وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لێكۆڵینەوەی دەربارەی ئەو شەڕە دەستپێكرد كە بە ئاسمانەوە لەنێوان دوو فڕۆكەواندا روویدا و بەڵینیشیدا كە توندترین سزایان بدات.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئەوەیخستەڕوو كە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەو دوو فڕۆكەوانە دەستپێكردووە كە لە ئاسماندا شەڕیان كردووە و روونیشیكردەوە كە پێش هەموو شتێك بڕیاردراوە كە بەهەمیشەیی لەكاری فڕۆكەوانی دووربخرێنەوە.
جەختیشیكردەوە كە هیچ هەلێك نابێت لەبەردەم دەربازبوونی ئەو فڕۆكەوانانە لە توندترین سزا.
هەرچەندە وەزارەتی گواستنەوەی دان بە شەڕی نێوان فڕۆكەوانەكانیدا دەنێت، بەڵام هێرشیش دەكاتە سەر ئەو سەرچاوانەی كە هەواڵەكەیان بڵاوكردۆتەوە و دەلێت: ئەجێندایەكی پیسیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی.
جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە كە لە بەرزایی 37 هەزار پێ لە ئاسماندا، دوو فڕۆكەوانی هێڵی ئاسمانی عێراقییە لەنێو شوێنی فڕۆكەوانەكاندا بووە بەشەڕیان و خوێنیشی تێدا ڕژاوە.
ئەوەشیان خستەڕوو كە بەهۆی شەڕەكەوە زیان بە شوێنی فڕۆكەوانەكان گەیشتووە و خەریكبووە كە 160 سەرنشینی فڕۆكەكەش ببنە قوربانی.
ئامادەکردنی: بەهائەدین عەلی سولەیمان
Discussion about this post