ئەكتەری كۆمیدی و ناسراوی میسری، وەحید سەیف كە خاوەنی نازناوی پادشای كۆمیدیای عەرەبییە لە دوای عادل ئیمام، لە دیمانەیەكی تایبەتیدا دەڵێت “شانۆگەرییەكەی سەمیر غانم لە كوردستان سەركەوتوو نەبوو، هاوكات من و عادل ئیمام ئێستاش نێزیكترین هاورێێن، بەڵام هەر یەكەمان بۆ خۆمان پاڵەوانێكین و شەرت نییە لە فیلمەكاندا پێكەوە دەربكەوین”.
وەحید سەیف، لە لێدوانێکی تایبەتدا گوتی “من ئاگاداری ئەو شانۆگەرییە بووم كە ئەكتەری میسری سەمیر غانم لە كوردستان پێشكێشی كرد، بەڵام شانۆگەرییەكە سەركەوتوو نەبوو، بینەر كەم بوو جا نازانم هۆكارەكە چی بوو”.
زیاتر گوتی “ئێمە كۆمەڵێك هونەرمەندی میسڕی بڕیارماندابوو دوای بینینی ئەزموونی شانۆگەرییەكەی سەمیر غانم بێێنە كوردستان، بەڵام كە بینیمان ئەزموونەكەی سەركەوتوو نەبوو بڕیارماندا چاوێك بە بڕیارەكەماندا بێنینەوەو ئەوەبوو پەشیمان بووینەوە”.
لە بارەی ئەستێرەی میسڕی عادل ئیمام، سەیف دەڵێت “من و عادل نێزیكترین هاورێی یەكترین، ئەو دەنگۆیەی لە میدیاكان باس دەكرێت دوورە لە راستی و ئێمە ئێستاش كەسی نێزیكی یەكترین”.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایە بۆچی لەگەڵ عادل دەرناكەوێت، گوتی “من و عادل ئیمام هەر یەكەمان بۆ خۆمان پاڵەوانێكین و دەتوانین بە تەنیا لە فیلمێكدا فیلمەكە تێر بكەین، هەر بۆیە شەرت نییە پێكەوە لە فیلمێكدا دەربكەوین”.
دەرباز یونس.