وه‌ره به‌یه‌که‌وه بژین
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
سبه‌ینێ واز
له‌ماڵه‌باجێنه‌ى ته‌نیایى ئه‌هێنم
تۆش واز له دارلاستیکى سه‌رکێشى بهێنه.
من رێگه‌ى هه‌موو رۆژێک و
ئه‌درێسى ژیانم ئه‌گۆڕم
به‌کۆدێکى زۆر نهێنى
که دڵته
تا هیچ که‌سێ نه‌توانێ بمدۆزێته‌وه
کلیلى دڵم ئه‌شکێنم.
وه‌ره به‌یه‌که‌وه بژین
له‌ناو ئینجانه‌یه‌کى زۆر بچکۆله‌دا
که عاشقێکى خوێن‌شیرین
له حه‌وشه‌ى خوێندنگه‌یه‌کى تێکه‌ڵاوا
دایبنێت و
مامۆستایه‌ک به‌تاسه‌وه بۆنى بکا.
وه‌ره به‌یه‌که‌وه بڕۆین
به‌ره‌و خوار
وه‌کو ده‌نووکى زۆر سوورى دوو باڵدار
ئیتر له‌ناو یه‌کترا بین
بمناسێنه به‌و چاوانه‌ى سه‌یرمان ئه‌که‌ن
بڵێ ئه‌وه ماڵهوهمه و منیش هه‌ر ماڵه‌وه‌ى ئه‌وم
سه‌رگه‌ردانیم چیرۆکێ بوو کۆتایهات.
من و تۆ به‌یه‌که‌وه بین
هێڵى ته‌له‌فۆنه‌کانى شار
بیست و چوار سه‌عات سه‌رقاڵى گوێگرتن له ئه‌وین نابن.
من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین
ئیتر کاره‌با نابڕێت و
هه‌موو رۆژێ ئاودێتهوه
Googleیش رزگارى ئه‌بێ له‌گه‌ڕانمان به‌دواى یه‌کدا و
کچان بۆ تۆ و
کوڕان بۆ من ناتوێنه‌وه.
هه‌ر ئێستا وه‌ره ماره‌مکه
به‌پێشه‌کى خه‌نده‌یه‌ک و
به‌پاشه‌کى نیگایه‌کت قایل ئه‌بم
تۆ (بمهێنه) بۆ ناو قسه‌یه‌کى خۆش و
منیش بۆ ناو شیعرێکى کچانه (ئه‌تهێنم) !
هه‌ر ئه‌مڕۆ ماره‌مکه
به‌پێشه‌کى چه‌پکێ گوڵ و
به‌پاشه‌کى ماچێکى دۆستانه
یان به‌سێ جار وتنى وشه‌ى (گیانه‌که‌م)
ته‌ڵاقمده و ته‌ڵاقته‌ده‌م !
باوه‌ڕبکه …
هه‌ر به‌و وشه‌یه‌ش دێینه‌وه
بۆ ماڵێکى پڕ له ڕیتمى خۆشه‌ویستى و
به‌رامه‌ى باخى رێحانه.
سبه‌ینێ واز
له‌خووى خراپى زۆر نووستن ئه‌هێنم
مۆڵه‌ت له شیعر و خه‌ڵک و خوا وه‌رئه‌گرم و
له‌ناو کلۆره دارێکى پووره‌ى هه‌نگا
مانگى هه‌نگوینى له‌گه‌ڵ تۆ به‌سه‌رئه‌به‌م
فێرى وتنى شیرین و
خستنه‌وه‌ى وه‌چه‌ى شیرین و
ئاشتییه‌کى شیرین ئه‌بم.
هه‌ر ئه‌مڕۆ واز
له‌م تووتڕکى تووڕه‌بوونانه‌م ئه‌هێنم
که له‌دڕکى په‌ستبوونى تۆ ئه‌چێ
بۆ له‌مه‌ودوا
گوڵ ئه‌گریت و گوڵ ئه‌گرم.
ئه‌گه‌ر دڵت هێنده‌ى دڵم گه‌وره‌نییه
بڕۆ وازم لێبهێنه با هه‌روه‌کو جاران بژیم.