکانم لە سەفەرەکاندا لێ کەوتبن
وەک ئەوەی هەموو وەرزەکانی هاوسۆزیم لە دڵمەوە ڕژابن
لە ساردترین شوێنی تەنیایدا
لە خۆمدا پاڵم داوەتەوە و
چوارمشقی لێی دانیشتووم ..!
لە کوێی ئەم شارەدا ماڵێک شک دەبەن
هێشتا هێندە گوێی سووک بێ
ترپەی پێی ئەو نیگەرانیە ببیستێ
کە هەمیشە بەئەسپایی بە ناو کۆڵانەکاندا ڕەت دەبێ ؟
تا ڕەنگە لەم چوارمشقی دانیشتنەی خۆمەوە
دڵم بەرزەپێ ڕاست بێتەوە
جارێکی تر
فێری دارەدارەی مەحەبەت بێتەوە ..
وەک غەریبی
بەم شەقامانەدا دەڕۆم
بەم جادە خۆڵاویانەدا بێهودە بە دوای خۆمدا وێڵم
تەنگەنەفەس دەبم و
کزەی ئاشناییەک لە نێوانی ئاپارتمانەکانەوە هەڵناکات …
وەک غەریبی
پڕم لە ئەشیای دێرین و
بازاڕ گاڵتەی دێ
بە ڕژان و زرنگانەوەی
وردە زەنگیانەکانی بیرەوەریم …
وەک غەریبی
پێم لە چرکەکان هەڵئەنوتێ و
ڕەتەڵ دەبەم
شۆستە پڕ چاڵوچۆڵەکان
پێم دەڵێن : خەم مەخۆ وەک خۆمانی
کەس ئاوڕت لێ ناداتەوە ..!
دواجار حەیف وەک غەریبی
پێ بەسەر دوودڵیدا دەنێم و
دەگەمە لای شکۆفەیەک بەر لە ژاکان ..
لە پەنجەرەکەیدا هەڵمی بوغزی ئازیزان دەسڕمەوە
شێتیم عەجولانە و
وەک چەند دڵۆپێک شەونم
خەریکە بتکێتە سەر پەڕە ناسکەکانی …
بەڵام مەچەکی
ڕەشەبای ئاوەزی ئەم دەڤەرە
وەک غەوارەیەک
وەک غەریبی
فڕێم ئەداتەوە ناو خۆم !