سەدیق سەعید رواندزی : باوک وەک سیمبولێک, ھاوکات وەک شوناسێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و خێزانی ئامادەیەکی ھەمیشەیی ھەیە, لە رووبەری تێکستی ئەدەبی کوردیدا, بە ھەموو رەگەزەکانیەوە. وەلێ ئەو ئامادەیەی باوک ھێندەی لە چوارچێوەی وێناکردنێکی ناشرین دایە, کە تەنیا خەسڵەتەکانی وەک, جەلاد, ستەمکار, ئازادی کوژء,پەتریاکیەت,دەداتە پاڵ باوک, ھێندە نە یتوانیوە دیوە شاراووجوانەکەی باوک, کە ئەویش میھرەبانیءخۆشەویستی و پەیوەندی روحی بە جگەرگۆشەکانیەتی,پیشان بدات.
ئەمەش وایکردوە, ھەمیشە باوک وێنەیەکی دۆزەخی لە بونیادی ئەو تێکستانەدا پێ بدرێت.بێگومان تێروانینێکی لەو شێوەیە بۆ باوک,ھێندەی درێژکراوەی ئەو وێنە ئەپستراکتەیە, کە جێگیر بوە لە دنیابینی ئێمەدا,ھێندە دەلالەتی راستە قینەی ماناکانی باوک, لە ھەمبەر پەیوەندی بە منداڵەکانیەوە ناگەیەنێت. دەنا باوک ھەمیشە پەیوەندیەکی روحی بە منداڵەکانیەوە ھەیە, تەنانەت ئامادەیە قوربانی بەروحی خۆی بدات, لە پێناو کرینەوەی ژیانی جگەرگۆشەیەکی. ئەو ھەڵگێرانەوەی وێنەی باوک, لە کارەکتەرێکی میھرەبانءخۆشەویستء سادەو ژیاندۆست,بۆسەر وێنەی مرۆڤێکی ستەمکارکەھەرتەنھا کوِرەکان دەخەسێنێتءکچەکانیش دەکوژێت, بە بۆچوونی من دورە لە ماناو رەھەندی راستە قینەی سۆزی باوکانە بۆ منداڵ.ئەم وێنە بەرجەستەیەی باوک گوزارشتێکی راستە قینانە نییە, بۆ میھرءسۆزی باوک, کەکەم تازۆر لە ناخءروحی ھەموو باوکێکدایە. بە پێچەوانەوە باوک ھەمیشە لەروانگەیەکی سۆزءخۆشەویستانەوە دەروانێتە منداڵەکانی. رەنگ بە گشتی لە نێو ئەو شوناسەی مرۆڤدا کە باوکە, باوکانێک ھەبن بکەونە دەرەوەی ئەو روانینەوە. بەڵام ئەمە مانای وانییە ئیدی کۆی باوکەکان ستەمکارءدڵرەقءجەلادن. بە پێچەوانەوە, زۆرجار ئێمە دەرەنجامی کۆستێک یاخود مەرگەساتێک,باوک لە وێنەیەک دەبینین, کە ھێمایە بۆ کارکتەرێکی غەریبءقوربانی. مرۆڤێک کە تیایدا ئامادەیە لە پێناو شادبوونەوە,یاخودکرینەوەی روحی جگەرگۆشەکانی , ئەو روحی خۆی بکاتە قوربانی. کاتێکیش گوتارءناوەرۆکی بە شێک لە تێکستە ئەدەبیەکان تەماشادەکەینءسۆزی باوک دەبینین, ئەو کات درک بەوە دەکەین کە دیوێکی شاراوە, لە بوونءژیانی باوک ھەیەو تائێستا,پەی پێ نەبردراوە.بۆ نموونە کێ ھەیە لە ئێمە, بەو ھەمووسۆزەی باوک سەرسامءئاشنا نەبێت کە (شاعیری نەمر کاکەی فەلاح) بۆ جگەر گۆشەکانی دەری بریوە بە ناوی شەش پەپولەکە. ئەو تێکستە ھەڵگری ھەناسەی غەریبی باوکێکە کە خەونی گەورەی لە ژیاندا شادبوونەوەیە بە منداڵەکانی. ئەگەرچی ھەڵومەرجی نووسینی ئەو شیعرە, ھەڵومەرجی سەختی نێوزیندانەءگوزارشتە لەودابرانە روحیەی باوکێک بە ھۆی زیندانیکردنیەوەلە گەڵ منداڵەکانی رووبەروی بۆتەوە, کەچی دەبینین شاعیر لە بری خەمی خۆی وەک مرۆڤء نادیاری چارە نووسەکەی, خەمی منداڵەکانیەتیء بیریان دەکات. لێرەدا ئێمە ئەو پەیوەندیە قوڵەی نێوان, باوکء منداڵەکانی دەبینین. کەواتە باوک ئەو ستەمکارء جەلادەنییە, وەک ئەوەی ھەمیشە ئێمە تێی گەیشتووین. لە راستیدا ئەو شێوە تێروانینە بۆ باوک, ھێندەی شێوە تێروانێنێکی سیاسیانەیە, ھێندە شێوە تێروانینێکی کۆمەڵایەتیء مرۆڤدۆستانەی باوک نییە. بە دەربرینێکی تر ئێمە ھەمیشە ھەوڵمانداوە, باوک لە کارە کتەرێکی کۆمەڵایەتی ھەڵگری سۆزء وەفا, ھەڵبگێرینەوە سەر دەسەڵاتدارێک, کە ھەمیشە تورەو توندءجوانی کوژەو جگە لە خۆی حەز بە بوونی ھیچ کە سێکی تر ناکات. ئەو شوناسە بۆ باوک بە ئەندازەیەک لە بونیادی تێکستی ئەدەبی کوردیدا رەنگیداوەتەوە, کە ھەمیشە ئەو تێکستانە ھەڵگری وێنەیەکی ناشرینن بۆ باوک.بۆیە لە بنەرەتدا نەتوانراوە, دیوە راستەقینە کەی تری ئەو کارەکتەرە, کە ئەویش میھرەبانیءسۆزء خۆشەویستیە, وەکو خۆی بەرجەستە بکرێت لە ناوەرۆکی دەقی ئەدەبیدا, دەنا مانای وانییە باوک کە سێکی خاڵییە لە میھرء خۆشەویستیء تەنیا زمانی حەیزەران دەزانێت.بەمانایەکی تر لە نێوان باوکی ناو تێکستی ئەدەبیء باوکی پەیوەندی کۆمەڵایە تیانەی نێو خێزان,جیاوازیەکی گەورە ھەیە, وەلێ چونکە ئێمە بە بەردەوامی لە ناو تێکستی ئەدەبیدا,باوکمان لە شێوەی جەلادێک بینیوە, ئیدی وادەزانین لە بنەرەتدا ئەوە شێوە راستە قینەکەی باوکیشە لە نێو خێزاندا.بێگومان رەنگە کەم تازۆر لە ژیانی پەروەردەییء خێزانی ھەر یەکێکماندا ئەو پەیوەندیەی نێوان باوکءکورءکچەکانی, شێوازێکی توندی لە مامەڵەکردن لە گەڵ یەکتری بەخۆوە بینیبێت, وە ئەمەش بە شێکە لەو تاقیکردنەوانەی مرۆڤ لە ژیانیدا دەیبینێت, وەلێ ھەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر پێمان وابێت باوک منداڵەکانی خۆی خۆش ناوێتءجەلادء ستەمکارە بە سەریانەوە. بە پێچەوانەوە من پێم وایە لە ناخی شاراوەی ھەر باوکێکدا رووبەرێکی بێ سنوور لە سۆزء خۆشەویستی ھەیە بۆ منداڵەکانی, تەنانەت لە ھەندێ کاتدا ژیانی خۆی بەلاوە دەنێت لە پێناو ژیانی ئەو. ئێمە کاتێکیش لەوھەموو سۆزەی باوک دەگەین, کاتێ دەبینین بە ھۆی کارەساتێکەوە یاخود, رووداوێکەوە یە کێ لە جگەرگۆشەکانی لە دەست داوە. بەو مانایەی لەوێنە غەمگینەکانی باوک ناگەین, ئەگەر ئەو ھەموو ناسۆریء برینە قوڵانەی نەبینین, کە دەرەنجامی مەرگی یە کێ لە جگەر گۆشەکانیەوە, کەوتۆتە روحی.ئالەو کاتانەدا بە بۆچوونی من ستەمکاریءمیھرەبانی باوک دەناسین. لەو ساتانەدا ماھیەتی راستە قینەی باوک دەردەکەوێت کە بۆ منداڵەکانی چ دنیایەکی تەژی لە سۆزءخۆشەویستیە.لەراستیدا, ھیچ کارەساتێک لە ژیانی باوکدا بەقەد مردنی منداڵەکانی کۆستێکی گەورەنییە بۆ ئەو. ئەو تراژیدیایە بە ئەندازەیەک ژیانی دەگۆرێت, کە دوای مەرگی منداڵَەکەی ژیان بە شێوەیەکی تر ببینێت, کە جگە لە نائومێدیءژیان لە تەک خەمێکی بەردەوامدا,بۆ ئەو بوون ھیچ مانایەکی تری نییە.مردنی جگەرگۆشە بۆ باوک یە کێکە لەو کارەساتانەی تامردنیش کاریگەریەتی گەورە لە سەر ژیانء ببرکردنەوەی جێدێڵێت,ئەستەمە ئێمە بتوانین گوزارشت لەو خەمە قوڵەی باوک بکەین, کەدەرەنجامی مردنی منداڵێکی رووبەروی دەبێتەوە.بۆیە ئەو کارەساتە بە ئەسپایی ناخءدڵءدەروونی باوک دەھارێت کە دوور نییە سەرنجام بە ھۆی ئەو خەفەتەوە ئەویش بمرێت. وەک چۆن ژیان پڕە لە چیرۆکی لەو شێوەیە. کەواتە بە جەلاد نیشاندانی باوک بۆ ھەمیشە لە بونیادی تێکستی ئەدەبیدا, بە بۆچوونی من وێنەیەکی راستە قینە نییە. بەلکو دەشێ ئێمە لە دووتوێی دەقێکدا, باوک بە شێوەیەکی تر ببینین لە میانەی پەیوەندی لەگە ڵ منداڵەکانیدا. بەو مانایەی باوک نەک ھەر ستەمکارء ئازادی کوژی منداڵەکانی نییە, بگرە بوونی خۆی وابەستە دەکات بەبوونی ئەوانء لە دوای مەرگی منداڵەکەی ئیدی واھەست دەکات ژیانی ئەو خاڵییە لە ھەموو خۆشیء بە ختەوەریەک. لە راستیدا ھەر ئەمەشە وێنە میھرء جوانەکەی باوک,بەدەر لەوێنە دۆزەخیەی لە بە شێکی ھەرەزۆری تێکستی ئەدەبی کوردی دەیبینین.کاتێکیش ھێندێک دەقی شیعری دەخوێنینەوە, درک بەوە دەکەین کە باوک کارەکتەرێکی تە ژی لە خۆشەویستیء میھرەبانییە بەرامبەر بە منداڵەکانی. لەو روانگەیەوەش ھەردوو شیعری( بۆ گوڵالەوبۆ زیلانی کچم)*ھەڵگری ئەو وێنە جیاوازەی باوکن, کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا. بابەتی سەرەکی بونیادی ئەو دوو دەقە شیعریە مەرگە. بەو مانایەی لەدەرەنجامی مردنی جگەرگۆشەکەی باوک شیوەنءلاواندنەوە بۆ ئەو کۆستە دەکات. ناوەرۆکی ئەودوو دەقە شیعریە, گوزارشتن لە ناخی سووتاو خەمە بە سوێکانی مرۆڤێک, کە کچەکەی مردوەء ژیانی جێھێشتوە.ئیدی دەرەنجامی ئەو مردنە, خودی دەقەکان دێنە ئاراوە. کەواتە دەتوانین بڵێین ھەردوو شیعرەکە لە دەرەنجامی مەرگی ئەوی تر دێنە ئاراوە.لێرەوەش خودی شیعرەکان دەچنە نێو شیعری شیوەنء لااواندنەوە. ئەو دوو دەقە شیعریە ھەوڵێکن بۆ نیشاندانی وێنەیەکی دیکەی باوک, بەدەر لەووێنە ستەمکاریەی دراوەتە پاڵی.بەدەربرینێکی تر باوک لەو دوو دەقە شیعریەدا, مرۆڤێکی لێوان لێوە لە سۆزءخۆشەویستی بەرامبەر بە جگەر گۆشەکانی.بەومانایەی دەقەکان گوزارشتن بۆ ئەو پەیوەندیە روحیەی باوک بە منداڵەکی گرێدەدات.ئەگەرچی ھەردوو شیعرەکە لە ئاستی فۆرمءناوەرۆکءمێژوو زەمەندا, زۆرلە یەکتری جیانء بەرھەمی دوو شاعیرن کە مەودایەکی مێژووی گەورە لە نێوانیاندا ھەیە.وەلێ ھەردووکیان لەو گوتارەدا یەکدەگرنەوە کە ئەو یش شیوەنە بۆ مەرگی جگەرگۆشە.واتە گوزارشتکردن لە خەمێکی گەورە کە دەرەنجامی مەرگی منداڵەکەی دروست بووە.لەو دوو دەقە شیعریەدا باوک وێنەی کەسێکی غەریبءکۆستکەوتوو دەنوێنێت,کە خەمێکی گەورە تاساندوویەتیءنازانێ چی بکات لە بەرامبەر ئەو مەرگەساتەدا, لە شیوەنءگریان بەولاوە.بۆیەشە لە دووتوێی شیعردا گوزارشت لەو خەمەی خۆی دەکات. لێرەوەش ئەگەررووداوی مردن نەبوایە, بێگومان ئەو شیعرانە نەدەنووسران.خودی شیعرەکان ماناودەلالەتێکن بۆ سۆزی راستە قینەی ماناکانی باوک وەک شوناسێکء ھاوکات ئەو پەیوەندیەی بە منداڵەکانیەوە ھە یەتی. کەواتە ئەگەر باوک ھەمیشە وەک ستە مکارێک وێناکرابێت, ئەوا لەو دوو شیعرەدا بە پێچەوانەوە باوک نیشانە یە بۆ مرۆڤێکی غەریبء کۆستکەوتوو کەشیوەن بۆ مەرگی منداڵەکی دەکاتء گوزارشت لە ژیانی خۆی دەکات لە دوای مەرگی منداڵەکەی. بۆیە شیعرەکان پڕن لەو وێنە غەمناکء ھەناسە غەریبانەی باوک, لە بەرامبەر ئەو کۆستەدا.ھەروەک شاعیر لە شیعری بۆ (گوڵالە) دەڵێت:_
کچم خۆتۆ نەماوی تاببینی..
کە باوکت چەند بە ناسۆرە برینی..
نە تۆی پێ دێتەوە نە عەقڵ ئەبڕێ
لە سەر تۆ کام یەخە کام ئەستۆ بگرێ…
ھەروەھا لە شعری بۆ(زیلان)یش شاعیر دەڵێ:_
ئەی ھەناسەکەم کوانێ گریان؟
جادەتوانم بە فرمێسک چ بە نۆتەی.
پیانۆی ئەم پرسەیە بلێم!؟
ھەردوو کۆپڵە شیعریەکان, ئەگەرچی لە ئاستی دەربرینءناوەرۆکدا لە یەکتر جیان, وەلێ ماناو رەھەندی دەربرینە شیعریەکان ھاوواتان. بەو مانایەی وشەکان گوزارشت لە خەمی گەورەی باوک دەکەن, لە ئاست مەرگی منداڵەکەیدا کە کچیەتی. لە ھەردوو کۆپڵە شیعریەکەدا وێنەی غەمگینی باوک دەبینین,کە تیایدا گوزارشت لە خەمءناسۆریەکانی خۆی دەکات لە ھەمبەر مەرگی منداڵەکەیدا. لەوروانگەیەشەوە ئەوان گریان وەک گوزارشتێکی سادە لە ئاست ئەو مەرگەساتەدا دەبینین. بەدەربرینیبَکی تر ئەگەر مرۆڤ لە ھەمبەر لەدەست دانی ئازیزێکی دا ,گریان وەک حاڵەتێکی دەروونی بەرجەستە بکات, کە نیشانەیە بۆ خەم, ئەوا خودی شاعیران لە ئاست مەرگی کچەکەیاندا گریان بە کارێکی سادە دەبینن, کە ھەرگیز ناتوانێت گوزارشت لەو کۆستە گەورەیە بکات. ئەمەش لوتکەی پەیوەندی نێوان باوکء منداڵەکانی دەردەخات, لە چوارچێوەی پەیوەندی سۆزءمیھرەبانیانەی باوک.پێچەوانەی ئەو بۆ چوونانەی ھەمیشە باوک وەک جەلادێک لە دنیابینی کچدا دەنەخشێنن. بەومانایەی ھەموو سۆزءخۆشەویستی باوک بۆ (کورە)کەیەتیءکچی بەلاوە گرنگ نییە. لە کاتێکدا وێنە شیعریەکانی ئەو دوو دەقە , پێچەوانەی ئەمە دەردەخەن.لەودەربرینە شیعریانەدا باوک نەک ھەر خۆشەویستیء سۆزی بۆ کچەکەی ھەیە, بگرە بە ئەندازەیەک مەرگی ئەو کاری لێکردوە,کە کۆستێکی گەورەیە لە ژیانیدا. بۆیە پەرۆشی مردنی کچە کەیەتیءگوزارشت لە وبارە دەروونیەی خۆی دەکات لە دوای ئەو کارەساتەوە. ھەروەک شاعیر ئاماژە دەکات بەوەی, کە کچەکەی نەماوە تابزانێ برینی باوکی چەند بە ناسۆرە بۆ مەرگی ئەو.دیارە مرۆڤیش ئەو کاتە برینی ناسۆر دەکەوێتە روحی, کە خۆشەویسترینءنزکترین کەسی لەدەست بدات. بۆیە لەودەربرینە شیعریانەدا ئێمە باوک وەک مرۆڤێکی تر دەبینین, پێچەوانەی ئەو وێنە ستەمکاریەی ھەمیشە لە چوارچێوەی دەقی ئەدەبیدا دەخرێتە پاڵی.
بێگومان ئێمە دەزانین کە مردن وەک کردارێکی لاھوتیءروحی, چارەنووسی ھەموو بوونەوەرێکە کەبژیت. بە دەربرینێکی تر ماناکانی مردن لە ژیاندایە. بەومانایەی مردن دواوێستگەی ژیانی مرۆڤە لەو سەر زەمینەی کەئەو تیایدا دەژیت. بۆیە ھیچ کەسێک لە بەرامبەر مەرگدا ناتوانێ دە سەلاتێکی ھەبێت. لەو سۆنگەیە شەوە کاتێ کە سێکی ئازیزی دەمرێت, جگە لە شیوەنءلاوەندنەو ناتوانێت لە بەرامبەر مەرگی ئەو ئازیزەیدا ھیچ شتێک بکات. بەومانایەی ئەگەر بیتوانیایە ئەوا ئامادەبوو, قوربانی بە ھەمووشتێک بدات تەنیا لە پێناو رزگارکردنی گیانی ئەو لەمردن. دیارە مردنیش وەک کردارێکی حەتمی ژیان, بەدەرە لە ھەموو شتێک بەومانایەی لە بەرامبەر مردندا, مرۆڤەکان یە کساننءھیچ خەسڵەتێکی مرۆڤ, نابێتە پێوە بۆ جیاکاری لەمردن.ھەرکاتێک مرۆڤ وادەی مەرگی ھات, ئیدی چرکەیەک پاشء پێش ناکەوێت. لەو سۆنگەیەشەوە لە ھەردوو دەقە شیعریەکەدا, باوک مردنی کچەکەی وەک مەحالێک دێتە بەرچاو. لای وایە زوە بۆ مەرگی جگەرگۆشەکەی, لێرەوەش سکالاءرازءگلەیی لە ھەمبەرئەو مەرگەدا دەردەبرێت. لە شیعری بۆ (گوڵالە)دا شاعیر دەڵێ:_
چ زوومردی؟ کچم ھەیھات کچی خۆم..
چ زوو مردی کەوتیتە بن گۆم…
لە شیعری بۆ (زیلان)یشدا شاعیر دەڵێ:_
ئەو نەیدەویست لە نێو پاییزدا سەفەر بکات!!د
ئەگەر سەرنج لە ھەردوو کۆپڵە شیعریەکە بدەین, دەبینین لە ئاست مەرگی کچەکەیاندا, سکاڵایەک دەردەبڕن. بەومانایەی بۆچی دەبێ بەو تەمەنە زوەوە ئەوان بمرن. بۆیەشە مەرگی ئەوان بە رووداوێک دەزانن کەکاتءساتی ھاتنی یە کجار زووبوە, لەو سۆنگەیە شەوە دیاردەی مەرگ رەتدەکەنەوە. بێگومان رەتکردنەوەی مەرگ لە لایەن ھەردوو شاعیرەوە,لەو روانگەیەوە نییە کە بروایان بە مردن نییەودژی دەوەستنەوە, بە پێچەوانەوە بە لکو لەو روانگەیەوەیە کە ناتوانن بە ئاسانی دەستبەرداری ژیانی منداڵەکەیان بن.دیارە ئەمەش پەیوەستە بەرادەی خۆشەویستی باوک بۆ منداڵەکانی, بەومانایەی مردنی ئەوان زوبوە, نە یانتوانیوە سۆزءخۆشەویستی لە نێوانیاندا بەرجەستە بکەن.لێرەوەش کاتێ ھەردوو شاعیر بە غەریبیەوە لە ھەمبەر مەرگ دەوستنەوە, چونکە مردن دایابراندوون لە جگەر گۆشەکەیان.ئیدی تاھەتایە ون دەبن لە بەر چاویان. ئەمە لە لایەک لەلایەکی ترەوە چونکە ھەردووکیان لە تەمەنی گەنجیء لە سەرەتاکانی ژیانیاندا مردوون, ئیدی بۆ باوکیان ئەو مەرگە مەرگێکی لە ناکاوبوە, لێرەوەش ئاستی بەراوردکاری ژیان لەگەڵ مەرگدا لە دنیابینی باوکیان دروست دەبێت, بەو مانایەی تەمەنءمردنی کچەکەی ھاوتای یەکتری دەکاتەوە, ئیدی واھەست دەکات وادەی مەرگی ئەوانء گەڵا رێزانی تەمەنیان زوودەستی پێکرد. بەڵام ئایا لە مردندا گەنجیء پیری ھەیە؟ بێگومان نەخێر. لە چ کاتێک ئەو وادەیەی بۆ ژیانی مرۆڤ دیارکراوە کۆتایی ھات,ئیدی ژیان جێدێلێتءدەمرێت.
لە راستیدا لە ھەردوو شیعرەکەدا, کە ھی دوو شاعیری جیان, وەلێ ھەردووکیان بۆ مەرگی کچەکەیان نووسیویانە, بوونی باوک پەیوەستە بە بوونی منداڵەکەی. بەو مانایەی ئەو کارەساتە بە ئەندازەیەک کار لە ژیانءبوونی باوک دەکات, ئیدی ئەو رووداوە وەک کارەساتێکء بە خاڵی کۆتایی ھاتنی ژیانی خۆیانیان دەزانن.ئەمەش دەلالەت لە کاریگەریەتی ئەو رووداوە دەکات, لە ژیانی ئەواندا.بەومانایەی گوزارشتێکە بۆ سۆزی راستە قینەی باوک لە ھەمبەر پەیوەندی بە جگەر گۆشەکانیەوە.بۆیە کاتێ ئەوان دەمرن, باوک واھەست دەکات ئیدی ئەمە خاڵی کۆتایی ژیانی ئەویشە. وەک چۆن ھەردوو شاعیر لە شیعرەکەیاندا, ئاماژەی پێدەکەن.لە شیعری بۆ گوڵاڵەدا, شاعیر دەڵێ:_
قەبر ئەی خاکی رەش ئەی چاڵی تاریک..
دڕندەی لاشە خۆری باوکءدایک..
لە شیعری بۆ (زیلان)یشدا شاعیر دەڵێ:_
مەرگ ھەموو بوونمی لە ئێوارەیەکی رەنگ پەریودا
کۆکردەوە..
لەھەردوو کۆپڵە شیعریەکەدا, ئەو روانینء ھەستە بەدەردەکەوێت,کە ھەردووشاعیر ئەو مەرگەساتەی جگەرگۆشەکەیان,وەک کارەساتێکی گەورە لە ژیانی خۆیاندا بە رجەستە کردوە.
بۆیە مەرگی کچەکەیان وەک رووداوێکی تراژیدیء دڵتەزێن,بە ساتی کۆتایی ھاتنی بوونی خۆیان دەزانن.بەدەربرینێکی تر لەگەڵ مەرگی جگەر گۆشەکەیان, ئیدی ژیانی ئەوانیش کۆتایی دێت.
لە کۆپڵەی یەکەمدا, شاعیر قەبر وەک ھێمایەک بۆ لە یەک دابرانی نێوان مرۆڤەکان وەسف دەکات.بەڵام لە راستیدا ئەوە مردنە دواجار مرۆڤەکان دادەبرێت لە یەکتری نەک قەبر. بۆیە شاعیر قەبر وەک شوێنێک, نیشاندەدات کە جە ستەی مرۆڤ, بە زیندوەتی ئازاردەدات, لە کاتێکدا ئازارەکە پەیوەندی بە خودی مەرگی ئەوی ترەوە ھەیە, نەک قەبر. بەومانایەی جەستەی باوک بۆیە زامدار دەبێتء ئازاری پێدەگات,چونکە چیتر جگەر گۆشەکەی نابێنێتەوەو بۆ ئەزەل لێی دادەبرێت.لێرەوەش بەرجەستە کردنی مەرگء مردن, وەک ھێزێکی درەندەءنامیھرەبان دەرەنجامی ئەو پەیوەندیە روحیەیە کە باوک بە منداڵەکانی دەبە ستێتەوە.ھاوکات ئاماژەکیشە بۆ رەتکردنەوەی مەرگ, کە بەبێ روخسەت خواستن, لە چەند چرکەیەکدا دێتء ئازیزترین کەسمان لێ وندەکات.لە کۆپڵەی دووەمیشدا کاتێ شاعیر ھەموو بوونی لە ئێوارەیەکدا کۆدەبێتەوە, دواجار بە ھۆی مەرگی کچەکەیەوە, ھەموو بوونی دەسرێتەوە. بەو مانایەی ئەگەر شاعیر پێشتر ئاسودەو بە ختەوەر ببێت لە ژیاندا, ئەوا دوای مەرگی زیلانی جگەر گۆشەی, چیتر ژیان بۆ ئەوماناکانی ئاسودەییء بە ختەوەری ناگە یە نێت.ھەڵبەتە ئەمە لە ئاستی روحیدا.وەک چۆن مرۆڤ کاتێ لە ژیانیدا رووبەروی رووداوێکی تراژیدی یاکارەساتێک دەبێتەوە, ئیدی تووشی نائومێدیەکی گەورە دەبێتء ھەموو خۆشیەکانی ژیان بەلاوە دەنێت.لەو روانگەیەشەوە ھەردوو شاعیر بە ئەندازەیەک بە مەرگی کچەکەیان خەفەتباربوونە,تا ئەو رادەیەی کارەساتی مردنی جگەرگۆشەکەیان, بە خاڵی کۆتایی ھاتنی ژیانی خۆیان بزانن.ئەمەش ئەو دەلالەتە دەگەیەنێت, کەلە سەرەوە ئاماژەمان پێدا. بەوەی کە ھیچ رووداوێک لە ژیانی باوکدا,وەک مەرگی منداڵەکانی کاری لێناکاتء نایرءخێنێت.
لە راستیدا ھەردوو شیعرەکە, ھەڵگری وێنەیەکی دیکەی جیاوازن بۆ باوک. وێنەیەک بەدەر لەو وێنە ستەمکاریەی ھەمیشە لە تێکستی ئەدەبیدا دەیبینین. بە پێچەوانەوە لەو دوو شیعرەی بە کورتی ئاماژەمان پێدا, باوک وێنەی کە سێکی خۆ شەو یستء میھرەبانءبەوەفا دەگە یە نێت.بەرامبەر منداڵەکانی. کەواتە باوک ئەو جەلادەنییە,کە ھەمیشە دەمانەوێت وای بە رجەستە بکەین. لەوەش گرنگتر ھەردوو دەقە شیعریەکە,بۆ رەگەزی کچ نووسراون. ئەمەش پێچەوانەی ئەو روانینەیە کە ھەمیشە پێی وایە باوک کوری خۆشتر دەوێت لە کچەکەی. لە کاتێکدا ئەوان ھەردووکیان جگەر گۆشەی باوکنء مەرگی ھەر یە کێکیان وەکو یەک بۆ ئەو برینێکی قوڵء سارێژ نەبووە….
رواندز/تشرینی دووەمی ٢٠١١
sadiqrwandze@yahoo.com
تیبَینی/ بۆ (گولڵالە) یە کێکە لە شیعرەکانی(گۆران)ی شاعیر, بۆ مەرگی کچەکەی نووسیوە.
بۆ(زیلان)یش شیعرێکی کاک (سامی ھادی)شاعیرە, بە ھەمان شێوە بۆ مەرگی زیلانی کچەکەی نووسیوەو, لە پاشکۆی ئەدەبی رۆژنامەی کوردستانی (نوێ) ژمارە(٧٥٢)رۆژی ١٣/١٠/٢٠١١بڵاوکراوەتەوە…..
*ئەم بابەتە لە رۆژنامەی(ھەواڵ) ژمارە(٤٤٦)رۆژی ١٢/١١/٢٠١١بڵاوکراوەتەوە….