هەولێر ـ دەرباز یونس ـ دوای ئەوەی هونەرمەندی گۆرانیبێژ “موژدێن” لە چەند دیمانەیەک و هەواڵێکی هونەری ئاماژەی بەوەدا کە ناوبراو لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری بۆ سازدانی چوار کۆنسێرت لە کوردستان داوەت کراوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی رۆشنبیری ئەو هەواڵەی رەتکردەوەو گوتی “ئێمە موژدێنمان داوەت نەکردووە”. مەسعود مستەفا بەرپرسی یاسایی لە وەزارەتی رۆشنبیری لە لێدوانێکی تایبەت گوتی “من وەک بەرپرسی یاسایی هیچ ئاگادارییەکم نییە لە داوەتی موژدێن لە لایەن وەزارەتەکەمان بۆ کوردستان و سازدانی کۆنسێرت، بەڵام رەنگە لە لای شێرزاد سەرسپی بەرێوەبەری هونەرەکانی موزیک ئەنجام درابێت”. لای خۆشیەوە شێرزاد سەرسپی بەرێوەبەری هونەرەکانی موزیک لە وەزارەتی رۆشنبیری گوتی “منیش ئاگاداری ئەو داوەتەی موژدێن نییم و هیچ هەواڵێکی وا لە وەزارەتی رۆشنبیری نییە، هەموو داوەتەکان لە رێی من یان مەسعود مستەفاوە دەبێت، کە ئێمە ئاگادار نەبین کەواتە شتی لەم بابەتە دوورە لە راستییەوە”.