(ئەحمەد سالار) شانۆیی (چیرۆکە بەردەوامەکان، ریچاڵدی سێھەم و بێکەس) دەکاتە زنجیرە بەرھەمێکی شانۆیی!
ھونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و درامای کوردی مامۆستا (ئەحمەد سالار)، ساڵانێکی زۆرە لە نێو کار و چالاکییە ھونەرییە شانۆییەکان و درامییەکاندا بوونی خۆی سەلماندووە و تا ئێستا توانیویەتی خەرمانێک لە (نووسین، وەرگێران، ئامادەکردنی دەق، دەرھێنان، نواندن) پێشکەشی شانۆیی کوردیی بکات، (ئەحمەد سالار) ناوێکی دیار و دروشاوەیە لە نێو کۆڕی شانۆکارانی کورددا، ئەو ھونەرمەندە کە بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی بەخشیووە بە ھونەرەکەی و تا ئێستاکەش لێی دانەبڕاوە، شانۆڤان (ئەحمەد سالار) لە نوێترین بەرھەم ھێنانی کاریی شانۆیی خۆیی دا، لە ئێستادا کار بۆ (٣) شانۆگەری تازە دەکات، ئەو (٣) شانۆگەرییە بە وەرزیی شانۆیی “سالار” ناوزەد کراوەو وابِریارە ئەو شانۆگەرییە تازانەی ھونەرمەند (ئەحمەد سالار) وابڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا تا سەرەتایی پایزی داھاتوو یەک لە دوای یەک لە شارەکانی کوردستان نمایش بکرێت.
لە لێدوانێکی دا ھونەرمەندی شانۆکار (ئەحمەد سالار) دەربارەی ئەو کارە شانۆییە تازانەی زانیاری خستە روو و گوتی : “چەند کارێکی شانۆییم لە بەردەستە و خەریکم کارییان بۆ دەکەم، کە ژمارەیان (٣) کاریی شانۆییە، یەکەمیان لە ژێر ناوی “چیرۆکە بەردەوامەکان”ـە، خۆم دەقەکەییم نووسیووە، کاری دەرھێنانیشی ھەر خۆم بە ئەنجامی دەگەینم”.
ھەردەبارەی ئەو شانۆگەرییە ھونەرمەند گوتیشی :”شانۆیی (چیرۆکە بەردەوامەکان) بە پشتیوانی “بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆ لە ھەولێر” بەرھەمی دەھێنم، سوپاسی ھاوکاری و پاڵپشتیان دەکەم، بۆ ئەو شانۆگەرییە (١٠) ئەکتەر بەشداریی دەکەن و لە رێکەوتی ٢٠ـی حوزێران لە ھۆڵی میدیا دەست دەکەین بە یەکەم مەشقی شانگۆریەکە”.
(ئەحمەد سالار) لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا دەربارەی شانۆگەریی (چیرۆکە بەردەوامەکان) دەڵێت : “ئەو بەرھەمە شانۆییەم گەنجترین کاری شانۆیی منە، بە ھیوای خۆم لە شانۆیی “نالی و مەگێکی ئەرخەوانی” گەنجترە، بەو ھیوایەم ببێتە کارێک بەدڵی جەماوەر و شانۆ دۆستانی کورد بێت”.
دەربارەی نمایشەکانی ئەو شانۆگەرییە ھونەرمەند (ئەحمەد سالار) روونتی کردەوەو گوتی : “سەرەتا لە شاری ھەولێر نمایشدەکرێت، کە وا بڕیارە ماوەی (٣) رۆژ بخاینێت، پاشان لە شارەکانی (دھۆک و سلێمانی)ـیش نمایشدەکرێت، پاشان لە “فیستیڤاڵی نێو نەتەوەیی بۆ شانۆی کەللتوری” لە تاران بانگھێشت کراوین، لەمانگی ئابی داھاتوو چالاکییەکانی ئەو فیستیڤاڵە دەست پێدەکات و ئێمەش بەشدار دەبین بە شانۆگەری (چیرۆکە بەردەوامەکان)”.
دەربارەی شانۆگەریی دووەمی مامۆستا (سالار) گوتی : “لەسەر داوای (د. سەڵاح ئەلقسەب) شانۆیی (ریچاڵدی سێھەم)ـی شانۆ نووسی بە ناو بانگی جیھانی (شکسپیر)، وەرم گێراوە بۆ سەر زمانی کوردیی، لەو شانۆگەییەدا خۆم رۆڵی “ریچاڵد” دەبینم، کە رۆڵێکی سەرەکی ناو شانۆگەریەکەیە، وا بڕیارە ئەو شانۆگەرییەدا ھەریەک لە (د. سەڵاح) و ھونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) کاری دەھێنانی بۆ ئەنجام بدەن”.
(ئەحمەد سالار)ـی ھونەرمەند دەربارەی شانۆگەری “ریچاڵدی سێھەم” ھەروەھا گوتی : “ئەو شانۆگەرییە وابڕیارە دوای شانۆگەریی “چیرۆکە بەردەوامەکان” لە ھەر سێ شاری (ھەولێر، سلێمانی و دھۆک) نمایشی بۆ ئەنجام بدرێت،
شانۆگەریی سێھەمی بریتی دەبێت لە شانۆگەرییەک، کە بە تایبەتی لە سەر شاعیری ناوداری کورد (فایەق بێکەس) نووسیویەتی، دەربارەی ئەو شانۆگەرییەش ھونەرمەند (ئەحمەد سالار) گوتی : “ئەو شانۆگەرییە بە شێوازێکی زۆر تایبەت نووسراوە، لە ژێر ناونیشانی “بێکەس” دێتە بەرھەم، بە شێوەی شیعر و لە چوار چێوەی مۆسیقا و گۆرانی ئامێزە، کاری نووسینی خۆم ئەنجامم داوە، وابڕیارە ھونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) کاری دەرھێنانی بۆ ئەنجام بدات”.
ھەردەربارەی ئەو کارە شانۆییە گوتیشی : “ئەو شانۆگەرییە دەبێتە سەرەتاییەکی تازە لە مێژووی شانۆی کوردیی دا، چونکە بۆ یەکەمین جارە کارێکی شانۆیی بەو شێوە فراوانە کاری تێدت بکرێت و پتر لە (١٥٠) ئەکتەری شانۆکاری کورد بە شداریی تێدا دەکات، چەندیین ھونەرمەندی گۆرانیبێژ و مۆسیقا ژەن لە کاتی نمایشەکەدا بەشداریی دەکەن، ھەروەھا خۆم یەکێک لە رۆڵە سەرەکییەکانی ناو شانۆگەرییەکە بەرجەستە دەکەم”.
دەربارەی کاتی نمایشی شانۆگەریی “بێکەس” ھونەرمەندی شانۆکار (ئەحمەد سالار) رایگەیاند : “دوای نمایشی ھەردوو شانۆگەریی “چیرۆکە بەردەوامەکان و ریچاڵدی سێھەم” بەرنامەم بۆ داناوە، پەنا بەخوای باڵادەست لە سەرەتای پایزی داھاتوودا کاری نمایشی لەشارەکانی (ھەولێر و سلێمانی) بۆ ئەنجام بدەین”.
لە کۆتایی دا ھونەرمەندی شانۆکار (ئەحمەد سالار) گوتی : “وەک زۆرینەی بەرھەمەکانی پێشووترم، ئەو سێ کارە شانۆییەم بە شێوەی کتێب چاپ دەکەم و وەک (٣) دەقی شانۆیی پێشکەشی شانۆکاران و شاگردانی ھونەریی دەکەم، ھیوادارم ئەو کارە شانۆیانەم بە شێوازێکی چاک بھێنمە بوون و جێگای ڕەزامەندی جەماوەری شانۆیی و ھونەر دۆستانی کورد بێت لە کوردستان”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا