مەسعودى مەلا هەمزە: مۆنتاژی فیلمی “وەرزی کەرگەدەن” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “بەهمەن قوبادی” لە لایەن مۆنتێری ئەڵمانی “فرانسیکا بێرلیچ” لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتایی پێدێت.
مۆنتاژی شەشەمین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەری ناودار و بەئەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” بە ناوی “فسل کرگدن” واتە “وەرزی کەرگەدەن” کە قۆناغی دووەمی وێنەگرتنی تپێەڕکردووە، لە ئەستۆی مۆنتێری ئەڵمانی “فرانسیکا بێرلیچ”ـەو کە تاکوو چەند رۆژی داهاتوو کۆتایی پێدێت.
چیرۆکی ئەم فیلمە سەبارەت بە شاعیرێکی ئێرانییە کە لە شیعرەکانیدا بەشوێن ژیانی رابردووی خۆیدا دەڕوات و چیرۆکێکی درامی ئەویندارانە سازدەکات.
ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران “بێهرووز وسووقی” دوای 35 ساڵ لە فیلمی “وەرزی کەرگەدەن” رۆڵی ئەو شاعیرە دەبینێت و هەروەها ئەکتەری بەناوبانگی تورکی “یەڵماز ئوردووگان” و ئەکتەری بەتوانای ئیتاڵی “مۆنیکا بێلوچی” کە لە فیلم گەلی وەکوو؛ “مالێنا” و “نەگۆڕاو”دا رۆڵی بینیوە و هەروەها “بێران سات” و “بئێلجیم بێلگین” دوو ئەکتەری ناوداری تورکی لە شەشەمین بەرهەمی سینەمایی بەهمەن قوبادیدا هونەری خۆیان دەنوێنن.
دیالۆگەکانی فیلمی “وەرزی کەرگەدەن” بە سێ زمانی فارسی، تورکی و کوردی دەبێت و هەر لە ئێستاوە مافی بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە لە لایەن چەندین وڵاتەوە فرۆشراوە.
بەهمەن قوبادی کە ئێستاکە لە ئەمەریکا سەرقاڵی نووسینی سیناریۆی ئەنیمەیشنێکە کە ساڵی داهاتوو دەست بە وێنەگرتنی دەکات، هیوادارە کە بتوانێت فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن” لە سینەماکانی وڵاتی ئێران نمایش بکات.