فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” لە دەرھێنانی “بەھمەن قوبادی” و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و چەندین ئەکتەری ناوداری ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆرێنتۆ” نمایشکرا.
لە پاش نمایشکردنی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” Rhino Season دوایین بەرھەمی سینەماکاری ناودار و بەئەزموونی کورد “بەھمەن قوبادی” لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” لە وڵاتی کەنەدا کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی قوبادی و ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە، لەوانە: بێھرووز وسووقی، مۆنیکا بێلوچی، بئێلجیم بێلگین و ئاڕش لەباف بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بەھمەن قوبادی سەبارەت بە رۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران بێھرووز وسووقی لە فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن”دا گوتی: لە منداڵییەوە کە لە شاری بانە دەژیام حەزم بوو کە بێھرووز وسووقی ببینم و ھەمیشە یەکێک لە ئاواتەکانم ئەوە بوو کە لەگەڵ بێھرووز فیلمێک سازبکەم.
ئەکتەری ناوداری ئیتاڵی ـ فەڕەنسی مۆنیکا بێلوچی سەبارەت بە رۆڵی خۆی لەم فیلمەدا گوتی: ئەم رۆڵەم زۆر خۆش ویستووە و توانیم لەگەڵ ئەم رۆڵەدا پەیوەندی بگرم، چونکە لە وڵاتێکەوە دێم کە گرفتی زۆرم ھەبووە و ھەیە و شایەد بەم ھۆیەوەیە کە توانیومە بچمە قۆڵایی ئەو رۆڵەوە و ھەڵبەت توانیومە لەم فیلمەدا بە زمانی فارسی قسە بکەم چونکە لە پێشدا بە زمانەکانی فەڕەنسی، ئیتاڵی و ئینگلیزی شارەزاییم بووە و بێگومان ئەم زمانانە توانیویانە تا رادەیەک لە ئاخاوتن بە زمانی فارسی یارمەتیم بدەن.
لە بەشێکی دیکە ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن”دا، بێھرووز وسووقی ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە گوتی: دوای ٣٥ ساڵ دووری لە سینەما، رۆڵ بینین لەم فیلمەدا زۆر خۆش بوو و خۆشحاڵم کە لەم فیلمەدا لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی رۆڵم بینیوە. کاتێک کە پوختەی چیرۆکی ئەم فیلمەم خوێندەوە زۆر حەزم لە چیرۆکەکەی کرد و بڕیارمدا کە لەم فیلمەدا بەشداری بکەم.
گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی ئاڕش لەباف گوتی: چەندین ساڵە بەھمەن قوبادی دەناسم و لە ھەڤاڵە زۆر خۆشەویستەکانی منە، کاتێک کە رۆڵ بینین لەم فیلمەی بە من پێشنیار کرد و کاتێک کە قەراربووە لە فیلمەکەدا کوڕی بێھرووز وسووقی ئەستێرە و ئەفسانەی سینەمای ئێران و ھەروەھا مۆنیکا بلووچی ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان بم، ھەڵبەت بە خۆشحاڵییەوە یاری لەم فیلمەم قەبووڵکرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بەھمەن قوبادی سەبارەت بە چیرۆکی ئەم فیلمە گوتی: چیرۆکی ئەم فیلمە سەبارەت بە شاعیرێکی کوردە کە لە ئێران ژیان بەسەر دەبات و لە ژیانی ئەم شاعیرە ئیلھامم وەرگرتووە و لەم فیلمەدا ھەوڵمداوە کە لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە کوردە نزیکبمەوە، کاتێک کە لە سەر سەحنەی فیلمەکە بووم ھەوڵمدا کە وەکوو رۆڵی سەرەکی فیلمەکە وەکوو شاعیرێک ھەڵسووکەوت بکەم و ھەوڵمدا کە بە کامێراکەم شیعر بنووسم و ھەر لەو کاتەدا دیالۆگەکانم بە ئەکتەرەکان دەگوت و چیرۆکی فیلمەکە لەسەر سەحنە دەنووسرا و دیالۆگەکان لە کاتی وێنەگرتن تەواو دەبوون. زیاتر ھەوڵم ئەوەبوو کە وەفادار بم بەو سینەمایە کە ناونیشانی “سینەما ـ شیعر”ـە و دەمویست لێی نزیکبمەوە.
گوتیشی: ئەم فیلمە شاعیرانەیە و فیلمی سیاسی سازناکەم چونکە لە سیاسەت بێزارم بەڵام بە شێوازێک کاتێک کە سەبارەت بەو مرۆڤانە دەدوێم بە تایبەت کە کورد و سونی بن لە لایەنێکەوە پەیوەندی بە سیاسەتەوە دەبێت، بەڵام من ویستوومە کە فیلمێکی شاعیرانە سازبکەم.
قوبادی ئاشکراشیکرد: لەم فیلمەدا ھەموومان ھەوڵماندا کە شیعرەکانی ئەم شاعیرە لە چیرۆکی فیلمەکەدا بە زمانێکی شاعیرانە پێناسە بکەین و خۆمان پاراست لەو سینەما پێگەیەی کە بینەری زۆر بانگھێشت دەکات و پێشی ئەوەمان گرت.
بەھمەن قوبادی سەبارەت بە رۆڵ بینینی ئەکتەری کوردی ناوداری سینەمای تورکیا بئێلجیم بێلگین لەم فیلمە نوێیەیدا گوتی: گەورەترین رۆڵێک کە بئێلجیم بووی ھاندانی من وەکوو بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە بوو، لە ساتە سەرەتاییەکانی ئەم فیلمەوە وەکوو خوشکێک خەمخۆری من بوو و تاکوو ئەمڕۆکەش پەرۆشی مەسەلەکانی پرۆداکشێنی ئەم فیلمە بووە. بێ بوونی بئێلجیم و ھاوسەرە ئارتیستەکەی ئۆڵماز ئەردۆگان بەڕاستی ئەم فیلمە بەو ئاسانییە سازنەدەکرا.
ڤیدیۆی کۆنگرەی رۆژنامەوانی ستافی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن”:
http://www.youtube.com/watch?NR=١&v=ZfkwW٢fOazs&feature=endscreen